ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دایە جەمیلەی عەلی ساعی تاقانەی خێزانێکی فەرمانبەر دەبێت، لە ساڵی ١٩٠٠ لە شاری کەرکووک لە دایک دەبێت، باوکی بە ڕەگەز ڕەواندزییە و فەرمانبەری پۆستە دەبێت، بۆیە بە عەلی "ساعی" ناوبراوە، دایە جەمیلە لە دایکییەوە کەرکووکییە و لە خێزانێکی ئاینی سەر بە تەکیە و خانەقاکانی کەرکووک دەبێت. ھەر لە منداڵییەوە دایە جەمیلە دەخرێتە حوجرەی خوێندنی ئاینی و فێری قورئان خوێندنەوە دەبێت، بۆیە بە فەقێ جەمیلەش ناودەبرا. لە منداڵییەوە زۆر زیرەک و وشیار دەبێت . 

لە سەرەتای بیستەکان، پاش ھاوسەرگیری لەگەڵ وەستا موستەفا عومەری سەفار، کە پێیان دەگوت موستەفای ڕەعبەی باریکێ، لە شاری کۆیە نیشتەجێ دەبێت و پێنج مناڵی دەبێت چوار کچ و کوڕێک، ئەوانیش؛ (بەھیە، کە دواتر شوو بە جەمال ماربێن دەکا و مێردەکەی لە کودەتای ١٩٦٣ شەھید دەکرێ و عوسمانی کوریشی شاعیر و تێکۆشەری گەورەی کۆیە کە بە عوسمان خۆشناو ناسراوە و حەمدیە کە خێزانی ھاوڕێ کەریم ئەحمەد دەبێت و شوکریە و وەسفیە)ی دەبێت . 

زۆری پێ ناچێ مێردەکەی کۆچی دوایی دەکات و دایە جەمیلە بە تەنیا لەگەڵ کوڕەکەی بژێوی ئەو خێزانە بەڕێوەدەبەن. دایە جەمیلە منداڵەکانی پەروەردە دەکات لە سەر بنەمای خۆشەویستی خاک و نیشتمان .

ھەر لە کۆتایی ساڵانی سییەکانەوە دایە جەمیلە زۆر گرنگی دەدات بە زانینی بارودۆخی ئابووری و سیاسی لە وڵات و دواتر لە نزیکەوە زۆرتر ئاشنای سیاسەت دەبێت، پاش ئەوەی کە کوڕەکەی عوسمان ڕوو لە کاری سیاسی دەکات، لێرە دایە جەمیلە بە ھەستێکی نەتەوەیی و چینایەتێکی بەرزەوە دەبێتە یاریدەدەر و پشتیوانێکی پتەو بۆ کوڕەکەی و ھاوڕێکانی، دواتر خودی خۆی ڕوو دەکاتە کاری سیاسی و دەبێت بە ئەندامی ڕێکخراوی حزبی شیوعی عێراقی و بەئەندامبوونی لەڕێی ھاوڕێ کەریم ئەحمەدەوە دەبێت لە ساڵی ١٩٤٧ و بە یەکەوە ھەوڵ دەدەن بۆ دامەزراندنی شانەیەکی تایبەت بە ئافرەتان بۆ ڕێکخراوی حزبی شیوعی لە شاری کۆیە .

دایە جەمیلە دەبێتە بەڕێوەبەری ئەو شانەیە کە بریتی بوو لە چەند ئافرەتی چوست و چالاک و ڕۆشنبیر، وەکو یادیان بەخێر (خەدیجە خانی، ناسراو بە خوشکە فریشتە، شاعیری بلیمەت و کۆڵنەدەری شاری کۆیە و دایە گۆڵە دەروێش و یا عەیشێی قادر ڕەواندوزی و دواتر ئایشە گوڵێی شەھید). ئەو ئافرەتانە زۆر بە وزەیەکی بەرزەوە بەشداری دەکەن لە ھەموو جۆرە چالاکییەکانی حزب، ھەر لە خۆپیشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکان و کۆڕی ڕۆشنبیری تایبەت بۆ ئافرەتان. دایە گوڵە دەروێشیش ھەر لەو شاعیرە میللیانە بوو کە شیعری دەگوت و یەکێک لەو شیعرانەی بۆ ھاوڕێ فەھدی گوتووە لە شەوی لەسێدارەدانی، کۆڕێکی ماتەمینیان ڕێکخستووە و دایەگوڵێ ئەم شیعرە دەڵێت ؛ 

