ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەجمەدین فارس

دیموکراسی بۆرژوازی

کامڵترین بەرگی

سیاسی سەرمایەداری یە

 

بەشی یەكەم

 

پێشەکی چاپی دووەم

پرسی ووتەزاو و سیستەمی دیموکراسی، ناوەڕۆکی پەیوەندی و پرۆسیس کردنی لەسیستەمە جیاوازەکانی ئێستای سەرمایەداریدا، بەگرنگم زانی جارێکی تر، بەدەستکاریەکی کەم لە چاککردنی هەندێک ووشەو زیادکردنی چەند ڕستەیەک، دووبارە بڵاویبکەمەوە . 

لەکاتی خۆیدا، مەبەستی من زۆرتر لە نووسینی ئەم پەرتۆکە، ڕووی نەشتەری ڕەخنەم ئاڕاستەی ناوەڕۆکی سیستەمی دیموکراسی بۆرژوازی و سەرمایەداری و ناوەڕۆکی لیبراڵیانەی بکەم . بەکارهێنان و هێنانەوەی هەندێک لە تێڕوانینی چەپی ووردەبۆرژوازی مووتوربەکراو بەلیبرالیزم، بۆئەوە بووە لەیەککاتدا ڕەخنەو توێکاری هەردوو ناونیشانەکەی دووڕووی سیستەمی لیبراڵی بکەم .

(( پێشەکی چاپی یەکەم))

لە کاتێکی زۆر لەوەو پێشەوە دەمویست ئەو نووسینەی لەبەر دەستدایە .بخەمە سەر ڕووی پەڕەکانی نووسراوێک . بەڵام کات خەریک بوو دەی بڕین، بە هەر حاڵ ئێمە کاتمان بڕی و توانیمان، ئەم نووسراوەیە، لە منداڵدانی فیکری ئێمەدا لە دایک ببێت .

ئەم نووسراوەی کە چەند موچوعی لە خۆگرتووە و چەند سەرباسێکی هەیە، بەڵام هەر هەموویان لە دەرگای یەک ناوەڕۆک دەدەن قسە لەگەڵ یەک واقعدا دەکەن و لەگەڵ یەک تەواوکەری یەکن و یەک واتا دەگەیەنن . کە دیموکراسی بۆرژوازی، دەخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنەی دیموکراسی پرۆلیتاریاوە، بێ گومان ئەو بەکارهێنانەی کە بەناوی (دیموکراسی پرۆلیتاریا)وە بەکارهاتوون، بۆئێمە یەک واتای هەیە لەگەڵ (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا)چونکە دیموکراسی خاسیەتی دەسەڵاتی چیناییەتی یە . ئیتر هەر پێناسێکی تری بۆ بکرێت، لە لای ئێمە بێ بەهاو ڕیاکارانەیە .

ئێمە تەنها دوو نوسراومان ڕەخنە کردووە، کە بووەتە جێگەی نیشانەمان و تیری خۆمانی تێ دەگرینە سەرمایەداری و سیستەمەکەی . واتە لە لایەک لەگەڵ ئەو بۆچوونە ئانارشیستانەیەی ووردە بۆرژوازی و کردەی فێڵبازیانەیان، کە بە جۆرێکی نوێ و بە ئەداتێکی تر، دەیەوێت قسە لەگەڵ دیموکراسی پرۆلیتاریا و هاوتای دیموکراسی سەرمایەدارانی بکات . لە لایەکی تریش هەموو لایەنەکانی سیستەمی سەرمایە داری یان خستووەتە ژێر ڕەخنەوە .

هەموو ئەم ڕەخنانە لە دیموکراسی سەرمایە داری جزئی ڕەخنەی (کل) مانە لە سەرمایە داری و بزووتنەوەی بێچووەکانی. واتە قسەکردنمان لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری و بزووتنەوە فکری یەکانی تری ووردە بۆرژوازی، تەنها کار و هەموو کارمان نی یە . ئێمە ڕەخنەمان لە هەموو لایەنەکانی سەرمایەداری هەیەو لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتەو بزووتنەوە جیاجیاکانیشیان، تەنها لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا بەرجەستە دەبێتەوە . با هەموو بەشەکانی ترو باسی گرنگی تر هەڵبگرین بۆ ناو نووسراوەکە...

