ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە نێوان دەستنیشانکردنی ئەرکی ناوەندی تێکۆشان و ئەرکی پشتگیری و هاوکاری بەرانبەردا چی بکرێت؟

د. کاوە مەحموود

تێکۆشانی گەلان لە پێناوی ئەنجامدانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان و وەدیهێنانی سەربەخۆیی، و خەباتی نەتەوە جیاوازەکان بۆ وەدیهێنان و دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە نەتەوایەتییەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا، بابەتێکی مێژوویی و بەردەوامە، و ئەو تێکۆشانە بە قۆناغی جۆراجۆردا تێپەڕیوە، کە بەشێک لەو گەلانە سەرکەوتنی تەواوی وەدەستهێناوە و بە شێکی دیکەیان بە چەندین قۆناغی پێشکەوتن و سەرکەوتن و نسکۆ و دواکەوتن تێپەڕیون، بەڵام تێکۆشانیان بەردەوامە.

خاڵی سەرەکی هاوبەش کە سەرجەم ئەو بزووتنەوانە کۆدەکاتەوە، باوەڕبوونە بە ڕەوایی تێکۆشانی ئەو گەلانە لە لایەن سەرجەم هێزەکانی بزوێنەری شۆڕش و جموجۆڵ و بزاڤی ئەو گەلانە، و بەردەوامبوونی ئەم تێکۆشانە و سەرکەوتنی گەلان لە تێکۆشاندا دژ بە کۆلۆنیالیزم و سەرکەوتنەکانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بوو بەهۆی ئەوەی کە لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان و مافی نەتەوە و پێکهاتەکان بنرێت.

پەرەسەندنی ئەم تێکۆشانە بوو بەهۆی گەڵاڵەبوونی چەمکی پشتگیری و هاوکاری گەلان لە تێکۆشاندا لە پێناوی مافە ڕەواکانیاندا، و تا ئەو ڕادەیەی کە لە ماوەی پەرەسەندی بزووتنەوەکانی ڕزگاری نیشتمانی لە جیهاندا، ئەم بابەتە بوو بە پێوەرێکی شۆڕشگێڕی، و دروشمی سەرەکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهان بریتی بوو لە (کرێکارانی جیهان و گەلانی چەوساوە یەکگرن!).

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا سەرەڕای بوونی پرەنسیپی بڕیاردانی مافی چارەنووس وەک بنەمایەک لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دا، بەڵام زۆرجار لە کاتی هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر بزووتنەوە نیشتمانییە ڕزگاریخوازەکان چ لە ئاستی هەڵوێستی دەوڵەتان یان لە ئاستی هەڵوێستی لایەن و حزبە سیاسییەکان بە تایبەتی لایەنەکانی نەتەوەی باڵا و سەردەست، بەوانەشەوە کە لە بەڵگەنامەکانیان باوەڕیان بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان هەیە، بەرژەوەندی سیاسی ئەو دەوڵەتانە لە کاتی خستنە ڕووی بابەتەکە، و بەرژەوەندی و عەقڵیەتی حزبەکانی نەتەوەی باڵادەست کە مامەڵە لەگەڵ بابەتی سەربەخۆیی گەلێک لەو دەوڵەتەی کە بە دەوڵەتی نیشتمانی خۆی دەزانن یان لەو ناوچەیەی کە پەیوەندییەکی شوناس دەیانبستێتەوە، دەکەن، ئەوا هەڵوێستە کردەییەکانیان دژ بە مافی بڕیاردانی چارەنووس دەبێت، و بۆ ئەم مەبەستەش بیانووهێنانەی جۆڕاجۆر زۆرن، لەوانە: ئەو سەربەخۆییە مەترسی لە سەر ئاشتی لەو ناوچەیە و لەو وڵاتە دروست دەکات... و هتد. بیانووی حزبەکانیش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک خاڵی سواو دەخولێتەوە وەک: ئەم سەربەخۆییە پلان و نەخشەی هێزی بیانی و نێودەوڵەتییە...هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە بار نییە.. مافی ڕۆشنبیری و لامەرکەزی و فیدراڵیزم بەرزترین ڕادەی مافی چارەنووسە...دەستوری وڵات بوار بە سەربەخۆیی و جیابوونەوەی نادات. بەم جۆڕە تابلۆی بەربەستبوون لە جێبەجێکردنی ئەم مافە دەگاتە ڕادەی بیانووهێنانەوە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن حکوومەتە سەرکوتکەرەکان دژ بەو گەلە لە لایەن ئەو حزب و لایەنانە، ئەمەش لە ژێر پەردەی جێبەجێکردنی دەستور و یاسا و پاراستنی سەروەری وڵات. لە دوو نموونەی جیاوازدا کە یەکێکیان ئیسپانیایە گوایە دیموکراسی و مافی مرۆڤی تیادا مسۆگەرە، و بەشێکە لە یەکێتی ئەوروپا، و ئەوەی دیکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ کێشە و دواکەوتوویی کە عێراقە، و گوایە گۆڕانکاری تیایدا کراوە و لە دیکتاتۆری ڕزگاربووە، و عێراقی نوێ دروست دەبێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی لە مافێکی ڕەوای گەلانی تێکۆشەر بۆ بریاردانی مافی چارەنووسی خۆیان کرد و تەنانەت دەتوانین بڵێین دژایەتییان کرد، و تێکۆشانی گەلی کاتالۆنیا و گەلی کوردستانی باشوور بۆ بریاردانی مافی چارەنووسی خۆیان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی باڵادەست بە ئایدیۆلۆژیای جیاواز و جۆراجۆرەوە کە ڕاست و چەپی گرتەوە، نەک تەنیا پشتگیری نەکرا، بەڵکو چاوپۆشی لە پەلاماردان و هێرشکردنە سەر ئەم دوو گەلە کرا.

