ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ماوەی 28، 29 و ی30 نیسان لە شاری کۆیەدا هەردوو زانکۆی کۆیە و زانکۆی بەغدا دیدارێکی زانستی هاوبەشیان لەژێر ناونیشانی ڕۆشنبیر و دۆزی بەیەکەوەژیان لە یادی هەردوو بیرمەندی کۆچکردوو هادی ئەعەلەوی و فالح عەبدولجەبار ساز کرد. دوای وتاری بەڕێزان وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی بەغدا و سەرۆکی زانکۆی کۆیە و لێژنەی ئامادەکاری، دانیشتنی یەکەم بە ناونیشانی: (دیالۆگی عەرەبی کوردی دوای ڕیفراندۆم)، بوو، کە تیایدا بەڕێزان عەدنان موفتی و د. محەمەد ئیحسان، و د. عەلی ئەلئەدیب، و ڕائد فەهمی تیایدا بەشدار بوون، و دانیشتنەکە لەلایەن د. سەربەست نەبی بەرێوەبردرا، و ئەو بەڕێزانەش کە میوانی دیدارەکە بوون وەک کەسایەتی سیاسی دەڕبڕی هەڵوێست و بۆچوونی لایەنی سیاسی بوون.

لەم دیدارەدا کۆمەڵێک بابەتی گرێی لە ئاخافتنی بەشداربووان بەدی دەکرێت، کە هەر یەک لەو بابەتانە دوور لەوەی کە کێ و بە چ ئاستێک باسی کردووە، شایانی وردبوونەوە و ئاخافتنی زیاترە.

ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەیە بۆ لێکدانەوەی بەشێک لەو بۆچوونانە:

1ـ کاتێک بەشداربوویەکی کوردستانی لەو جۆرە پانێڵانەدا باس لە ڕیفراندۆم دەکات پێویست ناکات پاساو بێنێتەوە وەک بڵێی بڕیاری ڕیفراندۆم کاردانەوەیەک بوو سەبارەت بە ڕەفتار و کردەوەکانی ڕژێم و نەناردنی بودجە و ... هتد.  هەروەها ناکرێ باس لە بڕیاری ڕیفراندۆم وەک بڕیارێکی "سیاسی عاتیفی"یانە، بکرێت. بڕیارێک کە 92%ی خەڵکی کوردستانی باشوور لەگەڵی بوون. بڕیارێک کە بوو بە بڕیاری نیشتمانی گەل و هیچ لایەنێکی سیاسی و حکومی کوردستان جورئەتی هەڵوەشاندنەوەی ناکات. بڕیارێک کە یەکێکە لە ڕێگاکانی تێکۆشانی گەلەکەمان لە پێناوی بڕیاردانی مافی چارەنووس، ناکرێ شەرمنانە داکۆکی لێ بکرێت. جگە لەمەش ناکرێ لایەنی کوردستانی پشت بە ڕاوبۆچوونی موحافیزکارانەی یاساییانە سەبارەت بە مانەوەی مافی گەلان بۆ دەستنیشانی چارەسەری خۆی ببەستێت، و پاساوی کۆتاییهاتنی ئەو پرەنسیپە کە لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بهێنێتەوە، کە گوایە پرەنسیپی مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆی تەنیا بە بڕیاری پاکتاوکردنی کۆلۆنیالیزمەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا چەندین گەل دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی پاکتاوکردنی کۆلۆنیالیزم، سەربەخۆیی خۆیان بە پشتبەستن بە مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆیان ئەنجام دا و تا ئێستایش بیرۆکەی ڕیفراندۆم بۆ بڕیاردانی چارەنووس کۆتای نەهاتووە.  

