ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێم خۆشە لەگۆشەى ئەمجارەدا، دوو بابەتى ئیدارەى کەرکووک و هێزە سەربازییەکەى حکوومەتى عێراقیتان بۆ باس بکەم. 

هەموو لایەکى سیاسى و مەدەنى و سەربازى ئەوە دەزانن کە شیوعییەکانى عێراق و کوردستان ساڵانە یادى دامەزراندنى حزب دەکەنەوە بە شێوازى جۆاروجۆر، یەک لەو نەریتانە نووسینى لافتەیە، داخوازى خەڵک و هەژاران یان پیرۆزبایى یان داخوازى حوکمى باش و عەدالەتى کۆمەڵایەتى.

ئەمساڵ لەیادى 85 ساڵەى دامەزراندنى حزبى شیوعى عێراق و کوردستان دا لەپارێزگاى کەرکووک جگە لە دوو ئاهەنگ لە ناو شارى کەرکووک و خورماتوو ئەنجامدرا، لە شارەدێی پردێ لافیتە هەڵواسرابوو، سەعات 11ى شەو هێزى سەربازى هەڵیانکوتابووە سەر لافیتەکە و تەلەفونیان بۆ بەرپرسى ڕێکخستنى پردێ کردبوو، گوتبوویان لافیتە هەڵواسین قەدەغەیە بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت! خوا هەڵناگرێت دەستبەسەریان کرد.

بەمەبەستى نوێکردنەوەى پاسەپۆرتى سەرجەم خێزانەکەم لەگەڵ دوو هاورێ پێداویستییەکانمان هەڵگرت و چووینە بەڕێوەبەرایەتى پاسەپۆرتى کەرکووک. کارى یاساییمان لاى داوانووسێک تەواو کرد، وەکو پڕکردنەوەى فۆڕم و سەکى پارە و دوایى ئەوە لەگەڵ هاوڕێیەکە چووینە ڕیزى وەستان بۆ ئەوەى تەنیا بەڕێوەبەرى پاسەپۆرت لەسەر فایلەکە ڕۆژێک دیارى بکات تا لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکەم پێکەوە بچین کارى نوێکردنەوەى یاسایى تەواو بکەین.

لەبەر ئەوەى بارودۆخى تەندروستیم ناساغە و فشارى خوێنم جێگیر نابێت، بە هاوڕێکەم گوت: ناتوانم بوەستم تۆ ڕیزەکە بگرە من کەمێک دوورکەوتمەوە، هاوڕێکەم لێ ون بوو، هەردیار نەما، دواى یەک کاتژمێر هەواڵم بۆ هات کە دەستبەسەرە و بردوویانە بۆ دادگا! کە چووینە دادگا هاوڕێکەم بینی بەدەست پۆلیسەوە، گوتى: بەگومانى ئەوە گرتومیانە ئەم فایلانە هى خۆى نییە و بە پارە ڕاییان دەکات.

بە هەرحاڵ درایە دادگا و ڕێگەى یاسایى خۆى تەواو کرد و هەموو تۆمەتەکان ڕەتکرانەوە، بەڵام تا نووسینى ئەم گۆشەیە پاسەپۆرتەکانى خۆم و خێزانەکەم دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون، ئافەرین حکوومەت!.