ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەیوەندی نێوان تیۆری و واقیع لە مارکسیزمدا

(6)

بابەتی پەیوەندی نێوان تیۆری و واقیع یەکێکە لەو بابەتانەی کە مارکسیزم لە بواری هزریدا گرنگی پێداوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی پراکتیکییانەی واقیع لە ئەزموونی گەلان بۆ بنیاتنانی سۆشیالزم، لەوانەش ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە.

بەپێی ماتریالیزمی مێژوویی بوونی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ژیانی مادی و بەرجەستەکراوی مروڤ، و لە چالاکی بەرهەمهێنەرانەی تاکەکان، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، و ئەمەش هۆشمەندی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات کە بریتییە لە ژیانی هزری خەڵک و بیروبۆچوون، کە ئاراستەی چالاکیی کردەیی ڕۆژانەیان دەکات.

ناوەڕۆکی تیۆری مارکسیزم بریتییە لەوەی کە ژیانی ماتریالیزمی کۆمەڵگا ئاستی گەشەپێدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزری دەستنیشان دەکات.

مارکس ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە؛ "خەڵک بە دەستی خۆیان مێژووی خۆیان دروست دەکەن، ئەوان بە گوێرەی ئارەزوی خۆیان دروستی ناکەن، و ئەوان لە هەلومەرجێکدا دروستی ناکەن کە بەدەستی خۆیان هەڵیانبژاردبێت، بەڵکو لە هەلومەرجێکدا کە هاتۆتەکایەوە و ڕاستەوخۆ لە ڕابردووەوە بۆیان گوازراوەتەوە".1

لە بۆچوونەکانی ئینگلز لە کتێبە بەناوبانگەکەی (بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت)، ئەوە دەردەکەوێت کە مەرجی سەرەکی هەر مێژوویەکی مرۆڤایەتی بوونی تاکەکانە، بەڵام سروشتیان پەیوەندی بە مەرجی مادی و بابەتییەوە هەیە کە کار و بەرهەمەکانیان دەستنیشان دەکات.

بە پێی ئەم ئاراستەیە مارکسیزم لە ڕێگای زانینی یاسا گشتییەکانی بزواندنی کۆمەڵگا و هەلومەرجی ڕاستەقینە و بەرجەستەکراوی مێژوویی، و کەڵەکەبوونی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی پێشتر کە واقیعی بابەتی و بەرجەستەکراو دەخولقێنیت، پەیوەندی دیالکتیکییانەی نێوان تیۆری و پراکتیکدا دەستنیشان کردووە، و جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ژیان زۆر لە تیۆری ئاڵۆزترە. بەو مەبەستەی ڕێکخستنی پەرەسەندنە مێژووییەکان و دوورکەوتنەوە لە کەلێن و پاشگەزبوونەوە لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکان و وەرچەرخانەکاندا، گرنگە بابەتی ڕاستەقینە و دیار بەپێی واقیع شوێنی دەستەواژەی داماڵڕاو و بۆچوونی دۆگما و بەستەلۆک بگرێتەوە، و تەنیا لەم حاڵەتەشدا مارکسیزم دەبێتە ئامرازی ڕێپیشاندەر بۆ جوڵە و پراکتیک. لەمەشدا مارکسیزم فێرمان دەکات کە پشت بە ڕاستی بەرجەستەکراو ببەستین، و بەردەوام ڕاستییەکان دەبنە ئاراستەی کاریگەری گۆڕانکارییەکان.

لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە بەردەوام لینین ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە "تیۆری خۆڵەمێشییە، بەڵام داری ژیانی بەردەوام سەوزە". هەمیشە ڕاستییەکان لە بواری پەرەسەندن و ئەگەرەکان و ئاڵۆزییەکانیش لە بیری بەستەڵۆک و داماڵڕاو و گریمانەی تیۆری، زیندووتر بوونە، و هەر بۆیە مەوداییەکی پراکتیکی لە تێکڕای کارە تیرۆرییەکانی لینین بەدیدەکرێت.

بەو مەبەستەی لەگەڵ مارکسیزم وەک ڕێپیشاندەری پرۆسەی شۆڕشگیری مامەڵە بکرێت، دەبێ دوورکەوتنەوەی تەواو لە دۆگمادا ئەنجام بدرێت، و دەستەواژە لە پێشتر ئامادەکراوەکان دووبارە نەکرێتەوە، و بەپێی واقیع کار بۆ داڕشتنی ئەرکە گشتییەکان بکرێت، کە بەردەوام ئەو ئەرکانە لە هەر پرۆسەیەکی مێژووییدا بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە گۆڕانکاریدان.

