ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیموکراسی بۆرژوازی کامڵترین بەرگی سیاسی سەرمایەداری یە

 

مانگی ئازاری ٢٠١٩

چاپی دووەم

 

 

(( دیموکراسیەکان و ناوەڕۆکیان ))

  ناوەڕۆکی ناونیشان جیاوازی دیموکراسییەکانی سەردەم، بێجگە لە دەست نیشان کردنی خواست و دەسەڵاتی سەرمایەداران، هیچی تر ناگەیەنن . واتە ئەو دیموکراسیانەی کە لە دەوڵەتەکانی ناونیشان جیاوازی سەرمایەداری دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد و دیموکراسی خەڵکیدا هەن، بێجگە لەوەی کە بەرگی سیاسی ناوەڕۆکی بەرهەمهێنانی دەسەڵاتی سەرمایەدارانە، هیچ مانایەکی دیموکراسی ڕاستەقینەی چینی کرێکار ناگەیەنێت . ئەم دیموکراسییانە، لە پرۆسێسی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداراندا بۆڕازاندنەوەو هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێت . دیموکراسی لیبراڵی و دیموکراسی خەڵک، دیموکراسی پەرلەمانی یان نوێنەرایەتی دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دیموکراسی ڕۆژئاوا، لەناونیشانیان جیاوازەو، بەڵام لە ناوەڕۆکی پرۆسەی بەرهەمهێنان و چەوسانەوەی هێزیکاردا، هیچ جیاوازیەکیان نی یە .

  کاتێک جیاوازی بۆ ناوەڕۆکی ئەم دیموکراسییانە دروست دەکرێت، تەنها توێژەرەوە ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازییەکان لەپێناوی مانەوەو زاڵکردنی دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا خۆیانی پێوە خەریک دەکەن . چونکە دیموکراسی بە ناوەڕۆکی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی چینیەکان دەست نیشان دەکرێت، لە هەموو هەلومەرج و قۆناغە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، دیموکراسی ئەو دەسەڵاتە دەبێت، کە چینێک تیایدا فەرمانڕەوا دەبێت . هەروەها دیموکراسی فراوانترە لەوەی کە سیاسیانە لێکبدرێتەوە . لە ڕێگەی چینی فەرمان ڕەواوە دەناسریتەوە، لە دەسەڵاتدا هەموو ڕووە جیاوازەکانی چینایەتیدا، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە چینایاتیانە دەگریتەوە، ناوەڕۆکەکەی لە ڕێگەی دەسەڵاتی چینی فەرمانڕەواوە دەناسرێتەوە . ووردەبۆرژوازی چەپی لیبراڵ، دەیەوێت لەسەر بزووتنەوەکانی دیموکراسی بدوێت و بەئاقاری خزمەتکردن بەسیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بیرو هزری خۆی تاوبدات و بەشێک لەسەرمایەی سەرمایەداران بپچڕێت . لە بەشێک لە وەڵامەکانی پرسیاری (دوو) دا دەڵێت { بزووتنەوەو سیاسەتمەدارە جیا جیاکان بە ئامانج و بەرژەوەندی جیاواز و جارو بار دژ بە یەکیشەوە قسەیان لە دیموکراسی کردووەو دەکەن و بێگومان مەبەستیشیان یەک شت نی یە . هەل و مەرجی سیاسی جیا جیا لە لایەن ڕەوتە جیا جیاکانەوە ناو نراوە دیموکراسی . ل٥ (دیموکراسی لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا)}. ئەو بزووتنەوانەی کە سیاسەت مەدارەکانیان هەڵگری سیاسەتی بۆرژوازین هەر تێڕوانینێک و لێکدانەوەیەکیان بۆ دیموکراسی هەبێت، هەر جۆریان بە باش بزانن و کامیان خراپ سەیر بکەن، بێجگە لەوەی کە بەیانی دیموکراسی بۆرژوازی دەکەن هیچی تر ئەنجام نادرێت . بزووتنەوەی ئەم دیموکراسییانە، لەگەڵ سەرمایەداریدا ژیانیان تێکەڵ و یەک ماڵن . ئەم ناونیشانانە بێجگە لەوەی کە تیایدا دەسەڵاتی سەرمایەداری ڕاڤە دەکەن و کاری بەکرێ بە پیرۆز ڕادەگرن، هیچ ناوەڕۆکێکی تر بەرجەستەناکات و ناگەیەنێت . کەواتە ئەو لێکدانەوانە ناتوانێت تۆزقاڵێک ناوەڕۆکی دیموکراسییەکان لێک جیا بکاتەوە و هەر یەکەیان جۆرێک لە پرۆسیسی دەسەڵاتدارێتی بداتە پاڵ و یەک کە لە یەکتر جیابن . یان بیانەوێت بڵێن ئەم دیموکراسییەیان لە ناوەڕۆکدا نەرم و نیان و خۆش مەشرەفە، ئەوی تریان باشتر ئازادییەکان بۆ چینی کرێکار فەراهەم دەکات و لەگەڵ ڕیفرۆمدا ئاوێزان و لە بارە . هەرهەموو بزووتنەوەکانی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ و ئامانجەکانیان، جگە لەوەی کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەرمایەداری بە ئەزەلی و ئەبەدی لە قەڵەم بدات و بتوانێت درێژە بە تەمەنی بدات و بهێڵێتەوە . بێجگە لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای کۆمۆنیست و ئامانجەکانیان، دەرگای پان و بەرین دەکاتەوە لەبەردەم چوونە پێشەوەی بزووتنەوەی چینی کرێکار ڕێنوێنی ڕاست و دروستی دەکات، ئەوانی تر هەموو بۆ هەڵخەڵەتاندنی پرۆلیتاریایەو خۆش باوەڕکردنیانە بەشێوەو ناوەڕۆکی دیموکیاسییەکانیان، کە زیاتر لە بەیان کردنی درۆیەکی ڕووت بەناوی ئازادییەوە هیچی تر ناگەیەنێت . هەروەها هەلومەرجەکان هەر جۆر‌ێک لە دەسەڵات ڕاڤەی بکەن و بە پێی ئەو دەسەڵاتە و پەیوەندی بەکام چینەوەیە، دیموکراسییەکەشیان دەربڕی ویست و خواستەکانی ئەو چینە دەبێت . هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئەزمەگرتووی سەرمایەداری و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری پەرەسەندوو، لە سیستەمی سەرمایەداریدا، پرۆسیسیان لە پێناوی ئامانجی ئابووری و دەسەڵاتیاندایە . بۆرژوازی و ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، دیموکراسی و بزووتنەوەکانیان چ شتێک لە بەردەم خۆیاندا دادەنێن بۆ بەرەنگاری بوونەوەی هەلومەرجەکان ؟ واتە ئەوان کارەسات و ناعەدالەتی و سەرگەردانیەک درووست دەکەن و ڕوودەدەن، کە بتواێت تیایدا سەرکەوتن بەسەر بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بەدەست بهێنێت و ژیانی خۆی و سەرمایەکەیان بپارێزن . ئەوان لە چەند ڕۆژێکدا دەتوانن بڕیار لەسەر بێکارکردنی چەند ملیۆن کرێکار بدەن و بێ لانە و حاڵ و ماڵیان بکەن و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی و مەرگ بکەنەوەو مناڵانیان بخەنە ژێر کارێکی گران و کرێیەکی کەمەوە . ئەم کردارانەی سەرمایەداران لە چوارچێوەی کام ناونیشان و بەناو جۆرەجیاوازەکانی دیموکراسییاندا پرۆسیس ناکرێت و ژیانی کرێکار ڕوبەڕووی مەترسی مەرگەسات ناکەنەوە ونابێتەوە !؟

