ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: جەلال دەباغ

زۆرن ئەو هاوڕێیانەی،لە ژنان و لە پیاوان، لەرێزەکانی حزبی شیوعیدا کەئازایەتیو دڵسۆزی و جوامێرییان لە خەباتدا پێشانداوەوپاشان یان لەپێناوی ئامانجەکانی چینی کارگەران و گەلدا، بەدەستی رێژیمە دیکتاتۆرەکان و دۆژمنانی چینایەتی شەهیدکراون، یان دوور لە روناکی ماوەی ژیانیان بەسەربردووەو کۆچی دواییانکردووە، بەڵام ئەو میژووەیان لەیادگاری جەماوەرو هاوڕێیانداو لەلاپەڕەی مێژوی حزبەکەیاندا تۆمارکراوە.

یەکێک لەوهاوڕێیانە (سەعیدی مەلائەحمەد)ە کەساڵی ١٩٢٨لە شاری مەڵبەندی شاعیران و تێکۆشەران لەکۆیە لەدایکبووەو لەسەرەتای لاوییەوە بۆتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق وپاشان کادرێکی پێشکەوتووی حزبەکەمان، پێدەچێ لەساڵی ١٩٤٥داو لە تەمەنی ١٧ساڵیدا، بووبێتە ئەندامی حیزب، چونکە هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە بیرەوەرییەکانیدا(ڕێڕەوی تێکۆشان) دەڵێ: "..مانگی نۆی ساڵی ١٩٤٦گەیشتمە کۆیەو پێش هەرچی کەوتمە ناسینی هاوڕێیان".کە سەعیدی مەلا ئەحمەد یەکێکبووە لەو هاوڕێیانەی بۆ بەخێرهاتنیچوونەتەلای(١).

لەسەردەمی پاشایەتیداو پاشان لەدوای روخاندنی ئەو رێژیمەو دامەزراندنی کۆماری عێراق لەئەنجامی شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨دا، لەسەر خەبات درێژەیداوە.لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشەکەداکەلە کێوەڕەش خۆی شاردبۆوە، هاتۆتەوە ناوشارو لەسەر خەبات بۆ پشتگییی شۆڕشەکەی ١٤ی تەمووز بەردەوامبووە.

لە ساڵی ١٩٥٩ بەدواوە ناوی ئەو تێکۆشەرە ئازایەم دەبیست، بەتایبەتی لە زمانی هاورێیانی هێژام کەریم ئەحمەد پیرداودو ئەحمەد بانیخێڵانی و شەهیدی نەمر ئەحمەد مەحمود حەلاق و ئەحمەد غەفورو هاوڕێیانی دیکەوە، کەهەرلەوساڵانەدا بووەبەرپرسی رێکخراوی حزبلەقەزای رانیەو،کەبوومەئەندامی لیژنەی رێنوینی جوتیارانی سلێمانی(لجنة التوجیە الفلاحي- لتفس) وەک تێکۆشەرێکی چالاکی ناوجوتیاران لەنزیکەوە ناسیم، دواتر کە پێکەوە ئەندامی کۆمیتەی ناوخۆیی"محلی"سلێمانی بووین باشترم ناسی.

هاوڕێ سەعیدی مەلا ئەحمەد لە هەموو ناوچەکانی رانیەو قەڵادزێ و کۆیەدا وەک شیوعییەکی ئازای چاونەترس ناوبانگی دەرکردبوو، لەگەڵناوبانگی هاوڕێیانی دیکەی وەک مەحمودی حاجی حەمەڕەش لە قەڵادزێ و محەمەدی وەستا قادر و مەحمودی قادر فەرەج لە رانیە...تاد.

هاوڕێ سەعیدی مەلا ئەحمەد چالاکییەکی زۆری هەبوو بۆفراوانکردنی رێکخراوەکانی حزبەکەمان، بەتایبەتی لە ناوجوتیارانداوبۆپتەوکردنی کۆمەڵەکانیان و وریاکردنەوەوهۆشمەندییان لەدژی سیستەمی کۆنەپەرستی درەبەگایەتی و لەدژی بیروباوەڕی خێڵەکی "عەشایەری" و، بۆ جێبەجێکردنی قانونی چارکردنی کشتوکاڵ"ئیسڵاحی زراعی" و بۆ پتەکردنی کۆماری ساوای عێڕاق.

دیتەوە یادم کە یەکدوو کۆبوونەوەی لیژنەی ناوخۆی سلێمانی لەگەڵمان بوو، رؤڵێکی چالاکی لە کۆبوونەوەکاندا هەبوو، ئیتر دیارنەماو گوترا هاوڕێ گواستراوەتەوە بۆکۆیەو شوێنیتر.!.

لەراستیدا لەوماوەیەدا کەهاوڕێ سەعیدی مەلا ئەحمەد لە قەزای رانیەدا کاری حزبی دەکرد، بەباشی لەیادمە وەک رۆڵەیەکی ئازاو دڵسۆزو قوربانیدەر ناوی دەبراو، بۆ ئێمەی لەو گەنجتر بووبووە نموەیەکی دڵسۆزی و ئازایەتیو کەناوی دەبرا شانازیمان پێوەدەکرد.

دوای کودەتا شوومەکەی ٨ی ڕەشەمەی ١٩٦٣ وەک دەیان هەزار لە رۆڵەکانی گەل کەوتنە بەرداپڵۆسینی "حەرەس قەومی" بەعسی فاشیست، بەڵام وەک هەزاران هاوڕێ خۆی نەدایەدەست فاشیستەکان و لەگەڵ هاوڕێیاندا گەیشبووە (ئاوەگرد) ی سەرچیای سەفین. لەگەڵ لێبوردنی گشتیی ١٩٦٤دا گەڕایەوەو دوای ساڵی ١٩٦٥دەچێتەهەولێروبەکاری بازرگانی و پاشان بە کاروکاسپیترەوە سەرقاڵدەبێت.

هەزاران سڵاو لەیادی سەعیدی مەلا ئەحمەدی نەمرو هاوڕێ دێرینەکانمان!

پرشنگدارو گەشەداربێت ئەو حزب و رێبازەی کارگەران و جوتیاران کە ئەوان و هەزاران رۆڵەی ئەم گەل و نیشتیمانە قوربانیی گرانبەهایان لە پێناودا بەختکرد.!

---------------

(١) بڕوانە(رێڕەوی تێکۆشان) ن. کەریم ئەحمەد. و.جەلال دەباغ.

  • 1