ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کاتیەتی مێژووی چەواشەکاری رێگری لێبکرێ دانەیەك لە شاکارە ناوازەکەی رەوانشادمامۆستای کوردایەتی و خەباتگێڕی ناسراوی گەلەکەمان و سیمبولی بزاڤی رزگاری ( زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی ) بەناوی ( بیرەوریەکانم ) بە دەستی مامۆستا ( مەغدید حاجی ) بە سوپاسەوە بەدەستگەیشت . نووسینی شاکارێکی وا مەزن لە گێڕانەوە و نووسینەوەی رووداو و بەسەرهاتەکان وەك خۆی ، وەفاداریەکە بۆ مێژوو و نەوەکانی داهاتوو و سەرەتایەکە بۆ لادانی پەردەکان ، راستگۆیانە و بێباکانە بخرێنە روو . بیرەوەریەکانی ساڵانی 1943 - 1977 تەمەنێکی درێژە لەو ساتەوەختانەی نیشتمان گڕیگرتبوو و خاکفرۆشان لەسەر مێزی قومار سەوداو بازرگانیان پێوەدەکرد . بەپێچەوانەوە ، ئەو قۆڵ و مەچەکی لێهەڵماڵیبوو ، ورەبەرز و بەتین ، چاونەترس و بوێر و خۆنەویست ، شاخ ئاسا نە باو و بۆران نە داگیرکەر باوەڕەکەی لەقنەکرد ، بێباکانە لە گۆتەی ئەم و ئەو هەرخۆی خاوەنبڕیار بوو . شکۆی نەپساوەی خەباتی پتر لە نیو سەدە ، گەواهی زیندوو و پڕشنگدارە لە خۆڕاگری ئەو کەڵە پیاوە مەزنە . دەرخستنی راستیەکان ، مەترسی بێسەر و شوێنکردن ، دەربازبوون لە لێواری مەرگ ، خۆنەویستی ، بیرنەکردنەوە لە خۆنازین و بەخۆدا هەڵگۆتن ،لێکۆڵینەوە و بەسەرکردنەوە ، قووڵبوونەوە و شێکردنەوە ، پەیبردن بە نهێنیەکان ، میتۆدی رێڕەوی گێڕانەوەکان ، قووڵی بینینیەکان و ....... بەرچاوروونین بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای راستیدا وێڵن . ( ئێمە هیچ تاوانێکماننەبوو ، ( سەرکردەکان دڵ پڕ لە بوغز و قین ، دەست لەسەر پەلاپیتکە ، خۆ مەلاسدان لە سەنگەر ، بۆسەنانەوە ...... لە دۆزەخی کوردکوشتندا بێهاوتا و بەرپرسیاربوون ، ئەو رۆژانەی داگیرکەران لە هەوڵی سڕینەوەی ئێمەدابوون ؛ سەرکردەکان لە هەوڵی سڕینەوەی یەکتر ) . یەکێك لە کێشەکانی سیاسی ئێمە نەبوونی زانیاری راست و دروستە دەربارەی رووداو و بەسەرهاتەکان لە هۆ و ئەنجام ، ( سەرکردەکان ) دەستیان لە داڕشتن و هۆنانەوەیدا هەبوە لە شێواندنیان هەروەها نووسەرە دەربارەکان پۆستی چەور و پلە و پایە لەکەللەی داون راستگۆیانە نەیانخستۆتە روو و شێواندوویانە و دوورن لە راستی لە بەر لایەنگری ، ئارەزوومەندی ، خۆدەرخستن ، پیاهەڵدان و ..... بەرژەوەندی تەسکی پێوە دیارە و ئەمەش ناپاکیە بە رامبەر بەمێژوو کراوە و ئێمەی گەیاندۆتە ئەو ماڵوێرانیە . ( بیرەوەریەکانم ) شاکارێکی تازە گەریە ، راستیەکان زەنگی بە ئاگا هێنانەوەیە بۆ بواری مۆدێڕنەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، دووبارە نەبوونەوەی هزر و کەلتووری خێڵەکی ، بنەماڵەیی ، تایفەگەری ،ئاینزایی و ..... یە وەك هیگڵ دەڵێ : ( ئەو کۆمەڵگایانەی رابردوویان بیر دەچێتەوە مەحکومن بەوەی دووبارەی بکەنەوە ) ، تاکانەشە لەگێڕانەوەی رووداوەکان بۆ مەبەستی هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردن و شکاندنی بەستەڵەکی مەترسیەکانی چەواشەکاری ، بەسەرهاتە تاڵ و سوێرەکان ، پاوانخوازی ، بەدگومان و خیانەت ، وێناکردنی هەڵەکان ، دوور لە فەنتازی ، واقعێکی تاڵ دوور لە خەیاڵ و رۆمانسی ، ( کاتێ هەستتدەکرد هەندێ قسە و رووداو بۆنی خوێن و مەرگی لێدەباری بێتاقەتیدەکرد ) ، بێلایەنی نووسینەکەی ئەزموونێکی دەوڵەمەندوگەورەیە ، گەواهی شکستخواردووی بزاڤی گەلی کوردە ، هەوڵێکی لەبارە بۆ دووبارە نەبوونەوەی تراژیدیا و مەرگەساتەکان کە خودی ( سەرکردەکان ) لێی بەرپرسیارن هەروەها سەرتایەکە بۆ کەسانی پسپۆر و ئەکادیمیست بکەونە خۆ تا چیتر ئەزموونی گەلەکەمان بەرزەبری شکستنەکەوێ لە خەباتی شاخ و راپەڕین و سیستەمی بەڕێوەبردن و ئاسایشی نەتەوەیی لە روانگەی ( بۆ ئەوەی بە رووناکی بگەین ؛ دەبێت هەمیشە چاومان لەسەر تاریکی بێت ) . ( بیرەوەریەکانم ) چاندنی پەیامی ئاشتیە لە ناخی مرۆڤ و پەیامی پێکەوە ژیانە لە رووحی خاك تا چیتر بڕیاری تاکە کەسی لە ژوورە تاریکەکان دەرنەچی . لەهەر سووچێکی دنیا بایە ئەو شاکارە دەکرا بە فیلمێکی دۆکۆمێنتاری ، هەقوایە پەیکەری بۆ بتاشرێ وشوێنێکی شیاوی بەناو بکرێ .سەری رێز و نوازش دا دەنوێنین لە ئاست گیانە پاك و بەرزە فڕەکەی .

  • 1