ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەکەم

 نەتەوە چوارچێوەیەکى دیاریکراوە کە پێکدێت لە زمان و کلتوور و جیۆگرافیاى دیاریکراو و کۆمەڵێکى گەورە لە خەڵکى کۆدەکاتەوە و، زۆرجار بە حەزى خۆیان بانگەشەى ئینتمابوونیان دەکەن و هەندێکیش بەپێى نەژادى و زادەى خێزانى، کە ڕەنگە بە حەزى خۆیان نەبێت، ئەندام لەم سنوورە و بە هەموویان ڕەنگە چین و توێژی جۆراوجۆر پێک دەهێنن، بەڵام ناکرێت بڵێین کە ئابوورییەکى دیاریکراو و قۆناغێکى پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى کۆیان ناکاتەوە.

ڕەنگە هەمان ئەم سیمایانە لەناو هۆزێکیشدا هەبن، بەڵام لە هۆزەکاندا مەسەلەى هاوخوێنى سیماى یەکەمیانە، واتە ئەندامانى هۆزێک هەموویان خزمى یەکترین و زادەى یەک خێزانن. چەند هۆزێکیش پێکەوە عەشیرەت پێک دەهێنن.

بۆیە بە واتایەکى دیکە ناسیۆنال (نەتەوە) بە پێچەوانەى عەشیرەت لەسەر بنەماى پەیوەندى خوێن دروست نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمایەکى هاوبەشى لە خاک و زمان و کلتوور دروست بووە، نەتەوە لە بنەماوە لەتێکەڵبوونى ئەو عەشیرەتانە دەردەکەوێت کە  بە پەیوەندى خزمایەتى تێکەڵى یەکتر دەبن، کە ئەوەش بە لێکدانەوەى هەندێک بیرمەند دەکاتە شێوەیەکى نموونەیى کۆمەڵە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگاى کۆیلایەتى و کۆمەڵگەى دەرەبەگایەتى، کەواتە نەتەوە دەکاتە زادەى ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەى لە هەردوو کۆمەڵگەى کۆیلایەتى دەرەبەگایەتیدا هەبووە، بەڵام لە قۆناغى کۆیلایەتیدا پەرتەوازەیى هەیە لە ڕووى ئابوورییەوە، واتە جۆرى بەرهەمهێنان فرەجۆرییە و یەک ناگرنەوە، بەو واتایەى جگە لە کۆیلە و خاوەن کۆیلە، چەندین چین و توێژ هەن کە کارى پیشەیى دەکەن و، هیچ تەواوکارییەک لە نێوان پیشەکانیاندا نییە، کە بتوانرێت وەک ئابوورییەکى یەکگرتووى هەموو کۆمەڵگاکە سەیر بکرێت، هەمان لێکدانەوە سەبارەت بە قۆناغى فیوداڵى، چونکە لەوێشدا جگە لە جووتیار و زەوى بەندە و دەرەبەگ، چەندین چین و توێژ هەن، کە دەسەڵاتێکى ناوەندى ناتوانێت کۆیان بکاتەوە و بەشێوەیەک هەست بکرێت کە چارەنووسى هەموو چین و توێژەکان پابەندبێت بە جۆرى سیستەمەکە و دەسەڵاتەکە و نەتەوەکە. هەرچەندە تاڕادەیەکى زۆر مەسەلە نەتەوایەتییەکان لە قۆناغى فیوداڵیدا سنوور و سیستەماتیکى بەخۆوە گرت و سنوورەکان وێنەکران و زۆرجار چارەنووسى  هەموو چین و توێژەکانى نەتەوەیەک بەیەک گرێ دەدرا، بەجۆرێک واى لێهاتبوو ئەو شانازى و خۆبەزلزانینە نەتەوایەتییەى کە ئێستا ناسراون ڕەگ و ڕیشەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەتەوانەى ئەو کاتە دروست بوون.

کەواتە نەتەوە خاوەن تایبەتمەندییە هاوبەشەکان لە خاک و زمان و کلتوور دەوەستێتە سەر بنەمایەکى مادى دیاریکراو کە دەکاتە ئابوورییەکى سروشتى کە ئەویش کشتوکاڵ کۆڵەکەى سەرەکى تێدا پێک دەهێنێت، لەگەڵ بوونى دابەشکردنێکى لاوازى کارکردن، واتە پیشە جووتیارییەکان و پاشان پیشەسازییە ساکارەکانى دەستى. هەرچەندە بە بوونى هەموو ئەو سیمایانەش، هێشتا نەتەوە ناگاتە ئەو ڕادەیەى کە ئەم کۆمەڵە مرۆڤانە بە ئاسوودەیى نەتەوە پێک بهێنن، چونکە لە هەردوو قۆناغى کۆیلایەتى و دەرەبەگایەتیدا یەکێتییەکى ئابوورى لەسەر خاکێکى سنووردار کە وڵات پێک دەهێنێت بوونى نەبوو، چونکە ئەو یەکێتییە ئابوورییەیە کە پەیوەندییەکى پتەو و نەگۆڕ و یەک چارەنووسى لە نێوان ئەندامانى یەک گەلدا دروست دەکات، هەرچەندە گۆڕینەوەى کاڵاکان و بازاڕیش هەبوون لە کۆمەڵگاى کۆیلایەتى و فیوداڵیدا، بەڵام ئەوەى هەبوو تەنیا سروشتێکى خۆجێى و سنورداریان هەبوو، لە توانایاندا نەبوو کە کاریگەرى لەسەر پەرتەوازەیى ئابوورى و سیاسیدا دروست بکەن، جێگەى خۆیەتى بگوترێت کەوا ئەم نەتەوانە لەناو قۆناغى سەرمایەداریشدا بوونیان هەبوو.

لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە لەگەڵ سەرکەوتنى سەرمایەدارى یەکجارەکى بەسەر فیوداڵیزمدا، سەرهەڵدانى بزاڤە نەتەوایەتییەکان پەیوەست بوون پێیەوە، چونکە سەرکەوتنى بەرهەمهێنانى کاڵایى وا پێویست دەکات کە بۆرژوا دەست بەسەر بازاڕە ناوخوییەکاندا بگرێت و ئەو زەوییانەى دانیشتووانەکانیان یەک زمان دەئاخڤن یەکبخات و هەموو ئەو ڕێگرییانەى پێش لە پەرەسەندنى ئەو زمانە دەگرن لابدات و لە ڕووى ئەدەبیشەوە بچەسپێنێت، کە ئەوەش دەکاتە ئەو بنەما ئابوورییەى کە بزاڤە نەتەوایەتییەکان لەسەریدا گەشە دەکەن، هەر لێرەوەش دەبێت باسى گرنگى زمان بکەین لەم بوارەدا، کە بە گرنگترین ناوەند و هۆى پەیوەندى لە نێوان خەڵکیدا دادەنرێت، هەروا پەرەسەندنى زمان یەکێکە لە مەرجەکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى، کە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ سیستەمى سەرمایەدارى نوێدا، هەربۆیەش دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوە لەو سەردەمەدا بەشێوەیەکى زۆر ڕێک دەهات لەگەڵ پێداویستییەکانى سەرمایەدارى نوێدا.

 

  • 1