حزبەکانی نەتەوەی باڵادەست چ لە ئاستی یەک وڵاتدا بێت یان لە ئاستی گرووپێک بێت کە ئایدیۆلۆژیا و هزرێکی دیاریکراو کۆیان دەکاتەوە لە ڕوانگەی بنەما سیاسی و خوێندنەوەی خۆیان بۆ هەلومەرجی سیاسی، و دەستنیشانکردنی ئەرک و گوتاری سیاسی خۆیان، داوا لە حزبەکانی نەتەوەی ژێردەست دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی نزیکبوونەوەی هزری لەگەڵیاندا هەیە، کە وەک ئەوان بیربکەنەوە، و هەر وەکو ئەوان مەسەلەی ناوەندی لە تێکۆشاندا دەستنیشان بکەن. گەلی کوردستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژی، و بابەتی هاوبەش لە تێکۆشاندا لەگەڵ گەلانی ناوچەکە کۆی دەکاتەوە. لێرەدا ئەرکی ناوەندی بە نیسبەت حزبی چەپ و مارکسیست لە کوردستاندا تەواوکردنی ئەرکەکانی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیی کوردستانی و ئەرکە چینایەتییەکانە لە چوارچێوەی کوردستاندا، لە کاتێکدا لەوانەیە بەشێک لە حزبە کۆمۆنیستە عەرەبییەکان مەسەلەی فەڵەستین و بابەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەو گەلە بە ئەرکی ناوەندی دابنێن، و هەڵبەتە ئەوەش مافی خۆیانە. 

پێویستە هاوکاری و کاری هاوبەشی چەپ و کۆمۆنیست لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەر بنەمای دەستنیشانکردنی خاڵە هاوبەشەکانی تێکۆشان، و ئەرکەکانی ئەو گەلانە بێت بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و جیاوازی لە دەستنیشانکردنی خاڵی ناوەندی و سەرەکی لە تێکۆشاندا، کە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەو خاڵە هاوبەشانە خۆی لە پشتگیری و هاوکاری یەکتر لە تێکۆشانی گەلانی ناوچەکە دەبینێتەوە بۆ وەدیهێنانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەسەرکردنی چاوگەکانی بارگرژی و هێنانەدی ئاشتییەکی دیموکراسی عادیلانە و پشتگیریکردنی تێکۆشان و ئیرادەی گەلان لە دەستنیشانکردنی چارەنوسی خۆیان، دوور لە دانانی مەرج و سنووری پێشوەخت، کە بە شێوازێکی پراکتیکی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە کاری هاوبەش و پشتگیری و هاوکاریکردنی یەکتر لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و گەشەپێدانی هاوبەش و بەیەکەوەژیان.