ئەزموونی گۆڕانکاری شۆڕشگیری لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لە چیندا، و دواتریش ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیزم بە تایبەتمەندی چینی، دووپاتی گرنگی گەڕان بە دوای ڕاستییەکان لە واقیعدا دەکاتەوە، کە ئەمەش کاکڵەی مارکسیزمە. ئەو ئەزموونە دووپاتی کردەوە کە دەستەواژەی تیۆری دوور لە تێگەیشتنی یاساکانی پەرەسەندنی مێژوویی، لەگەڵ کاری شۆڕشگێریدا ناگونجێت. بۆیە گرنگە پەیوەندی دیالکتیکییانە و گرێدانی نێوان تیۆری و پرۆسەکانی پەرەسەندنی ململانێیەکان و ئەرکی شۆڕشگێڕی، دەستنیشان بکرێت، و هەر بابەت و چەمکێکی تیۆری لە سەر بنەمای پێویستی و گرنگی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ئاراستەی کارکردن و تێکۆشان دوور لە تیۆری جۆرێک لە تەمومژیی و کەوتنە هەڵە دروست دەکات، و بەهەمان شێوە توێژینەوەی تیۆری بە دابڕینی لە تێکۆشان مانای داماڵین و جیاکردنەوەی چەمکە تیۆرییەکانە لە بواری ڕاستەقینەی خۆی واتە جوڵە و پراکتیک.

لە ڕوانگەی تێڕوانینی ماتریالیزمی مێژوویی سەبارەت بە چەمکی پێویستی و ڕاستییە بابەتییەکان، ماو تسی تۆنگ لە وتارێکدا بە ناونیشانی (مایەپووچبوونی چەمکی نموونەیی مێژوو) کە لە ساڵی 1949 نووسیوێتی و تیایدا وەڵامی ئەتشۆن وەزیری دەرەوی ئەمریکا دەداتەوە، دەڵێت:

"کاتێک مارکسیزم لینینزم هاتە نێو چین و توانی ئەم ڕۆڵە گەورەیە ببینێت، ئەوا هەلومەرجی چین وەک پێداویستییەک ئەمەی دەخوازی، و ئەمەش بەند بوو بە حاڵی بوونی گەلی چین لە پرۆسەی شۆڕشگێڕی. هەر ئایدلۆژییەک ـ تەنانەت باشترین ئایدیۆلۆژی بێت و تەنانەت خودی مارکسیزم ـ هیچ کاریگەری نابێت ئەگەر پشت بە ڕاستییە بابەتییەکان نەبەستێت، و ئەگەر وەڵامی بۆ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پێ نەبێت، و ئەگەر جەماوەر لێی حاڵی نەبێت. بۆیە ئێمە لایەنگری ماتریالیزمی مێژوویین."2

ئەمینداری گشتی ئێستای حزبی شیوعی چین جەخت لە سەر گرنگی ڕاستییە بابەتییەکان دەکاتەوە و ئاماژە بۆ بۆچونی دنگ شیاو بینگ دەکات کە لە سەرەتای پرۆسەی چاکسازی و کرانەوە لە ساڵی 1978دا باسی کردبوو و دەڵێت کە دەبێ ڕاستییەکان لە واقیعەوە وەرگرین کە ئەمە کاکڵەی مارکسیزمە. بە هەمان شێوە ئاماژە بۆ وتەیەکی دنگ شیاو بینگ لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ چواردەیەمین کۆنگرەی حزب، دەکات کە دەڵێت؛ "زۆر بابەت لە پرۆسەی چاکسازی و کرانەوە هەن کە جەماوەر بەپێی کاری کردەیی خستوویانەتە ڕوو.. مەسەلەی باش و چاک تەنیا لە عەقڵ و هزری یەک کەسەوە دروست نابێت، و گرنگە پشت بە دانایی جەماوەر و دانایی لەسەر بنەمای کاری بە کۆمەڵ ببەستین.3

بەم جۆرە حزبی شیوعی چین توانی بە شێوازێکی دیالکتیکییانە، تیۆری و پرۆسەی کردەیی کاری شۆڕشگێڕی بە یەکتر گرێبدات، و پرۆسەی شۆڕشگێڕی بە پشتبەستن بە تیۆرەوە لێکبدرێتەوە و تیۆریش بە پرۆسەی شۆڕشگێڕی کارا بکرێت، و بەم جۆرە بەردەوام چەمک و هزر بە گوێرەی پەرەسەندیی ڕاستەقینەی مێژوویی نوێ دەبێتەوە.

سەرکەوتن لە کاروباری حزبی پەیوەندی بە سەرکەوتن لە داڕشتنی سیاسەت و بەرنامە و ڕێوشوێنی گونجاوە کە لەگەڵ واقیعدا بگونجێت. هەڵبەت بێ بەرنامەیەکی واقیعی، حزب ناتوانی بەردەوامی خۆی وەک پێکهاتە و بوونێکی سیاسی لەسەر ئەو ڕێڕەوەی کە بۆ خۆی دایناوە، بەردەوام بێت، و ناتوانێ وەڵامی گونجاو، و چارەسەری واقیعی بۆ گرفت و پرسیارە ئاڵۆزەکانی ژیانی کۆمەڵگا، دابنێت. 

