ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی حەوتەم

{ ڕووداوەکان و نەبوونیدرک }

درککردنی هەر ڕووداوێک لە هەلوومەرجێکدا ، دەبێتە هۆی هەڵسانگاندنی واقعی ئەو ڕووداوە ، کارکردن لە سەر کارکرد و بەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی زانستی بۆ زیاتر گەشەدارکردنی ئاستی ڕێکخراوەیی و هەڵووێستی مێژوویانەی ڕێکخراو یان حیزب دەبێت . ئەو کاتەی کە ئەم درکە ناچێتە شوێنێکی باش هەر ئەو کاتە ئاستی لێکدانەوەکان بێ ئامانج و دوور لە واقع دەبن ، یان دەبنە درۆکردن لەگەڵ خۆت و دەوورو بەرەکەت . هەروەها ناتوانێت یەک هەنگاو بچێتە پێش و بە ئاڕاستەی واقعی جووڵانەوەکاندا بڕوات . واتە ئەم کارانە لە لایەکییەوە هۆی درک نەکردنەو کەم تواناییە لە هەڵسەنگاندنەکانداو ڕووێکی تریشیان هەواکردنە پێستی خۆتەوەیە و ئاستی ئەو زانیاریانەش کە لێکدانەوەکانی پێدەکرێت ، تا ئاستێک کەم توانایە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و هەلومەرجەکانی ناو واقعێکی عەینی و کارکردن تیایدا . ئەمانەش بنەڕەتی ئەزمەکان دەست نیشان دەکەن ، ئەزمە لە هزری خۆیاندا بەرهەم دەهێننەوە . ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر چەپ لە لای ئێمە ئەو بەهایەی چەپ بەپێی ئەزمەکەی نەی توانیوە بەهایەکی شیکەرەوەو هەڵسەنگێنەری واقعی ئەزمەکان بێت . لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە تا دەگات بە ووردە هیگڵیەکان و بەو پەڕی باڵی ئانارشیزمی ناو بزووتنەوەی چەپ . هەڵوێستگیریەکانیان لە بەیان نامەو پلاکارتاندا بەرجەستەو دەربڕاوە ، نەیتوانیوە بە تەواوی لە بارو لایەنەکانی ناو ئەزمە و ڕووداوەکان بکۆڵێتەوە ، نەیتوانیوە ڕاستی ڕووداوەکان درک پێ بکات . بەم پێیە ئەو بەیاننامەی کە لەسەر گەمارۆی ئابووری دەردەکران و ئەو بەیاننامانەی لەسەر پرسی ئافرەتان و یەکسانی خوازی پیاوان و کێشەی نەتەوایەتی و هەلوومەرجی ئاینی و مەذهەبی داپۆشراوی بەشێکی کۆمەڵ و دەست درێژیەکانی عێراق و مەترسی ئەو مۆتەکەیە و دەست درێژیەکانی تورکیا بۆ سنوورو ناوەوەی کوردستان و هەروەها قسەو باس لەسەر شەڕی ناوخۆی کوردستان و بێکاران و دەست فرۆشان و لاوان و هەموو ئەو بەیاننامانەی کە لەسەر هەلوومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەردەکران . هەروەها ئەو بەیاننامانەی کە لە بارەی چالاکی حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە دەردەکران یان لەسەر یەکی ئایار و (٨ی مارس ) و ڕۆژی یادکردنەوەی مەرگی ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی و ............. هتد نەیان توانیوە و ناش توانن بە تەواوی لە گۆشەنیگایەکی مارکسیستیانەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەهایانەدا بدوێن و یان دەربڕینیان بۆی هەبێت . هەروەها بەیان نامەش ناتوانێت زۆر لایەنی ڕۆشن کەرەوەی ئاوەزی ئینسانەکان بێت ، یان ناتوانێت ئاگاییەکی هۆشیارانە بخاتە نێوەندی هەڵووێستەکان و ئیرادەی ئینسانەکان بباتە پێشەوە و بە واقعی لە دنیای ماددی بگات . ئەوان لەگەڵ ئەوەی ئەزانن پرسێک هەیە ناوی کێشەی نەتەوایەتیە ، یان کێشەی ئافرەتان هەروەها کێشەی بێکاری و هەلوو مەرجی ژیانی ئینسانەکانە ، بەڵام ناتوانن بە تەواوی و زانستی یان نایانەوێت ئەو کارە ئەنجام بدەن و لەم بارەیانەوە بدوێن ، یان ئەدوێن هەر هەمووی لەگەڵ بەرژەوەندی فکری و سیاسی خۆیاندا جووت و یەکلایەنە خزمەتیان پێدەکات . واتە هەموو تێکستەکانی ناو دەربڕینەکانیان نەی توانیوە لە گۆشەنیگای چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیەوە سەرچاوە بگرێت . 

