ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش ٢٧ ساڵ لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا هەردوو حزبە حوکمڕان و خاوەن هێزی چەکداری پارتی و یەکێتی، نەیانتوانیوە ئەزموونی دوو ئیدارەیی تێپەڕ بکەن، وێڕای ئەوەی لەساڵانی پاش ٢٠٠٣دا، شێوەیەک لە حکوومەتی هاوبەشیان پێکهێنا کە لە ناوەوەیدا دووئیدارەییەکی شاراوەی لەخۆدەگرت، ئێستا دۆخەکە بەشوێنێک گەیشتووە کە دووئیدارەیی ئاشکرای تێدا دووبارە بکرێتەوە.

پاش هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا و سەرەتای ڕاگەیاندنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، هەردوو پارتە حوکمڕانەکەی کوردستان، هەوڵی زیندووکردنەوەی یەکەمین ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ دووئیدارەیی شاراوە، پێکهێنانی حکوومەتێک کە لەدەرەوە هاوبەش دەردەکەوێت و لەناوەوەیدا دووئیدارە لەخۆدەگرێت.

کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکەمین خوولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی حوکمڕان و خاوەن هێزی چەکدار، نەیانتوانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک خۆی قبووڵ بکەن و ددان بە پەرلەمان و حکوومەتێکی کارا و ڕاستەقینەدا بنێن، لەکۆتاییدا دووئیدارەییەکی شاراوەیان لەناو حکوومەتێکی بەڕووکەش هاوبەش دامەزراند. لەو قۆناغەدا هەردوو هێزەکە لە سەر دابەشکردنی نیوە بەنیوەی پۆستەکانی حکوومەت ڕێککەوتن، وەزیرێک و بریکارەکەی لە هەر وەزارەتێکدا دەسەڵاتی وەکیەکیان هەبوو، ئەوەش بە پەکخستنی حکوومەت کۆتایی هات، کاتێک وەزیرێک لە حزبی یەکەم بڕیارێکی دەردەکرد، بریکارەکەی کە هەمان دەسەڵاتی هەبوو، شکستی بە بڕیارەکە دەهێنا، لێرەوە ململانێیەک لە نێوان سەرۆک و جێگرەکەی یان وەزیر و جێگرەکەی دەرکەوت، بەرپرسانی باڵای هەردوو حزبەکە خۆیان بە تەوسەوە دەیانگوت؛ جێگر یان ڕێگر!

هاوکات هەردوو هێزەکە دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی داهاتدا گرت کە بە پلەی یەکەم خۆی لە داهاتی گومرگدا دەبینییەوە و دەستیشتان بە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن و دروستکردنی هێزی میلیشیای چەکدار کرد و پاش دوو ساڵ لە تەمەنی پەرلەمان و حکوومەت، هەرێمی کوردستانیان تووشی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی کرد کە لە ئەنجامدا کوردستان بۆ دوو نیمچە هەرێمی زەرد و کەس دابەشکرا و دوو ئیدارە شاراوەکە بۆ دوو حکوومەت و ئیدارەی ئاشکرا لە دوو ناوچەی جیادا پەرەیپێدرا.

ساڵانی پاش ٢٠٠٣ بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراقەوە، وێستگەیەکی دیکە لە حوکمڕانی لە کوردستان دەرکەوت، هەردوو هێزە حوکمڕان و خاوەن هێزە چەکدارەکە کۆتاییان بە قۆناغی دووحکوومەتی و دووهەرێمی ئاشکرادا هێنا، ئەوەش لە ساڵی ٢٠٠٥ و بە پێکهێنانی کابینەی هاوبەشی پێنجەم دەستیپێکرد، بەڵام هێشتا جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات کە خۆی لە دارایی، پێشمەرگە و ئاسایشدا دەبینێتەوە بە یەکنەخراویی هێشترانەوە تا لە قۆناغێکی دوورتردا ئەوانیش خرانە ناو دۆخی دووئیدارەییە شاراوەکەوە.