بەشی یەکەم

(( خەڵک چێتی و دیموکراسی))

خەڵک بە مانای تەواوی ووشەکە، هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵ ئەگرێتەوە، کەواتە خەڵک، تەنها یەک چین ناگەیەنێت، مانایەکی فراوان و دەلالەتێکی گشتی ترو هەمەلایەن تری لە یەک گروپی ناو کۆمەڵ دەگەیەنێت . هەروەها خەڵک پێکهاتەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتیەهەموو کۆمەڵگا بە خاس و خراپیەوە دەگرێتەوە، لە هەموو دیدگا و بۆچوونەکان و بزووتنەوە جیا جیاکانیش، پێک دێت . کە هەر گروپەو هەروەها یەک بەیەکی تاکەکانی، بە دوای داواکاری و بەرژەوەندی یەکانی خۆیانەوەن . واتە بۆ ئێمە بزاوتی خەڵک بێجگە لە مانا گشتیەکەی، کە بزووتنەوەی دژی بزووتنەوەی چێنی کرێکار نەبێت هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت . کەواتە بیر و بزاوتی خەڵکچێتی لەم قۆناغ و سەردەمە، بێجگە لەوەی بۆ پەردەپۆش کردن و دژایەتی دیدو بۆچون و لێکدانەوەکانی بزاوتی چینایەتی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی ئەم قۆناغ و سەردەمە نەبێت هیچی تر ناگەیەنێت . هەروەها ئاوەزی دیموکراسی لە لای خەڵکچیەکان، ئاوەزی بۆرژوازیە، بەشێوەیەکی شاراوەو دیماگۆجیانە، پەیڕەوی ئابوری، کۆمەڵایەتی سیستەمی سەرمایەداری، لە سەردەمە جیاجیاکانی پێش سەرمایەداری،بەباشتر و چاکتر لە قەڵەم ئەدەن . دیموکراسی بۆرژوازی، خۆشی بێجگە لەوەی کە پڕە لە کارەسات و سنوردارکردنی ئازادی وماف وچۆنێتی پرۆسیس کردنی ژیان و ئیش و کارەکانی چینی کرێکار، لە چوارچێوەیەکی بەر تەسکی کارکردن و بڕینی نەفەسی بزووتنەوەکەی و جووڵانەوەی سەربەخۆیان . دیموکراتیکانە چینی کرێکار ئەتوانێت، بژی یان نەژی . هەڵبەت مەبەستم لە ژیان، ئەو جۆرە ژیانە کولە مەرگیەیە کە لە ڕێگەی کرێیەکی کەمی کارەکەیەوە، دەستەبەری دەکات . لەبەرئەوەی مرۆڤی کرێکار بەدەر لەوەی لە چوارچێوەی کارکردندا، دەرڤەتی لە بەردەم بڕاوە، تا بتوانێت لەگەڵ بزووتنەوەکەشی دا بە ئازادی کار بکات . ئەوە ئەو بزووتنەوە فکری و سیاسیەیە کە غەرقی بێ ئاسۆیی بووە و بە شان وباڵی دیموکراسی بۆرژوازیدا هەڵ دەدات و لە چاو هەندێک، لە دەوڵەتی پۆلیسی و عەسکەرتاریەتدا بە باش و گونجاوی دەزانێت . ئەمە بێجگە لە جۆرێ لە دڵخۆش بوونی کۆمەڵێک ئینسان نەبێت بە دیموکراسی بۆرژوازی، تابتوانن لەو ڕێگەیەوە دەرگا بۆ بۆگەناوی بیروبۆچوونەکانیان بکەنەوەو مەلە لە گۆمی لیتەی ڕڤیژنیزمدا بکەن و دەست لە ملانی ئامانجەکانی ئەو ڕەوتە بن، لەگەڵ هەندێ لە بڕواو بۆچوونەکانی تری دەرەوەی مارکسیزم، دژایەتی خەبات وتێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاری لەم سەردەم قۆناغە پێبکەن، بەهۆی پیادەکردنی بۆچوونی ڕیاکارییانەیان، دڵسۆزی نواندنی خۆیان بۆبۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی بنوێنن . پێم باشە لێرەوە بەشێک، لەو بۆچوونە ڕیاکارییانەی چەپی ووردەبۆرژوازی بهێنمە بەر دید و بۆچوونی ئێوە و نەشتەری ڕەخنەی خۆمانی ئاڕاستە بکەین و بنکۆڵی جەستەی هزری ئەو توێژەی ئەڵقە لەگوێی و دیووی ئەودیوی سەرمایەداری و بیری بۆرژوازی بکەین . لێکۆڵینەوەو نوسین و دواندنی ئەجۆرەبیرکردنەوانە لەپێناوی کوتانی هەردوو دیوەکەی سەرمایەداریە . دەرخستنی ڕووی دزێوو خزمەتکارانەی ووردەبۆرژوازییە بە سەرمایەداران . بەهەردووکیشیان هەوڵی لەناوبردن و سەرکوتکردنی خەبات و تێکۆشانی بزوتنەوەکرێکاریەکانیان گرتووەتە ئەستۆ . 

