ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی/ خاوەن ئیمتیاز

حزبی شیوعی چین ئەزموونێکی نوێخواز لە بنیاتنانی سۆسیالستی بنیات دەنێت. چین بە وەرچەخانێکی مەزن دەڕوات.

ئەم بابەتانە بە چەند زنجیرەیەک پێشکەشی خوێنەران دەکەم.

                                                                   (4)

مارکسیسزم لە نێوان تایبەتمەندی چینی و جیهانیبوونیدا

لە شانزەیەمین کۆنگرەی حزب لە 2002دا، بریار لەسەر تیۆری (سێ نوێنەرایەتی) درا کە لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی چین زیمین داڕێژرابوو. بیرۆکەی سەرەکی ئەم تیۆرە بریتییە لەوەی حزبی شیوعی چین ببێتە "نوێنەری هێزە سەرەکییەکانی وڵات، هێزەکانی بەرهەمهێنەر، هێزە کەلتوورییە نەتەوەییەکان، و هێزەکانی بەرژەوەندی سەرەکی زۆربەی زۆری ڕۆڵەکانی گەلی چین".

لە هەژدەیەمین کۆنگرەدا بریار لەسەر چەمکی گەشەسەندنی زانستی وەک رێنیشاندەری کارکردن و سەرچاوەیەکی هزری درا. حزبی شیوعی چین لە دوای شانزەیەمین کۆنگرەدا ئاماژەی بەم چەمکە دا، بەڵام لە کۆنگرەکانی پێشتر سەرچاوەیەکی هزری حزب نەبوو. داڕشتنی ئەم چەمکەش بۆ سەرکردایەتی هو جین تاو دەگەڕێتەوە.

پەیڕەوی هەژدەمین کۆنگرە پێناسەی گەشەپێدانی زانستی دەکات بەو پێیەی کە "دانانی مرۆڤە لەڕیزی یەکەمدا، و داوا سەرەکییەکەی گەشەپێدانی بەردەوام و ڕێکوپێکی گشتگیرە، کە پشت بە تیۆری دنگ هسیاو بنگ و بیروڕاکانی "سێ نوێنەرایەتی" بۆ پێداویستییەکانی گەشەپێدان دەبەستێت.

لە هەردوو کۆنگرەی هەژدەمین و نۆزدەمین دووپات کرایەوە؛ "چەمکی گەشەپێدانی زانستی تیۆرێکی زانستییە و بۆ هەمان سەرچاوەی مارکسیزم لینینزم و هزرەکانی ماو تسی تونگ و تیۆری دنگ شیاو بینگ و هزری گرنگی "سێ نوێنەرایەتی" دەگەڕێتەوە، و بەپێی پەرەسەندنی سەردەم پێشدەکەوێت. هەروەها بەرچەستەبوونێکی چەقی تێروانینی مارکسیزمە بۆ جیهان و گەشەپێدان، و ئاکامێکی گرنگی بە چینی کردنی مارکسیزم، و دانایی بە کۆمەڵی حزبی شیوعی چینە، و بیرۆکەی رێنیشاندەرە کە دەبێ بۆ ماوەیەکی زۆر بە مەبەستی پەرەپێدانی سۆسیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە، پیادە بکرێت".

شوناسی هزری حزب بەردەوام بە شوناسی چینایەتی و بە مەسەلەی بنیاتنانی سۆسیالستییەوە گرێدرابوو، کە سەرەڕای بوونی تایبەتمەندی لەم بنیاتنانەدا، مۆرکێکی جیهانی بە خۆوە گرتبوو و ئامانجەکەی ئەنجامدانی کۆمۆنیستی بوو.

کۆنگرەکانی حەڤدەیەم و هەژدەیەم و نۆزدەیەم باس لە شوناسی چینایەتی حزب دەکات بەوەی "حزبی شیوعی چین پێشڕەوی چینی کرێکاری چین، و بەهەمان شێوە پێشڕەوی گەلی چین و نەتەوەی چینە، و ناووکی سەرکردایەتی مەسەلەی سۆسیالستی بە تایبەتمەندی چینییە، و بەرجەستەبوونی پێداویستییەکانی پەرەسەندنی هێزی پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی چینە، و دەڕبڕی ئاراستەی پێشکەوتنە لە کەلتووری پێشکەوتووی چین، و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی زۆربەی زۆری گەلی چینە. بەهای بەرزی حزب و مەبەستە سەرەکییەکەی ئەنجامدانی کۆمۆنسیتییە".

پەرەپێدانی سەرچاوە هزرییەکانی حزب هەر وەکو لە پەیڕەوەی ناوخۆی حزب لە کۆنگرەکاندا هاتووە، و لەگەڵ پەیڕەکردنی مارکسیزم لینینزم، لە پرۆسەی بە چینیکردنی مارکسیزم، دوو لایەنی یەک هاوکێشە بوون. ئەنجامدانی ئەم دوو ئاراستەیەش بنەمای گرێدانی دیالکتیکییانەی نێوان چەمکی بە چینیبوون و چەمکی جیهانیبوونە لە مارکسیزمدا، وەک دوو لایەنی یەک هاوکێشە کە بەردەوام لە ئاکامی پەیوەندی دیالکتیکییانەی هزر و واقیع، و تیۆر و پراکتیک ئەنجام دەدرێت.

