ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مێژووی سیاسەتی گۆڕانکاری دیمۆگرافی دژ بە گەلی کوردستان بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە. ئەم سیاسەتە تەنیا لە بەشیکی کوردستان ئەنجام نەدراوە، بەڵکو ئەگەر بە قووڵی بڕوانینە ئەم بابەتە، خودی دابەشکردنی کوردستان لەدوای یەکەمین شەڕی جیهانیدا بەرچاوترین دەستپێکی ئەم سیاسەتەیە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ کوردستانی ژێردەستی ئیمپراتۆری عوسمانی بەسەر عێراق و تورکیا و سوریا دابەشکرا، و دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەب لە عێراق و شام و حیجازدا دروست کرا، و دوو بەشی کوردستان بە سوریا و عێراق لکێنرا، و بەکردەیی کار بۆ نەهێشتنی شوناسی نیشتمانی لەم دوو بەشەی خاکی کوردستان کرا.

 دەستەواژەی کوردستانی باشوور کە مسز بیل نوێنەری ئینگلیزی داگیرکەر لە کتێبی (تاریخ العراق القریب) بەکاریهێناوە، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بوو بە شمال العراق و پاشان لە سەردەمی بەعسدا هاوکات لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید بوو بە "شمالنا الحبیب".

 سایکس-پیکۆ سەرەتا و بناغەیەکی پراکتیکی بۆ سڕینەوەی شوناسی نیشتمانی کوردستانی بوو، و هەر ئەمەش زەمینەی بۆ گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە جۆراجۆرەکان خۆش کرد.

 گۆڕانکاری دیمۆگرافی بە گۆڕینی ناو و دەستکاری دابەشبوونی ئیداری لە ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکردووە. هەرچەندە لە نەخشەی جوگرافی و کتێبە مێژووییەکان ناوی کوردستان دیارە و باس کراوە، بەڵام حکوومەتی شاهنشای ئێران بەشێک لە شارە دێرینەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستە سەر ئازەربایجان بە ناوی ئازەربایجانی غەرب، و تەنیا شاری سنەی بە ئوستانی کوردستانی ناونا، و بەم جۆرەش قەوارەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە شێوەیەکی ئیداری بچووک کردەوە.

لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە بەردەوامی هۆزی عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی فوراتدا بە مەبەستی گۆڕانکاری دیمۆگرافی نیشتەجێکران، و ناوی عروبەیی بۆ چەندین شار و شارۆچکە داڕێژران، و کۆبانی بوو بە "عین العرب".

بە درێژایی بوونی دەوڵەتی عەرەبی سوریا کورد لەم دەوڵەتەدا هاووڵاتیی نەبووە، و وشەی کوردستانیش لە فەرهەنگی سوریای عوروبەدا نەبووە.

لە باکوور کاتێک کوردانی دێرسیم لە ساڵی 1936دا بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزا داکۆکییان لە بوونی نەتەوەیی و کەلتووری خۆیانیان دەکرد، حکوومەتی تورکیا یاسای تواندنەوەی کوردەکانی پەسەند کرد، و لە حوزەیرانی 1936دا دەسەڵاتدارانی تورکیا سەبارەت بە کوردانی زازای دێرسیم بریاری کۆتایی سڕینەوەی ئەم پێکهاتەیەی دا بوو، و لە سڕینەوەی ناوەوە دەستیان پێکرد. ئەوە بوو ناوی یەکەی ئیداری دێرسیم کە هێمای خۆڕاگری و ڕاپەرین بوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە لە نەخشەی جوگرافی تورکیادا کرا بە "تونجەلی"، و پانتاییەکەی ئێجگار بچووک کرایەوە. شایانی باسە لە دواهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا 2019 کەسایەتییەکی کۆمۆنیست بە سەرۆک شارەوانی دێرسیم هەڵبژێردرا.

