ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێک لەسیما دیارەکانی دەقی ئەدەبی بەگشتی و ڕۆمانیش وەک ژانرێکی ئەدەبی بەتایبەتی، ئەوەیە کە دەکرێ لە کڵاوڕۆژنەی جیاوازەوە و هەر خوێنەرێک بەپێی دنیابینی و ئاستی چێژوەرگرتنی لە دەقەکە، بیخوێنێتەوە. بەتایبەتیش کە هەندێک ڕۆمان بە ئەندازەیەکی زۆر لای خوێنەران جێگەی چێژ و خوێندنەوەن. بێگومان تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و دەبێ ڕەخنە بکرێت و ڕەتبکرێتەوە ئەوەیە کەسانێک کاوێژی نووسینی نووسەرانی تر بکەنەوە بەهەندێک ئارایشتی سادەوە کە ڕەهەندە ماناییەکەی ناشارێتەوە. یاخود بیرۆکە و دەستەواژە و دەربڕینەکان، بەهەندێک دەستکارییەوە وەربگرێت و بوێری ئەوەشی هەبێت ناوی لێبنێت خوێندنەوەی ڕۆمان، یان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کە بەداخەوە خەریکە وەکو شیعر هیچ سەنگ و بەهایەکی مەعریفی و ڕەخنەیی نامێنێت، چونکە کەسانێک بە پاشخانێکی لاوازەوە و لەپەراوێزی هەندێک وتاری سادە و ساکارەوە، بەناوی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، وتار دەنووسن.

ڕۆمانی لەمەککە یەکێکە لەو ڕۆمانە دیارانەی ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوبووەوە، کە ڕۆمانێکی سەرنجڕاکێشە و بەشێکی زۆری خوێنەرانیش خوێندوویەتیانەوە، کە هەندێکیان لەبارەی ڕۆمانەکەوە، وتاریشیان نووسیوە. لەو سۆنگەیەشەوە ئێمەش وەکو خوێنەرێک لەژمارە (1144ی ڕۆژی 9-10-2018) وتارێکمان بەناوی (حەجکردنێک بەخەیاڵ لەڕۆمانی لەمەککە) لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) بڵاوکردەوە. بەڵام دوای چەند مانگێک لە پاشکۆی (ئەدەب و کلتووری) هەفتەنامەی ڕووداو ژمارە (108لە 11-3-2019) وتارێکی (بۆتان لەتیف) ناوێکمان بینی، کە بەناوی خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانەکە نووسیویەتی. کاتێ وەک خوێنەرێک ئەو وتارەم خوێندەوە، بەداخەوە هەستم بەوە کرد کە ناوەڕۆکی ئەم وتارە، دەق لەو وتارەی پێشووتری من وەرگیراوە بەهەندێک دەستکارییەوە. بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان دا، لەلایەکەوە لەبەر زۆری چاپ و بڵاوکردنەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆربوونی کۆلکە نووسەر، بەلێشاو نووسین بڵاو دەکرێنەوە. بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندن و سانسۆر و ڕەتکردنەوەیەک هەبێت لەلایەن بەشێک لە ڕۆژنامەکانەوە. لەکاتێکدا دەبێ سەرنووسەری بڵاوکراوەیەک هێندە بەدواداچوونی هەبێت کە ئەگەر بابەتێک پێشتر لە شوێنێک بڵاوکرابووەوە، ئەوا ئەوان لای خۆیان بڵاوینەکەنەوە. چونکە شەرمێکی گەورەیە ڕۆژنامەیەک بابەتی پێشووتری ڕۆژنامەیەکی دیکە بڵاو بکاتەوە و دەرفەت لەبەردەم بنووسەکان بڕەخسێنێ، بابەتی کەسانی تر کۆپی بکەن. بەداخەوە ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەگەر کەسانێک دزی ئەدەبیش بکەن، یاخود کاوێژ و کۆپی نووسینی نووسەرانی تریش بکەنەوە، ئەوا بۆیان دەلوێت و دەچێتە سەر. چونکە لەنێو نێوەندێکی گەڕەلاوژێی نووسینی لەو شێوەیەدا، کێ بەپێویست دەزانێت لەسەر وتارەکان بوەستێت و بەراوردی یەکتریان بکات. یاخود بەدوای سەرچاوە ئۆرگیناڵەکەی دابگەڕێت. ناکرێ کەسانێک نووسینی کەسانی دیکە کاوێژ بکەنەوە، لەپەراوێزی ئەمەشەوە هەوڵبدەن ببنە نووسەر. بێگومان دەبێ دڵنیا بن کە بەو ڕێگەیە نابنە نووسەر و پێویست بەوە ناکات خۆیان ماندوو بکەن. ئێمە بۆ ئەوەی بە دەق بیسەلمێنین کە ئەو بەڕێزە وتارێکی ئێمەی کۆپیکردۆتەوە، دەقی پەڕەگرافەکان و دەربڕینەکان دەنووسینەوە، ئیدی دادوەری بۆ خوێنەرانی ئەو هەفتەنامە سەنگینە جێدێڵین.

