ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کابینەی نۆیەم پاش نۆ مانگ پێک دێت

حکوومەتی نوێ ململانێی لە نێوان حزبەکان و لەناوخۆی حزبەکاندا زەقتر کردەوە

 بە پێچەوانەی چاوەڕوانی و بانگەشەکانی هێزی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دواکەوت و هێزی براوەی هەڵبژاردن و ئەوانەیش کە لە پێش هەڵبژاردنەوە بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەتیان دا بوو، تا ئێستا نەیانتوانیوە کابینەکەیان ڕابگەیەنن و کابینەی نوێیش ململانێیەکانی لەنێوان حزبەکان و لەناوخۆی حزبە بەشدارەکاندا زەقتر کردووەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند؛ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ درێژە دەکێشێت، بەوەش نزیکەی نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا تێپەڕ دەبێت.

دزەیی هۆکاری درەنگ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بۆ درەنگ سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم دەگێڕێتەوە؛ "دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێم، سه‌رۆكی هه‌رێم کاندیدی دەستنیشانکراو ڕادەسپێرێت بۆ پێهكێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌ت ماوه‌ی یه‌ك مانگی له‌به‌ر ده‌سته‌ و ده‌كرێت زووتریش كابینه‌كه‌ی پێك بێنێت و به‌ بۆچوونی ئێمه‌ له ‌ناوه‌ڕاستی مانگی شه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م پێك دێت".

دوو هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هەموار کردەوە و دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کردەوە، بەپێی ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان پارتی و گۆڕان و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستەی حکوومەت و جێگری سەرۆکی پارتی، کاندیدی هاوبەشی هەرسێ لایەنەیەکە بۆ سەرۆکی هەرێم.

ئەو لێدوانەی گوتەبێژەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە مانگی حوزەیراندا، لەکاتێکدا دێت کە لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە و ئەگەر چاوەڕوانییەکەی دزەیی بێتە دی، کابینەی نۆیەم لە نۆ مانگی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕادەگەیەنرێت.

لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دا، پارتی دیموکرات زۆرترین کورسی مسۆگەر کرد، بەدوای ئەویشدا هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بە جیاوازییەکی زۆر لە ژمارەی کورسییەکانیان، براوەی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنەکە بوون، هەرسێ حزب ڕاستەوخۆ ئامادەیی و بەشدارییان لە پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاگەیاند.

چەندین گەڕی دانوستان و کۆبوونەوە لە نێوان هەرسێ لایەنەکە بەڕێوەچوون، پارتی ڕێککەوتنی بەجیای لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان کرد، سەرەڕای جیاوازیی هەردوو هێزەکە لە داواکارییەکانیان پێوەست بە پشکەکانیان لە حکوومەتی نوێ دا، بەلام هیچ کام لە بەشداربووەکانی حکوومەت پێداگیرییان لەسەر هیچ خاڵێکی گرێدراو بە بەرنامەی حکوومەت نەکرد. نەبوونی هیچ سەرنج و پرۆژەیەک بۆ کارنامەی حکوومەت، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا، بەزوویی کابینەی نوێ لەنێوان لایەنە براوەکاندا ڕابگەیەنرێت، بەڵام ململانێ لەسەر دەستکەوتنی زۆرترین پشک و پۆست، پێکهێنانی کابینەکەی زۆر درەنگ خست.

پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە، مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەت دەستنیشان کردووە، بەوەش نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی حکوومەت لادەچێت، بەڵام ئەو بەهەمان شێوە دەستنیشانکراوی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان و یەکێتی تاکە کاندیدێکی هاوبەشییانە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.

ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پلە و پشک لەکابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمدا، لە دوو ئاستدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئاستی یەکەم ململانێ لە نێوان حزبە بەشداربووەکانی حکوومەت و ئاستی دووەم ململانێ لەناوخۆی هەریەک لەو حزبانەدا و ئەوەی پێوەستە بە خواستی کوتلە و کارەکتەرەکانی سەربەخۆیان بۆ وەرگرتنی پشکی بڕیارلێدراوی حزبەکە لە حکوومەت دا.

سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان حزبە بەشداربووەکان لەمەڕ پۆست و پشکەکانیان، کە سەرکردایەتی باڵای حزبەکان لایەنی بڕیاردەربوون تیایدا و بەشێوەیەک لە شێوەکان توانیویانە بە جۆرێک لە ڕێککەوتن لە نێوان خۆیان بگەن، بەڵام ئەو هێزانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ململانێ ناوخۆییەکەیان تێپەڕ بکەن، کە دیسان گرێدراوە بە خواستی کوتلە و کارەکتەرە باڵادەستەکانیان لەسەر لەدەستگرتنی پۆست و پشکەکان لە بەرژەوەندی خۆیان دا. ئەوەش جارێکی تر وایکردووە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ درەنگ بکەوێت، لەکاتێکدا کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان لەناو هەریەک لەو حزبانەدا و بەپێی سروشتی بەڕێوەبردن و بێگەی سیاسییان، دۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە، پەلەکردن لە دروستکرندی هەندێک بڕیار لە حکوومەتی ئێستەدا لەمەڕ پارتی، زەقبوونەوەی کێشەی باڵەجیاجیاکانی یەکێتی و لەولایشەوە قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان کە خۆی لە کێبڕکێی باڵەکان بۆ پچڕینەوەی پشکی حزبەکە لەلایەک و لەلایەکی دیکە دەرکەوتنی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لە ئاست جەماوەر و کادیرانی ناوەندی حزبەکە بەرانبەر بە سەرکردایەتی حزبەکە کە بڕیاری لەسەر شێوەی بەشداریکردن لە حکوومەتە نوێیەکەی دەرکردووە، دەبینێتەوە.

  • 1