لێرەوە دەست پێدەکەین، تیایدا لیبراڵ ئانارشیست، لە چاوپێکەوتنێکدا، کە لە ژێر( دیموکراسی : لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا ) بڵاوکراوەتەوە لە لایەن (دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ح . ک . ک .ع ) وە . دەیەوێت دیماگۆجیانە، ناوەڕۆکی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا،بەدیمکراسی بۆرژوازی بچوێنێت ئەگەر هەرکاتێک پێوویستی کرد، کاریگەریەکانی لەسەر کۆتایی هێنان بەسیستەمی سەرمایەداری بێ بەها بکات . لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری (یەکەم) دا ئەڵێت {(بە هەر حاڵ دیموکراسی، بەو مانایەی کە دەڵێن ئەمڕۆ سەرکەوتووە، دژایەتی نییە لەگەڵ تێزی زوڵم و سەرکوت، بەڵکو تەنها بە مانای بوونی جۆرێک لە ئەنجوومەنی، سەرتاسەری نوێنەرانە لەسەر بنچینەی هەڵبژاردنێکی گشتی ( مەرجیش نی یە هەڵبژاردنێکی ئازاد بیت ) . ئەمە بێگومان لە حوکومەتی ئاشکرای سوپا و پۆلیس باشترە چونکە ئیدعای بۆرژووازی ئازاد بوونی کۆمەڵ چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی فکری یەوە تا ڕادەیەک ئازادی بۆ چینی کرێکار و توێژە ستەم دیدەکان و لایەنگرانی ئازادی فەراهەم دەکات . بەڵام ئەمە تا ئەو ڕادەیە نی یە کە شایەنی سەماو هەڵپەڕکێ بێت . ل٣ ( منصورحیکمەت، دیموکراسی لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )} . لەم پەرە گرافەی سەرەوەی لیبراڵ ئانارشیستەدا، ئەوە دەبینرێت کە دوو دەڕبڕینی جیاوازو دژبەیەکی تێدایە . لە لایەک دیموکراسی ئیتر نازانرێت ئەم دیموکراسی یە، کام دیموکراسییە، کە یەکسانە بە سەرکوت و زوڵم و زۆر، لە لایەکی تریشەوە، هەندێک لە ئازادی فەراهەم دەکات بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوە سیاسی و فیکرییەکەی . ناوەڕۆکی ئەم تێڕوانینە ئەوە دەگەیەنێت، دەیەوێت بڵێت دیموکراسی بۆرژوازی، خراپیشەو خراپیش نییە . بەپێی ناوەڕۆکی تێئوری و پراکتیکی دیموکراسی دەربڕینێکی هزریە بۆ پرۆسێسێکی دەسەڵاتی چینایەتی، ئەمەش بەپێی ئەو چینەی لەدەسەڵاتدایە، دیموکراسیەکەی هەڵگری ناوەڕۆک و خواست و وویست و بەرژەوەندی ئەو چینەیە . دیموکراسی بۆرژوازی، دیموکراسی دەسەڵاتی بۆرژووازیە، بە هەر شێوەیەک بۆی بلوێ و بۆی بکرێت، دەیکات و کردویەتی بە هۆی پارێزگاری لە بەرژەوەندیە ئابووری کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتەکەی و سەرکوتی چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی پێ دەکات . ئەو دیموکراسییەی لە ڕۆژهەڵاتدا، بە زەبری دارو شەلاق پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی پێدەکات و ئەو دیموکراسییەی کە لە ڕۆژئاوادا هەیە، لە ڕێگەی ئەلکترۆنەوە، چاودێری چینی کرێکار وبزووتنەوەکەی پێ دەکات، هیچ کام لەمانە، لە یەکتری جیاوازنین، لە سەرکوت کردن و پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتی سەرمایەداری . هەر کاتێک چینی کرێکار لەپێناوی ماف و داخوازیەکانیان هەر ڕێپێوانێک کە لە ئەورووپادا دەکرێت یان لە ئەمریکای خوارو سەروو، بە هەر بۆنەیەکەوە بێت، چاودێری کردنیان لە لایەن پۆلیس و دەزگا جاسوسی یەکان و سیخوڕە ئەلکترۆنییەکاندا . لەپێناوی سنووردارکردنی هەر ناڕەزایەتیەک، بە چوار دەوریاندا خول دەخۆن، تا ڕێپێوانەکان، لەچوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی سەرمایەداران نەچێتە دەرەوە . واتە دەرنەبڕینی ئازادانەی کرێکاران، لە ڕێپێوانەکاندا، سیمای دیموکراسی سەرمایەداریە لە هەر سیستەمێکی دوواکەوتوو یان پێشکەوتوویدا بێت . چ جیاوایەکی هەیە لەگەڵ ئەو دیموکراسییەی کە لە دەووڵەتە میلیشایی وملیتاریستەکانی ڕۆژهەڵات و ئەفەریقا دا، بە زەبری توندو تیژی و دارو شەلاق و چەکی پۆلیس بڵاوەیان پێ دەکەن و نایەڵن بگەنە دوا مەنزڵگایڕێپێوانەکەیان، یان هەر نایەڵنڕێپێوانەکان بە جێ بگەیەنن . لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە جیاوازی چییە لە نێوان ئەو دیموکراسییانە لە ووڵاتە جیا جیاکاندا، بۆ چینی کرێکار؟ بێ گومان، بەبڕوای من هیچ جیاوازیەک نیە، چونکە هەردووکیان لە ڕێگای دوو میکانیزمی جیاوازەوە نایەڵن داخوازی و پرنسیپی ڕێپێوانەکان بە ئامانجی خۆیان بگەن . لەوانەیە ئەمە بۆ کەسێک ڕاست بێت کە بیەوێت دڵی خۆی و دەووروبەری پێ خۆس بکات و جیاوازیان لەنێواندا بکات . لەڕاستیدا ئەوەی کە لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین و ئەفەریقادا، دژی بزووتنەوە کرێکارییەکان و هەڵسووڕانیان دەگیرێتەبەر و تەنگەبەر دەکرێت . ئەبێ لە ئەوروپای دیموکرات مەسیحییەکان و ئەوروپای ڕاسیست چییەکان، سکۆلاریستەکان و دیموکرات وپارێزگاران و پارتی بەناو کرێکاران بەناوەڕۆک لیبراڵ،لە ووڵاتانی ڕێگری نەشونماکردنی ڕێکخراوەی کرێکاری و کۆمۆنستی، هەموو ئەو ناونیشانە جیاوازانەی دەوڵەتان، جیاوازیان چی بێت !؟ هەڵبەت لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا، ووڵاتەکان و دیموکراسی یەکەیان، بە هۆی جیاواز جیاواز بەرەنگاری نەشونماکردنی ڕێکخراوە کرێکاری وکۆمۆنستییەکان دەکەن و ناهێڵن درووست ببن و چالاکی ئەنجام بدەن . ئەوان ڕێگە بە بزووتنەوەی فمینیستی ژنان دەدەن، لەبەر ئەوەی دەتوانێت بە دڵخوازی سەرمایەداری و نیزامەکەیان، هاوکاری ژنان و پیاوان لە بزووتنەوەکانیاندا تێک بدەن و مەسەلەی بێ مافی ژنان ویان هەر چەوسانەوەیەک کە هەبێت لەسەریان بە تاوانی پیاوانی بەرامبەریان لە قەڵەم بدەن، سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری لەم پرسانە بێبەری بکەن .