ئەمەش بە پێی خۆی پەیوەندی بە جێگە و ڕێگەی ئەم حیزب و لایەنانەوە هەیە کە لە هەلوومەرجی بزووتنەوەی چەپدان و جێگەو ڕێگەی ووردە بۆرژوازیانەیان هەیەو دیدگاکانیشیان ڕەنگ دەرەوەی جێگیر بوونیانە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیەکانیان لە کۆمەڵگا و ناوەندی چەپدا . لەبەرئەوەی میتۆدی بیرکردنەوەیان لە ماجەرای بۆچوونەکانی ووردە بۆرژوازیدا خولگەی خۆی هەیە و دەسوڕێتەوە .

چەکی دەستی ئەمانە فیشەکی ناوەوەی دەنگی هەیەو پێکانی نییە، واتە چرووکە . هەروەک لەوەو پێش باسم کرد پرۆتۆکۆڵی گەورەی بەرنامەیی ئەوان بە بەیاننامەیەکی ناسیوونالیستی و دەسەڵاتداران لە زەوی دەدرێت . هەروەها کارکردن لە چوار چێوەی ڕێکخراوە جەماوەری یەکانییاندا ، زۆر لاوەکی ترە لەو ڕێکخراوە جەماوەرییانەی تری بۆرژوازی ، چونکە پلانی ووردە بۆرژوازی لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا پلانێکی بێ ئاسۆو بێ ئامانجی خۆیانە . بێجگە لەوەی کە ستراتیژێکی زۆر کۆن و بێ ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازییان هەیە ، جیاوازییەکانیان لەگەڵ بۆرژوازیدا لە ئاستێکی زۆر نزم دایە ، ناتوانێت جیاوازی بنەڕەتی لە هەڵوێست گیریەکانیاندا ببینرێت . چەپ ئێستا چەپی ئۆپۆزیسیوون نیە و چەپی بۆرژوازییەو هیچی تر ، ناتوانرێت لەگەڵ ووتەزاکانی ناو ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکسیزم دا حسابیان بۆ بکەیت .

بەم پێیە ئەم هەڵوێستانەی ووردە بۆرژوازی چەپ لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەی خۆشیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن ، چەپ بە هەموو ئەم مانایانە دەرگیری ئەزمەیەکی بنەڕەتی و قوڵی فکری خۆیەتی کە ناتوانێت لەم هەڵوێستە تەریک کەوتووانە دەربچێت ، هەتا ڕووی فکری و چینایەتی خۆی تێنەپەڕێنێت و لە جێگەو ڕێگەیەکی چینایەتی تری چینی کرێکاردا جێگیر نەبێت و لەگەڵ میتۆد و دەربڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا جووت نەبێت و بە میتۆدی مارکسیزم کار نەکات . 

کەواتە چەپ بە هەر هەموو باڵەکانییەوە چەپی دوور لە ڕێو ڕۆشتنێکی واقعی و نۆرمەڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی و چینی کرێکارە . بەڵام لەڕووی ئەزمە گرتووی چەپ خۆیەوە ئەو سروشتەی ئەندامان و تێڕوانینەکانی چەپ و واقعی و سروشتییە . چونکە ئەم چەپە ئەوەندەی لە هەگبەکەیدا هەیە ، بۆیە بەم شێوە شەق و شڕەی خۆی ناتوانێت بمێنێتەوە ، چونکە مێژوو نایان گرێتە خۆی لەم سەردەمەداو حوکمی مەرگی ژیانی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی ئەدات بەسەریاندا ، لەبەر ئەوە ئەزمەی چەپ مەرگی ئایندەی چەپ ڕادەگەیەنێت .

 

  • 1