ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەرگای ژوورەكەم داخست و بەرو ماڵەوە بەڕێكەوتم، لە شەقامێكی سەرەكی وەستام بۆ ئەوەی چاوەڕێ پاس یان تەكسی بكەم بۆ گەیشتنم بە ماڵەوە، لەم كاتە تەكسیەك هات، منیش دەستم لێ راگرت و سەركەوتم، كەمێك ڕویشتین ئۆتۆمبیلكی زۆر لە پێشمان وەستابوو، منیش وتم ئەرێ ئەمڕۆ بۆچی شەقامەكان قەرەباڵغە ؟ كابرای شوفێر وتی: كاكە نەتزانیوە چیبووە؟ منیش لە وەڵامدا وتم نەخێر نازانم چیبوو! وتی حاكمی شار بڕیاری داوە هەرچی شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی ئەم شارە هەیە، دەبێت چاكی بكەنەوە. تومەز كابرای شوفێر هەر وەكو من پەلەی بوو بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگاتە ماڵەوە، وتی: من خۆم تووشی ئەم قەرەباڵغیە ناكەم بە لایەكی تر دەڕۆینەوە، چونكە خۆت دەبینی ئەم شەقامە جمەی دێت لە ئۆتۆمبیل.

كابری شوفێر رێڕەوی خۆی گۆڕی و بە رێگایەكی تر بەرەو ماڵەوە رۆیشتەوە، لە رێگای بەمنی وت: هیچ فایدەی نییە چاككردنی ئەم شەقامانە، چونكە لە ماوەیەكی نزیكدا دیسان وەكو خۆی لێدێتەوە هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو ئەندازیارانەی تیدا كاردەكەن ئامانجیان قازانجە! بەدەم رێگاوە هەر درێژەی بە قسەكانی داو، دیسان وتی: كوڕی قۆز تۆ زۆر بچوكی لە چاومن، من تەمەنێكم هەیە و دونیام لەتۆ زیاتر بینیوە، جاران هەر پڕۆژەیەك جێبەجێ كرابایە و كە تەواو دەبوو، حاكمی شار سەرێكی لەوێ دەداو هەم جەوێكی دەگۆڕی و هەم خۆی حاكم و ئەندازیار بوو، سەیری ئەم شوێنەی دەكرد كە تەواو دەبوو، بەڵام ئێستا هەر بیرشی لێناكاتەوە! 

ئەو شوفێرە تەكسیە زۆر خۆشباوەڕ دیار بوو لە كۆتایی قسەكەی وتی: دیعایەكی زۆر بە قوەتیش هەیە كە دەڵێت، ئەم جارە لە گەڵ رێكخستەنەوەی شار عەدالەتیش دەگەڕێتەوە و ژیانی خەڵكی وەكو خۆی لێدێتەوە، و ئەو كەسانەی كە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خواردنی مافی خەڵكی دەستگیر دەكرێن. منیش بە حكومی ئەوەی نیمچە پۆستێكم هەبوو لە فەرمانگەیەكی حكومی و كەمێیشم لە سیاسەت ئەزانی، وتم كاكی شوفێری تەكسی ئەو مافانە چین كە لە خەڵكی خوراون، وتی: بۆ نمونە، پاداشتی ئەو كرێكارانەی كە دوای تەواو كردنی كارەكانیان موچەیان پێنادارێت و یاخود دوا دەكەوێت و یان نیسك و نۆك و گەنم و زۆر شتیی تر كە ئەوانە هەمووی مافێكی سەرەتایی خەڵكین. بۆیە ئەو كەسانە هەموویان لە پۆستەكانیان دوو دەخرێنەوە و نەك هەر ئەوە، بەڵكو كە دوریشخراوە حاكم وازی لێبهێنت، وتویەتی لە ماڵوەش وازیان لێناهێنم! بۆ ئەوەی تەمبێ و جارێكی تریش كاری خراپ نەكەن. منیش كە گوێی لە قسەكانی كاكی تەكسی بوو، لە دڵی خۆمدا فشەم بە قسەكانی هات، كە گەیشتمەوە نزیك ماڵەوە وتم: تەواو من لێرە دێمە خوارەوە. دواتر بەرەو ماڵەوە ملی رێگام گرت، شەو كە خەوم لێكەوت، لە خەوما پیاوێك وتی هێی هەڵسە لە خەو، منیش وتم قوربان تۆ كێ و چیت لەمن دەوێت؟ وتی من پیاوی حاكمی شارم و هاتوومە دەستگیرت بكەم، وتم ئاخەر بۆ من چیم كردوە تاكو دەستگیرم بكەیت؟ وتی بۆ قسەی كابرای شوفێرت بە فشە وەرگرت، نازانی من بڕیارم داوە عەدالەت و یەكسانی بگەڕێنمەوە بۆ ناو كۆمەوڵگا چیتر جیاوازی لە نێوان چینەكاندا نەكەم هەموو شتێك بۆ هەمووان وەك یەك دەبێت، منیش وتم قوربان داوای لێبووردن دەكەم من مەبەستم گاڵتەكردن نەبوو بە بڕیارەكەی جەنابت، دواتر هەندێ قسەی ترم بۆكرد قەناعەتی بە قسەكام كرد رۆیشت، منیش بۆ بەیانی لە خەوهەڵسام و بەرەو شار بەڕێكەوتم، چونكە هەندێك كارم هەبوو لە فەرمانگەیەكی دەوڵەت، كە چوومە فەرمانگەكە خەڵكێكی زۆر وەستابوو لە سڕە، منیش هەر وەكو خەڵك لە دوایان وەستام، لە پڕ كەسێك هاتوو لە پێش هەموومان چوە ژوورەوە هەموو كارەكانی تەواوكرد كە هاتە درەوە وتم بەڕێزم پرسیارم هەیە، وتی فەرموو، وتی بۆچی لەپێش هەموومان چویە ژوورەوە نازانی حاكمی شار بڕیاری داوە كەس نابێت مافی كەسی تر بخوات! وتی سەیری ئەم نامەیە بكە، كە سەیرمكرد، لە نامەكە نوسرابوو "ئەم پیاوە هەر كارێكی هەبوو بۆی تەواو بكەن، چونكە لەخۆمانە" كە سەیری ئیمزای ئەو كەسەم كرد نامەكەی نوسیبوو، تومەز حاكمی شار بوو، وای لە خەڵی گەیاندبوو عەدالەت دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەمووان ناعەدالەتر بوو. 

 

  • 1