ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەواقیع کردنی ئەو وەهمەی کە هەموو ماڵێک دەبێ بڕوانامە و خوێندکاری هەبێت، بەو مانایەی کە مادام کارەکتەری خانەوادەکان ڕێگە دیارەکەی زانستیان گرتووە، کەواتە ماڵ و خانەوادەیەکی مۆدێرنن، ئەم وەهمە هێندە ڕیالێتی وەرگرتووە، چونکە لەزەین و لەپراکتیکدا نادیارە، هێندە بیری لێنەکراوەتەوە چۆن و لەچ ئاستێکدا کۆمەکی بە کۆمەڵگە کردووە. چونکە وەهمەکە کارێکی کردووە ئەوەی لەفۆڕمی ژیانی ڕۆژانەدا دەبینرێت، بەدیوەکەی تردا نابینرێت کە پرسیارە لە ئەنجامی بەرهەمەکەی کە نادیار و نابینرێت، پەنابردن بۆ دوعا و نوشتە لەلایەن خوێندکارەوە بۆ دەرچوونیان لە زانکۆ، هەروەها بۆ غافڵگیرکردنی کوڕان لەلایەن کچانەوە، وەهمی بڕوانامەی کردووە بە ویستێکی گشتی بۆ خانەوادەکان، بۆیە پشتگیری لێدەکەن.

ئەم چیرۆکی واقیعییە و لەسەر مامۆستایەکی زانکۆ بیستراوە کە لەگەڵ فاڵچی و پیاوە خورافییەکان قسەی کردووە، لەڕاستیدا ئەم کێشەیە لەزاڵبوونی گوتاری ئاینی بەسەر کۆمەڵگەدا لەلایەک، لەنەبوونی ئازادی تاکەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە لەبری پەنابردن بۆ زانست لەنادیاردا، پەنا دەبەنە بەر خورافیات، ئەمە ئەو ئاکتەیە کە لەزاری فاڵچی و پیاوانی ئاینی و جەهلەوە دەیزانین و ئاگادارمان دەکەنەوە لەو مەترسییەی کە زانکۆ بەدیوە کۆمەڵایەتییەکەی بەرهەمی هێناوە و لەڕووی زانستییەوە ڕێگەی لێناگیرێ، چونکە هێزێکی باڵاتر لەهێزی تاکگەرایی و عەقڵباوەڕی فەزا کۆمەڵایەتییەکە بەڕێوەدەبات، ئەویش پشتگیری کردنی خورافەیە لە زانست بەخاتری پەردەپۆشکردنی کەلێنە مەترسیدارەکان کە ئاکار دروستی کردوون. 

بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانەی کە تاڕادەی زانکۆ بەردەوام دەبن لە خوێندن، پەیوەندیی بەو فەزا ئازادەوە هەیە کە خۆیان بۆ خۆیان دابینیانکردووە، نەک ویست و عیشق بۆ مەعریفە، چونکە ئەوەی لەزانکۆکان دەگوزەرێت بەناوی ئازادییەوە، بەتایبەتی ئەو کچ و کوڕانەی غەریزە زیاتر پاڵیان پێوەدەنێ نەک زانست، هەروەها ئەو داتا نادیارەی کە ئاشکراکردنی زەحمەتە لەلایەن فاڵچی و پیاوە ئاینییە جاهیلەکانەوە بەرانبەر بە چارەنووسی گەنجانی خوێندکار، دادگایی کردنی بە پرسیاری چۆن و چیییەتی زانکۆ، هەڵایسانێکی هەمەلایەنە دروست دەکات کە هەم ئابووری و هەم ئەخلاق و ئاین و سیاسەتیش زیانی لێدەکات، بەو پێیەی کە ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی هەموو گەنجان بکەین، ئایا بۆچی هێندە ملکەچی غەریزەی سێکسین و گەرەکیانە بگەنە قۆناغی پێکەوەژیانی کاتی، ئەویش لەڕێگەی زانستی درۆیینەوە و بەپاڵپشتی فاڵگرتنەوە برەوی وەرگرتووە، ئەم داتایە باوەڕپێکراویش نییە، چونکە لەنادیاردا خۆی بەرهەم دێنێتەوە لەزەینی کچ و کوڕدا، هەروەک چۆن ئەو حاڵەتانەی کە دواتر دەبنە دیاردە، بەنادیاری دەمێننەوە کە وەهمێکە بەناوی مەعریفەوە دروستکراون. 

  • 1