  دوا بە دوای ئەو بەشەی وەڵامەکەی پێشووی چەپی لیبرال جارێکی تر ئەڵێت {هەر لێکدانەوە دژی کۆمۆنیستی و جەنگی ساردی یەکانەوە، تا دەگات بە لێکدانەوە ئینسان دۆست و حەقخوازانەکان، ووجوودیان بووەو هەیە. لە پشتی ئەم هەموو لێکدانەوانەوە دەکرێ ناوەڕۆکی هاوبەش ومەوزوعی دیموکراسی و دیموکراسی خوازی کە ئەو بە هەموو شێوەکانی یەوە بۆ نموونە لە سۆسیالیزم و ئازادی خوازی سۆسیالیستی جیا دەکاتەوە، بناسین و پێناسە بکەین . بەڵام لە مەیدانی سیاسیدا خودی مەفهومی دیموکراسی، هەر بەم شێوە گشتی یەی شتێکی ئەوتۆ بەیان ناکات و هیچ کۆمەکێک بە جیاکردنەوەی بزووتنەوەو ڕەوتە کۆمەڵایەتی یەکەیان ناکات. ل٥ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا)}. ئەم لێکدانەوانەی سۆشیال لیبرالەکان، ئەوە ڕادەگەیەنن کە ناوەڕۆکی بزووتنەوەی دیموکراسی پرۆلیتاری و بزووتنەوەی دیموکراسی بۆرژوازی بە هاوتای یەک لە قەڵەم ئەدات . بەتەنها کردنی لێکدانەوەیەکی سیاسییانە بۆ دیموکراسی، بێجگە لەوەی دیدگایەکی ووردە بۆرژوازییەو ناوەڕۆکێکی بۆرژوازی هەیە هیچی ترنیە . واتە بزووتنەوە جیاجیاکانی چینە جیاجیاکان، ناوەڕۆکی دیموکراسی جیاوازی خۆیان هەیە . لەبەرئەوەی بۆرژوازی لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا، لێکدانەوەو فۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەبووە لە بارەی دەسەڵاتی ئابووری سیاسی دەرەبەرەگایەتی، لەگەڵیشیدا لێکدانەوەی خۆشیان هەبوو بۆ دەسەڵاتی دیموکراسیانەی . هەروەها بۆ پرۆلیتاریاش لە ئێستەی سیستەمی سەرمایەداریدا بەهەمان شێوەیە، بەڵام ناوەڕۆکی بزووتنەوەو دەسەڵاتەکەی جیاوازە لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا .

  ئێستا سەرمایەداری بەهۆی بزوتنەوەکەیەوە لەڕابردووی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا، دەسەڵاتی سەرمایەداریانەی خۆی سەپاندووە بەسەر چینی کرێکارو کۆمەڵگادا . چینی کرێکار لە فەلسەفەی بوون و بزووتنەوەکەیدا دیموکراسی و خەباتی پەیوەند بە گۆڕانی کۆمەڵگای ئێستای بەیان کردووەو لە بزاوتن و خەباتی بەردەوامیش دایە . مارکسیزم فەلسەفەی بیرو پراکتیکی گۆڕینی دیموکراسی بۆرژوازی بە دیموکراسی پرۆلیتاری و پەیوەندی بە کۆمەڵگا و چینەکانەوە لێک داوەتەوە .

  کاتێک ووردە بۆرژوازی دەیەوێت، دیموکراسی پرۆلیتاریا بە دیموکراسی بۆرژوازی بشوبهێنێت، تەنها بۆ پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتی سەرمایەداران و دروست کردنی گیانی بەرەڵایی و کردنەوەی ڕێگا بۆ هەموو توێژوو چینەکانی کۆمەڵ و تێئاخنینیان لە دیموکراسی پرۆلیتاریادا (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا) دا بۆشێواندن و فریودانی کۆمەڵگاو لەناوبردنی خواستی بزاوتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە . هەر لە هەمان پرسیارو وەڵامدا ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، بزووتنەوەکانی چینی کرێکارو سەرمایەدار لێک جیا ناکاتەوەو ناوەڕۆکەکەیان بە یەک ناوەڕۆک و ئامانج دەست نیشان دەکات . دوا بە دوای وەڵامەکەی پێشووی بۆ پرسیاری (دوو) ئەڵێت {لەبەر ئەمە ئەو سیفەت و پاشگرو پێشگرانەی کە دەخرێتە پاڵ دیموکراسی، ئینجا ڕێگە دەدات کە ئەم ووشەیە مانایەکی دەقیق تر پەیدا بکات. وەک دیموکراسی لیبراڵ، دیموکراسی خەڵک، دیموکراسی پەڕلەمانی یان نوێنەرایەتی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، دیموکراسی ڕۆژئاواو شتی تر. ئەم عیبارەتە لە ڕووی سیاسییەوە بە تەواوی مەفهومەوە دەکرێ پێناسە بکرێت و جیاوازی یەکانیان و لە زۆر حاڵەتدا دژایەتی یەکانیان ڕوون بکرێتەوە. هەروەها ئەو بزووتنەوەو هێزانەش کە لایەنگری هەر یەکێک لەمانەن دەکرێ دیاری بکرێن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە تەواوی دەکرێ لێک جیا بکرێتەوە. ل٥-٦ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا)}. ئەم بەشەی بێژانەکانی سۆشیال لیبرالەکان لە وەڵامی پرسیاری (دوو) دا پێچەوانەی وەڵامەکانی پیشووتریەتی، بۆ وەڵامی پرسیاری دوو قسەی کردووە . ناکرێت بزووتنەوەکان لێک جیا بن و دیموکراسیەکەشیان یەک ناوەڕۆک بێت . لە لایەکی ترەوە کاتێک سیفەتی پاشگرو پێشگر دائەنرێت بۆ دەستەواژەیەک لەو دەستەواژانەی کە سیفەتی دیموکراسییەکەی پێ دەست نیشان کردووە، پەیڕەوکردنی میتۆدی دیماگۆجیانەیە لە دەست نیشان کردنی دیموکراسییەکان و بزووتنەوەکانیاندا و هیچ ناگەیەنێت بێجگە لەسەر لێشێواندن نەبێت . دیموکراسی لیبڕاڵی، دیموکراسی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە . سەرمایەداری ئەبێت کام کاری بە سودو قازانجی چینی کرێکار پرۆسیس بکات . واتە دیموکراسی لیبراڵ و هەموو جۆرەکانی تری، بێجگە لەوەی کە ڕاسیزم و هەزار و یەک ڕێکخراوی جۆراو جۆرو دژ بە چینی کرێکار دروست دەکات، چی کرێیەکی زیاد کردووەو لە بەرامبەریدا باجی زیاد نەکردبێت و یان باجی لەسەر ئاو خواردنەوەش دانەنابێت ! هەروەها دیموکراسی خەڵکی، بە ئاسن وئاگر وەڵامی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان و داواکاری مافەکانی خەڵک ئەداتەوەو گرتووخانەکانیان پڕدەکەن و لە ژێر ئەشکەنجەی دیموکراسی خەڵکییەکەیاندا گیانیان لە دەست دەدەن . واتە دیموکراسی سەرمایەدارییە لە ژێر ناوی دیموکراسی خەڵکیدا، پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایەدارانە . ئەبێت دیموکراسی پەرلەمانی لە کۆبوونەوەو دانیشتنەکانیاندا چی بۆ کرێکاران بکەنە یاساو ڕێسا دەرچووەکانی پەرلەمانەکەیان . بێجگە لەوەی کە زیاتر بە هەوڵی بەرگرتن لە خەبات و بزووتنەوەی چینی کرێکارو مژینی هێزی کاریان لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەو خۆش گوزەرانی سەرمایەداران، لەسەر پێ ڕاگرتنی دەسەڵات و هێزیان بە ناوی پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوایەتیان، ڕوو بە ڕووی جەنگی ماڵ وێرانکەرو سووتاندنی گیانی کرێکاران کردوونەتەوە و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان پێدەکەن . کەواتە ئەوەی لە دیموکراسی پەرلەمانییەوە دەردەچێت، تەنها بڕیار تیایدا پارێزگاری کردنە لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی سەرمایەداری . لە پێناوی ئەم پارێزگارییە کاتی وا هەیە بڕیار لەسەر بەرپا کردنی جەنگ دەدەن لەگەڵ دەوڵەتان و کرێکاران لەگەڵ چەکەکانیان دەبنە ئامێری بەڕێوەبردنی جەنگەکان و دەیانکەنە سووتەمەنی و ئاگری جەنگەکانیانی پێ گەرم ڕادەگرن . هەروەها لە لایەکی ترەوە بڕیار لەسەر سنوردارکردنی مافی پەنابەری دەدرێت بۆ پەنابەران زۆرێک لە مافەکانیان لێ دەسێنرێتەوە . وەکو پیشەی بەردەوامی سیستەمی سەرمایەداری مانگانە یا ساڵانە یا لەکاتی ئەزمەکاندا، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە چەند ملیۆن کرێکار بێ کار بکەن، بە هۆی ئەوەی کە بودجەی نەتەوایەتیان ڕوو لە خوارو کزیی و موفلیسە . ئەمانە هەر هەموویان بێجگه لە هێرش کردنە سەر مافی کرێکاران و بزووتنەوەکەیان هیچی تری بۆ کرێکاران بەرهەم نەهێناوە . هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی کە لە پەرلەماندا دەردەچێت بڕیارێکی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو تەنها بڕیارەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیان بە نیزامی سەرمایەداریەوە هەیە بگرنەوە . واتە هەموو ئەم دیموکراسییانە جیاوازنین لە یەکتری، لەبەرئەوەی ئەو ناونیشانانەی دیموکراسی دەربڕین و پرۆسێسی سیستەمی جیاوازنین . بەڵکو ناو و ناونیشانی جیاوازی دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارین . واتە پۆلێن کردنەکانی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، تەنها لە چوارچێوەی سیاسەتی دیماگۆجیانەی ووردەبۆرژوازی خۆیدا دەسوڕێتەوەو چاووڕای کرێکارانی پێ دەکەن، کە گوایە یەکێکیان لەوی تریان باشترەو ئەتوانێت تیایدا بزووتنەوەکەی خۆی تیادا تاو بدات . هەروەها لە هەموو دۆخەکانی سەرمایەداریدا ئەمانە قسەکەر و دەمڕاستی بەڕێوەبردنی سیستەمەکەیان دەبن و هەزارو یەک شیکردنەوەو بڕوبیانوو درۆدەلەسەی جۆراوجۆر بۆ دەرچوون لە هەلومەرجێکی ناهەموواری ژیانی سەرمایەداری ئەدەن بە دەستەوە .

