ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین

نامرن ئەوانە، وان لە دڵی میللەتا ئەژین.

پیرەمێرد

شەهید بەو قارەمانە دەڵێن، لە پێناوی، ئازادی، ئەوین، دادپەروەری، فیکر، گەل، یان وەتەندا گیانی بەخت بکات. شەهید بە سپارتاکۆس، سوکرات، مەسیح، گیوردانۆ برینۆ، جان دارک، خۆزێ مارتی، قازی موحەممەد، گیڤارا، مارتن لۆسەر کینگ و عەبدولخالیق مەعرووف دەڵێن. شەهید کەسێکە بەدەم بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارانەوە، گیان لە دەست دەدات. ئەوی سەر بە لەشکری داگیرکاران بێت، با ئەو لەشکرە بە ناوی ئەم فیکر یان ئەو ئایینیشەوە پەلاماری ئەم وەڵات، یان ئەو میللەتی دابێت، ئەگەر بکوژرێت، شەهید نییە، وەک چۆن سەربازەکانی هیتلەر کە پەلاماری فەرەنسایان دابوو، کە دەکوژران، بە شەهید هەژمار نەدەکران. شەهید ئەو جەنگاوەرەیە کە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی لەشکری داگیرکاراندا، گیانی دەبەخشێت.

بەپێی ئایین، ئیدی هەر ئایینێک بێت، ئەوە یەقینە، ئەوی لە پێناوی ئاییندا قوربانی بە ژیانی بدات، شەهیدە و جێی بەهەشتە. تیرۆریست کە هانا بۆ نواندنی زەبروزەنگ دەبات، بە ئومێدی بەهەشت و حۆرییەکانی، نەک هەر ترسی مەرگی لە دڵدا نییە، بەڵکوو بە تامەزرۆیییەوە بەرەو ڕووی دەڕوات. لای کریستیانیزم، شەهید کەسێکە، بێ ترس و دوودڵی لەڕێی داکۆکیکردن لە ئایینەکەیدا، بەرەو ڕووی ستەم و ئەشکەنجە و مەرگ دەبێتەوە. مەسیحییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی کریستیانیزمدا، چونکە لە نێوان مەرگ و وازهێناندا لە باوەڕی خۆیان، یەکەمیان هەڵدەبژراد، بۆیە بە شەهید هەژمار دەکران. شەهید کەسێکە وەک قەشە بولیکاریوس کە لە ناوەڕاستی سەدەی دووەمدا، ڕۆمانییەکان بە زیندوویی لە یاریگەیەکدا سووتاندیان و وازی لە باوەڕەکەی نەهێنا.

شەهید ئەو گیانبەختکردووەیە کە دواتر خەڵك، وەک کەسێکی پیرۆز سەرنجی دەدات. شەهید عیسایە کە ئەوپەڕی سووکایەتییان پێ کرد و ئەو هەر هێوربوو، کە پێشەکی لە جەللادەکانی خۆش بووبوو، کە بە دڵنیایییەوە بەرەو ڕووی مردن بووەوە. شەهید هەر کەسێکە وەک مەسیح لە نێوان مەرگ و پاشگەزبوونەوەدا، یەکەمیان پەسەند بکات و گومان پەی بە دڵی نەبات. لای مەسیحییەکان، ئەو مەرگە پیرۆزە، لە پێناوی باوەڕی پیرۆزی کریستیانیزمدا بێت.

لای ئیسلام شەهید یەکێکە لە ناوە جوانەکانی خودا کە بە مانای چاودێرێکی هەقبێژ دێت و کەسێکە، لە سەروەختی شەڕی کافراندا بکوژرێت، ئیدی بە چاوپۆشین لەوەی داکۆکی لە وەڵاتی خۆی کردووە، یان پەلاماری نیشتمانی کافرانی داوە. لای شیعە، ئەو موسوڵمانەی لە پێناوی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیشدا گیانی بەخت بکات، هەر بە شەهید هەژمار دەکرێت، بەڵام شەهیدی هەرە گەورە، ئەوی هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، کەسێکە بۆ شەڕی کافران چووبێت. لای جوولەکە، هەر کەسێک لەسۆنگەی ئەوەوە کە جووە، کوژرابێت، شەهیدە.

