ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەماوەی زیاتر لە 200 ڕۆژدا هەرسێ حزبی پارتی و یەکێتی و گۆڕان ناشرینترین ڕێگەکانی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان پیشانی خەڵکی کوردستاندا. ناشیرینییەک ئیدی هیچ ئیتیک، بنەمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و ئیداری تێدا نەبوو، جگە لە چاوچنۆکی پۆست و پلە و تەنانەت لە ئاستە حزبییەکەشی دابەزیبوو بۆ ئاستی بەرژەوەندییە کەسی و بنەماڵەیی و ئەم باڵ و ئەوی دیکە!

دیارە لەدنیادا زۆرجار گیروگازی پێکهێنانی حکوومەتی ئیئتلافی دروست دەبێت، بەڵام بنەماکانی گەمەکە ڕوونتر و ئاستی ململانێیەکە ئایدیۆلۆژی و بەرنامە و ڕوانیینە بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت هەر لایەک لە ڕوانینی دووربینی و دنیابینی خۆیانەوە. نەک وەک ئەوەی کە لەوەتەی ساڵی 1991 تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیبینین کە چەقی ململانێیەکان لەسەرەتاوە حزبی و دواتر بنەماڵەیی و ئێستا بۆ خێزانی دابەزیووە. خۆ ئەگەر کاتبەندی بۆ مێژووی حوکمڕانی هەرێم بکەین ئەوە دەتوانیین بڵێین لە ساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کە ساڵە سەرەتاییەکانی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە سەردەمی حوکمی حزبی بووە. لە سەرەتای سەدەی تازە و لە ساڵانی دوو هەزار تا ساڵی 2010 دەتوانین بڵێین سەردەمی حوکمڕانی بنەماڵەیە و لەو کاتیشەوە تاوەکو ئەمڕۆ حوکمڕانی خێزانی باڵ دەکێشێت بەسەر تابلۆی سیاسی هەرێمی کوردستان و بیرکردنەوە و ڕوانین و ئیدارەدانی هەرێم لەو سۆنگەوە سەرچاوە دەگرێت.

لەسایەی ئەو دیمەنەی حوکمڕانیدا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت زۆری خایاند، کە نەک کاریگەری لە ئێستادا هەیە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە پێمان دەڵێت ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێم کارەکانی بەئەستەم دەڕوات و تووشی تەنگەنەفەسییەکی سیاسی و ئیداری دەبێتەوە کە کاردەکاتە سەر هەموو جومگەکانی حوکمڕانی هەرێم.

ئەم هەناسە خێزانییەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، هەموو ئەو دەمامکانەی راماڵی کە لەماوەی 28 ساڵی ڕابردوو دانرابوون. ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە ئەو مۆدێلە حزبایەتییەی کە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە کایەی حکومیدا پەیڕەوی دەکەن "شینەکەیان بۆ حوسێن نییە، بەڵکو بۆ هەریسەکەیە"!

  • 1