ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گرێی سلێمانی یەكێك لەو گرێ سیاسیانەیە كە ساڵانێكە دروستبووە و تێكەڵ بەهاوكێشەی سیاسی نێوان تەواوی پێكهاتە سیاسییە كوردەكان بووە و ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو حزبە كوردییەكانەوە هەیە، تەنانەت وای كردووە ئەوانەی كە دانیشتووی سلێمانین و ئەوانەش كە لەشارەكانی دیكەن و خەڵكی سلێمانیین، هەمان گرێی دەروونی شاریان هەبێت، ئەمە سەرەتا لەدوای ساڵی 1996 سەریهەڵدا، بۆیە ئێستا سلێمانی وەك شتێك بووە بەگرێیەك لەبوارەكانی ئیداری و سیاسی، هەروەها بەشێكی تری پەیوەندیی بەوە هەیە كە بووە بەسەنتەرێكی سیاسی لەنێو هاوكێشەی سیاسی هەرێمایەتی، بەڵام هەرگێز بەهۆی نەبوونی یەك گوتاری سیاسی و یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی، ئەو پارێزگایەی كە بەشێكە لەهەرێمی كوردستان و پایتەختی ڕۆشنبیرییە، نەیتوانیوە ئەو پێشبڕكێیە بكات بۆ پێشكەوتنی شارەكە لەگەڵ ئەو هەولێرەی كە لەڕووی سیاسییەوە پایتەختە، بۆیە تائێستاش ئەو گرێیە ماوە كە بەگرێی سلێمانی ناسراوە. 

هەڕەشەی دروستكردنی هەرێمێكی تر لەنێو هەرێمێك كە سلێمانییە و هەمیشە هەواڵە لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، گوایە پەرچەكردارێكی سیاسییانەیە دژ بەو ڕێكکەوتنی پارتی لەگەڵ هەر لایەنێكی دیكە، ئەم كارتە بەرلەوەی پەیوەندیی بە ڕێكکەوتنی سیاسییەوە هەبێت، پەیوەندی بەگرێی سلێمانی بوونەوە هەیە، ئەو گرێیەش بەدەر لە حاڵەتە كۆمەڵایەتییەكە، ڕاستەوخۆ چەند ساڵێكە دروست بووە، چونكە ململانێیەكان هەر جارەی بەلایەكدا دەشكێتەوە و لەڕووی كارگێڕیشەوە پەیوەستە بە كەرەستەكانی پەیوەندی هەرێمی كوردستان بەدنیای دەرەوە، نموونەش فڕۆكەخانە و بوونی كونسڵخانە و بارەگا سەرەكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و پەرلەمان و حكوومەت و وەزارەتەكان و هتد. 

مەسەلەی ئەمنی یەكێكە لە مەسەلە هەرە گرنگەكان كە كورد بەرانبەر بەدۆخی ئەمنی عێراق شانازی پێوە دەكات، كەچی سلێمانی بەهۆی ئەوەی زیاتر لە كوێخایەكی تێدایە بۆ بەڕێوەبردنی خەڵك، ترسی زیاتری ئەمنی دروست كردووە، ئەمەش كارێكی كردووە كە دوو ئەفسەری پلەبەرزی كۆن و نوێ‌ كە پێكەوە سەردەمانێك ئاسایشی هەرێمی سلێمانیان دەپاراست، ئێستا ڕەخنە لەیەكتر بگرن و یەكتر تۆمەتبار بكەن بەوەی كەمتەرخەمی لەشێوەی بەڕێوەبردن هەیە، لەحاڵێكدا هیچ ڕووداوانێك پەیوەندیی بەكەسێتییەوە نییە، بەقەد ئەوەی پەیوەندی بەو هاوكێشە سیاسییەوە هەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گۆڕان دەرەنجامەكەی نادەن بەدەستەوە، ئەمەش كارێكی كردووە كە گرێی چارەسەری كێشەی سلێمانی بەكەس نەكرێتەوە.

یەكێكی تر لەو گرێ سیاسییانەی كە گرووپێكی سیاسی لەسلێمانی دروستیان كردووە، مەسەلەی دوو شێوە پایتەختییە گوایە لاسایكردنەوەی یۆنانە كە گوایە ئەوانیش خاوەنی ئەسینا و سپارتەن، پایتەختێك بۆ سیاسەت و حكوومەت و ئابووری كە هەولێرە، پایتەختێك بۆ ڕۆشنبیری، بۆیە بەهەر حاڵێك بوو سلێمانی بەفەرمانێك كرا بەپایتەختی ڕۆشنبیری، بەڵام ئەم پایتەختە تائێستا وەكو چۆن هەولێر لەسلێمانی ئیعتیباری نییە، ئاوهاش سلێمانی نەیتوانیوە ئیعتیباری ڕۆشنبیری پەیدا بكات، تەنیا ئەوە نەبێت كە لەلای سلێمانی هەولێر بووە بە گرێیەكی دەروونی و بەبێ‌ ئاگاداری كە دژی پێشكەوتنە، گرووپێك هەن شارچێتییان زیندوو كردۆتەوە و هیچی تر. 

  • 1