ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەوەی بۆتە گرێی دەروونی بەشێک لە کادیرە نەشارەزاکانی حزبی شیوعی و ناوەندی بەناو چەپی کوردستانی، هەموو ئیشکالیاتە سیاسییەکەش لەو لۆگەیەی حزبی شیوعی کۆبۆتەوە کە پێیان وایە ئیدی دەبێ نەمێنێ، چونکە ئەوە مۆدی نەماوە و لەئاستی یونیڤێرساڵی سیاسیشدا کاری پێناکرێ، ئەم فۆبیا دروستکراوە کە بۆتە گرێ لەئاستی بیرکردنەوەی کرچ و کاڵی هەندێک نەخوێندەوار و بێ ئەزموون، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە حزبی شیوعی وەکو لایەنە فکرییەکەی مارکس تەماشا دەکەن، وەختێک لەسەر زاری بەناو بونیادگەراکانی ڕۆژئاواوە داوای نەمانی ئەو فیکرە دەکەن و باس لە زیندووکردنەوەی چینی ناوەند دەکەن، لەکاتێکدا ئەوان کێشەی لۆگۆیان نییە کە بەیاسا چارەسەر ناکرێت، بەقەد ئەوەی تووشی عەجزی سیاسی بوونە لەنو حزبەکەشدا، بۆیە لەبری هەموو شتێک شەڕیان بردۆتە بەردەگای خۆیان.

لۆگۆکەی حزبی شیوعی ئەگەر هیچی نەکردبێت لە ئێستا یان دوور ڕەهەندتر تەماشای بکەین، هیچی نەکردبێت مانەوەی ئەو شوناسەی پاراستووە کە خەڵکێک بۆ هێشتنەوەی ئینتیما چاوی بڕیوەتە لۆگۆکە، ئەگەرچی بەدەست هەر گرووپێکەوە بێت هەمان چارەنووسی هەیە، چونکە ئەو فیکرەیە لە دنیادا هێرشی لەسەرە و سیستەمی نوێی سەرمایەداری زیاتر پشتی بە خورافیات و ئاین و نەتەوە و ئایدیۆلۆژیای دیکە بەستووە، سەرباری هەمووشی ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە ململانێکانی ئاڵۆزتر کردووە کە لەڕێگەی فیکرەوە یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە ئەوە خەتای لۆگۆی حزبی شیوعی نییە تاکو ئەگەر بگۆڕدرێت دۆخی چەپەکان بەرەو باشتر بڕوات و خەڵکیش ئینتیمایان بۆی زیندوو بێتەوە، بەڵکو ئەوە ڕەهەندی ئابووری نوێیە کە لەتەواوی دنیادا هەمان حاڵی هەیە.

ئەو نەغمەیەی کە هەر پێدەچێت ڕیکۆرد کرابێت لەسەر زەینی ناتەواوی بەشێک لە کادیرە ناحاڵییەکانی حزبی شیوعی، گوایە دژی ئەو داس و چەکوچە ڕاوەستاون، هەمیشە لەبری بیرکردنەوەی فیکری، تەنیا ئەرتانیڤێکی ستراتیژییان هەبێت گۆڕینی لۆگۆکەیە و هیچی تر، هەڵبەت ئەمە ڕەهەندێکی دیکەی سیاسی هەیە، ئەویش ئاراستەکردنی بەشێک لەو کادیرانەیە کە بەبێ ئاگا کەوتوونە ژێر کاریگەری نیولیبرالیزمی ئەنارشیستییەوە کە هێشتا لە ئاستی لۆکاڵی کوردستانیدا شارەزاییان نییە، ئەو ڕەوتە دژ بە چەپە بەرەو کوێ دەڕوات. ئەو نیولیبرالیزمەی کە لەدنیای دەرەوەش بەرهەمی نییە کە دژایەتی بزووتنەوەی چەپ و لۆگۆی حزبە شیوعییەکان دەکات، چونکە کەسانی هۆشیار لەو جۆرە نەغمانە تێدەگەن کە بۆچی ئەرگۆمێنتێکی لۆژیکی بەکارناهێنن، تاکو وەکو ئەڵتەرناتیڤ بەرکاربێت، بەشێک لەو ئیشکالیاتە خەتاکەی سەرشانی بیرۆی سیاسی و بۆردە کۆنەکەی حزبی شیوعییە، چونکە ئەو زەمەنە بۆشاییەی کە لەکاری جەماوەری و خەباتی پەرلەمانیدا سەرکەوتوو نەبوون، زەمینەشیان بۆ فەزایەک خۆش نەکرد کادیرەکانیان بخوێنن و وەڵام بەو ئاراستە و ڕەوتە بدەنەوە کە لەبری ئەوەی دژی دژەکانی خۆی بوەستەوە، دژی خۆی وەستاوەیە، چونکە سەرقاڵیان کردن بە پۆست و پلەی کارگێری حکوومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوە پاشکۆکانیان، ئەمە جگە لەوەی سەرکردایەتییەکەی شانی لەو کێشانە خاڵی کردۆتەوە کە بەدوای هۆکاری دیکەدا بگەڕێت بۆ بەردەوامبوونی ململانێی فیکری، هەر ئەمەش بوو کە نەیتوانی ڕێگە لەو وەهمە بگرێت کە بەدژایەتی لۆگۆ خۆیان خاڵی دەکەنەوە، یان گەرەکیانە بیانوو بهێننەوە بۆ جێهێشتنی ڕیزی حزبەکەیان، بۆیە گۆڕینی لۆگۆ بۆتە گرێی دەروونی.