من لەوتارەکەمدا کە لەسەرەوە ئاماژەم بۆ سەرچاوەکەی کردووە نووسیومە: (بۆیە ژنەکەی و مەحبوبەی خوشکی ئاگادار دەکاتەوە کە شابانووی دایکی هەراسان نەکەن و ڕەچاوی باری سایکۆلۆژی و هزری بکەن)، بۆتانیش لەوتارەکەی خۆیدا کە لە ئەدەب و کلتوور بڵاویکردۆتەوە دەنووسێت: (بۆیە داوا لەخێزانی و خوشکی دەکات بەپێی هەستی دایکیان بجوڵێنەوە و بێزاری نەکەن). من لەوتارەکەمدا نووسیومە: (دایکی تووشی نەخۆشی خەڵەفان بووە بۆیە بۆ ئەو سەختە کە شەش سەعات بەفڕۆکە گەشت بکات و بچێتە لای کوڕەکەی لەهۆڵەندا). کەچی بۆتان لەوتارەکەیدا ئەمەی نووسیوە: (دایکی پیر و کەنەفت بووە توانای بڕینی ڕێگای دووری نییە تاکو بچێتە ئەمستردام). من لە وتارەکەمدا نووسیومە: (بۆیە ئەو ڕۆژە ڕێککەوتی ڕۆژی مردنی شێخ زایدە و هەزاران کەس لەژن و پیاو بەجل و بەرگێکی سپی تایبەتەوە دێنە ناو مزگەوتی شێخ زایدەوە). بۆتانیش لەوتارەکەیدا نووسیویەتی: (وا ڕێک دەکەوێت ساڵیادی کۆچی شێخ زایدیش دەبێت، خەڵکێکی زۆر لەگەشتیار و شوێنکەوتوو ئاپۆڕای خەڵک بەجلی سپی دێنە مزگەوت). من لە وتارەکەمدا نووسیومە: (کە دایکی بەو پۆشاکە سپییەوە لەمزگەوت دێتە دەرەوە واهەست دەکات حەجی کردووە). بۆتانیش لەوتارەکەیدا نووسیویەتی: (ئیدی لەخەیاڵ و بوخچەی دایکە شابانوو ئێرە مەککەیە). من لە وتارەکەمدا نووسیومە: (بەڵام بەداخەوە دایکی تووشی نەخۆشی خەڵەفان بووە). بۆتانیش لەوتارەکەیدا نووسیویەتی: (دایکییان تووشی نەخۆشی لەبیر چوونەوە و خڵەفان بووە). تەنانەت وشەی خەڵەفانیشی بەهەڵە نووسیوە. من لەوتارەکەمدا نووسیومە: (تا ڕۆژێکیان بەڕێککەوت دایکی لەپەنجەرەی هوتێلەکەوە سەیری بیابان دەکات و مەککەی بەخەیاڵ دادێت). ئەویش لەوتارەکەی خۆیدا کە لە ئەدەب و کلتوور بڵاوبۆتەوە نووسیویەتی: (دایکی لە هوتێل لەپەنجەرەوە دەیڕوانیە بیابان و وێنای مەککەی دەکرد). من لەوتارەکەمدا نووسیومە؛ (چێژم لەخوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە بینی هەرچەندە ڕۆمانێکی سادە و ساکاریشە). بۆتانیش لەوتارەکەیدا نووسیویەتی: (بەگشتی ڕۆمانێکی خۆش و بەتام و چێژە بەزمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە). من لەوتارەکەمدا نووسیومە: (ڕۆماننووس باس لە ململانێی ئێران و وڵاتانی کەنداو دەکات). بۆتانیش نووسیویەتی: (ئەم ڕۆمانە بەریەککەوتنی ململانێی فارس و عەرەبە). من لە وتارەکەمدا نووسیومە: (خوێنەر کە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە واهەست دەکات بەکوردی نووسراوە). ئەویش لەوتارەکەیدا نووسیویەتی: (بەزمانێکی کوردی جوان نووسراوە). بێگومان زۆر دەربڕینی دیکەش ماون کە ئێمە ئاماژەیان پێ نادەین و هیوادارم خوێنەران خۆیان هەردوو وتارەکە بخوێنەوە و بەراوردی یەکتریان بکەن. دواجار دەڵێم مەبەستمان لە نووسینی ئەم بەدواداچوونە، شکانەوە و ڕووشاندنی هیچ کەسێک نییە. بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە، ناکرێ کەسانێک لەسەر هەوڵی خوێندنەوەی کەسانی تر بۆ ڕۆمان یان هەر ژانرێکی دیکە، خوێندنەوەی دیکە بکەن و بەناوی خۆشیان بڵاویبکەنەوە. من ئەم وتارەم (پێنچ مانگ و دووڕۆژ) بەر لە وتارەکەی بۆتان لەتیف نووسیوە و بە سوپاسەوە (ڕێگای کوردستان)یش بڵاوی کردۆتەوە. بەڵام کەسێکی تر دێت وتارێکی دیکە دەنووسێت و بیرۆکە و دارشتن و دەربڕینەکانی وتاری نووسەرانی تر ئارایشت دەکات، بێگومان مافی خۆمانە لێی بێدەنگ نەبین. ئامۆژگاریشم بۆ ئەدەب و کلتوور ئەوەیە، بابەتی کۆپیکراوی نووسەرانی تر لە ژێر هیچ پاساوێک بڵاونەکاتەوە.

*تێبینی/ ئەم بەدواداچوونە وەک نەریتێکی نووسین، بۆ ئەدەب و کلتووری ڕووداو نێردراوە، بەڵام سەرنووسەری هەفتەنامەی ڕووداو پێی گوتم کە ئەو وتارە بڵاوناکاتەوە. بەداخەوە ئەمەش دەرفەت لەبەردەم کەسانی تر زیاتر دەڕەخسێنێ کۆپی وتاری نووسەرانی تر بکەن و بۆشیان بچێتە سەر. بەو پێەی ڕەنگە ڕۆژنامەی تر هەبێت بۆیان بڵاو بکاتەوە..

  • 1