هەروەها ئەو دیدگایەی کە دیموکراسی ئەم ووڵاتەیان باشە و ئەو ووڵاتەی تریان عەسکەرتاریەتە، لە دیدگای خەڵک چیەکانەوە سەرچاوە دەگرێت . بێجگە لەوەی کێشەی ئەم دیموکراسییانە پەیوەندی هەیە بە ڕازاندنەوەو ڕاگرتنی دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی بۆرژوازییەوە، لە ناوچە جیاجیاکاندا، هیچ ئەرک و ئامانجێکی تری نیە .

لیبراڵ ئانارشیست، لە بەشێکی تری وەڵامەکەیدا بۆ پرسیاری(١) دەڵێت { ئەگەرلە ڕوانگەی دیموکراتەکانەوە ئەو هەل ومەرجەی کە لە دنیادا بەرقەرارە ناوی دیمکراسی بێت، زۆرباشە، کەوایە ئاشکرایە کەکێشەی خەڵکی لەسەرئەم دیموکراسی یە نەبووە . بەڵکو لەسەر ئازادی و یەکسانی بووە . ل٣-٤(منصور حیکمەت، دیموکراسی لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )} . ئەوەی کە دیموکراتەکان هەلومەرجی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دەوڵەتانی دنیا بە دیموکراسی ناودەبەن، ئەوە بۆ ئەوان ڕاست و ڕەوانە . واتە دیموکراتەکان بۆچوونەکانیان لە دەسەڵات و پەیوەندی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەی گرتووە . کەواتە بۆ ئەوانیش ئەم دەسەڵات و دیموکراسییە، تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە سەرچاوەکەی لە استبدادەوە وەرگرتووە، سەرکوتی بزووتنەوەکانی کرێکارانی پێ دەکات . نامەوێت لێرەدا بە ووردی لەسەری بدوێم، چونکە لە بەشەکانی دواتردا، گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکەین . بەڵام کاتێک کە ووتەزای خەڵک و داواکارییەکەی بەکاردێت، خەڵک بێجگە لە ئەلتەرناتیڤی چینایەتی کە پۆپۆلیستەکان بەکاری ئەهێنن وچوار چێوەی فکری و سیاسی خۆیانی پێ دادەڕێژن و دیموکراسی یەکەیان بە تامترین بنێشتی دیموکراسی ئەجوون، هیچ شتێکی ترنییە . لێرەدا دووبۆچونی زۆر لێک جیا دەبینرێت، ئەویش ئازادی و یەکسانییە بۆ خەڵک، لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی دەسەڵاتی چینایەتی و خەسڵەتی دیموکراسی نیە. ئەوە بڕوواو بۆچوونێکی زۆر پوچە، کە پێتوابێت و بڵێین ئەمە دیدگای کۆمۆنیستەکانە .

وە لە پێشەوە باسم لەسەر ووتەزاو دەلالەتی خەڵک کرد کە چ مانایەکی گشتی تری هەیە لە مانای چینێک یان توێژیک . بێگومان ئێمە خۆمان بە هاوکار و داواکاری داخوازی و مافە مێژووییەکانی چینی کرێکار دەزانین و داکۆکی و هاوکاری لە تەواوی داخوازییەکانیان دەکەین . هەروەها ئێمە لە بەرامبەر سیماو دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازیدا، داواکاری بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵی سەرمایەداری نین، بەڵکو لە نەمانی چینەکانەوە ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەبینین . ئەو دیدگایەی داواکاری ئازادی و یەکسانی لە کۆمەڵی چینایەتی سەرمایەداری بۆ توێژوو چینەکانی دەکات، لە خواست و ویستی پۆپۆلیزمەوە سەرچاوە دەگرێت . هەروەها وردەبۆرژوازی لە پێناوی دانەڕمانی پێگەی ئابووری کۆمەڵایەتی، هەوڵ ئەدات بەشی لە سەرمایەی سیستەمی سەرمایەداریدا هەبێت، بۆئەمەش لەڕێگەی بەڕێخستنی بزوتنەوەی جۆراوجۆر، فشار دروست دەکات، بەمەبەستی لەناوچونی چینەکان هەوڵنادات، بەم کردەوانەیان، خزمەت و داوای پێکەوە ژیانی پرۆلیتاریا و بۆرژوازی دەکەن . پێکەوە ژیانی ئەو دوو چینەی کۆمەڵگا، هیچ مانایەکی نابێت بێجگە لەو پەیوەندییەی کە ئێستا لە پەیوەندیە ئابورییەکانی نیزامی سەرمایەداریدا چینی کرێکار و سەرمایەداران هەیانە . ئەمانە خوازیاری سوڵح و ئاشتی نێوان چینی کرێکارو سەرمایەدارانن. پۆپۆلیستەکانن، لەکاتێکدا بیری ئازادی و یەکسانییەکەیان، یەکسانە بە دیموکراسی ووردە بۆرژوازی، لەبەرئەوەیە ئەمانە بە ناوی چینی کرێکاریشەوە، داواکار و بەرگریکارانی ئەم جۆرە دیموکراسییەن . ڕاڕایی ووردە بۆرژوازی، دروستکردن و بەدەستەوەدانی وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لە دیموکراسی بۆرژوازی جارێک بە خراپ وجارێک بە باشی باسی دەکات . ترش و خوێ کردنەکانی دیموکراسی لەلایەن ووردەبۆرژوازیەوە، بەئامانجی ئەوەی گوایە ئەم دیموکراسی خەڵکییە، تۆزێک لە ئازادی بۆ ڕێکخراوەو بزووتنەوەکانیان فەراهەم کردوو،هەموو ئەوانەیان بۆ کۆمەڵێک ڕووکەشی وسەوزو سورکردنی ڕەنگ و ڕووخساری دیموکراسی نیزامی سەرمایەداری و پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کردووە، هیچ نەمامێکی تری لێ سەوز نابێت .

 

  • 1