  ووردەبۆرژوازی لیبراڵ و چەپی بۆرژوازی لە وەڵامی پرسیاری (پێنج)دا بە جۆریک لە دیموکراسی گەیشتووە، کە مانا واقعی وڕاست و دروست و فەلسەفیەکەی ئەکات بە دوو بەشەوە . لەگەڵ ئەوەشدا هەردووکیان دەربڕی یاساو ڕێساکانی سەرمایەدارین . بەڵام سۆشیال لیبراڵەکان دەڵێت {دەڵێم لەسەر کاغەز، چونکە لە واقعدا لە بەشی هەرە زۆری سەدەی بیستەمدا، تا ئەم دواییەش ژیانی بەشی هەرە زۆری خەڵکی گۆی زەوی بە کردەوە لە ژێر کاریگەری دوو تێگەیشتنی تردا بوو لە دیموکراسی، یەکێکیان تێگەیشتنی جەنگی ساردی ((دیموکراسی غەربی)) کە سەرەڕای خزمایەتی نزیکی لەگەڵ تێگەیشتنی لیبرالیدا بە هیچ جۆرێک نابێ نە هاوتای یەکیان بزانین، وە دووەم، تێگەیشتنی خەڵکی ((دیموکراسی خەڵک)) واتە ئەو تێگەیشتنەی کە لێکدانەوەی جەماوەری فراوانی خەڵکی ووڵاتانی ژێر دەستەو دوواکەوتوویی لە مەفهومی دیموکراسی پێک دەهێنا . مەفاهیمی ئەم ڕێبازانە لە بارەی دەسەڵاتی سیاسی و مافە مەدەنی یەکان و ئازادی فەردی یەوە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازییان هەیە. ل١٣ ( مەنسوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا)}. ئەو دیموکراسییەی کە لە ڕۆژئاوادا هەیە ناوەڕۆک و فەلسەفەو تێگەیشتنی لیبراڵیە . هەروەها بێجگە لەوەی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا دیموکراسیەکەیان پارێزەرو بەڕێوبەری سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی بووەو کرێکار بە کرێ گرتەیییەوە پەیوەست بووە پێوەی . نەیتوانیوە لەو دیموکراسییە دەربچێت کە داواکاری سەرمایەداران بووە . لەم دیموکراسییەدا باس لەوە دەکرا کە خەرجیەکی زۆر تەرخان بکرێت بۆ بەهێز کردنی هێزی سەربازی و کورەی ئەتۆمی پێ دروست بکرێت و بتوابێت لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ و بەرامبەریدا ململانێ بکات و توانای بەسەر ناوچەیەکی فراوان و بەرینی جیهاندا هەبێت و بتوانێت قۆرغی ئابووریان بکات، گەشەو ڕەونەقی زیاتربە توانای سیاسی و ئابوریان بدات . شەڕی ئەستێرەکانیان لەسەر حیسابی پارووی دەمی خێزانی کرێکاران دەبرد بەڕێوەو مرۆڤەکانی لەسەر زەوی پێ کۆنترۆڵ دەکرد .