تا دوو ساڵیش لەمەوپێش ئومێدێک هەبوو بۆ پێشخستنی ئەزموونەکە، بەڵام ڕیفراندۆم و لێکەوتەکانی بە ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لەنیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەستچوو، مەیلی پارتی و یەکێتی جارێکی تر بۆ دوو حکوومەتی و دابەشکردنەوەی ئاشکرای جوگرافیای هەرێمی کوردستان تۆختر بووەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبە فەرمانڕەوایەکە لە هەموو وێستگەکانی ڕابردوودا بە زەقی دەرکەوتوون، لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەشداریکردنیان لە حکوومەتی عێراقی و لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا کە لە ئەیلوولی ساڵی پیشترەوە هەڵبژاردن کراوە، هێشتا نەتوانراوە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت. لەکاتێکدا پارتی دیموکرات وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە دەستی بە دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکە کردووە، چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنی بەردەوامیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی هەبووە، بەڵام تا ئێستا بە ڕێککەوتنی کۆتایی نەگەیشتوون، ململانێیەکە وەک دەردەکەوێت پێوەستە بە ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتەوە.

لەناو لێدوان و گوتاری بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی دا، بە ئاشکراتر هەڵوەستە لەسەر پرسە بنچینەییەکە دەکرێت کە مەیلێکە بەرەو دووبارەکردنەوە و تۆخکردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان دا. هەندێک لە کارەکتەرە سیاسییەکان پێداگیری لەسەر دووئیدارەییەکی ئاشکرا دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانەیش ڕەتی دەکەنەوە، چارەسەرییەکەیان لە جێگیرکردنی دووئیدارەییەکی شاراوەدا تێپەڕ ناکات. پێشنیاز و بیرۆکەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کە تەنیا ڕۆڵی سەرپۆشێک دەبینێت بۆ شاردنەوەی دووئیدارەییەکە، چەند خاڵێکی دیاریکراو لەخۆدەگرن کە بە تێکڕا ئەزموونی تاقیکراوەن، لەناویاندا دابەشکردنی وەزارەت و پۆستەکان لەسەر بنەمای وەکیەکی لە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردندا، بۆنموونە جێگیرکردنی وەکیەکی لە دەسەڵاتەکانی وەزیر و بریکاردا کە لەژێر ناونیشانی (دەسەڵاتی تەواوەتی بریکار)دا دەشاردرێتەوە، گەڕانەوەیەک بۆ ئەزموونی جێگر و ڕێگرەکەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.

سەرەڕای ئەوەی هەردوو هێزە فەرمانڕەوایەکە دەیانەوێت وەها چوارچێوەیەک بە ململانێیەکانیان بدەن کە گرێدراوی جیاوازی بیرکردنەوە و دنیابینی ئەوانە بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان دا، بەڵام بنەڕەتی ناکۆکییەکە بە چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتەوە گرێدراوە. لەکاتێکدا پێناچێت هیچ کام تەنانەت لەو پۆستانەیش شەڕی لەسەر دەکەن بە پێویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەسترابێتەوە، بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمیشەوە، کە وەک یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەردەکەوێت. پۆستەکە لە پێشتریشدا ئەرکێکی ناوخۆیی پیادە نەکردووە، ئەوەش بەهۆی دابەشکاریی واقیعی هەرێمی کوردستان بەسەر دووزۆن و دووئیدارەی شاراوەدا.

ئێستا کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە درەنگەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی دەکرێت، بەڕەچاوکردنی واقیعەکە، نەک هەر ئەوەی وەک حکوومەتێکی کارا و ڕاستەقینەی سەرتاسەریی کوردستان پێکنایەت، بەڵکو لە باشترین حالەتدا ئەزموونی دووئیدارەییە شاراوەکە دووبارە دەکاتەوە. هێشتا پارتی و یەکێتی خاوەندارێتی لە دوو هێزی جیای چەکدار، دوو دەزگەی جیای ئاسایش و دوو دارایی دەکەن و هەریەکەیشیان لە دوو جوگرافیای بەزۆر سنوور سەپێنراودا حوکمڕانی دەکەن. دوو هێزی چەکدار و دوو دارایی و دوو جوگرافیای دابەشکراو، یەک حکوومەتی لەسەر بنیات نانرێت، ئەوە لەکاتێکدا بازگەکانی ئاسایش لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر توندوتۆڵ دەکرێن، دەزگەکانی سەربازی و ئاسایشی حزب بەجیا بڕیار و ڕێککەوتنی ئاشکرا و شاراوە لەگەڵ عێراق و کارەکتەرانی دیکە دەکەن و لەولایشەوە بیرکردنەوە لە جیاکردنەوەی دارایی زۆنەکان لە هەرکات زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت!

  • 1