ڕێگای لەبار بۆ سەلماندنی ڕاستبوونی نەخشە و پلانی ستراتیجی لە هەر وڵاتێکدا ئەوەیە لە پراکتیکدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، و گرنگە ئەو نەخشە و پلانانە پشت بە میتۆدی زانستی و عەقڵانی لەسەر بنەمای حاڵیبوون لە یاساکانی پەرەسەندنی مێژوو و هەلومەرجی دیارکراوی ئەو وڵاتە بێت.

لە وتارێکدا کە شی جین بینگ لە کۆڕی یادی ١١٠ ساڵەی لە دایکبوونی دنگ شیاو بنگ، پێشکەشی کرد، ئاماژە بۆ توانای ئەو کەسایەتییە دەکات، و دەڵێت کە ئەو کەسە توانای هەبوو شێلگیڕانە و بەباشی ماتریالیزمی مێژوویی بۆ چاودێریکردنی جیهان بەکار بهێنێت، و بەپێی یاسا بابەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ گرفتەکان دەکرد و هانی کاری کردەیی و کارایی دەدا.4

کاتێک دنگ شیاو بینگ باسی گۆڕانکارییەکانی جیهان دەکات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جیهان ڕۆژانە گۆڕانکاری بە خۆوە دەبینێت، بە تایبەتی لە بواری زانست و تەکنەلۆجیای نوێ کە لە سەردەمی ئێستا زۆر بە خێرایی پێشدەکەوێت. تەنیا یەک ساڵی ئێستا بەرانبەر دەیان ساڵ بگرە سەدان ساڵ و زیاترە لە سەردەمەکانی پێشووتر.

دنگ شیاو ینگ لە بۆنەیەکی دیکەدا دەڵێت: "ئەگەر ئێمە میراتگری ڕاستەقینەی مارکسیزم نەبین و بەهزر و بیروڕای نوێ پەرەی پێنەدەین، ئەوا مارکسیستی ڕاستەقینە نین".5

ڕاپۆرتی نۆزدەیەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین لۆجیکی میژوویی و تیۆری و پراکتیکی لە پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسییدا بەیەکتر گرێدەدات، و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "ڕێگای گەشەسەندنی سیاسی سۆشیالیزم بە تایبەتمەندی چینی ئاکامێکی حەتمییە و لەگەڵ لۆجیکی مێژوویی و لۆجیکی تیۆری و لۆجیکی پراکتیکی تێکۆشانی درێژخایەنی گەلی چین لە سەردەمی هاوچەرخدا دەگونجێت، و داواکارییەکی پێویستی سروشتی حزب و ئامانجی سیاسییە... ناکرێ بە شێوازی داماڵین و دوور لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاریکراو و نەریتی مێژوویی و تایبەتمەندی کەلتووری، هەڵسەنگاندن بۆ سیستەمی سیاسی و گرنگی بوونی بکەین...ناکرێ ئەم سیستمە لە یەک چوارچێوە بهێڵدرێتەوە، و بەهەمان شێوە ناکرێ بە جۆرێکی میکانیکی لاسایی سیستەمی سیاسی بیانی بێ جیاوازی بارودۆخەکە بکرێت".6

شایانی باسە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیزم بە تایبەتمەندی چینی ئەزموونێکە پەیوەندی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانیەوە هەیە، و ئەمەش لە ڕێگای خستنە ڕووی ئەلتەرناتیفی سۆشیالستی لە بواری ئابووری و سیاسەت و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و جەختکردنەوە لە سەر یاساکانی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە ئەزموونی قووڵ و بەهای پرۆسەکانی گۆڕانکاری و سەرکەوتن بە شێوەیەکی کردەیی تیایاندا، و دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ڕاستییەکان هەردەم لە جوڵە و گۆڕانکاریدان. هەر وەکو ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین دەڵێت؛ "بابەتەکان بە کارکردن بۆ ئەنجامدانی سەرکەوتنی تیایدا بەدەست دەهێنین، و ڕێگاکان بە هاتووچۆکردن تیایدا خۆش دەبێت، و دۆزینەوە بە بەردەوام بوون لە پراکتیکدا ئەنجام دەدرێت. لە کاتی بەردەباز بۆ پەڕینەوەی ڕووبار دەبێ هەست بە بەردەکانی ژێر پێمان بکەین. یاسا و زانستی ڕاستەقینە لە ڕێگای پراکتیکەوە وەدەست دێت.7

1کارل مارکس هەژدەی برومیر "لویس پونابرت" ل6

2 ماو تسی تۆنگ، مایەپووچبوونی چەمکی نموونەیی مێژوو 16 سبتمبر 1949 بەشی چوارەم ل 583

3شی جین بینغ حول الحکم والادارە بەشی دووەم ل5.

4هەمان سەرچاوە ل 7

5 بەشی دووەم لە نوسینەکانی دنگ شیاو بینگ چاپی 1993

6ڕاپۆرتی نۆزدەیەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ل 40

7 شی جین بینغ حول الحکم والادارە بەشی یەکەم ل 76

 

  • 1