هەن وای بۆ دەچن، کەسێک شەهیدە لە پێناوی پرسێکی ڕەوادا گیانی خۆی بەخشیبێت، پرسێک پێوەندیی بە کۆوە هەبێت، نەک تاک. ئەوی لە پێناوی ئەوینیشدا گیانی بەخت بکات، هەر دەکەوێتە خانەی شەهیدەوە، بۆیە مەم و زین بە شەهیدی عیشق هەژمار دەکرێن. ئەوی بگاتە پلەی بڵندی شەهید، وەک بەشێک لە میسیۆلۆژیای لێ دێت و وەک کەسێکی پیرۆز سەرنج دەدرێت و دەبێتە نموونەی باڵا.

چەمکی شەهید لەو قوربانییانەوە سەری هەڵداوە کە پێشکەش بە خوداوەندەکان کراون و ئەوی بە قوربانی کرابێت، شەهیدە و گیانی هەم بە بەهەشت شاد دەبێت و هەم لەنێو خەڵکەکەی خۆیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بەگوێرەی میسیۆلۆژیا و ئایین، شەهید بە پلەی پیرۆزی دەگات. لە میسیۆلۆژیا و لە ئایینیشدا، شەهید زیندووە، تەنانەت وەک تا هەنووکەیش واقیع دیلی دەستی میسیۆلۆژیا بێت، شەهید بە زیندوو هەژمار دەکرێت. شەهیدی زیندوو، کەسێک نییە، چەندان جار لە لێواری مەرگ گەڕابێتەوە، کەسێکە لە پێناوی مەسەلەیەکی ڕەوادا، وەک داکۆکیکردن لە وەتەن، یان لە ئازادی، یان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گیانی لە دەست دابێت.

میتۆلۆژیا، نە قسەی پڕوپووچ و بێ مانایە، نە لەگەڵ دیرۆکدا ناکۆکە، بەڵکوو سەرەتای ئەدەب و هونەرە، دەستپێکی فەلسەفە و مێژووە، هەوێنی داستان و شانۆنامەیە. خەیاڵ لە میسیۆلۆژیادا، وەک واقیع دەنوێنێت، هەر بۆیە چەمکی شەهیدیش لە میسیۆلۆژیاوە هاتووە، لەو قوربانییانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە پێناوی فەڕ و بۆ هێورکردنەوەی سرووشت ێیشکەش بە خوداوەندەکان دەکران. بەپێی ئەفسانەیەک سەرەتا لە بەهاراندا، ئەوە خوێنی لاوانی سەربڕاوبوو، کارێکی دەکرد زەوی بەپیت ببیت، بەڵام دواتر بۆ هەمان مەبەست، خاکیان بەو خوێنە سوور دەکرد، مانگانە لەبەر ئافرەت دەڕۆیشت.

لایەنێکی هاوبەشی ئەفسانە و ئایین ئەوەیە، هیچیان تایبەت نین بە نەتەوەیەک، یان ناوچەیەک، ڕووی دەمیان لە هەموو دونیایە. لە ئەفسانەدا خوداوەند بۆیە نەمرە، چونکە خۆی بە قوربانی هەموو گەردوون دەکات. خوداوەند نامرێت، ماوەیەک بزر دەبێت، دواتر لەگەڵ گەڕانەوەیدا، فەڕ و خۆشی بۆ خەڵک دەگەڕێنەوە. شەهیدی ئینسانیش هەر ملکەچی هەمان ڕێسایە، هەر بە نەمریی دەمێنێتەوە.