  هەر ئەو کاتەی کە دام و دەزگاکانی دەووڵەتیان لە بەرنامەو خواستی حیزبە شوعییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت و لەگەڵ ئازادییە تاکەکەسیەکان و مافە مەدەنییەکان مامەڵەی دەکرد، دەی خستە خزمەت دەسەڵاتی سەرمایەی دەوڵەتییەوە . مافی مەدەنی و مافی تاکەکەسی لەم دام و دەزگایانەدا، بێجگە لە دروست کردنی دابڕان و لێکپچڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هیچی بۆ کرێکاران تیا نەبووە .

  هەروەها ئەم مافانە ناتوانن ڕێگە بۆ بزووتنەوەی واقعی چینی کرێکار خۆش بکەن و کرێکاران بە خواستی خۆیان بەهرەمەندبن لە دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیستی زانستی خۆیان . لە یاساکان و لە جێبە جێ کردنیاندا، تێکەڵی ژیانی مەسیحیانە و دروست کردنی ڕەمزی ئاشتی و ئازادییەکانیان بۆ ئاینی مەسیحی دەبەنەوە . مافی مرۆڤ لەلایان مافی بەکرێ گرتە بوونی چینی کرێکارە، بە ڕاست و ڕەوا بینینی سەرمایەی تایبەتی و دانانی بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی بەیان کراوە . واتە هەموو ئەوانەو گەلێک شتی تری سەرچاوەی چەوسانەوەی مرۆڤ، ناوەڕۆکی دیموکراسییەکەیان دەست نیشان دەکات . بێجگە لە پیلان گێڕان و بەکارهێنانی کرێکاران بۆ بەرگری لە دیموکراسیی بۆرژوازی، هەڵگرتنی وەک ڕەمزی بزووتنەوەکەی خۆی و دوور خستنەوەی چینی کرێکار لە بزووتنەوەی ڕاست و واقعی چینایەتی و مێژوویی خۆی .

  ئەوە بۆچوونێکی پووچە کە پێی وابێ ناوو جۆری دیموکراسییەکانی سەرمایەداری و بزووتنەوەکانیان لێک جودان .

  هەروەها دیموکراسی خەڵکی یا گەل، دیموکراسی و لێکدانەوەی لە جەماوەری فراوانی خەڵکەوە وەرنەگرتووە . بەڵکو بزووتنەوەی ووردەبۆرژوازی خزمەتکاری سەرمایەی نیشتمانی سەرمایەدارانی ووڵاتانی جیهانی سێیەم و دوواکەوتووەکاندا بوون . بێ گومان بۆ پێناسی خەڵک ئێمە لێکدانەوەیەکی تری بۆ دەکەین کە لە یەکەم بەشی نوسینەکەدا باسم لێوە کردووە . ئەو دیموکراسییە لە ووڵاتانی ژێر دەستەو دوواکەوتوودا، لە لایەن ووردە بۆرژوازیەوە بەیان دەکرێت و دەیکات بەدەستەگووڵی سیاسەت وئامانجیان و بە ڕەمزی ڕزگاری لە وابەستەیی ئابووری و دەرکێشانی ئابوورییەکی سەربەخۆی نیشتمانیان بەهۆیەوە کرێکارانیان بۆ ئامانجە ئابووریەکانی خۆیان هەڵئەخەڵەتان . ووردەبۆرژوازی نیشتمانی لەم بزووتنەوانەیاندا جەماوەرێکی بەرینی ئەو ووڵاتانەیان بە دوای خۆیاندا هەڵئەخڕاند، لە پێناوی ئەوەی بتوانن لە ڕستی ئابووری نیشتمانیاندا بەشێک بە دەست بهێنن . وە یان کە دەسەڵاتیان بە دەستەوە دەگرت بێجگە لە ئیستبدادو بە ناوی ئەوەی کە ئابووری نیشتمانیان خراپ بووەو پێویستە کرێکاران زۆرتر کار بکەن لە جاران و کەمترین کرێش وەربگرن، هیچی تریان بەرهەم نەدەهێنا و دیموکراسی و بزووتنەوەکەیان لە پێناوی بەرقەرارکردنی دەسەڵاتی سەرمایەی سەرمایەداران و چەوساندنەوەی هێزی کاری کرێکارانی خۆ ووڵاتی بوو لەو ووڵاتانەدا .

