ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(5)

ڕۆڵی تیۆری شۆڕشگیری لە چەسپاندنی توانستی حزبی شیوعی بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی

هەڵسەنگاندنی ئەزموونی گەلان بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی لە سەرجەم ئەو پرۆسانەی سەرکەوتوون و بەردەوامن، و تەنانەت ئەوانەی کە هەرەسیان هێناوە ئاماژە بۆ گرنگی ڕۆڵی حزبی شیوعی لە سەرکردایەتی کاروانی بنیاتنانی سۆشیالستی دەکەن. حزب بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی پێشڕەویی خۆی لە سەرکردایەتیکردنی گۆڕانکارییەکان ببینێت، دەبێ پشت بە تیۆری شۆرشگیری لەسەر بنەمای گەڕان بە دوای ڕاستییەکان لە واقیعدا، ببەستێت. یەکەمین بناغە بۆ حزبی شۆڕشگێر، تیۆری شۆڕشگێرە. لە کاتی نەبوونی ئەم تیۆرە حزب شێوازی گردبوونەوەیەکی خۆڕسکی و چوارچێوەیەکی ئەزموونگەری لەسایەی بەرژەوەندی چینە چەوسێنەرەکان وەردەگرێت، و خولیای بۆرژوای بچووک و شێوازی کارکردنی وەردەگرێت. لە کۆتایشدا ئەم شێوازە لە کاری حزبی لەگەڵ کاروانی تێکۆشان لە پێناوی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی سۆشیالستی ناکۆکە.

لینین ئاماژە بۆ پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی و تیۆری شۆڕشگیری دەکات و دەڵێت: "ناکرێ هیچ بزووتنەوەیکی شۆڕشگێری بێ تیۆریەکی شۆڕشگێری بێت". تیۆری شۆڕشگێڕی لەمەڕ شیوعییەکانەوە بەشێکی ئۆرگانیکی کاری تێکۆشەرانەیە، و ناکرێ بە خورتی بەسەر کاری شۆڕشگێڕی بسەپێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاکردنەوەی کاری حزبی لە تیۆری شۆڕشگێڕی کارێکی بێ بەرهەم و بێ ئەنجامە.

کار و تێکۆشان لە پێناوی شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی سۆشیالستی چالاکییەکی هۆشمەندانەیە، و تێکۆشانی چینایەتی دوور لە هۆشمەندی چینایەتی بەفیڕۆدانی ئەرک و چالاکییەکانە، و نابێتە ئامرازێکی ڕێکخستنی چینی کرێکار. تیۆر مانای چەقەچەقی بەتاڵ و بێ بەرهەم نییە. بێگومان ئەرک و کاری تیۆری تەنیا کاری ئەکادیمی و وانەکانی فەلسەفە نییە، بەڵکو لەوە فراوانترە. ئەزموونی تێکۆشانی گەلانی تێکۆشەر لە پێناوی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و لە پێناوی بنیاتنانی سۆشیالستی، بەشێکی سەرەکی هەوڵ و کاری تیۆرییە. کاتێک لە ڕوانگەیەکی مارکسیستەوە باس لە تیۆر دەکەین، ئەوا مەبەستمان توێژینەوەی قوڵی ناکۆکی و ململانێ و پەرەسەندنەکانی واقیعە بەو مەبەستەی کە ئەڵتەرناتیڤێکی مرۆیی تر بخەینە ڕوو. ئەو ئەڵتەرناتیڤە سۆشیالستییە!

لەم ڕوانگەیەوە گرنگە جەخت لەسەر سەرجەم بەرهەمی تیۆری و پەرەسەندنی کاروانی تێکۆشانی حزبی شیوعی چین بکەینەوە، کە مارکسیزمی وەک ئامرازێکی مەعریفی بەو بەرهەمە تیۆرییانەی ڕەچاوی بنەمای کۆمەڵگای چین و پەرەسەندنەکانی کردووە، بەستۆتەوە.

حزبی شیوعی چین لە میانەی کاروانی دوور و درێژی تێکۆشانیدا، و هەر لەو کاتەوەی دروست بووە و تا ئێستا، بە نەرێنی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە کە گومانی لە بەردەوامی و زیندووبوونی مارکسیزم بووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پڕوپاگەندەی هزری بۆرژوا دژ بە سۆشیالستی لەو بازنەیەدا بوو کە مارکسیزم ئێکسپایەر بووە، و بەشێکە لە قسەی پووچ و بەتاڵ و دوورە لە میتۆد و عەقلانیەت. بەڵام حزبی شیوعی چین لە هەلومەرجی جیاوازدا جەختی لەسەر هەڵەبوونی ئەم ئاراستەیە کردەوە. ئەم ئاراستەیەی هزری بۆرژوا بەشیک بووە لە شاڵاوی تێکدەرانە دژ بە تێکۆشانی شیوعییەکان و ئامرازە مەعریفییەکانی تێکۆشانیان.