ھەی ڕۆ ھەی ڕۆ

فەھدم ڕۆ

عەسای دەستی ھەژارانم ڕۆ

مەڵێن فەھد ڕۆیشت بەبێ ناوی

ھەزاران گەنج

خوێن دەبەخشن لە پێناوی

پاشان دایە جەمیلە لەگەڵ کوڕەکەی بە بڕیاری حزب بەرەو کەرکووک دەڕوات، چونکە بارودۆخی حزب زۆر خراپ دەبێت پاش لە سێدارەدانی ھاوڕێیانی سەرکردە (فەھد و حازم و سارم) و گرتنی زۆر لە ھاوڕێیانی تر. بۆ ماوەیەک لە کەرکووک کاری پەیامنێری لەنێوان شارەکانی کوردستان و ھاوڕێیانی سەرکردە دەکات و دواتر دەینێرن بۆ بەغدا .

لە ساڵی ١٩٥٣ ھێڕشێکی پۆلیس دەکرێتە سەر ئەو ماڵە حزبییەی کە دایە جەمیلەی لێ دەژی و چەندین ھاوڕێ دەستگیر دەکرێن و یەکێک لەو ھاوڕێیانە، ھاوڕێ بەھادین نووری دەبێت و لەم دەستگیرکردنە سزای موئەبەد بەسەر ھاوڕێ بەھادین دەسەپێنرێ. دایە جەمیلە نکۆڵی دەکات کە ھیچ پەیوەندی ھەبێت بەو ماڵە و چەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو بۆ (کارەکەریی) ھاتۆتە ئەو ماڵە و لەگەڵ نەوەکەی کە بێدایک و باوکە و لاڵیشە. ھەر لەوێ ناوی خۆی دەکاتە فاتمە و نەوەکەشی کە ناوی نزال دەبێت دەیگۆڕێ بۆ سوعاد، چونکە دەزانێت کە "نزال" ناوێکی شۆڕشگێڕانەیە و لە بن گوێی دەچرپێنێ کە خۆی لاڵ بکات. بەم جۆرە دایە جەمیلە ھیچ دەرفەتێک نادات پێیان تا ببێتە بەڵگە لە سەری. بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی و نەوەکەی سوعاد ئەشکەنجە دەدرێن، بەڵام قارەمانانە خۆڕاگر دەبن، ئەمجارە دەست دەکەن ئەشکەنجەدانی دەروونی و ڕۆژێکیان ھاوڕێ بەھادین دێنن و لە حەوشەی بەندیخانەی ژنان و لەبەر چاوی زیندانیان دڕندانە ئەشکەنجەی دەدەن، ئەو کارە سوعادی تەمەن پێنج ساڵان، لەناخەوە دەھەژێنی و تووشی حەپەسانی دەکات و دەست دەکات بەگریان و ھاوار و دەڵێ ؛ "خاڵمیان کوشت .... خاڵمیان کوشت"، ئەوەش کرا بە بەڵگەیەک لە لایەن پۆلیسەوە کە ئەو کچە لاڵ نییە و بە بەھادین نووری دەڵێت؛ "خاڵۆ" . ئەوەندەی دایە جەمیلە ھەوڵ دەدات خۆی لەم بەڵگانە بکێشێتەوە و دەڵێ؛ کە دڕندایەتی ئێوەیە زمانی ئەو بەستەزمانەی کردەوە و بەرۆکی زاپتەکە دەگرێ و دەڵێت با تۆش وەھا ئەشکەنجە بدەن، بزانە ئەو کچە چۆن ناگری و ھاوار ناکات کە خاڵۆی دەکوژن؟! بەڵام ئەو ھەوڵانە بێ سوود دەبێت، ئینجا دایە حوکم دەدرێ بە دوو ساڵ زیندانی و دوو ساڵ لەژێر چاودێری .

