ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەکوردستانی باشوور بەردەوام کردەوەی سەیروسەمەرە ڕوودەدەن، بەجۆرێک هێندە نالۆژیک و نادرووست و نایاساین ئەستەمە ئەقڵ قەبوڵیان بکات.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پاشاگەردانی و بێڕێزی بە یاساو بێ سەرووبەری لە بەڕیوەبردنی کارەکانی دەوڵەتداریدا لە زۆربەی کایەکاندا.

لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەدا ،هیچ شتێک لەجێگەی خۆیدا نیە ، بەتایبەتی سنوری دەسەڵات و ئەرکی دەزگاکانی وەک ئەمن ، پۆلیس ،دژە تەرۆر و تاد. بەجۆرێک ئەرکەکانیان شێوێندراوە مرۆڤ سەریان لێ دەرناکات.

مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا وەک:{تاوانی مەزن و گچکە، دزی گەورە و بچوک ،قەتڵ، تەرۆر، شەڕو لەیەکدان} ئەمانە زۆر جار بە پێی جۆرو ڕادەی سەرپێچیەکان یا قەوارەی تاوانەکان و ڕێژەی مەترسیەکانیان هەڵسەنگاندنان بۆ ناکرێت ، بەڵکو بە پێی مەزاجی دەزگا پەیوەندیدارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.بۆنمونە پێەدچێت کەسێک لەسەر دزیەکی بچوکی بێنرخ چەندین ساڵ زیندانی بکریت ،بەڵام قاتلێکی مەترسیدار لەوانەیە تەنها چەند مانگێک بچێتە بەندیخانەوە و پاشان بە فشاری بەرپرسێکی باڵای حیزبی ئازاد بکرێت. یاخود بۆ دەستگیرکردنی دزێک ، لەوانەیە هێزی دژە تەرۆر یا دەزگای ئاسایش و زانیاری بچن بۆ دەستگیر کردنی ، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکێکی مەترسیدا نیەو پۆلیس دەتوانێت جێبەجێی بکات..

نمونەی زیندووتر ، هەڵکوتانە سەر بارەگای نەوەی نوێیە لە سلیمانی ،کە کارێکی زۆر نامۆ بوو.

وەک دەرکەوت ئەو هەڵکووتانە بۆ دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی نەوەی نوێ بوو. 

دەکراو دەبوو واشبێت کە دادوەر بەنامەی فەرمی ئاگاداری داواکراوەکان بکات تا ئامادەی دادگا ببن. ئیدی ئەو دەمە داوەر بڕیاری دەدا کە ئایا تا ڕۆژی دادگا بەندبکرێن یا ئازاد بکرێن .خۆ گەر نەهاتبان ، ئەوە دەکرا و یاسایشە ئەو داوایە دووبارە بکرێتەوە ، گەر هەر نەهاتن ،ئەوە لەم حاڵەتەدا ئاساییە پۆلیس بنێرن بۆ دەستگیرکردنیان . ئەمە ڕێگە ئوسوڵی و یاساییەکە بۆ دەستگیرکردنی هەرکەسێک کە مەترسیدار نەبێت .جا گەر مەسەلەکە ئەم ڕێچکە یاساییەی خۆی وەربگرتایە ،بێگومان ئەو ئەندامە داواکراوانەی نەوەی نوێ ئامادەی بەردەمی دادوەر دەبوون.

بەڵام ئەوەی سەیر بوو وە خەڵکی تووشی شۆک کرد ناردنی ئەو هێزە زۆرە بوو بۆ دەستگیرکردنی چەند گەنجێک، ئەمەش بێ هیچ ئاگاریەک و بێ وەرگرتنی مۆڵەتی دادوەر. ناردنی هێزێکی چەند سەیارەیەی جام ڕەشی {دەزگای دژە تەرۆر یا ئاسایش و زانیاری} کە کەس نازانێت سەربە کامیان بوون ،بۆ سەر بارەگای نەوەی نوێ، کارێکی زۆر نا ئەقڵانیە .ئاخر خۆ ئەوانە نە لە یاسا عاسی بوون ، نە مەترسیدارن،نە ماڵی خەڵکیان دزیوە ،نە تەرۆریستن . ئیتر بۆ بەم سەیارە ڕەشانەوە و بە چەکداری دەماکدارەوە دەچنە سەریان و دەستگیریان دەکەن؟ لە هەمووی سەیرتر ئەو هێزە شوناسی خۆیان ئاشکرا نەکردووە کە سەربە چ دەزگایەکن . 

ئەم کارەی ئەم دەزگایە{ئیدی هەر دەزگایەک بێت}ئەوپەڕی سوکایەتیە بە یاساو ڕێساو بێ نرخکردنی دەزگای پۆلیسە کەهیچ حورمەتێکیان بۆ نەهێشتوەتەوە.

دەزگای دژە تەرۆر یا ئاسایش و زانیاری ئەم ناوە مەترسیدارانە ، ئەرکیان پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە ،{ بێگومان کردویانە} نەک خۆ خەریککردن بە کاری لاوەکیەوە ،وەک ئەمەی ئێستا کردیان کە هەرگیز ناچێتە خانەی ئەرکەکانیانەوە..

دیارە ئەمە کردەیەکی سیاسیە نەک یاسایی، تۆڵەسەندنەوەیەکی حیزبی و شەخسیە کە پێدەچێت ئەم کاتە باشترین دەرفەت بووبێت بۆ سەندنەوەی. 

بێدەنگبوون لەم کارە نا یاسایی و ناشیرینە زۆر مەترسیدارە ، چونکە گەر ئیمرۆ دژی بزوتنەوەی نەوەی نوێ ئەنجامیاندا و بۆیان چووتەسەر ،ئەوە بەدووری نازانم سبەی بۆ شکاندنی شکۆی لایەنێکی دیکە بەهەمان شێوە هەڵکوتنە سەر بارەگاکانیان، بەتایبەت دەمێک هەست بکەن ئەولایەنە بەخواستی حیزبی خاوەن دەزگاکە ڕەفتار ناکات.

هەموو دەزانین ئەرکی سەرەکی ئەو هێزانە دەستگیرکردنی تەرۆریستان و کەس و گرووپە مەترسیارەکانە بۆ سەرئاسایشی نیشتمانی . جادەپرسم ئەوانەی دەستگیرکران {تەرۆریستن} یا چەند ئەندامێکی حیزبێکی مۆڵەت پێدراون؟

  • 1