ماو تسی تونگ ئاماژە بۆ سروشتی زانستی مارکسیزم دەکات و دەڵێت: "لە هەموو کاتێکدا بابەتی زانستی ترسی لە ڕەخنە نییە، و زانست ئەو ڕاستییەیە کە بەرپەرچ نادرێتەوە".1

سەبارەت بە گرنگی مارکسیزم وەک زانست، دنک شیاو بنگ ئەمینداری حزبی شیوعی چین لە ساڵانی دوای 1978وە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ "ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە مارکسیزم قایل دەبن لە زیادبووندایە، چونکە مارکسیزم زانستە". 2

وەڵامی حزبی شیوعی چین سەبارەت بە زیندوویی و شوناسی زانستی مارکسیزم، و گرێدانی پراکتیک بە تیۆر، و کار و کردەوە بە وتار و ئاخافتن، لە کاتێکدایە کە هزری لیبراڵی نوێ باڵی بەسەر شێوازی ژیانی حزبایەتی لە زۆر وڵاتدا کێشاوە، و یاساکانی ئەم بوارە فرەحزبی لە چوارچێوەی هزری سەرمایەداری و ناکۆکییە لاوەکییەکانی چین و توێژەکانی بۆرژوا، و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بیری کۆنەپەرستی بە شێوازی نوێ قەتیس کردووە، و هەڵبژاردەی سەرمایەداری کە پشت بە چەوساندنەوە دەبەستێت، ڕاگەیاندووە، و جیهانگیری بۆ بەرژەوەندی ئیمپریالیزم تەرخان کردووە. ئەو سیاسەتانەی سەرمایەداری بۆتە هۆی زیادبوونی چاوگەکانی بارگرژی و زیادبوونی خەرجی سەربازی لەسەر حسابی گەشەسەندن و پێشکەوتنی گەلان.

حزبی شیوعی چین لە پەیڕەوی ناوخۆییدا ئاماژەی بە مارکسیزم لینینیزم وەک ڕێپیشاندەری کار و چالاکی تێکۆشانی، دەکاتەوە. لەم بارەیەوە ماو تسی تونگ باس لەوە دەکات؛ "چەکی کاریگەر بە دەست پرۆلیتاریاوە هەڵوێستی زانستی و  تێکۆشانی بێوچانە، و حزبی شیوعی لە سەر بنەمای ترساندنی خەڵکی ناژێت، بەڵکو لە سەر بنەمای ڕاستیبوونی مارکسیزم لینینزم، و گەڕان بە دوای ڕاستییەکان لە ڕێگای واقیعی بەرجەستەکراوەوە".3

لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا کە لە نۆزدەیەمین کۆنگرەی حزب ساڵی 2017 بریاردراوە، جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی مارکسیزم لینینزم و بەرهەمە تیۆرییەکانی دیکە کە سەرچاوە هزرییەکانی حزبی دەوڵەمەند کردووە، کراوەتەوە، و هەر هەمووی لە سەر بنەمای میتۆدی مارکسیستە وەک ئامرازی ڕێپیشاندەر بۆ خوێندنەوەی واقیع.

لەم پەیڕەوەدا هاتووە؛ "حزبی شیوعی چین پشت بە مارکسیزم لینینزم و هزری ماو تسی تۆنگ و تیۆری دنک شیاو بنگ، و هزری "سێ نوێنەرایەتی"، و چەمکی گەشەپێدانی زانستی، و هزری شی جین بینگ سەبارەت بە سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی، وەک رێنمایی و ڕێپیشاندەری کار، دەبەستێت".4

لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی و تێکۆشان لە پێناویدا دەردەکەوێت کە ئەو تیۆرە شۆرشگێڕییەی دەکرێ ڕێپیشاندەری تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بێت، مارکسیزمە کە دەبێ وەک ئامرازێکی مەعریفی بۆ توێژینەوەی واقیع  و دەستنیشانکردنی قۆناغی مێژوویی کۆمەڵگا پشتی پێ ببەستێت، و ئەمەش بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە مێژووی مرۆڤایەتی لە گۆڕانکاری و پەرەسەندنی بەردەوامدایە، و سەرمایەداری سەردەمی مارکس هەمان سەرمایەداری هاوچەرخ نییە، و پێکهاتە و ڕیزبەندی چینایەتییش لە کۆمەڵگادا بەردەوام لە گۆڕانکارییدایە.

لەم ڕوانگەیەوە ڕاپۆرتی سیاسی نۆزدەیەمین کۆنگرە جەخت لەوە دەکاتەوە؛ "پراکتیک و کار سنووری نییە و داهێنانی تیۆری کۆتایی نایەت، و جیهان لە هەر چرکەیەکدا لە گۆڕانکارییدایە".5

بەردەوامبوونی حزبی سیاسی مارکسی وابەستە بە پابەندبوونی بە مارکسیزمەوە. وازهێنان لە مارکسیزم و فەرامۆشکردنی باوەڕبوون بە سۆشیالستی و کۆمۆنیستی ئاکامەکەی داڕمانی حزبە.