2ـ هەر لایەنێکی سیاسی عێراقی کە باوەڕی بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان بێت ناکرێ بە پیرۆزی تەماشای سنورێک بکات کە لە ئەنجامی سازش و بەرژەوەندییەکانی وڵاتە کۆڵۆنیالیزمەکانی دوای یەکەمین شەڕی جیهان دروست بووە، و ئیرادەی گەلێکی ڕەسەنی تێدا نییە. پێویستە ئەو لایەنە ڕێز لە ئیرادە و بڕیاری ئەو گەلە بگرێت، نەک ساردکردنەوەی لە دەستنیشانکردنی بڕیاری مافی چارەنووسی خۆی، و پێی بڵێت کە فیدرالیزم مانای دەستنیشانکردنی چارەنووسە و ئەم بۆچوونە بخاتە قاڵبێکی مارکسیستەوە. ئەمە لەکاتێکدا چەندین وڵات پەیوەندییەکەیان لە فیدراڵیزم زیاترە و کەچی داوای ڕیفراندۆم لەسەر دواڕۆژی وڵاتەکەیان دەکەن. بە پێی واقیعی بەرجەستەکراو کە بنەمای ڕاستییەکانە، لە ژیانی سیاسی عێراقدا فیدرالیزم بە تونێلێکی داخراودا ڕۆیشتوە و ڕێگاچارەی قەیرانی دەوڵەتی عێراق نییە.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێ پاساوی پشتگیری نەکردنی ڕیفراندۆم لە لایەن هێزێکی نیشتمانی و چەپەوە،  ئەوە بێت کە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ قایل نین، لە کاتێکدا ئەو بڕیارە نیشتمانی بووە و لە ژێر کارتێکردنی هیچ هێزێکی بیانی نەبووە.

3ـ لە بۆچوونەکانی بەشێک لە بەشداربووان کە بەتەواوی نوێنەری نەتەوەی باڵادەست بوون، کە باسی مادەی 140 دەکرا، بەشێک باس لە بەرپرسیاری حکوومەتی ناوەند ناکات و بەشێکیش کەرکووکی لەو مادەیە جیادەکردەوە و پێی وابوو کە دەستوری عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکا داڕێژڕا، بۆیە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری ئەم دەستورە بکاتەوە. بەڵام لێرەدا باس لە چ هەموارکردنێک کرا؟

هەموارکردنێک کە بوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە پێویست نازانێت، گوایە داهاتی ئەو ئەنجوومەنانە بۆ گەشەپێدان تەرخان ناکرێت، و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان شەقامی بەردەم ماڵی خۆیان قیڕتاو دەکەن!

ئەم بۆچوونە لۆجیکێکی سادە و پۆپۆلیستییە کە مەبەست لێی نەهێشتنی دیاردەکانی لامەرکەزی ئیداری پارێزگاکانە و بیانوو هێنانەوەیە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ڕەها، و هەر لەم دیدەوە کۆسپ لەبەردەم بوونی بەسڕە بە هەرێم دادەنرێت لە کاتێکدا هەموو ڕێکارە یاساییەکان ئامادەکراوە.

4ـ لە بەشێکی تەواوی گفتوگۆکان پەیوەندی نێوان دەستوری ئێستای عێراق و چەمکی بەیەکەوەژیان ون بوو، و رەچاوی ئەوە نەکرا کە دەیان مادەی ئەم دەستورە دوای نزیکەی پانزە ساڵ لە بڕیاردانی جێبەجێنەکراوە، و ئەمەش بە هۆی باوەڕنەبوون لە لایەن حکوومەتەکانی ناوەندەوە بە سەرجەم گۆڕانکارییەکان تیایدا، بەو مادانە یان لێکدانەوە بۆیان بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست. ئا لەم حاڵەتەدا ئەم دەستورە چەمکی بەیەکەوەژیان مسۆگەر ناکات. بەڵام نابێ لە یادمان بچێت کە دەستور پەیوەندی بە بوونی دەوڵەتەوە هەیە، هەر بۆیە قەیرانی عێراق کێشەی دەستور نییە، بەڵکو قەیرانی دەوڵەتە هەر لەو کاتەوەی کە لەلایەن بەریتانیا دروست بوو، و گرفتی شوناسی هەبووە و ئێستاش ئەو گرفتەی هەیە کە یەکەمین پادشای عێراق فەیسەلی یەکەم باس دەکات کە گەلێک نییە بە ناوی گەلی عێراق. هەر بۆیە بێ هیچ جوانکارییەک عێراق دەوڵەتی فاشیلە، و ناکرێ ئەمەش بخرێتە خانەی تیۆری موئامەرە کە گوایە زلهێزەکان دەیانەوێ عێراق دابەش بکەن، لە کاتێکدا ئەو زلهێزانە نەک دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون بەڵکو دژی پرۆسەیەکی دیموکراسی بوون کە ناوی ڕیفراندۆمە.

 

  • 1