  ئەوەی لە دەوڵەتەکانی ئێران و مصەدەقییەکان و عێراقی کۆماری خوازو بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات، بێجگە لە دەسەڵاتی سەرمایەداری بەناوی دیموکراسیەوە هیچی تریان لێ بەدی نەهات . ئەمانە بە ناوی ئەوەی کە ئاسایشی نەتەوەیییان تێک نەچێت بە ئاسن و ئاگر وەڵامی کرێکارانیان ئەدایەوە، ڕەوانەی گرتووخانەکان و لە مەحکەمە سەربازیەکاندا حوکمی لە سێدارەدانیان ئەدان . ئەمانە و ئەوانەی تریش جۆری دیموکراسییەکانی سەرمایەداران بوون کە هەر یەکەیان بە شێوەیەک پارێزگاری لە دەسەڵاتی سەرمایەداریانەیان دەکات . جیاوازی بنەڕەتیشان هەیە لەگەڵ دیموکراسی پرۆلیتاریاو بزووتنەوەکانیان لە پێناو بە دەستهێنانی ئامانجەکانیان، لەبەرئەوەی دوو ناوەڕۆکی جیاواز لە بزووتنەوەکانیاندا هەیە، هەروەها لە مێژوو و ئێستاشدا دوو بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە . ووردەبۆرژوازی لیبراڵ لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری (پێنج) دا زۆر سەرپێییانە، ئەڕوانێتە حوکمی هاوبەش و سەربەخۆ و ناوەڕۆکی دیموکراسییەکانی سەرمایەداران و دەڵێت { ئەوەی کە لە نێوان هەموویاندا هاوبەشەو هەروەک ووتم حوکمی سەربەخۆ و ناوەڕۆکی مەوزوعی دیموکراسی پێک دەهێنێت، ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی سەرمایەداری و دامەزراندنی میکانیزمی حقوقی بۆ بەشداری کردنی خەڵکی (جا بە هەر پێناسەیەکەوە بیت) لە پرۆسەی دیاریکردن و ئاڵ و گۆڕ پێ کردنی دەوڵەتدا بە بنچینەی خۆی دەزانێت، خودی دیموکراسییان بە حوکمەتی زۆر بە داناوە نەک بەرقەرار کردنی کۆمەڵێ میعیارو بەهاو قیم و مافی دیاریکراو . تێهەڵکێشانی ئەم معیارە تایبەتانە لەگەڵ مەفهومی دیموکراسیدا کاری ڕێباز و بزووتنەوە سیاسی یە جیاجیاکان بووە . ئەم کارە لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، کنسرواتیزم، ئانارشیزم و ئەوانی تر هەموویان ئەنجامیان داوە . ل١٣ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. ئەم لێکدانەوەی سۆشیال لیبراڵەکان لێکدانەوەیەکی مجردو دابڕاوو نادروستە لەگەڵ خاڵی هاوبەش و بابەتی و ناوەڕۆکی دیموکراسییەکان . چونکە مافی خەڵک لە بەشداری کردنی هەڵبژاردندا، بەتەنها ناتوانێت خاڵی هاوبەش بێت . لەبەر ئەوەی پرۆسیسی هەڵبژاردنی دیموکراسیانەی بۆرژوازی، جارێکی ترو چەندبارەبوونەوەی بڕوادان و هەڵبژاردنی سیستەمی سەرمایەدارییە و هەڵبژاردنیش لە لای ئەم دیموکراسییانە لە پێناوی سەقامگیر بوون و جارێکی تری نوێ بوونەوەی ژیانی سیاسی و ئابووری سەرمایەدارییە . هەڵبژاردنەکانی، بزووتنەوە کرێکارییەکان، بۆ پەرلەمان گونجاندنی ناوەڕۆکی ئەم بزووتنەوانەیە لەگەڵ ناوەڕۆکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری و دەستورو یاساکانی پەرلەماندا . ئەو بزووتنەوە کرێکارییانەی کە لە چوارچێوەی قانوونی سەرمایەداریدا هەیە، ناتوانێت دەستوورو یاساکانی پەرلەمان بخاتە ژێر پرسیارەوەو بە سوودو قازانجی خۆیان ئاڕاستەی یاساکانی پەرلەمان بکەن.

