ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ساڵى 1955 عێراق کرا بە مەڵبەندى (مەرکەز) ڕێککەوتنامەیەکى سیاسى و سەربازى و ئەمنى بەناوى هاوپەیمانیەتى (سەنتو – حلف بغداد) کە بریتى بوو لە تورکیا و پاکستان و ئێران و بەریتانیا و عێراق لە ژێر چاودێرى دەوڵەتى ئەمریکادا. بە واتایەکى تر عێراق لە هەموو بوارەکانى ژیانیدا بەسترایەوە بە ڕەوڕەوەى ئیمپریالیەتى جیهانەوە، لەژێر ناونیشانى (مکافحە النشاط الهدام – دا بەربەرەکانى کردنى جموجۆڵى ڕووخێنەرانە، هەموو هێزە سیاسییە چەپ و نیشتمانپەروەرەکان خرانە بەر هێڕشێکى دڕندانەوە. بۆ زامنکردنى ئارامى بەڕێکردنى پیلانەکانیان لە ناوچەکەدا .

لە شۆڕشەکەى 14ی تەمووزى 1958 بە پشتیوانى هێز و لایەنە چەپ و دیموکراسى و ئاشتیخوازەکان، عێراق لەو هاوپەیمانێتییە شەڕانییە ڕزگار کرا، بەڵام ئیمپریالیەتى ئەمریکا و هاوکارەکانى لە ناوخۆى عێراق و دەوروبەریدا زنجیرە پیلان و تەقەلایەکى یەک لە دواى یەکیان لە ساڵانى 1963، 1968 و 2003دا کردە بەرنامە بۆ گێڕانەوەى عێراق بۆ نێو ئەڵقەى دوژمنکارەکەى سەردەمى پەیمانى (سەنتۆ) تەنانەت دروستکردنى داعش و ئاراستەکردنى بۆ عێراق لە ساڵى 2013 بە دواوە، هەر لە پێناو ئەو ئامانجەدابوو. ئەوە بوو خۆیانکرد بە هاوکارى عێراق بۆ دەرکردنى داعش، واتە (شەریکى دز و ڕەفیقى قافڵە!) و ویستیان لەم ڕێگەیەوە عێراق بکەن بە پایەگا – قاعیدەیەکى سوپاى ئەمریکا و دابڕینى لە سوریا و لە ئێران. یان وەکو خۆیان ناویان نابوو پچڕاندنى کەوانەى شیعە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، بەڵام لە ماوەى ئەم ساڵانەدا بەهۆى هەڵوێستى ناڕەزایى گەلانى عێراق و هێزە چەپەکانەوە ئەمریکا نەیتوانیوە ئەو خەون و ئاواتەى بەدى بێنێ!!

حکوومەتەکەى ترامپ توانى سوود لە ناتەبایى و ململانێى لایەن و هێزە سیاسى و ئاینى و مەزهەبى و خێڵایەتى کۆمەڵگەى عێراق وەربگرێ و ڕۆڵى کاریگەرى هەبێ لە پێکهێنانى دامودەزگا سەرەکییەکانى ئەمڕۆى دەوڵەتى عێراق دا. لە پێناو گێڕانەوەى ئەم وڵاتە بۆ ناو تۆڕەکەى جاران و لە بریتى پەیمانى سەنتو پەیمانى خۆرهەڵاتى عەرەب دابمەزرێنن و عێراق بکاتەوە بە (مەڵبەند – مەرکەز)ى ئەو پەیمانە!!

ئەوەتا وەک دەبینین جموجۆڵێکى چڕوپڕى بەپەلە (سەردان و کۆبوونەوە)ى سەرنجڕاکێش لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێران ئەردەن و سعودیە و کوێت و سوریا)دا دەستى پێکردووە. پەیتا پەیتا لەم بوار و ئەو بواردا ڕێککەوتننامە مۆر دەکرێ .

بۆ نموونە ڕۆژى 20/4/2019 لە بەغدا نوێنەرانى پەرلەمانەکانى ئەو دەوڵەتانە بەناوى پشتگیرى کردنى سیاسەت و هەڵوێستى عێراق کۆبوونەوە، پێش ئەوەیش واتە 17/4/2019 سەرۆک وەزیرانى عێراق لە سعودیە 13 ڕێککەوتننامە و یاداشت مۆر دەکات ..

ڕۆژى 23/4 وەفدى هاوکارى دەوڵەتانى – خلیج) گەیشتە بەغدا و هەر ئەو ڕۆژە (پۆمپیۆى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پشتیوانى حکوومەتەکەى بۆ ئەم کرانەوەیەى حکوومەتى عێراق ڕاگەیاند بە (عەبدولمەهدى)!! .

بێگومان ئەم پشتگیرییە لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو ئەوە بەرهەمى پلانێکى نوێى ترەمپە بۆ گەمارۆدانى عێراق، چونکە ئەو دەوڵەتانەى ناویان هاتووە، بێجگە لە ئێران و سوریا هەر هەموویان یەکى بە چەند ڕایەڵەیەکى (ئەمنى و ئابوورى)یەوە، بە ڕەوڕەوەى سیاسەتى دەوڵەتى ئەمریکاوە بەستراونەتەوە.

ئەم کرانەوە کتوپڕەى عێراق بە دەوروبەرى خۆیدا، بووە بەهۆى پەیداکردنى دوو تەوژم و تیرە لە عێراق دا، چونکە لەگەڵ ئەوەدا کە لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان و بەشێک هەیە کە لەگەڵ ئەم کرانەوەیەدایە، بە پێى بەرژەوەندى خۆى، بەڵام شەقامى عێراق هێز و لایەنە چەپ و نیشتمانپەروەرەکانى مەترسی زۆریان لەم ڕەوتەى حکوومەت هەیە، بۆ نموونە ناڕازین لە ناردنى نەوتى عێراق بۆ (عەقبە)ى ئەردەن بە بۆڕى.. نیگەرانن لە بەربەرەڵایى کردن بۆ هاوردنى بەروبوومى کشتوکاڵ و پیشەسازى ئەو وڵاتانە کە زیانێکى زۆر بە هەردوو بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازى عێراق دەگەیەنێت ..

نیگەرانن و مەترسیان هەیە کە ئەم گەمارۆدانە سیاسى و ئابوورییە، سەربەخۆیى عێراق لاواز بکات و بیبەستێتەوە بە سیاسى ئەمریکاوە!! عێراق بکاتەوە بە مەڵبەند – مەرکەزى پەیمانى بەغداى عەرەب – سەنتۆى عەرەب کە ئەمریکا نەخشەى بۆ کێشاوە. بەهەرحاڵ کورد واتەنى (ئەم دووکەڵە بێ ئاگر نییە) !!.

  • 1