ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 سەرهەڵدانى ئەم بیرۆکەیە بۆ ساڵى 991- 992 دەگەڕێتەوە، واتە پاش هەرەسهێنانى دەوڵەتى یەکێتى سۆڤیەت، کە بانگەشە کرا بۆ هەرەسهێنانى سۆشیالیزم وەک فیکر و وەک قۆناغێک دواى سەرمایەدارى. ئەوە بوو ڕاگەیەنرا کە سەرمایەدارى دواقۆناغى بەرەوپێشەوە هاتنى کۆمەڵگاى مرۆڤە!! ئیتر ئەو حزب و گرووپ و بزووتنەوە و کەسایەتییانەى کار بۆ سۆشیالیستى و کۆمۆنیستى دەکەن، دەبێ ئاشبەتاڵى لێبکەن !

لە ڕاستیشدا ئەو هەرەسهێنانەى دەوڵەتى یەکێتى سۆڤیەت شکستییەک بوو بۆ هەموو بزووتنەوەى کۆمۆنیستى و سۆشیالیستخوازان لە جیهاندا، گەلێک لەو حزب و بزووتنەوە و کەسایەتییانە ورەیان بەردا و کەنارکەوتن!! چونکە شەقام لە ئاستى جیهان بۆ سەرمایەدارى و ئیمپرالیەت چۆڵ بوو کە هێرشى خۆچەسپاندن و بە جیهانى کردن (العولمە) دەستپێبکەن .

ئینجا با بگەڕێمەوە سەر مەسەلە جەوهەرییەکە؛ (شیوعى) یان بزووتنەوەى شیوعیەت سەرهەڵدانى لە کوردستاندا .

لە (سلێمانى)دا بە تایبەتى .(ئاوڕێک بۆ دواوە) .

  1. مێجەرسۆن حاکمى سیاسى بەریتانیا لە سلێمانى، ساڵى 1919 لە ڕاپۆرتێکیدا بۆ (ئەرنۆڵدویسون) لە بەغداد دەڵێ ئەوەى جێگەى داخ و مایەى نیگەرانییە، خەڵکى ئەم ناوچەیە (بولشەویک)یان زۆر خۆش دەوێ))! ڕۆژنامەى ( العربى ) .
  2. لە سەرەتاى دەسەڵاتى بەریتانیا لە عێراق، ڕۆژنامەیەک بە کوردى دەرکراوە بە ناوى تێگەیشتن لە ڕاستى، هەموو هەواڵەکانى شۆڕشى ئۆکتۆبەرى ڕوسیاى بڵاوکردۆتەوە !
  3. شێخ مەحموود حەفید لە نامەکەیدا بۆ (لینین) 923 دەڵێ؛ "لە کاتێکدا دەنگى ڕاستەقینەى ئازادى ساڵى 917 لە هەموو جیهاندا دەنگى دایەوە، کە گەلى ڕووسیا خۆى لە زۆردارى و ستەم ڕزگار کرد، لەلایەن هەموو گەلانى زۆرلێکراوى جیهانەوە پێشوازى لێکرا لە پێناو ئازادییاندا". الپقافە الجدیدە 395، کانوونى دووەم 2018) .
  4. ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانى کورد لە عێراق ساڵى 944 ویستیان (حزبى شیوعى کوردى) دابمەزرێنن. (حەمید عوسمان، نافع یونس و سالح حەیدەرى).

لە ساڵى 945دا، نوێنەرانى کورد (شیوعییەکان) لە کۆنگرەى یەکەمى حزبى شیوعى عێراقدا بەشدارییان کرد و هەر لەو ساڵەدا لە سلێمانى و لە هەولێر بنکە و ڕێکخراوى حزبى شیوعى دامەزراوە .

بە کورتى دەمەوێ بڵێم؛ خەڵکى ئەم وڵاتەى ئێمە لەو ساڵانەوە ئاشنا بوون بە واتاى (شیوعى) و تا ئەمڕۆ کاروانى شەهیدان لە پێناو (مانا و مەبەستى) کۆمۆنیستى دا بەردەوامە)، بە هەزارانیش کۆچى دواییان کردووە، دەیان کەسایەتى سەرکردە و ناوداریان تێدا هەڵکەوتووە لە ئاستى کوردستان و عێراق و جیهان دا، هەزارانیشیان ئەمڕۆ لە مەیدانى تێکۆشاندان ....هتد .

ئەم نموونە زیندووانە بە ئاشکرا پێمان دەڵێن؛ واتاى شیوعى بە گەلى کورد نامۆ نییە و لە خۆیدا باشترین بەڵگەیە کە ئەم گەلە لە چاو گەلى عەرەبى عێراقدا زۆر هۆشیار و چاوکراوەتر بووە .

بەڵام، بەریتانیاى داگیرکەر حکوومەتە کۆنەپەرستە ئەڵقە لەگوێیەکانى عێراق و هێزە نەتەوەخوازە چەقبەستووەکان، بەردەوام بەهەر شێوەیەک بۆیان لوابێ بەربەرەکانێى بزووتنەوەکەیان کردووە و جۆرەها ناوناتۆرە و سیفەتى نامۆیان خستووەتە پاڵ، چونکە تەنیا بزووتنەوەیەکە، کە بەڕاستى و بەجدى بەربەرەکانێى زۆر و ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکردن و کۆنەپەرستى بکات .

سەرهەڵدانى ئەم بیرۆکەیە ناوبەناو لە ڕیزى حزبدا هەر ئاسەوارى جاڕدانەکەى (بۆکوهوما)یە دژى شیوعیەت، هەر ئاسەوارى تەم و مژى پڕوپاگەندەى دوژمنانە کە بەرچاوى گرتووین، ئەمانە لەلایەکەوە، لە لایەکى ترەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە شیوعییەکانى کوردستان نەمانتوانیوە مارکسیزم لەسەر ئەرزى واقع بگونجێنین و کارى پێ بکەین. نەمانزانیوە لەبەر ڕۆشنایى مارکسیزم واقعى چینایەتى کۆمەڵگەى کوردستان و قۆناغەکە بخوێنینەوە و هەڵیبسەنگێنین و هێزەکان لەیەکترى جیا بکەینەوە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین؟!

لەلایەکى تریشەوە تەوژمى بزووتنەوەى نەتەوایەتى باڵە توندڕەوەکەى ! باڵى کێشاوە بەسەر ئاستى فیکرى زۆر لە هاوڕێیانماندا و بەو بارەدا پەلکێشى کردوون و باوەڕى لەق کردوون .!!

لەسەروو هەموو ئەمانەیشەوە دەسەڵاتى داگیرکەرى سەرمایەدارى جیهانى نەک لە کوردستان و عێراق دا، بەڵکو لە هەموو ناوچەى خۆرهەڵاتدا بووە بە مایەى درێژەکێشانى مێژووى خەباتى گەلانى ناوچەکە کە پڕە لە مەینەتى و دەربەدەرى و سەرکوتکردنى شیوعییەکان بە پلەى یەکەم بووە بەهۆى وەڕستکردنى و بێ ورەیى و ساردبوونەوەى زۆرێک لە تێکۆشەران بە شیوعییەکانیشەوە. بۆیە کورد واتەنى (کاى کۆن بەبا دەکەن)!

خوڵاسەى بۆچوونى من، عەیب و خەتا، لە واتاى کۆمۆنیستى دا نییە، بەڵکو لە خۆماندایە! واتە بێ تاقەت و ماندوو و بێ ورە بووین!