ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فیستیڤاڵی شانۆی کەرکووک لە ڕێککەوتی ٢-٥ی ئایاری ٢٠١٩ بەڕێوە چوو. دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکە و کۆی ئەو کەسانەی کاریان بۆ سەرکەوتنى کردووە، دەکەین.

بە دیدگای من فیستیڤاڵەکە وروژاندنێکی باشی بواری هونەری و شانۆ بوو لە شاری کەرکووک دا. شانۆکارانی کەرکووک و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و شارەکانی بەغدا و بەسڕە بەشدارییان تێدا کرد، کە کەشێکی جوانی برایەتی نێوان نەتەوەکانی دەردەخست لە ڕێگەی شانۆوە.

ئەو هەستە بۆ مرۆڤ دروست دەبوو، ئایا سیاسەت کاریگەرترە یا شانۆ و هونەر، بۆ کۆکردنەوەی نێو ماڵەکان، پەیامێکی جوان بوو، بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت کەرکووک بخەنەوە سەر ڕێگا خراپەکەی فیکری شۆڤێنی بەعس!

باشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم فیسیتڤاڵەوە  بیر لە لەگەڕانەوەى کەرکووک بکاتەوە بۆ سەر هەرێمى کوردستان. بەپشتگیرى فیستیڤاڵ و کەڕنەڤاڵى ئەدەبى و شانۆ و مۆسیقا و گۆرانییەوە. ئەزموونی دەسەڵاتی سیاسی ڕابردووی کورد لە کەرکووک دا ئەوەندەی لێکترازان و لێکدوورکەوتنەوەی لە نێوان نەتەوەکان بەرهەم هێناوە، ئەوەندە نەیتوانیوە کاریگەر بێت.

ئەم فیستیڤاڵە شانۆییە بکەینە بیرکردنەوەی داهاتووی حزبی سیاسی کوردستانی بۆ ئەوەی بە جۆرێکی تر لە کەرکووک بڕوانن و خوێندنەوەی نوێ بۆ هەلومەرجی گەڕانەوەى بکرێت.

شانۆ پێى گوتین دەتوانین هەموو بیروڕا جیاوازەکان کۆبکەینەوە لەڕێگەى زمانى جەستە و نمایشى پڕ بەهاى مرۆڤانە شانۆ هەموومانى  کۆکردەوە. پەیامى پێکەوەژیانى پێبەخشین.

لەکۆتایى فیستیڤاڵدا دۆخەکە بەبارێکى دیکەدا کەوتەوە، هەموو ئەوەى ئێمە بیرکردنەوەى خۆمان لەسەر دارشتبوو، پوچەڵکرایەوە. لیژنەى دادوەرى دۆخەکەیان گۆڕى، شانۆکانى بەسڕە و بەغدا هیچ خەڵاتێکیان بەرنەکەوت. منیش لە کۆتایدا دەپرسم؛ تۆبڵێیت شانۆ لەبەغدا و لەبەسڕە لەو ئاستە لاوازەدابن هیچ خەڵاتێک نەبەن؟

  • 1