ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمە چەند مانگێکە هاوار و بانگەوازى شەڕ بووە بە کێشەیەکى سەرانسەرى لە جیهاندا و گرفتێکى گران و ترسناک لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، بە تایبەتى پاش ئەوەى ئەمریکا هێزێکى زۆرى هەمەچەشنى ڕەوانەى ناوچەکە کرد و ئامادەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەنانەت ئەگەر لایەنێکى ناحەز یان گاڵدراوە (ساروخێکیان) ئاراستە بکات .

وەک ئاشکرایە هۆکارى ئەم هەڕەشە و بگرە و بەردەیە بازاڕ و سامانە سروشتییەکان و کرێکارى هەرزان بەهایە، واتە ئابوورییە و ئەمریکا لە پاش جەنگى دووەمی جیهانەوە (مەشروع مارشال) پرۆژەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە...بەڵام ناکۆکى و کێشمەکێشى نێوان دەوڵەتە سەرمایەدارەکان خۆیان (ئەوروپا و ئەمریکا) باردۆخێکى لە بارى رەخساند بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە تایبەتى پاش ڕووخاندنى ڕژێمى (بەعسى سەدام) کە لە ناوچەکەدا بە هەردوو شێوەى ئابوورى و مەزهەبى بوونى خۆى بچەسپێنێ و وەک ناوبراوە (هیلالى شیعە لە عێراق و سوریا و لوبنان و فەڵەستین و دواتریش لە یەمەن دروست ببێت و ئێران شوێنى ئەمریکا  لە ناوچەکەدا بگرێتەوە !

لە ساڵى 2011 بەدواوە ئەمریکا کە تا بینەقاقاى لە قەیراندا غەرق بوو بوو. سەرگەرمى پیلان و نەخشەى سیاسى و سەربازییە بۆ دەرکردنى ئێران لەو ناوچەیە. ئێستا دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا هەڵەشەترین گرووپى سەرمایەدارانى ئەمریکا ئەو ئەرکەى گرتۆتە ئەستۆى خۆى و هەڕەشەى شەڕ دەکات بۆ هێنانەدى ئەو ئامانجە و بەدواى فرسەت و بیانوویەکدا دەگڕێ بۆ ئاگردانى ژیلەمۆکە !!.

ئەمڕۆ بەرانبەر بەم بارودۆخە ئاگراوییە دوو لێکدانەوە و بۆچوون هەیە .

لێکدانەوەیەکى ژیرانە و واقیعانە کە دەڕوانێتە ئەو کارەساتە بێ سنورەى کە لە ئەنجامى شەڕەکە ڕوودەدات و هیچ دوور نییە کە لە سنوورى ناوچەکەیش دەربچێت و بتەنێتەوە .

ئەم لێکدانەوە و هەستە لە ئەمریکاوە لە کۆنگرسەوە لە دیموکراسییەکانەوە لە حزبە چەپ و دیموکراسییەکانەوە دەستى پێکردووە. لە یەکێتى ئەوروپا و ئەندامانى پەیمانى ناتۆوە سەریهەڵداوە، ئەمە بێجگە لە دەوڵەت و گەلانى ناوچە کێشە لە سەرەکە و ڕووسیا و چین و هندستان و زۆر دەوڵەتى تر ئەم بۆچوون و لێکدانەوەیە خەریکە ڕاى گشتى جیهان دژى شەڕ دەوروژێنێ و دەبێ بە گوشار و قورساییەکى بەرچاو بەسەر ئەمریکاوە. لەلایەکى ترەوە، ئەمریکا ئەگەر لە مەیدانى سەربازییدا سەرکەوتوویش بێ ئەوا بێگومان لە بوارى ئابوورى و سیاسى دا زۆر زەرەرمەند دەبێ، چونکە بێجگە لە مەسرەفى بێ ئەندازەى شەڕەکە، هەرچى بنکە و پێگە و بەرژەوەندى هەیە لەلایەن ئێرانەوە دەسوتێ و وێران دەکرێ، چونکە ئەو لە هەموو ناوچەکە هێزى خۆجێیى ئامادەکراوى هەیە و دەست بەجێ دەستى خۆى دەوەشێنێ !!

بۆچوون و لێکدانەوەى دووەم؛ عەقڵیەتى گرووپێکى سەرمایەدارى زلهێزى ئەمریکایە بە سەرۆکایەتى دۆناڵد ترەمپ کە قەیرانە ئابوورییەکە تەنگەتاو و شێتى کردووە و لەوانەیە حساب بۆ ئەو هەموو ئەگەرانە نەکات، بەڵام ئەوەى زیاتر مەترسی شەڕ هەڵگیرساندن کەم دەکاتەوە ئەوە ئێران ڕاى گەیاندووە کە دەستپێشخەر نابێت، واتە تەنیا بۆ پاراستنى سەروەرى وڵات و دەسەڵاتەکەى خۆى ئامادە و تەیار کردووە و بە توندى بەرپەرچى هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە لە هەر شوێنێکەوە بکرێتە سەرى وەکو سەرکردەى هێزى پاسداران ڕای گەیاندووە. جگە لەمەیش بۆ ئەوەى یەکێک لە بەهانەکانى ئەمریکا پوچەڵ بکاتەوە، وەزیرى دەرەوەى ئێران لە ٢٧ی ئایار لە بەغدا ڕایگەیانف کە ((ئێران چەکى ئەتۆمى دروست ناکات و حەرامى کردووە)) .

بەهەرحاڵ ئێران چاوەڕوانى هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وتوێژ. بۆیە لەم ڕوانگە و بۆچوونانەوە ئەگەری شەڕهەڵگیرساندن کەمترە و بوار بۆ گفتوگۆ لە ئارادا هەیە. نەک هەر ئەمە ئێران دەڵێ ئێمە ئامادەین پەیمانى دۆستایەتى لەگەڵ دەوڵەتەکانى کەنداودا سازبدەین، ئەمەیش هەنگاوێکە بەرەو ئاشتى .

 

 

 

  • 1