  ئەو جۆرە بزووتنەوانە، کە پەیام لە ئایدۆلۆجیای سەرمایەدارانەوە وەردەگرن، بڕوایان وایە کە پێویستە هەموو توێژوو چینەکان و بیرو بۆچوونەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی پەرلەماندا پێکەوە بژین و کۆبن . ئەمانە دژ نین بە سیاسەتی سەرمایەداری و بزووتنەوە دیموکراسییەکانی، ئەوانە ماف بە کرێکاران ئەدەن، دەنگ بە نوێنەری بۆرژوازی بدەن . بەڵام هەزارو یەک بوختان و ناوناتۆرە دەخەنە پاڵ ڕابەرێکی کرێکاری کە بە دەربەست پرس و کێشەکانی کرێکاران و شۆڕشەکەیەوە بێت . ماف بە داواو پێویستییەکانی کرێکاران نادەن لە پەرلەماندا . واتە پرۆسیسی هەڵبژاردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا، شەرعیەت دانە بە هەموو ئەو پلانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانەی کە لە پەرلەماندا یاساڕێژی دەکرێت . خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو دیموکراسییەکاندا، ئەوەیە کە گشت یاساو ڕێساکانی سەرمایەداری و دەسەلاتەکەی دەپارێزن . چەپ و ڕاستی ئەم بزووتنەوانە، بە سنگ فراوانییەوە مافی مرۆڤەکەی لە مەڕ سەرمایەداریان پێ باشەو لە چوارچێوەشیدا بە جۆر و ناوی جیاواز جیاوازەوە کاری بۆ دەکەن . هەروەها بزووتنەوە سیاسی یە جیاجیاکانی وەک ئۆرۆکۆمۆنیزم و لیبرالیزم، سۆسیالیزم، ئانارشیزم و کنسرواتیزم، هەموویان لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە پارێزگاری لە سیستەمی ئێستاو ئایندەی سەرمایەداری بکەن . ئەمانەو گەلێک بابەتی تری ووردەبۆرژوازی لیبراڵ و بۆرژوازی سەردەم، بەسیحرو جادوویان ناتوانن ئەوە لەبەرچاوی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی هۆشیار وون بکەن، کە دیموکراسی پرۆلیتاریا ئەتوانێت وەڵامی پراکتیکی ڕاست و دروست و جدی خۆی بە هەموو ئەو بێ مافی و نادادپەروەریە بداتەوە، کە لە سایەی دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداریدا بەڕێوە دەچێت . دیموکراسی پرۆلتاریا ئەتوانێت دیموکراسی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا دابین بکات و بەهرەمەندیان بکات لە دەستەڵاتیاندا . کەواتە کۆنە پارێز چۆن ئەتوانێت دیموکراسی زۆرینەی خەڵک بگرێتەوەو یان دابینی بکات . هەروەها سۆسیالیزمی ووردە بۆرژوازیش ئەوەی لە دەست نایەت و ناشی کات .

  جارێکی تر ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، گلەیی لە لیبرالیزمی حکومەتەکان دەکات و پێی وایە لەگەڵ ناوەڕۆکی حکومەتەکان کار ناکات . لە وەڵامی بەشێک لە پرسیاری (شەش) دا دەڵێت { لیبرالیزم وەک مەرجێکی جڵەو کەرو سنوردارکەری حکومەتی دیموکراتی کاردەکات نەک وەک ناوەڕۆکی ئەو حکومەتە. ل١٨ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. بە پێی ئاوەزی سۆشیال لیبراڵەکان بێت، پێیان وایە لیبرالیزم ئازادی خواز دەبێت کە دەسەڵاتی سەرمایەداری لەگەڵدا جووت بێت، واتە لیبرالیزم و سەرمایەداری ئازادی خوازن، لیبرالیزم ڕێبازی یاسادانانی ناو پەرلەمانە، هزری سەرمایەداران و بۆرژوازی یاسادانەری حکومەتی سەرمایەدارین . حکومەتیش لایەنی جێبەجێ کاری ئەو یاسایانەیە . واتە کاتێک کە حکومەتی سەرمایەداری جڵە و دەکات، بۆ باشتر کردنی هەل ومەرجی گەشەی سەرمایەو سەرکوت کردنی کرێکارانە . واتە ئەوەی کە لە حکومەت و پەرلەمانەکانی ئەمریکادا ڕوو دەدات، وەک پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکانی سەرۆک کۆمار بە ئەنجومەنی پیران و دروست کردنی کێشە و ململانێی ناو پەرلەمان لە لایەن کۆماری و دیموکراتەکانەوە، بۆ ئەوەی نییە کە پەرلەمان لە ناوەندی خۆیاندا لەسەر سەرمایەداری و نیزامەکەی ڕێک ناکەون، بەڵکو لە پێناوی ئەوەدایە، کە کام بڕواو بۆچوون ئەتوانێت زیاتر خزمەت بە سەرمایەی نیشتمانی و دەسەڵاتی سەرمایەداران دەکات لە ئەمریکادا . پنتاگۆنیشیان بەهەموو توانای زانست و تەکنۆلۆجیەوە لە پێناوی ئاسایشی نەتەوەییاندا خستووەتە سەر هەڵسوکەوتی لاساری و پرچەکیان کردوون، لەپێناوی پاراستنی سیستەم و سەرمایەکانیان . بوونیان بە هەموو ئیمکانیکی تەکنەلۆجییانەوە، ئەم دام ودەزگایانەی کە ئیش و کارەکانیان لە پەرلەمانەوە بۆ دیاری دەکرێت و جڵەوی یاسایی و داڕشتن و جێبەجێ کردنیان بە بڕیاری ئەوان دەبێت . ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، وا دەبینێت کە دیموکراسی لیبراڵیزم و حکومەتەکانیان لێک جیاوازن . ئەگەر وانەبووایە لە لای سۆشیال لیبراڵەکان حکومەتێکی دڵخوازی ئەوان دەبوون . بەم پێیەی لیبرالیزم ناوەڕۆکی سەرمایەدارییە، دەستوری حکومەتەکەشی، بۆرژوازی دەبێت و گوێڕایەڵی سیاسەتی لیبراڵیزم دەبیت .

