ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە

گرنگی دیسپلینی یەکلاکەرەوە لە بەڕێوەبردنی حزبدا

(7)

بابەتی ڕێکخستن بەکێک بووە لەو بابەتانەی کە بەردەوام هزری مارکسی گرنگییەکی تایبەتی پێداوە، و هەردەم لە ڕوانگەیەکی هزرییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە، و لە هزر و سیاسەت داینەبڕیوە.

لینین لە سەرجەم بابەتەکانی سەبارەت بە کاری ڕێکخستن بە تایبەتی لە شاکارەکەی لە بواری ڕێکخستندا "چی بکەین" و دواتریش لە "نامەیەک بۆ هاوڕێیەک سەبارەت بە ئەرکی ڕێکخراوەییمان" باس لە پێشخستنی بابەتی ڕێکخستن لە کاری شۆڕشگێڕییدا دەکات، و ئاماژە بۆ بنەما سەرەکییەکانی ناوەندیی دیموکراسی و گرنگی ڕێکخستنی چینی کرێکار و پرۆلیتاریا لە حزبێکی شۆڕشگێڕ دەکات، و پێی وایە دەبێ ماشێنێکی حزبی ڕاستەقینە دروست بکرێت.

 لینین لە دووەمین کۆنگرەی حزبی کاری سوشیال دیموکراتی ڕووسیا لە ساڵی 1903دا دەڵێت: "ڕێکخستنێک لە کەسانی شۆڕشگێڕمان پێشکەش بکەن، ڕووسیا سەرەوژێر دەکەین".

ئەگەر ڕەچاوی کاروانی تێکۆشانی حزبی شیوعی چین بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە حزبی شیوعی چین لە سەرجەم قۆناغەکانی پەرەسەندنیدا بایەخێکی زۆری بە بابەتی ڕێکخستن و دیسپلینی حزبی داوە. ماو تسی تۆنگ  لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (شێوازی کاری کۆمیتە حزبییەکان) کە لە ئاداری 1949دا بڵاوکراوەتەوە چەمکی دیسپلینی حزبی بە چەند خاڵێکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە: ڕۆڵی بەرپرسی کۆمیتەی حزبی کە تەنیا ئاراستەکردنی سیاسەت و ڕێڕەوی گشتی ناگرێتەوە، بەڵکو شێوازی کارکردنیش دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە خاڵێکی دیکە وەک خستنە ڕووی بابەتەکان بۆ توێژینەوە، و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، و پرسیارکردن لە بەرپرسان، و بەکارهێنانی "دە پەنجە لە ژەنینی پیانۆ"  بەو مانایەی کە سەرجەم تواناکان بەکار بهێنرێت، و ئەرکەکان بە شێلگێڕی ئەنجام بدرێت، و بایەخ بە ئامار و ژمارە بدرێت، و متمانەی خەڵک مسۆگەر بکرێت و یەکبوون و کاری بە کۆمەڵ  لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە کە بیروبۆچوون و ڕای جیاوازیان هەیە، ئەنجام بدرێت، و کارەکان دوور لە خۆبایی ئەنجام  بدرێت.1

لە وتارێکی دیکەدا بە ناونیشانی (دژ بە قاڵبی ئامادەکراو)، ماو تسی تۆنگ ئاماژە بە مەترسی خولیای زاتیبوون و گۆشەگیری و خۆبەستنەوە بە قالبی ئامادەکراو دەکات، و تێکڕای ئەم بابەتانە بە ناکۆکی بوون لەگەڵ مارکسیزم دەستنیشان دەکات.2

لە بوارێکی دیکەدا ماو تسی تۆنگ لە وتارێکدا بە ناونیشانی (ڕۆڵی حزبی شیوعی چین لە جەنگی نیشتمانیدا)، جەخت لە سەر سیستەمی حزبی دەکاتەوە کە خۆی لە: 1 ملکەچبوونی تاکەکان بە ڕێکخراوەکە، 2 ملکەچبوونی کەمایەتی بە زۆربە، 3 ملکەچبوونی دەستەکانی خوارەوە بە بڕیاری دەستەکانی سەرەوە، 4 ملکەچبوونی سەرجەم حزب بە کۆمیتەی ناوەندییەوە. و بەم پێیەش هەر کەسێک ئەم سیستەمە تێکبدات ئەوا تێکدەرە بۆ یەکێتیی حزب.3

