ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

داعش هەر لەسەرەتاوە دروستکرا، بۆ ئەوەبوو هەم پارە سپى بکاتەوە و هەر دەوڵەتانى ناوچەکە دووچارى لەبەر ڕۆیشتنى ماڵیات و ئابوورى بکات تاکو ئیفلاس بکەن، ئەمریکا هەر زوو گوتى کە نەهێشتنى داعش 25 ساڵى دەوێ، ئەمە هەواڵێکى ترسناک بوو بۆ کەسانێک تێبگەن لە سیاسەتى زلهێز و کۆمپانیاکانى جهان، دروستکردنى نەخۆشییەکەش ڕوون و ئاشکرا بوو کە بۆچى تەنیا سوریا و عێراق دەگرێتەوە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە بەرگەى نەزیفى ئابوورى دەگرن و بەرگەى ئەوەش دەگرن کە چەکدار دروست بکەن و خوێنیان لەبەر بڕوا.

پرسیارەکە ئەوەیە داعش کێ بوو؟ بۆچى ئەوەندە ساڵى دەویست وەکو ئەمریکا گوتیان، لەکاتێکدا هەموو دنیا لەدژى دەجەنگان و لەپشتەوەش سیناریۆ هەبوو بۆ مانەوەیان، ئایا ئەوە خەڵکى توندڕەوى ئیسلام بوو لەناوچەکە لەدژى ئەمریکا و بەریتانیا و سیستەمى دەسەڵاتدارێتى ناوچەکە شەڕیان بەرپاکرد و ویستیان تۆڵەى بەعەرب بوون بکەنەوە؟ یان ئەوە دیاردەیەکى دیکەى تۆڵەسەندنەوەى ئەوروپا و ئەمریکا بوو کە لەدواى بەناو بەهارى عەرەبى و ڕێکنەکەوتنى خۆیان لەسەر دابەشبوونى ناوچەکە ئەو دیاردەیەیان خوڵقاند، بۆ ئەوەى ناوچەکە لەپەنا نەزیفى ئابوورى، دووچارى نەزیفى بەشەریش ببێتەوە، کەوابوو هەتا داعش وەکو هەواڵ بمێنێتەوە ناوچەکە لەو بەربوونە ئابوورى و بەشەرییە بەردەوام دەبێت و سامانى ناوچەکەش دەبێتە نەگبەتى بۆ دانیشتووانەکەى، بۆیە هەرگیز لەناوناچن.  

جگە لەوەى داعش شوناسى دیارنەبوو، کێشەى کۆمەڵایەتیشان نەبوو، لەبوارى ئابووریش هیچ خەمێکى گەورەیان نەبوو، دیاریش نەبوو کێ هاوکاریان دەکات لەڕووى سەربازییەوە، بەڵام ئەو ستراتیژیەشى هەبوو کە جگە لەدروستکردنى کێشەى ئابوورى و سیاسى و جوگرافى بۆ وڵاتانى عەرەبى، بەنیازبوون خەلافەتى مێژوویى ئیسلام دووبارە بکەنەوە، کێشەیەکى گەورە بۆ ئەم ناوچەیە دروستبکەن کە ئەویش کێشەى کۆمەڵایەتی بوو، بۆ نموونە لەو ڕۆژەوەى جەنگى داعش دەستپێکردووە و دەیان گرووپى دیکەى بێ ناسنامە و شەڕى جیاوازى ڕاگەیاندن و سیاسى دەستیپێکرد و ترسى بۆ خەڵک پەیداکردبوو بۆ ژیان، جگە لەوانەش بەهۆى شەهیدبوونى پێشمەرگە و مردنى بێ گوناهى خەڵک، سەدان ژنیش بێوەژن بوون، هەروەها پرۆسەى هاوسەرگیرى کە پێشتر بەهۆى نەبوونى بارى ئابوورى باش و نەبوونى شوێنى نیشتەجێبوون و دەیان نەبوونى تر، کاریگەرى نیگەتیڤى خوڵقاند، ئەوەبوو کوڕ و کچانیش ڕاوەستان لە هاوسەرگیرى کە ئەوە ترسێکى کۆمەڵایەتى و گرفتێکى ئابوورى  گەورە بوو، واتە شێوەیەکى دیکەى لەبەر ڕۆیشتنى خوێن و ئابوورى و فەرهەنگى کۆمەڵایەتى بوو.

ئەگەر کوردستان خاوەنى سەنتەرێکى ستراتیژى لێکۆڵینەوە بووایە لەهەموو بوارێک و بەتایبەتى ئەو کێشانەى کە لەپاشماوەى جەنگ جێدەمێنن، لەهەموو دەزگاکان بێخەمتریش زانکۆکانى کوردستان بوون کە دەبووایە خوێندنەوەى جوداى بۆ بکەن، لێرەوە تێدەگەیشتین کە چەند داعش کاریگەرى نەرێنى لەسەر بارى کۆمەڵایەتى کردووە، ئەمەش بەشێکى دیکەى لەبەر ڕۆیشتنى ماتریالی بوو لەچەند ساڵى داهاتوو، لەو ترسەش تێدەگەیشتین کە لەداهاتوودا چۆن دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونى قەیرانى بەشەرى و کێشەیەک بۆ بەرگرى لەو جەنگەى کە گوایە دەیان ساڵ دەخایەنێ و کوردستانیش یەکێک بوو لەئامانجەکان  کە دەبێ باجى ئەو خۆشگوزەرانییە بداتەوە کە چەند ساڵێکە بەخۆیەوە بینیویەتى، کەوابوو دەبووایە ئەو نەزیفییە کۆمەڵایەتى و ئابوورى و فەرهەنگییە بیگرێتەوە لەهەموو بارێکدا، کەوابوو داعش یەکێک لە ئەرکەکانى ئەوە بوو بەجێیهێنا.    

  • 1