ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ساڵانێکی زۆرە لە کوردستانیش وەک وڵاتانی پێشکەوتوو دیموکراسیخواز بانگەشەی ئەوە دەکرێت راگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە ، بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئازاد و یەکسانی خوازانە ! بەڵام ئەو راستیەمان لە بیر نەچێت ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی کورسیگر و مۆنیکاو ڤێلاو کۆمپانیا نیە ! بەڵکو دەسەڵاتێکی گەرۆکی بێ ھەوارە و ھاوخەم و ھاودەردی ھەژاران و چەوساوانە ! بۆیە ئەم شەرەفەی پێ بەخشراوە بەبێ ھەڵبژاردن و تەوافق و خروقات ! رۆژنامەگەری بەشێکی ھەرە زیندووی بواری راگەیاندنە ، لەھەر ولاتێک رۆژنامە بونی ھەبێت بە تایبەتیش رۆژنامەی ئازاد ئەوە گومانی تیانیە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ناتوانن گەمە بە چارەنووسی میللەت و کایەکانی دەوڵەتەوە بکەن ! چونکە رۆژنامەو رۆژنامەنوسی ئازاد ھەموو کات رەقیبە بەسەر دەسەڵاتەوە ، لە کوێ گەندەڵی و مەترسی و بۆشایی ھەبێت ئەو لەوێدا بونی ھەیە ! لە وڵاتەکەی لەمەڕ خۆشمان ( ٢٢ )ی نیسانی ٢٠١٩ ( ١٢١ ) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لە دایک بوونی یەکەمین رۆژنامەی ( کوردستان ) کە لەلایەن رێبەری رۆژنامەگەری کوردی ( میقداد مەدحەت بەدرخان ) بە چاپگەیاندراوە لە شاری قاھیرەی وڵاتی میسر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کورد تەمەنی رۆژنامەگەری خۆی زۆر بەزەحمەت و پچڕپچڕی بەڕێ کردووە لەژێر سانسۆر و چاوسورکردنەوەی رێککەوتنە کاتیەکانی کورد و رژێمەکانی ناوەند لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان یان لە شاخ و ئاوارەیی بووە ، واتە تا ساڵی (١٩٩١) نەیتوانیوە بەپێی پێویست لە دونیای جوان و کەش و ھەوای ئازادیدا نەشونما بکات ، رۆژنامەگەری پەیامی مرۆڤە ئازادیخوازەکانە بۆ ئەنجامدانی گۆرانکاری و بنیادنانی دەسەڵاتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ! ھەر رۆژنامەگەریشە دەبێتە دەرمانێکی تازە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی دەسەڵات ! ئەویش بە بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و ھۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگاو دروست کردنی رای گشتی ! نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێ ئەوکەسانەی لە بواری راگەیاندن کاردەکەن ئامانجیان زیاتر ھاوکاری و کۆمەکیە بۆ دروست کردنی دونیایەکی یەکسانی خوازانەی دوور لە شەڕو رەگەز پەرستی و برسیەتی و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ ھەر لەبەر ئەم چاو نەترسی و بوێریەی خۆیان توشی زیندانی و لێپێچنەوەو ئازارو ئەشکەنجەو تا مردنیش دەبن ! بۆیە پیرۆزی پیشەی رۆژنامەگەری لە بەھای ئەم قوربانی دانەی دایە کە وەک مۆم بۆ رووناکی خەڵک دەتوێتەوە لەپێناو گەیشتنی پەیامە نوێخوازییەکەی .

Image result for ‫رۆژنامەگەری‬‎