لە حوزەیرانی ١٩٥٣ پۆلیس بە لولەی تفەنگ ھێرش دەکاتە سەر بەندیخانەی ناوەندی بەغدا کە دەکەوێتە تەنیشت بەندینخانەی ژنان و یەک دیواریان لە نێوان دەبێت و دایە جەمیلە دەزانێت کە کوڕەکەی (عوسمان خۆشناو) لەم بەندیخانەیە و حوکم دراوە، بەڵام ناھێڵێ کە باری دەروونی زاڵ بێت بەسەریا ئەو ھێڕشە دەبێتە ھۆی شەھید بوونی حەوت ھاوڕێی و بریندار بوونی دوانزەی تر ، بۆ بەیانییەکەی لە ڕادیۆی بەندیخانە ناوی ھەشت کەس دێنن کە کوژراون و ناوی کوڕەکەشی دەخوێننەوە بەکوژرایی، دایە جەمیلە ئەژنۆی ڕایناگرێ و پشتی بەدیوار دەدات و ڕەنگی ھەڵدەبزڕکێ، ئەوەندی پۆلیسەکان ھەوڵ دەدەن بزانن بۆ وەھا شپرزە و بێ ئۆقرەیە، بەڵام ناھێڵێ ھیچی لێ تێبگەن، ئینجا وازی لێ دێنن. پاشان بە دزیەوە ھەواڵی بۆ دێت کە کوڕەکەی بریندار بووە و نەکوژراوە . 

لەو کاتەی کە دایە جەمیلە لە بەندیخانە دەبێت ھەر یەک لە ھاوڕێیان یادیان بەخێر؛ مادلێن کە ھاوسەری ھاوڕێ بەھادین بوو، و ھاوڕێ عەمیدەش (عەمومە) لە وێ دەبن و ئەوانیش حوکمیان بەسەردا سەپێنرابوو. دایە زۆر سوود لەو ماوە وەردەگرێت کە لە بەندیخانە دەمێنێتەوە و فێری خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار دەبێت بە زمانی عەرەبی. بەم جۆرە دایە دووساڵ حوکمی زیندانی بەسەر دەبات و بۆ دوو ساڵ چاودێریش دەیبەنە شاری کۆیە و زۆری پێناچی ھەڵدێ و دەچێتەوە بۆ لای ھاوڕێیان، ماوەیەک بە نھێنی لەماڵە حزبییەکان دەژی و ئینجا دەست بەکار دەکاتەوە و نازانێت کە پۆلیس ڕەسمەکەیان لە وێستگەی شەمەندەفەر و جێگا گشتییەکان داوە بۆ دەستگیرکردنی. ڕۆژێکیان لەناو شەمەندەفەر دەبێت و پۆلیس چواردەوری دەگرن و دەستگیری دەکەن، دایە نامەیەکی نھێنی بچووک بچووکی زۆری پێدەبێت کە ھاوڕێیان لەبەغداوە ناردبوویان بۆ ڕێکخراوی حزب لە ھەرێم و لەگەڵ کۆمەڵێک چاپەمەنی. دایە ھەر کە دەبینێ پۆلیس گەمارۆی دەدات ، خۆی خەریک دەکات بە خواردنی تەماتە و خیار بەدەم خواردنەکەی کەم کەمە نامەکانی قووت دەدات، پۆلیسەکان پرسیاری لێدەکەن؛ چ نەفسێکی ھەیە بۆ خواردن، لە کاتێک کە ئەو دەستگیر کراوە؟ دایە پێیان دەڵێ؛ "زگی برسی لە ھیچ ناپرسی و دەشزانم کە من ھیچ تاوانێکم نییە جا بۆ نانی خۆم نەخۆم". دایە ناھێڵێ یەک نامە بگات بە دەستیان، ھەمووی دەخوا و ھەر چاپەمەنییەکان دەمێنێتەوە و لەوێش نکۆڵی دەکات و دەڵێت؛ "مەحاڵە من بتوانم ئەم گونییە قورسە ھەڵگرم، بۆچی دەتانەوێ بەسەر منی ساغ بکەنەوە؟". کە پێی دەڵێن؛ "تۆ فاتمەی کە لەگەڵ نەوەکەت گیرا بوویت"، ئەوجارەی ناوی ڕاستەقینەی خۆی دەدات دەڵێ من جەمیلەی عەلی ساعیمە. ئینجا دیسان پاش لێکۆڵینەوە و لێدان و ئەشکەنجەدان ساڵێک حوکمی زیندانی دەکرێ و ساڵێکیش دەستبەسەری لە بەدرە. لە بەندیخانە بە دەیان داستان و شیعری شاعیرانی وەکو دڵدار و دڵزار و وردی و عوسمان خۆشناوی ئەزبەر کردبوو، ئەوەش جگە لە چەندین سروودی کوردی و عەرەبی زۆر جار سروودی زیندانییە شیوعییەکانی دەگوتەوە: 

