ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە تێکرای کتێبەکانی بواری یاسای دەستوریدا ئاماژە بۆ پێناسەکردنی دەوڵەت و پێناسەکردنی سیستەمی سیاسی و جیاوازییەکانی نێوانیان دەکرێت. هەرچەندە پسپۆرەکانی بواری یاسای دەستوری بە شێوازی جۆراجۆر پێناسەی سیستەمی سیاسی دەکەن، بەڵام ئەوەی لە تێکرای پێناسەکاندا هاوبەشە ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپ و دەزگای پەیوەندیدار بە یەکتر کە شێوازی حوکمرانی و شوناس و مەبەست و سروشتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەستنیشان دەکات، و دەزگای پێویست بۆ پەیڕەکردنی دەسەڵات، و هێزەکانی کۆنترۆڵکردنی تاک دادەنێت. لێرەدا مەبەستمان پێناسەکردنی دەوڵەت و بنەماکانی نییە وەک زەوی و دانیشتووان و بوونی دەسەڵاتی سیاسی و سەروەری، بەڵکو بوونی ئەو پەیوەندییەی کە لەلایەک لە نێوان ئەو دوو چەمکە هەیە، و لە هەمان کاتدا جیاوازی و سەربەخۆیی نێوان هەر دووکیان وەک بنەمایەک بۆ دەستنیشانکردنی شوناسی قەیرانەکان.

لەو ڕوانگەیەوە ئایا قەیرانی عێراق قەیرانی دەوڵەتە یان قەیرانی سیستەمی سیاسییە؟

دەوڵەتی هاوچەرخ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆری عوسمانی و کۆتایهیاتنی یەکەمین شەڕی جیهانی، دوور لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە و لەسەر بنەمای کۆپیکردنی نموونەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەزموونی ئەوروپادا و بە بریاری سەرکەوتووەکان لە شەڕی جیهانی و دوور لە توێژینەوەی مۆرکی پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایانە و خواستی ڕاستەقینەی دانیشتووانی، دروست بوو.

ئەگەر بە وردی بروانینە دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی دەوڵەتانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و تەنانەت تورکیا و ئێران بە شێوازی جۆراجۆر دیاردەکانی ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی ئاسایش و دیاردەکانی یەکتر قەبوڵنەکردن، و ناکۆکی نێوان گەل و نەتەوە و پێکهاتە هەمەجۆرەکانی ئەم دەوڵەتانە بەدی دەکرێت.

هەندێک پێیان وایە لە ناسەقامگیری هەمەلایەنی ئەم دەوڵەتانە بۆ شوناسی سیستەمی سیاسی ئەم دەوڵەتانە دەگەڕێتەوە، دوور لە دەستنیشانکردنی سروشتی دەوڵەت کە لەم ناوچانەدا بە نائاسایی دروست بووە.

زۆرجار کە شیکردنەوەی سیاسی بۆ گرفتە بەردەوامبووەکانی عێراق دەکرێت وا باس دەکرێت ئەگەر سیستەمی سیاسی لە چوارچێوەی حوکمی پاشایەتی بمایە گرفتەکانی دەوڵەتی عێراق نەدەگەیشتە ئەو ئاست و ڕادەیەی کە لە هەلومەرجی ئێستادا هەیە.  بۆ ئەم مەبەستە بەرواردکردنێکی سادەیی نێوان ئەو دەوڵەتانەی سیستەمی سیاسی پاشایەتییە و ئەوانەی دیکە کە سیستەمی سیاسی کۆمارییە دەکرێت، گوایە دووەمیان قەیرانەکانی فراواترە.

هەڵبەتە بەراوردکردنی جۆری سیستەمی سیاسی تەنانەت ئەگەر لە یەک جۆریش بێت، دوور لە زانینی پێکهاتی کۆمەڵگاکان و پاشخانی سەرهەڵدان و پەرەسندنی شێوازی سیستەمە سیاسییەکان، دووچاری ئەنجامی هەڵە لە هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنمان دەکاتەوە.

بەراوردکردنی سیستەمی پاشایەتی لە عێراق لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی وڵاتێکی دیکە دوور لە چۆنێتی دروستبوون و پاشخانی ئەو سیستەمانە لە شیکردنەوەی زانستی دوورمان دەکاتەوە.