پەیڕەوی ناوخۆیی بریاردراوی حزبی شیوعی چین لە نۆزدەهەمین گۆنگرەیدا ئاماژە بۆ چوار پرەنسیپی گشتگیر و گرێدراو بە یەکتر دەکات و بە دەستەواژەی "چوار گشتگیرەکە" ناوی دەبات کە بریتییە لە: (ئەنجامدانی بنیاتی کۆمەڵگای ژیانی خۆشگوزەران بە گشتگیری، قوڵکردنەوەی چاکسازی بە ئاستێکی گشتگیر،  پاڵپێوەنانی حوکمی دەوڵەت بەپێی یاسا بە ئاستێکی گشتگیر، بەڕێوەبردنی حزب بە دیسپلینی توند و یەکلاکەرەوە بە ئاستێکی گشتگیر).4

 هەڵبەتە بوونی ئەم پرەنسیپانە لە کاری حزبی و بەرێوەبردنیدا پشت بە بنەمایەکی سەرەکی دەبەستێت، کە بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر سەرکردایەتی حزبی شیوعی وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە، کە ئەمەش پێویستی بە پەروەردەکردنی ئەندامانی حزب بە نەریت و بەها دوورخایەنەکانی کۆمۆنستی هەیە.

پەیڕەوەی ناوخۆی حزب بابەتی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە بە بابەتی بەڕێوەبردنی حزب بە دیسپلینی توند و یەکلاکەرەوە بە شێوەیکی گشتی دەبەستێتەوە، و بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستی دەزانێت کار بۆ پێنج داواکاری بکرێت کە بریتیین لە: پابەندبوون بە هێڵی سەرەکی حزب، و یەکبوونی هزر و کاری حزبی، ئەنجامدانی پرەنسیپی ئازادی ئەقڵ و گەڕان بە دوای ڕاستی لە واقیع و  پیادەکردن لەگەڵ سەردەمدا، پایەندبوون بە خزمەتکردنی گەل بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە، و پایەندیوون بە ناوەندیی دیموکراسی، پابەندبوون بە بەڕێوەبردنی یەکلاکەرانەوەی حزب لە بەڕێوەبردنی سەرجەم کارەکانی و کاروباری ئەندامەکانی.5

لە مادەی سێ لە پەیڕەوی ناوخۆی حزب کە پەیوەندی بە ئەرکەکانی ئەندامی حزبەوە هەیە ئاماژە کراوە کە دەپێ ئەندامی حزب بە هۆشمەندییەوە بە دیسپلینی حزبییەوە پابەند بێت کە بریتییە لە دیسپلینی سیاسی و پرەنسیپە سیاسییەکانی حزب، و پەیڕەوکردنی یاساکانی دەوڵەت بە جۆرێکی نموونەیی، و بەتوندی نهێنییەکانی حزب و دەوڵەت بپارێزێت، و بریارەکانی حزب جێبەجێ بکات، و ملکەچی ڕیزبەندی کاری حزبی بێت، و دوور لە دووڕوویی و قسەهێنان و بردن بە هەموو شێوازەکانییەوە، بێت. 6

هەر لەم بوارەشدا پەیڕەوی ناوخۆ داوای لە ئەندامانی حزب وەک ئەرک، کردووە کە ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتن پەیڕەو بکەن، و بەجۆرئەتەوە ڕووبەڕووی ئەو کار و قسە و کردەوانە بن کە دژ بە پرەنسیپەکانی حزبە، و ڕاستی و کەموکوڕییەکان بخەنە ڕوو و دژ بە دیاردەکانی کەمتەرخەمی و گەندەڵی بن.

لە خاڵێکی دیکەی مادەی سێ لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا جەخت لە سەر هاوکاریکردنی حزبی و پاراستنی یەکێتیی حزب و دژایەتیکردنی کەرتخوازی و چالاکی دەستەبەندی لە نێو حزبدا، کراوە. 

ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ لە وتارێکدا کە لە خولی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی لە کۆنگرەی هەژدەمینی حزب ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دیسپلینی سیاسی ئیلتزامیکی پۆڵاینە کە دەبێ لە تەواوی حزبدا بپارێزرێت، و سەرجەم بواری ئاراستەی سیاسی و هەڵوێستی سیاسی و ڕای سیاسی بگرێتەوە... دەبێ سەرجەم ئەندامانی حزب ئیلتزام بە دەستوری حزب و دیسپلینی حزبی و یاساکانی دەوڵەت بکەن.