گەڵاڵەبوونی ناوەڕۆکی سۆسیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە و بەو شێوازەی کە ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینغ کاری بۆ دەکات، چەختکردنە لە سەر پەیوەندی دیالکتیکییانەی هەردوو چەمکی بەچینیبوون و جیهانبوون لەمارکسیزمدا، کە لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت:

ـــ مارکسیزم لینینزم یاسای پەرەسەندنی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئاشکرا دەکات، و مەسەلەی سەرخستنی سۆسیالستی چینی پشت بە بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزم لینینزم دەبەستێت، و پیادەکردنی ئارەزوومەندانەی ئەو ڕێگایەیە کە گەلی چین بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، و لەگەڵ هەلومەرجی واقیعی چین دەگونجێت.

ــ پەیڕەوکردنی ناوەڕۆکی زیندووی مارکسیزم، و پەرەپێدانی لە هەلومەرجی ئێستادا، و گونجاندن لە نێوان بنیاتنانی سۆسیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا لەگەڵ نەریت و بەهاکانی مارکسیزمدا.

ــ بوونی پەیوەندی دیالکتیکی نێوان مارکسیزم و یاساکانی سروشت و مێژوو و یاساکانی تایبەت بە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەرجەم مرۆڤایەتی، و یاسای رزگاربوون و پەرەسەندنی ئازاد و سەرانسەریی مرۆڤایەتی.

ــ خولیای مرۆیی مارکسیزم و گونجانی لەگەڵ سروشتی مرۆڤایەتی و ئاراستەی بۆ ڕزگاربوونی سەرانسەری و ئازادی، و پەرەپێدانی گشتگیری مرۆڤ و مرۆڤایەتی. ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کە مارکس ڕێنیشاندەری شۆڕشگێرانەی پرۆلیتاریا و سەرجەم کارگەرانی جیهانە.

ــ سروشتی زانستییانە و شۆڕشگێرانەی مارکسیزم و قوڵبوونەوەی لە پراکتیکدا، و پەرەسەندنی بە شێوازێکی بەردەوام. شی جین بینغ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ "سەردەم دایکی هزرە، پراکتیک سەرچاوەی تیۆرە. پەرەپێدانی پراکتیک کۆتاییبوونی بۆ نییە و لەبەردەم زانینی ڕاستی و ئەنجامدانی داهێنانی تیۆری، ڕاناوەستین".

ــ جەختکردنەوەی ئەمینداری گشتی لەسەر گرێدانی تیۆر بە پراکتیکەوە، و گەڕان بە دوای ڕاستی لە واقیع، و سەلماندنی ڕاستی و پەرەپێدانی لە پراکتیکدا، و ئەنجامدانی داهێنانی تیۆری بە پشتبەستن بە پراکتیک، و داهێنانی پراکتیک لە ژێر چاودێری تیۆر.

ــ دوورکەوتنەوە لە دۆگما و کرانەوەی مارکسیزم بەو پێیەی سیستەمێکی تیۆری کراوەیە کە لەگەڵ پەرەسەندنی کات و زەمەن دەگونجێت و رێنیشاندەرێکە بۆ توێژینەوەی واقیع و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاڵۆزانەی کە ژیان دەیکات، و بەم پێیەش مارکسیزم ڕێگایەکە دەمانگەیەنێتە ڕاستییەکان.

شی جین بینغ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ "مێژووی پەرەسەندنی مارکسیزم ئەو مێژووەیە کە مارکس و ئینگلز و هەڵگرانی میتۆدی ئەوان بە بەردەوامی و بە پێی کات و پراکتیک و تێگەیشتن، پێشکەوتنیان تیادا ئەنجام داوە. ئەوەش مێژووی حاڵیبوونی سەرجەم دەستکەوتە هزری و کەلتوورییە بەرچاوەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە".

ــ سۆسیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە لەگەڵ بنەماکانی مارکسیزم لە سەدەی بیست و یەکدا گونجاوە. لێرەشدا سێ بابەتی سەرەکی بە یەکتر گرێدراوە، ئەویش: قوڵبوونەوە لە زانستی یاسای بەرێوەبردنی حزبی شیوعی بۆ دەسەڵات، و یاسای بنیاتنانی سۆسیالستی، و یاسای پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەزموونی چین وەڵامی پەیوەندی ئۆرگانیکی ئەم سێ پرسیارەی بە قوڵی داوەتەوە.

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە مارکسیزم دوور لە پراکتیک و گەڕانەوە بۆ واقیع پەرەی پێنادرێت، و وڵاتان و کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی ئەزموونی خۆیان بە دوورکەوتنەوە لە کۆپیکردن و لەیەک چواندن، و لەڕێگەی تایبەتی خۆیان و لەئەنجامی بەهەندوەرگرتنی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو کۆمەڵ، ئەزموونی سۆسیالیستانەی خۆیان بنیات دەنێن. مارکسیزم لەمیانەی مامەڵەکردن لەچوارچێوەی یاساکانی پێداویستی و تێکۆشان بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیخوازی، دەتوانیت پەرە بە بنەما سەرەکییەکانی بدات بۆ ئەوەی ببێتە رێنیشاندەر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەواقیعدا و لەجوغزی شیکردنەوەی واقیعدا نەمێنێتەوە، هەر وەکو مارکس ئاماژەی پێکردبوو. ئەوەش بە تێکەڵکردن و گرێدانی لۆجیکی تیۆر و پراکتیک و مێژوو ئەنجام دەدرێت.

  • 1