ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە سەرەتای پەنجاکان ماڵمان لە گوندی (قەرەچناغە) بوو. پێش ئەوەی بچمە قوتابخانە، باوکم یادی بەخێر، ناردمە (حوجرە) کە لەلای مەلا بخوێنم. جا هەر لە گوندەکەی خۆمان لەگەڵ باوکم چووینە لای مەلا موحەمەد یادی بەخێر (سیپارە)ی بۆ نووسیم و پاش یەک دوو ڕۆژ دەستم کرد بە خوێندنی (جزء عم) جزوی عەمە. پاش ئەوەی سورەتی (الماعون)، ڕەوان کرد، مامۆستا داوای لێ کردم کە چەند جارێک بیڵێمەوە. جا پاش ئەوەی کە تەواو بە ڕەوانی خوێندمەوە و ئاخیر ئایەتم گوت کە دەفەرمووێ (ویمنعون الماعون) مامۆستاش فەرمووی؛ (بینە قالبەک سابوونە، جلکی مامۆستای دژوونە!). هەڵبەتە کە دەچوومە ماڵەوەشگەموو جارێ باب، دەیگوت؛ دەوەرە زرار دەرسەکە بخوێنەوە بزانم چۆنت لەبەرکردییە؟! منیش سورەتەکەم دەخوێندەوە، ئینجا لە کۆتا ئایەتدا دەمگوت؛ (ویمنعون الماعون) منیش وەک مامۆستا دەمگوت؛ (بێنە قالبەک سابوونە، جلکی مامۆستای دژوونە!). بابیشم هەر یەکسەر دەیگوت؛ (ئامین) سبەینێ ئەو تورەگەیە پڕ سابوون بکە و بیدە زرار با لۆ مامۆستای ببات.. منیش وامدەکرد.

پاش ئەوەی گەیشتمە سورەتی (النصر) ئاخیر ئایەت دەفەرمووێ؛ (نسبح بحمد ربک واستغفرە انەکان توابا). من دەمگوت (توابا) تەوابەن، مامۆستایش دەیگوت؛ (بێنە مریشکە ڕەشەی سەوابەن). منیش کە دەچوومە ماڵەوە سورەتەکەم بۆ باوکم دەخوێندەوە، لە ئاخیر ئایەتدا دەمگوت (توابا) تەوابەن، ئینجا هەر خۆم دەمگوت؛ (بێنە مریشکە ڕەشەی سەوابەن!). باوکیشم دەیزانی ئەوە قسەی مامۆستایە، بۆ بەیانی مریشکێکی ڕەشیان لەبن هەنگڵ دەنام و زۆر بە کەیف و دڵخۆشییەوە بەرەو مزگەوت دەچووم و بۆ مامۆستام دەبرد.

پاش بەینێک گەیشتمە سورەتی (ألضحى) ئاخیر ئایەت دەفەرمووێ؛ (و‌أما بنعمة ربك فحدث)، منیش کە دەمگوت؛ (فحدث) فەحەدیس، مامۆستایش دەیگوت؛ (بێنە کاوڕێکی کوڕیس بۆ مامۆستا بیکە بە هەریس!). منیش کە دەچوومەوە ماڵەوە بە هەمان وەزن و قافیەوە بۆ باوکم دەگوتەوە. هەرچەندە کاوڕمان نەبوو، بەڵا، عەلەشیشی باشمان هەبوو. لە بیرمە بەیانی بوو، عەلەشیشێکیان لەبن هەنگڵنام و بەرەو مزگەوت ڕۆیشتم. مامۆستا منی بینی کە عەلەشیشم لەبن هەنگڵە، هەر لە دوورەوە دەستی بڵند کردو ئاماژەی بۆ من کرد و دەیگوت؛ (تابط خيرا، تابط خيرا). من ئەوکات نامزانی دەستەواژەی (تەئەبەد خەیرەن) مانای چییە؟! بەڵام ئەوەی کە عارەبی فێربووم، ئینجا تێگەیشتم کە (تابط خيرا) واتە؛ خێری لەبن هەنگڵەوەیە! یا خێری لەبن هەنگڵ هەڵگرتووە!

بەڕێزان؛ ئەوکات مەلا هیچ مووچە و سەرچاوەیەکی بژێو و گوزەرانی نەبوو، تەنیا بەزەکات و سەرفیترە و باروبووی خەڵک بەڕێوەدەچوو. هیچ ناهەقیان نەبوو، هەڵبەتە مامۆستاش ئەو دیارییانەی لە هەموو کەس وەرناگرت، تەنیا ئەوانەی کە خۆی بیناسیبوونایە کە گوزەرانیان چۆنە و برادەرایەتیشیان لەگەڵ باوکی (فەقێ) هەبووایە. گەرنا ئەو بابەتە داواکاریانەیان لە گشت کەس وەرنەدەگرت.

یادت بەخێر مامۆستا مەلا موحەمەد گیانت یارام.

سەدجار گەردنت خۆش و ئازابێ، لەم ماوە کورتە زۆر شتت فێرکردم!

 

  • 1