چەوساندنەوەی گەلی کوردستان و زەوتکردنی مافەکانی هێندەی پەیوەندی بە شوناسی دەوڵەتی عێراقەوە هەبووە، پەیوەندی بە جۆری سیستەمی سیاسییەوە نەبووە.

 سیستەمی پاشایەتی لە عێراقدا بنەمایەکی نیشتمانی ڕەسەنی نەبووە، و حکوومەتی بەریتانیا دەوڵەتێکی بە ناوی عێراقەوە دروست کرد لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتە پێشتر لە مێژوو و نەخشەی سیاسی بوونی نەبووە. بە مەبەستی بەرێوەبردنی ئەم دەوڵەتە حکوومەتی بەریتانیا کەسێکی لە وڵاتی حیجازەوە هێنا و بە پادشای ئەم دەوڵەتە دروستکراوە داینا. ئەم ڕەوشە سیاسییە وای کرد کە ئەو پادشایە دوای چەندین ساڵ ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە گەلێک نییە بە ناوی گەلی عێراق و ئەو خەڵکەی کە لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە دروستکراوە کۆکراونەتەوە، سێ پێکهاتەی جیاواز لە یەکترن و  بوونی ئەم دەوڵەتەش پێویستی بە هێز و سوپا هەیە، کە مەبەست لێی سەرکوتکردنی پێکهاتەیەکە بۆ بەرژەوەندیی پێکهاتەی باڵادەست.

لەم روانگەیەوە پەیڕەوکردنی زەبروزەنگ و توندوتیژی ڕەفتاری بەردەوامی سەرجەم سیستەمە سیاسییە جۆراجۆرەکان بووە، و لەم بوارەشدا ناکرێ بەراوردکردنی ئەم بابەتە لە بازنەی قەوارە و ئاستی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییەوە بێت.

لە سەردەمی پاشایەتیدا و دوور لەو بەڵێنانەی بە گەلی کورد درابوو، مافی خوێندن و بەشداری لە دەسەڵات و بەرێوبردنی ناوچە کوردییەکان لە لایەن دانیشتووانی رەسەنی کوردستان پێشێل کرا. بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر ڕژێمی پاشایەتی نەک تەنیا خۆی زەبروزەنگی بەکارهێنا، بەڵکو پەنای بردە بەر حکوومەتی بەریتانیا بۆ سەرکوتکردنی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کوردستان. پاش ئەمەش حکوومەتی عێراق لە ساڵی 1933 گەورەترین قەسابخانەی لە سیمیل دژ بە ئاشورییەکان ئەنجام داو و لە ئاکامدا بە پێی زانیارییەکانی خودی حکوومەتی بەریتانیا زیاتر لە 600 کەس بوون بە قوربانی ئەم تاوانە. بە هەمان شێوە فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا لە 1943 و 1945 سەرکووتی شۆڕشەکانی بارزانی کرد. دواترش چوار ئەفسەری نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری کورد هەر یەک لە ڕائید روکن عیزەت عەبدولعەزیز و ڕائید مستەفا خۆشناو و نەقیب خەیروڵا عەبدولکەریم و مولازم محەمەد مەحموود قودسی لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لە سێدارەدران.

تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق دژ بە گەلی کوردستان پاش گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆرانکاری پۆزەتیفانەی بەسەردا نەهات، بەڵکو پەیتا پەیتا زاڵمانە و وەحشیگەرانەتر دەبوو. تاوانەکانی بۆردومانکردنی گوندەکان و سیاسەتی زەوی سوتێنراو و دواتر ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید، لاپەڕەکانی تاوانەکانی سیستمە حوکمرانە جۆراجۆرەکان بوو.

لە سەرجەم ئەم تابلۆیە دەردەکەوێت کە گرفتی سەرەکی لەم بوارەدا بوونی کێشەی سیستەمی سیاسی و گۆرانکاریکردن تیایدا نییە، بەڵکو بابەتی سەرەکی بوونی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە کە دەوڵەتێکی نامۆیە، و بنەمای بەردەوامبونی نییە، و توانای وەدیهێنانی بەیەکەوەژیانی نێوان گەلان و کۆمەڵگاکانی ئەم دەوڵەت دروستکراوە لە ئارادا نییە.

 

 

  • 1