ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرجار کاردانەوەکانی ڕووداوێک، هەروەها ئەو لێکەوتانەی لێی دەکەونەوە، لە خودی ڕووداوەکە پتر دەبنە جێگەی هەڵوەستە و ڕامانی مرۆڤ. تا ئەو ڕادەیەی نزیک دەکەوینەوە لەوەی خودی ڕووداوەکە لە بیر بکەین. هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەنداش لەو هەموو سازش و هاوسۆزیی و هاوخەمییەی بۆ قوربانییانی دوو مزگەوتەکەی وڵاتەکەی نواندی، پتر لە ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە بووە جێگەی لە سەر وەستان. ئەگەرچی ئەم هەڵوێستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستییەوە بە بەرزییەوە نرخێنرا و لە بەرچاو گیرا، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ چی وا لە سەرۆک وەزیرانێکی بە ئاین جیاواز و ئەوروپی دەکات، لەچک بپۆشێت و لە نوێژی هەینی ئامادەبێت و بە شەرم و هاوخەمییەکی قووڵەوە کەسوکاری ئەو موسڵمانانە لە ئامێز بگرێت. ئایا ئەوە تەنیا پەیوەندی بە هەستی مرۆڤدۆستی و هاوخەمی بۆ قوربانییەکان هەیە؟ ئایا ئەوە مانای ئەوەیە کە سەرۆکی وڵات دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە وڵات هی هەمووانە بە موسڵمان و کریستییان، بەڕەش پێست و سپی پێست، ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، یاخود ڕەهەندی دیکەی لە پشتە. بێگومان بەبڕوای من ئەو هەڵوێستەی سەرۆک وەزیران لێکدانەوەی تر هەڵدەگرێت. ئەم هەڵوێستە لە ترس و فۆبیایەکی گەورە لە موسڵمانان سەرچاوە دەگرێت، نەک هەر تەنیا مرۆڤدۆستی بێت وەک ئەوەی دنیا بەو شێوەیە دەیبینێت. هەڵبەتە کوشتنی مرۆڤ لە هەر شوێن و جێگەیەک بێت، بە هەر پاساوێک بێت، تاوانێکی گەورەیە و دەبێ لە دژی بوەستینەوە. مرۆڤەکان گەر لە ڕووی ئاینی و نەتەوەیی، هزری و ئایدیۆلۆژییش لەیەکتری جیابن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە دواجار هەموویان هەر مرۆڤن. لەو سۆنگەیەشەوە کردەوە کۆمەڵکوژییەکەی نیوزلەندا، کارێکی نامرۆیی و نائەخلاقی و دووربوو لەهەموو بەهایەکی مرۆیی. بۆیەشە لە سەر ئاستی دنیادا، ئەم کردەوە قێزەوەنە بووە مایەی توڕەیی و ئیدانەکردنێکی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی. بەتایبەتیش کە هەموو ئەوانەی لەم ڕووداوەدا بەداخەوە تیاچوون، لە بە حێگەیاندنی ئەرکێکی ئاینی خۆیان دابوون. هەر بۆیەشە دوای تاوانەکە سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بە شۆکێکی گەورەوە کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە ڕوخسارییەوە دیاربوو، دەرکەوت و بە توندی دژی ئەو کارە قێزەوەنە وەستایەوە و ڕای گەیاند؛ وڵات هی هەمووانە. بێگومان بە ئامانج گرتنی موسڵمانان و پەنابەرانیش بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، بۆتە دیاردە لە ئەوروپا. کاتێک دەبینین بە کۆمەڵ یاخود تاک دەکرێنە ئامانج و پەلامار دەدرێن. بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت کاتێک پەنابەران بەگشتی ڕوودەکەنە ئەوروپا نەدەتوانن تێکەڵ بە کلتووری ئەوێ ببن نەدەشتوانن دەستبەرداری فەرهەنگ و پاشخانی کۆمەڵایەتییانەی داخراوی خۆیان بن. کاتێکیش ئەو بەریەککەوتنە توندە دروست دەبێت، ئیدی ئەو دنیابینییە لەلایەن بەشێکی یەکجار زۆری ڕۆژئاواییەکان دێتە ئاراوە کە ئەوانە تەنێکی نامۆن و پێویستە لە کۆمەڵگە فڕێ بدرێنە دەرەوە. سەرەنجامیش ئەو ڕووداوانەی لێدەکەوێتەوە وەک ئەوەی لە نیوزلەندا بینیمان، ئەو ڕووداوانە بە بڕوای من هێندەی ترسە لە موسڵمانان و هزرێکی ڕاسیزمییانەی لەپشتە، هێندە ناچنە خانەی تیرۆرەوە. چونکە ئەگەر تیرۆرستانێک هەبن، ئەوا هەموومان دەزانین کە داعش و