ئەوە وەکوو ڕێسای لێ هاتووە، کەسێک بە شەهید لە قەڵەم دەدرێت، ئازایانە بەرەو ڕووی مەرگ ببێتەوە، یان کامەران موکری گوتەنی: (بە مردن بڵێ: ڕا مەکە!) نەک کەسێک لەبەر مردن هەڵێت. پرۆمیسیۆس ناودارترین ڕەمزی قوربانیدانە کە لە پێناوی ئینساندا تووشی دژوارترین ئەشکەنجە هاتووە، ئاگری لە خوداوەند دزیوە و بۆ ئینسانی بردووە، تا مرۆڤایەتی لە بن هەژموونی خوداوەند ڕزگاری ببێت، ئیدی زەوس لە گاشەبەردێکی دەبەستێتەوە و داڵەکان ڕۆژانە دێن جگەری دەخۆن و شەوان دیسان چگەری نوێ دەبێتەوە، تەواو وەک لە دۆزەخدا هەیە، ئاخر (دۆزەخی)یش دەسووتێنن و دیسان گۆشت و پێستی بۆ دروست دەبێتەوە، تا بیسووتێننەوە. ئەو عەزابە سەختەی دووچاری پرۆمیسیۆس هات، بەرەو ڕووی عیسایش بووەوە، جیاوازییەکە هەر ئەوەبوو، یەکەمیان بە گابەردەوە بەسترایەوە و دووەمیان لە خاچ درا و قوربانیدانی هەردووکیشیان لە پێناوی مرۆڤایەتیدابوو.

مەسیحییەکان لە سەرەتاوە دەوروبەری سێ چوار سەدەیەک کەمینەیەکی چەوساوە دەبن، ئەو سەروەختە مەسیحییەکان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیمپراتۆریای ڕۆمانەوە کە بڕوایان بە فرەخودایی دەبێت، بەرەو ڕووی ستەم و تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە. ئەو سەردەمە چونکە خودی مەسیحیش بە لە خاچدراوی و لەژێر توندترین ئەشکەنجەدا گیانی دەبەخشێت، شەهیدبوون مانایەکی بەرز و پیرۆزی لای مەسیحییەکان دەبێت. دەشێت بایەخدانی لویس ماسینیۆن کە کتێبێکی گرنگی لەبارەی حەللاجەوە نووسیوە، زادەی ئەوەبێت، شێوازی کوشتنی حەللاجیش لە هیی مەسیح دەچێت. دووان لەوانەی جێی مەسیحیان گرتەوە: پەتروس و پۆڵس، هەمان چارەنووسی ئەویان هەبوو، یەکەمیان لە خاچ درا و سزای دووەمیشیان سەربڕین بوو.

چەوساندنەوەی مەسیحییەکان بە سەختی درێژەی هەبوو، تا قوستەنتینی ئیمپراتۆری ڕۆمان هاتە سەر ئایینی مەسیح، ئیدی لەوە بە دواوە، کریستیانیزم بوو بە ئایینی دەسەڵات و کەوتە ڕاوەدوونانی دوژمنانی. ئەوە دەسەڵاتی کەنیسەبوو، جان دارکی، بە تۆمەتی زەندیقی، بە سووتاندن سزا دا کە یەکێکە لە شەهیدە ناودارەکانی دونیا. سوکرات کە ڕەمزە بۆ شەهیدی فیکر، دەیتوانی بە پاشگەزبوونەوە، یان بە هەڵاتن، خۆی لە مەرگ قوتار بکات، بەڵام هیچیان نەکرد و جامە ژارەکەی خواردەوە، بۆیە هەمیشە ئەستێرەی ناوی بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە.

لە سەدە تاریکەکانی ناوینەوە هەتا سەرەتای سەدەی بیستەمیش، نزیکەی هەموو بیرمەند و فەیلەسووفەکانی ئەورووپا، بەردەوام بەرەو ڕووی هەڕەشەی کەنیسە دەبوونەوە. ئەوە ڤاتیکان بوو، گیۆردانۆ برینۆی بە سووتاندن سزا دا و گالیلۆی بە زەبری تۆقاندن بێدەنگ کرد. هەنووکە ڤاتیکان شەرمی بەو دیرۆکە ڕەشەی خۆی دێت و پاپا فەرەنسیس، وەک ڕەمزی دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و رێزگرتن لە شکۆی ئینسانی لێ هاتووە. تۆ بڵێیت، ڕۆژێک دابێت، بۆ نموونە ئەزهەریش ڕووپەلە تاریکەکانی مێژووی ئیسلام بداتە بەر ڕەخنەی توند و لەگەڵ بەها بڵندەکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخدا ئاشت ببێتەوە؟

*

(*) بۆ نووسینی ئەم باسە، سوودم لەو ژمارەیەی (الإتحاد الثقافي) ئیماراتی کە لە ٢٦ی ١١ی ٢٠١٥دا لەسەر نێت بڵاو کراوەتەوە، وەرگرتووە.

 

 

 

 

  • 1