مارکسیزم سێ بواری سەرەکی بۆ تێکۆشەران لە پێناوی سۆشیالستیدا ئامادە دەکات. یەکەم: هۆشمەندی تیۆری، دووەم: باوەڕبوونی سیاسی. و سێیەم: شێوازی بیرکردنەوەی زانستی. ئەم سێ بوارە بنەمای سیاسی و بناغە و پشتگیری بەردەوامبوونی تێکۆشانی شیوعییەکانە.

شی جین بینغ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین سەبارەت بەم ئاراستەیە دەڵێت؛ "مارکسیزم هزری ڕێپیشاندەری حزبمانە و کۆمۆنیستی نەریت و بەهای بڵندی حزبمانە... دوور لە باوەڕبوون بە مارکسیزم و نەریت و بەهای کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینییەوە، ناکرێ باس لە بوونی حزبی شیوعی چین بکەین... دوور لە باوەڕبوون بە مارکسیزم و سۆشیالستی و کۆمۆنیزم حزبی سیاسی مارکسیست کۆتایی پێ دێت...مارکسیزم هۆشمەندییەکی پوختی تیۆرییە و باوەڕبوونی سیاسی و شێوازی زانستی بیرکردنەوەیە".6

هەر لەم ڕوانگەیەوە کاری ئایدیۆلوجی لە ناو حزب و کۆمەڵگادا ئاراستە دەکرێت، و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەگەڵ تیۆرەکانی سەرمایەداری کە ئاو بۆ ئاشی ئایدیۆلۆجی سەرمایەداری دەبات، و پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە ئەوەی لە چیندا دەگوزەرێت مارکسیست نییە، مامەڵە دەکرێت.

لە میانەی ساڵانی ڕابردوودا جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و شۆرشی زانستی تەکنەلۆژی بە خێرایی هەنگاو دەنێت، و جیهانگیری گەشەی کردووە، بەڵام جیهان تا ئێستا بە گرفتی هەژاری و لەمپەر و کێشەکانی گەشەپێدان دەناڵێنێت، و چاوگەکانی بارگرژی لە زیادبووندایە و دەستێوەردانی ئیمپریالستی بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری جیهانی بەردەوامە. مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی بەردەوام کۆمەڵێک پرسیاری ئاڵۆزی ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو، و تائێستاش ژیان ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ سەرمایەداری و کۆمەڵگای ناکۆکی چینایەتی جگە لە سۆشیالستی نەخستۆتە ڕوو. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تا ئێستا قەرزاری مارکسە، و تا ئێستا هزرمەندان کاتێک باس لە دواڕۆژی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی دەکەنەوە، ڕاستەخۆ بۆ مارکس کە بە یەکەمین هزرمەندی هەزارەی سێیەم دەژمێردرێت، دەگەڕێنەوە.

مارکس قەیرانی ئێستای سەرمایەداری لەو کاتەوە دەستنیشان کرد کە ئاماژەی کرد کە گرنگترین خەونی بۆرژوا وەدیهێنانی داراییە لە داراییەوە دوور لە خۆخەریککردن و کارکردن بە زنجیرە دژوارەکانی بەرهەمهێنان. لە ئەنجامی ئەم خولیا و ئاراستەیە سەرمایەی وەهمی و بێ ئەرزش لە بازنەی بەرهەمهێنانی وڵاتە سەرمایەدارە مەزنەکان دروست بوو، لە کاتێکدا چین توانی لەو کاتەوەی کە ئەو هێزە ڕادەستی کۆمەڵگا کرا، پەرەپێدانێکی بەرچاو لە هێزی بەرهەمهێنان بکات. هەر بۆیە توانرا لە چیندا پلانی سۆشیالستی عەقلانی بۆ بەرهەمهێنان دابڕێژرێت، بە جۆرێک بڕیارەکان لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادا نەک بۆ خزمەتی دەستەیەک لە سەرمایەداری مشەخۆر بێت. نهێنی سەرکەوتن لەم ئاراستەیە بۆ مارکسیزم و پەرەپێدانی لەسەر بنەمای واقیع و دەوڵەمەندکردنی سەرچاوە هزرییەکانی حزبی شیوعی چین دەگەڕێتەوە.

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 1 ماو تسي تونط   تةواوي بةرهةمةكان بةشي ضوارةم ل 74

2  دنك شياو بينغ تةواوي بةرهةمةكان  1993 دار الشعب للنشر.

 3 ماو تسي تونط تةواوي بةرهةمةكان بةشي ضوارةم ل 71

 4 دستوري حزبي شيوعي ضين برياردراو لة كؤنطرةي 19 24 أكتوبر 2017

 5  رِاثؤرتي سياسي حزبي شيوعي ضين كؤنطرةي 19

 6 شي جي بينغ    حول الحكم والادارة  بةشي دووةم ل 362، ل 365.

  • 1