شاڵاوی گۆڕانکاری ناوی شوێنەکان بەمەبەستی سڕینەوەی کەلتوور و مێژووی ڕەسەنی ناوچەکانی کوردستان بەردەوام بووە، و سەرجەم نەتەوەکانی کوردستانی گرتۆتەوە. بۆ نموونە شاری بەغدیدا لە دەشتی نینەوى کە ناوی ئەم شارە بە زمانی سریانییە، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە کرا بە "قەرەقووش" کە دواتر ئەم شارە دوای گۆڕانکاری دیمۆگرافی لەلایەن حکوومەتی بەعس و ناردنی عەرەب بۆ ئەم شارە "قەرەقووش" بوو بە "الحمدانیە".

گۆڕینی ناوە کوردییەکان بۆ ناوی عەرەبی لەو ناوچە کوردستانییانەی کە بە پێی دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق بە ناوچەکانی مادەی 140 ناو دەبرێت، لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق دروستکراوە و تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو. ئەم گۆڕانکارییانە تەنانەت ناوی گەڕەکەکانی گرتبۆوە.

دابەشکردنەوە ئیداری و لابردنی چەمچەماڵ و دوز و کەلار و کفری لە پارێزگای کەرکووک بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی کورد لەم پارێزگایە زنجیرەیەکی دیکەی سیاسەتی گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوو. لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکاندا دەوڵەتی عێراق زەوی و قەرزی عەقاری، و دە هەزار دیناری عێراقی کە ئەوکات دەگەیشتە 30 هەزار دۆلار بە عەرەبە هاوردەکان بەخشی. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ناوی گوند و شارۆچکەکان گۆڕانکاری بەسەردا دەهات و بەعەرەبی کران. زەوی کوردان زەوتکرا و گرێبەستی زەوی کشتوکاڵ تەنیا بە کەسانی سەر بە هۆزە عەرەبەکان دەدرا. دوا بە دوای ئەم هەنگاوانەش لە شاری کەرکووکدا کورد لە وەزیفەی حکوومەتدا دانەدەمەزرا، و پەیتا پەیتا بە بیانووی جۆراجۆر لە چوارچێوەی نەخشەیەکی ئامادەکراو بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک، هەزاران خێزانی کوردی کەرکووک بۆ هەولێر و سلێمانی دەرکران.

لە هەولێرشدا شارۆچکەی مەخموور خرایە سەر ئیدارەی پارێزگای مووسڵ، لە کاتێدا بە شێوەیەکی مێژوویی ئەم شارە سەر بە هەولێر بووە.

لە دوا دەستووری عێراق کە لە ساڵی 2005دا بریار درا، ئاماژە بۆ مادەی 140 سەبارەت بە ناوچە جیناکۆکەکان کراوە کە دەبووایە تا ساڵی 2007 ئەو مادەیە جێبەجێ بکرایە. هەرچەندە بەڵگەنامە مێژووییەکان کوردستانی بوونی ئەم ناوچانە دەسەلمێنن، لایەنی کوردستانی سەڕەڕای ئەو ڕاستییە مێژووییانە بەم مادەیە قایل بوو، بەڵام حکوومەتی ناوەند جێبەجێی نەکردووە.

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە ئەویش چارەنووسی ئەو ناوچانەیە لە کاتێکدا دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دیسانەوە تەعریب دەستیپێکردووە، و سەڕەڕای هەوڵدانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، ئاسۆی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە عەقڵیەتی حوکمرانانی دەوڵەتی عێراق بەدی ناکرێت و کاریش کە بگاتە ئەم مادە دەستوورییە ئەوا دەوڵەتی عێراق و پارێزەرانی دەستوور گوێی خۆیانی لێ کەڕ دەکەن.

نەتەوەی باڵادەست گۆرانکاری دیمۆگرافی بە حاڵەتێکی ئاسایی دەزانێت و بەعەرەبکردنی کەرکووک و خانەقین و شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە بە هەمان گواستنەوەی خەڵکی نێوان شارەکانی باشووری عێراق دادەنێت، و پێی وا نییە کوردستان نیشتمانە. 

 

  • 1