شی جین بینگ ئاماژە بۆ دوو جۆر لە دیسپلینی حزبی دەکات. یەکێکیان ئەو دیسپلینەیە کە لە دەستوری حزب و ڕێنماییەکان نووسراوەتەوە، و دیسپلینی دیکە کە نەنووسراوەتەوە و دەبێ بە جۆرێکی خودی ئەندامی حزب پەیڕەوی بکات، و لە هەموو کاتێکیشدا دەبێ دیسپلینی پۆڵایی پەیڕەو بکرێت.... بە هیچ جۆریک بوار بە کەرتخوازی و کۆکردنەوەی دەستەبەندی بە مەبەستی بەرژەوەندی کەسی لە نێو حزبدا نادرێت.

لە بوارێکی دیکەدا شی جین بینگ باسی ئەو کادیرە حزبییانە دەکات کە خەریکی قسەهێنان و قسەبردن و پڕوپاگەندەی ناڕەوان بە مەبەستی دروستکردنی گێرەشێوێنی لە نێو حزبدا. ئەو جۆرە ڕەفتار و کردەوانە بە پێشێلکردنی دیسپلنی حزبی دادەنێت.

بە هەمان شێوە ئاماژە بە ڕەفتاری گاڵتەپێکردن بە بریاری حزبی، و نهێنی درکاندن و باسی هەواڵی نافەرمی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی خراپ لە تۆڕی ئەنتەرنێت و خستنە ڕووی تیبینی لاواز و نادروست لە سەر پرەنسیپ و سیاسەتەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزب، و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناوخۆیی و نهێنییەکانی حزب و توێژینەوە ناوخۆییەکان، دەکات و تێکڕای ئەم ڕەفتار و کردەوانە بە پێشێلکردنی دیسپلینی حزبی دادەنێت.

دیسپلینی حزبی بە ڕای ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین بە پلەی یەکەم لە کاری حزبی دادەنێت و ئاماژە بە پێنچ خاڵی گرنگ لە بواری دیسپلینی حزبی و پرەنسیپی سیاسی دەکات کە بەم جۆرەیە:

یەکەم؛ پاراستنی ڕاستگۆیی کۆمیتەی ناوەندی حزب و ڕەهابوون لە ماوە نەدان بە لادان، بە جۆرێک سەرجەم هاوڕێیانی حزب، بەتایبەتی کادیری سەرکردەی حزب بەیەک ڕیز لە بواری سیاسی و هزری و کردەیی لە ڕیزی کۆمیتەی ناوەندی حزبدا بن.

دووەم؛ دەبێ یەکێتی حزب بپارێزرێت و بەشێوەیەکی ڕەها دژ بە کەرتخوازی بین.

سێیەم؛ دەبێ پشت بە کار و بریاری ڕێکخراوەیی دوای ڕاوێژکردن ببەسترێت، و بڕیاری و پرسارکردن لە دەسەڵاتە حزبییەکان نەبەزێنرێت.

چوارەم؛ پێویستە ملکەچی بۆ بریاری ڕێکخراوە حزبییەکان ئەنجام بدرێت، و هیچ چالاکییەک بێ ڕەزامەندی ڕێکخراوی حزبییەوە نەکرێت، و ناکرێ درۆ و فێڵ لەگەڵ ڕێکخراوی حزبی ئەنجام بدرێت.

پێنجەم: دەبێ بە وریایی و یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ کەسوکار و ئەو فەرمانبەرانە کە کاریان لەگەڵ دەکرێ ئەنجام بدرێت و بوار بە دەسەڵاتی ڕەها و ماوە بە دەستێوەردانی ئەو جۆرە ناوەندە لە کاروباری سیاسەت بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی نەدرێت.7

لە تێکرای ئەزموونی بینیاتنانی سۆشیالستی لە چین و لە وڵاتەکانی دیکەدا دەردەکەوێت کە بنیاتنانی سۆشیالستی بەندە بە بوونی حزبی مارکسی و ئەو حزبەش ناتوانێ بیر لە سۆشیالستی یان لە هەر پرۆسەیەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکاتەوە بەبێ دیسپلینێکی پۆڵاینی هۆشمەندانە.

 

سەرچاوەکان

1  ماوتسی تونغ، کارە گشتییەکان ل 481 کتێبی چوارەم .

2 هەمان سەرچاوە ل67  کتێبی سێیەم.

3 هەمان سەرچاوە ل 283 کتێبی دووەم.

4 دەستوری حزبی شیوعی چین  بریاردراو لە نۆزدەمین کۆنگرەی حزب،

5 هەمان سەرچاوە.

6 هەمان سەرچاوە.

7 شی جین بینغ  حول الحکم والادارە   ل 165،  166، 168

  • 1