قاعیدە و نوسرەن کە بە تێگەیشتنی خۆیان لە سەر ڕێبازی ئیسلام دەڕۆن و شەریعەتی ئیسلام پیادە دەکەن. لەڕاستیدا ئەوە داعش و هاوشێوەکانیەتی لە ژێر پەردەی ئیسلام تیرۆر بەرهەمدەهێنن و لەهەر سووچێکی ئەم دنیایە بێت، هاووڵاتییان بەگشتی و ئەوروپای لانکەی پێشکەوتنیش بەتایبەتی دەکەنە ئامانج. دەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان داعشێک کە بە بیروباوەڕێکی ئاینییەوە سەری مرۆڤ دەبڕێت و هەزاران ئێزیدی کۆمەڵکوژ دەکات، لەگەڵ ئوستوڕالییەک کە هیچ باوەڕی بە ئاین نییە، بەڵام دێت بە کۆمەڵ موسڵمانان دەکوژێت کە پتر دیدگایەکی ڕاسیزمی لە پشتە نەک هزرێکی ئاینی. چونکە هەموومان دەزانین بەهەمان شێوە چەند ساڵێک لە مەوبەریش لە نەرویج هاووڵاتییەک ٧٢ کەسی کوشت، کە هەموویان هاووڵاتی نیشتمانەکەی بوون. ئەم جۆرە کردەوانە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن لەگەڵ هزری مەرگدۆستی خوێنگەرایی داعش و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان. ئەوەی ئەمڕۆ هەڕەشە بێ بۆ سەر مرۆڤایەتی هزری توندڕۆیی ئاینییە بەتایبەتیش ئایینی ئیسلام نەک کردەوەی هاووڵاتییەکی ئەوروپی کە ڕەنگە هەر بۆ هەوەس و ئارەزوو بۆ کوشتن مەبەستی بێت خەڵک خەڵتانی خوێن بکات. لەو ڕوانگەیەشەوە دەبوو سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا باش ئەو ڕاستییە بزانێت کە هیچ کەس و گرووپ و هێزێک بە قەد ئەو گرووپە توندڕەوە ئیسلامییانە تیرۆرست نین و تیرۆر بەرهەم ناهێنن. ئەوەی مەترسی بێت کردەوەیەکی لەو شێوەیە نییە کە بەدڵنیاییەوە جێگەی ڕەتکردنەوەیە، بەڵکو داعش و هاوشێوەکانیەتی. سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ئەگەر لەوە زیاتر و قووڵتریش هاوسۆزی بۆ موسڵمانانی وڵاتەکەی دەرببڕێت و هەزاران جاری دیکەش لەچک بپۆشێت و بەشداری نوێژی هەینی بکات، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو کەسێکی ناموسڵمان و عەلمانی و دژە ئیسلامە لە ڕوانگەی داعش و ئیسلامییە توندڕەوەکان. ئیدی ئەو هەڵوێستەی کە من بروام وایە سازشکردنێکی گەورە بوو بۆ موسڵمانانی وڵاتەکەی هەر تەنیا دەلالەت لە مرۆڤدۆستی و هەستی خەماوی ئەو ژنە ناکات بۆ موسڵمانان، بەڵکو ڕەهەندی شاراوەی دیکەشی هەیە. ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت کە سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ئافرەتە، ئافرەتانیش بەگشتی لە پیاوان سۆزدارتر و میهرەبانتر و بەخشندەترن. بۆیە ئەوان لە ڕەگەزی نێر زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریەتی ڕووداوەکان و تاوانەکان دەیانهەژێنن. باوەرم وایە ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە پیاو بووایە، هەرگیز هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی نەدەنواند. ئەوە بەو مانایە نا کە پیاوان بە هێزتر و خۆڕاگرترن کە من دژی ئەو جیاکارییەم، بەڵکو بەو مانایەی کە ژنان سۆزدارترن لە پیاوان. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بەو هەڵوێست و سازشەی کە کردی، مەبەستی بوو دیدگایەک لای موسڵمانانی جیهان بەگشتی و وڵاتەکەی بەتایبەتی دروست بکات، کە ئەو چەند مافیان دەپارێزێت. هەموو ئەوانەشی لەپێناوی ئەوەیە کە دەستی تیرۆری ئیسلامی لە وڵاتەکەی دووربخاتەوە کە بەدڵنیاییەوە لە دوای کردەوەکەی مزگەوتی نوور، زوو یا درەنگ ئەو وڵاتە دەکەوێتە بەر پەلاماری ئیسلامییە توندڕەوەکان و ئاییندەش ئەو ڕاستییە دەردەخات. لەچک پۆشین و چوونە مزگەوت و بەشداریکردن لە نوێژی هەینی موسڵمانان، لەڕاستیدا ترسە لە ئیسلام نەک هاوسۆزیی و مرۆڤدۆستی وەک ئەوەی ملیۆنان مرۆڤ بەو هەڵوێستەوە بە هەڵە