ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کتێبى ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژیا باسى ئەوەم کردووە کە هاتنى حزب وەکو دیاردەیەکى مۆدێرن بۆ ناو دونیاى کوردى هەم دابڕانێک بوو لەگەڵ ڕابردوو، بەو پێیەى کە باشترین دەرهاویشتەى سیستمى سەرمایەدارى مۆدێرن بوو، ئامانجەکەشى لەپێناو ڕزگارکردنى تاک بوو لە بنەماڵە و خێڵ و سیستەمى دەرەبەگى و هتد. هەروەها ئامرازێک بوو بۆ ململانێ لەپێناو بەدەستهێنانى ئازادى فیکرى و ئازادییەکانى دیکە، ئێستا بۆتە ئامرازێک بۆ زیندانیکردنى فیکر و ئازادییەکانى تر، بۆیە وەختێک ئەو پرسیارە لەلایەن کەسێکى ناحەزەوە دەکرێ، (ئەرێ تۆ حزبى)، یەکسەر وەکو تۆمەتبارێک بیر لە پرسیارەکە دەکرێتەوە نەک پرسیارێکى ئاسایى، چونکە ئەم پرسیارە وەختێک دەکرێ کە تاکێک گەرەکیەتى کارێک بدۆزێتەوە یان بیەوێ خزمەتێک بکات و لەڕێگەیەوە بژى، ناخۆشتریش ئەوەیە کاتێک ئەو پرسیارە لەزارى کۆنە بەعسى یان کەسێکى بەدڕەوشتى ناو حزبى کوردییەوە گوێبیست دەبى. 

ئەم پرسەم بۆیە بەخەیاڵدا هات بیکەم بە نووسینێک دژى ئەو جۆرە فشارە لەلایەن ناحەزەکانەوە بەرانبەر کەسانى ناحزبى، چونکە لە سایتى (حیزار متمدن) نووسینێکم خوێندەوە بەناوى ئایا تو حزبى بیت. نووسینەکە باس لەوە دەکات کەسێک هاوڕێى کۆنى خۆى بینیوە و یەکسەر پرسیارى لێکردووە تۆ حزبیت، ئەمە لە چەند شوێنێکى تر گوێبیستى بووە و هاوڕێیەکی تریشى باسى ئەوەى کردووە، گوایە کەسێک پێشتر بەعسى بووە و بە کەسێکى شۆڕشگێڕى کۆنى گوتووە تۆ حزبت، هەر ئەو پرسیارەى لەسەردەمى بەعسیش لێکراوە لەلایەن هەمان کەسەوە، ئەمە بۆ نووسەر بۆتە نیگەرانییەکى زۆر کە کۆنە بەعسییەکان بە هاووڵاتییە نیشتمانپەروەرەکان دەڵێن تۆ حزبى.

هەڵبەت حزب لەکوردستان لەمسەرى چەپ تا ئەوسەرى ڕاست و تا بەناو ئۆپۆزسیۆنیش کە خۆیان بە حزب نازانن، بەڵام وەکو حزب هەڵسوکەوت دەکەن و هەمان ئیمتیازى حزبیان هەیە، بە هەمان ستایلى کۆن مامەڵە دەکەن کە شۆڤێنى و دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان وەکو پێوەر بۆ هاووڵاتى بوون مامەڵەى سیاسییان پێوەدەکرد، چونکە لەسەر بنچینەى فیکرى نییە و لەژینگەیەکى کۆمەڵایەتى تەسکدا ڕێکخراوە و هەر بەو پێوەرەش تاکەکان شوێن و جێگەیان بۆ دەکرێتەوە نەک تواناى داهێنانە لەبوارى جیاواز، ئەمە کاریگەرییەکى وەها نێگەتیڤى دروستکردووە کە ئینسان پێى عەیب بێت حزبى بێت ئەگەر بێکار بێت یان خراپ بژى. 

مەترسى ئەو پرسیارەى کە ئەرێ تۆ حزبى؟. تەنیا دوورخستنەوەى خەڵک نییە لەکارى حزبى و گەڕانەوەى ئەو بەهایە، بەڵکو ئەوەیە کە ئیرادەگەرێتى پوچەڵ دەکاتەوە حزب ڕێگەیەکە بۆ ئیرادەى تاک، ئەم وێنەیە کە دژە تاکگەراکان و دژە شارستانییەکان پێشکەشى دەکەن، بەشێوەیەک لە شێوەکان گەڕاندنەوەى خەڵکە بۆ دواوە و بۆ بڕوابوون بەخێڵ و بنەماڵە، یان بەزۆرکردنى خەڵک بە حزبى، بەڵام پێدەچێ هەروەک چۆن حزبەکان بەگشتى ئەو جەوهەرە سیاسییەیان نەماوە، ئاوهاش خەریکى کارێکتەرى لەو چەشنەبن بۆ ئەوەى کارێکتەرى چالاک دەرنەکەوێ، تاکو لەمافى خۆى بپرسێ یان لە جەوهەرى حزبیەت بپرسێ، بۆیە خودى پرسیارەکەش هەر ئەو تێگەیشتنەى لەگەڵ خۆى هەڵگرتووە کە چۆن لەو فەزایەى ئێستا تۆ حزبى نیت کە حزب بەرژەوەندى تایبەت و پاراستنى شوناسى تاکەکانە لەناو بازنەى کۆمەڵایەتى کە هەمان بازنەى کۆمەڵى کۆنە لەدەرەوەى حزب، ئەم پرسیارە ئاساییە، بەڵکو بەرهەمى ئەخلاقێکى ناشارستانییە، وەکو ئەوە وایە پرسیارى نهێنییە کەسێتییەکانت لێبکرێ کە ئەوە سنوور بەزاندنە. 

  • 1