السجن ليس لنا نحن الاباة

السجن للمجرمين الطغاة

لكننا سنصمد .. ونصمد

لنا الغد .... لنا الغد ...

دایە حوکمەکەی بەسەر دەبا و دەینێرن بۆ بەدرە وەکو دەستبەسەرێک، لەوێ سێ کچ و کوڕەکەی و زاواکەشی ھاوڕێ کەریم، دەستبەسەر دەبن و ژیانێکی زۆر سەخت و نالەبار دەژین تا شۆڕشی تەموزی ١٩٥٨. ئینجا دایە و خێزانە گەورەکەی دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و لەوێ دەمێنێتەوە. لە بەر باری تەندروستی دایە جەمیلە ناتوانێ چیتر کاری سیاسی بکات. ھەرچەندە لە ھەوڵدان بوو ھەمیشە بۆ وشیارکردنەوەی ئافرەتان و ھەژاران و ھاندانیان بۆ خوێندن و زانست. زۆر کەس ھەبوون بۆ ڕاوێژکاری و ئامۆژگاری دەھاتن بۆ لای دایە جەمیلە و ئەویش درێغی نەدەکرد لە ئامۆژگاریان و شیعری جۆراوجۆری بۆ دەخوێندنەوە، ھەموو کات دیوانی شاعیرێکی لە ژێر سەر بوو بۆ خوێندنەوە . 

دوا وەسیەتی ئەوە بوو "گەر حزبی شیوعی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئاڵایەکی سوور ھەڵخەن لەسەر گۆڕەکەم و ئەو موژدەیەم پێبدەن ." 

دایە جەمیلە لە کۆتایی ١٩٨٠ کۆچی دوایی دەکات و لە شاری کەرکووک دەینێژن .

دروود بۆ گیانی پاکی شێرە ژنی قارەمان و کۆڵنەدەر، ئەو ژنەی وەکو مۆمێک ڕۆناکی بەخشی تا دوا ھەناسەی .*

* تێبینی؛ ئەو زانیارییانە، لە زاری خودی دایە جەمیلە و ھەروەھا لە زاری کچەکەی یادی بەخێر حەمدیە خان و لە بیرەوەرییەکانی ھاوڕێ کەریم ئەحمەد "ڕێڕەوی تێکۆشان" وەرگیراوە .

-وێنەی یەکەم دایە جەمیلە .

-وێنەی دووەم دایە جەمیلە و عوسمانی کوڕی و بەھیە و حەمدیە و منداڵەکانیان لەگەڵ وەسفیەی کچی. لە نەورۆزی ١٩٥٧ لە بەدرە کە دەستبەسەر بوون .