داچوون و فریویان خوارد. چونکە هەمان ئەو موسڵمان و پەنابەرانەی سەرۆک فرمێسکییان بۆ دەڕێژێت، ڕۆژانە لەبەر پێنەدانی مافی پەنابەریەتی لەوڵاتانی ئەوروپا خۆیان دەکوژن. ملیۆنان پەنابەر لە کەمپەکاندا وەک مێگەڵ کۆکراونەتەوە و بە کیلۆمەتر ڕێز دەبەستن وچەندان کاتژمێر لە چاوەڕوانیدان تاکو ئەوروپییەک ژەمە خواردنێکی ساردییان پێ دەدات. ڕۆژانە منداڵانی یەمەن و سۆماڵ لە برسان دەمرن، هەزاران ژنی ئێزیدی دەستدرێژیان کرایەسەر و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا، تا ئێستاش لە شانشینی سعودییە ئافرەتان وەک ڕەگەزێکی کەمتر لە پیاوان تەماشا دەکرێن، بۆچی سەرۆک وەزیران هەڵوێستێکی نییە، باسی مافی مرۆڤ و منداڵان و ئافرەتان ناکات؟ ئیدی نازانم ئەم هەڵوێستە دوالیزمییە لە پای چی؟! دەکرا سەرۆک وەزیران توڕە و غەمگین بێت، شۆک بیگرێت و توندترین سزای بکوژەکە بدات، بەڵام ئەو هەموو سازشکردنە لەڕاستیدا ترسە لە ئیسلام، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گرووپە توندڕۆکانیان ئەو ڕووداوە نەکەنە پاساوێک و تیرۆر و تەقینەوە وڵاتەکەی ئەویش بگرێتەوە. سەرۆک وەزیران نەریتێکی سیاسی نامۆی بە کلتووری ئەوروپا و ئاینی ئەو وڵاتە داهێنا کە پێشتر پێشینەی نەبووە. چونکە تا ئێستا کەس بینیویەتی پاشایەکی عەرەب، سەرۆکی وڵاتێکی عەرەب پشت بکاتە بنەما ئاینییەکانی خۆی و هاوسۆزی قوربانییەکی مەسیحی و ئەوروپی بیت؟ ڕۆژانە قیبتییەکانی میسر لە سۆنگەی ئاینییەوە دەکرێنە ئامانج، هەموو دنیا دەزانێت داعش چی بە کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکان کرد، بۆچی سەرۆکی وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە دژی ئەو کارە تیرۆرستی و هۆڤییانە نەوەستانەوە. فەتوایەکییان نەدا بۆ ئەوەی بۆ دنیای بسەلمێنن کە ئەوەی داعش و نوسرە دەیکەن، دوورە لە بنەماکانی ئیسلام و دەرچوونە لە شەریعەتی ئیسلام. بۆچی ڕۆژێک نەمانبینی هاوسۆزمان بن، لەکاتێکدا بەشێکی یەکجار زۆری موسڵمانان و عەرەب و ئەفغانی ئەگەر بۆیان بلوێت و بچێتە سەر، ئەوا هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەکەنە موسڵمان و ڕێگە نادەن هیچ کوڕ و کچێکیان هاوڕێ و هاوماڵێکی لەدەرەوەی بەستنەوەی ئاینی هەبێت. مرۆڤدۆستی و هاوسۆزی بۆ قوربانییانی کارەساتێک لە هەر جێگە و شوێنێک بێت، مایەی نرخاندن و پێزانینێکی گەورەیە، بەڵام گرنگە ئەو مرۆڤدۆستییە، سەرچاوەکەی لەبڕوابوون و خۆشویستنی هەموو مرۆڤەکانەوە هاتبێت نەک ترسێکی گەورەی لە پشت بێت. بەبڕوای من ئەوە هاوسۆزی نییە بۆ موسڵمانێکی وڵاتەکەت غەمێکی قووڵ داتبگرێت، وەلێ هەرچەند کیلۆمەترێک دوور لە خۆت ڕۆژانە بە دەیان پەنابەر لە ئاوی دەریادا بخنکێن و تۆش هەڵوێستێکت نەبێت. مرۆڤدۆستی ئەوەیە لەیەک کاتدا بۆ نوێژکەرێکی مزگەوتی نوور و، منداڵێکی برسی یەمەن و ژنێکی ئەتککراوی ئێزیدی دەستی تیرۆرستانی داعش و ئایلانی بچکۆڵە و مەسیحییەکی ئەلقووش غەمگین بیت و هاوخەم و هاوسۆز و هاوهەڵوێستییان بیت. نەک تەنیا کاتێک ڕووداوێک لەوڵاتەکەتدا ڕوودەدات هاوخەمی قوربانییەکان بیت، بەڵام باکت بەوە نەبێت لەو سەری گۆی زەوییەوە چی دەگوزەرێت. هەر بۆیە وەک هاووڵاتییەک هەڵوێستەکەی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بۆ من هەڵوێستێکی ئاسایی بوو، وەک هەڵوێستی هەر کەسێکی دیکە، چونکە دەزانم لە ترسەوەیە نەک لە قەناعەتەوە. ئەگەر نا تۆ بڵێی سەرۆک وەزیران نەزانێت گەورەترین و مەترسیدارترین تیرۆرستان، گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانن؟ بێگومان دەزانێت. بەڵام لە سیاسەتدا، بەرژەوەندی لە خوێنی مرۆڤەکان لە پێشترە.

 

  • 1