  با بزانین ئەو ئەحکامانە کامانەن لە لای چەپی لیبراڵ، کە لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری ((هەشت)) دا دەڵێت { بەشێک لەم ئەحکامانە هەر ئەوانەن کە ئەمڕۆ وەک مافە سەلمێنراوەکانی ئینسان و ئازادی یە مەدەنی یەکان باس دەکرێن . ئازادی بیروباوەڕو ڕادەربڕین، ئازادی کۆبوونەوەو ڕێکخراوبوون و لیستێک لە ئازادی یە فەردی یەکان ئەو کۆمەڵە ئەحکامە ئەساسی یەی لیبراڵیزمی کلاسیکن . ل٢٠ ( منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. ئەگەر تۆزێک بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، ئەوا ئەو ڕاستییە دەبینین کە بیرو بڕوای لیبراڵیزم، لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا، لە دژی ئەم فرماسیۆنە کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵێک بڕیاریان بۆ خەڵک دەردەکردو دەست نیشان دەکرد، هەڵگرانی ئەم بڕیارو ڕاسپاردانە، بۆرژوازی مەزهەبەکان بوون . لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵێک لە دەربڕینی ئازادی و مافی مەدەنی و تاکیان دەردەبڕی وە بە ناوی لیبراڵیزمی ئەو کاتەوە (لیبرالیزمی کلاسیک ) قسەیان لەسەر دەکرد .

  ئەوە بوو کە لەڕابردوو ئەمڕۆدا، چەپی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ و هەردوو( ح. ک .ک .ێ ./ .ح .ک .ک .ع ) داخوازی شەوو ڕۆژیانەو لە بڕیارو ڕاسپاردە و بەرنامە و سیاسەتیاندا بەیانی دەکەن . هەروەها داواکاری مافە مەدەنیەکانی (خەڵک) بە مانای خەڵکییەکەی خۆیان دەکەن بە باس و خواستی ئەمڕۆی کرێکاران و زۆریش پێی لەسەر دائەگرن . هەروەها هەوێنی ئازادی خوازی و شۆشگیڕی، خۆیانی لێیەوە دیاری دەکەن . هیچ ناگەیەنێت بێجگە لەوەی کە ووردەبۆرژوازی ئەڵقە لە گوێی سەرمایەداری دەیەوێت لە بزووتنەوەی کرێکاراندا دەوری خراپەکاری و لە ڕێگە لادانی گیانی شۆڕشگیڕییان ببینێت . ئەمانە هەموو بیرکردنەوەو کارو کرداری لیبراڵیزمی کلاسیک و نوێیە و بۆ ئەمڕۆش چەپی لیبراڵیزم ئەو دەورە دەگێڕێت . چونکە لە لای کۆمۆنیستەکان، ئازادی یە فەردییەکان بێ ئازادی ڕاست و دروست و واقعی کۆمەڵ مانای نابێت و لەگەڵ بەرەڵاییدا دەست لە ملان دەبێت . هەروەک ئەوەی لە ئەورپادا میتۆدت لیبراڵیزم و سەرمایەداران، ئازادی فەردی بۆیە برەوی پێدەدەن، تا بتوانن وەکۆ کردووشیانە، مرۆڤ و بەتایبەت تر چینی کرێکار لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکەی لەت لەت و دابڕراو بکەن . واتە بەرنامەو سیاسەتی ئەم حیزبانە لەگەڵ سیاسەت و مەنهەجی حیزبەکانی چوارچێوەی بیرو پراکتیکی ئۆروکۆنیزم زۆر لێک نزیک و هاوڕا دەبن . بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە ئایا ئەم بڕیارو ڕاسپاردانە لەگەڵ لیبراڵیزم و دیموکراسییەکەیاندا لێک جیاوازن و دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی جیاواز بگۆڕێت ! بێگومان نەخێر . ئەم ئازادییە تاکایەتیانەی کە ڕووی سیاسی لیبراڵیزمن، هیچ لە بەهای سەرمایەداربوونی سیستەمی سەرمایەداری کەم ناکاتەوە . لەبەرئەوەی ئازادییە مەدەنییەکان تەنها دەخەنە سەر کاغەزو دەبێت بە بڕیارو ڕاسپاردەی بەرنامەو سیاسەتیان، بە مەرجێک ئەم مافانە بتوانیت پارێزگاری، لە ژیانی سەرمایەداری بکات . هەروەها لە پرۆسیسی ئەم ئەحکامانەدا، ئەگەر زۆر ڕادیکاڵیش بن، هەزارو یەک ڕێگری دەخەنە بەردەمی . واتە هەموو ئەو ئازادییانە دەخرێتە چوارچێوەی خزمەت و بەرژەوەندی ژیان و پەرەنسیپەکانی سەرمایەدارییەوە . هەروەها ئەو هەوڵانەی کە لیبراڵیزمی کۆن و نوێ دەیدەن، پاوان کردنی بازاڕی سەرمایەدارییە . بێگومان خاسیەتی بازاڕی سەرمایەداری، ململانێی هێزە ئابورییە گەورەکانە . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لەسەر ئاستی سیاسیشدا ئەوە بە خۆی ڕەوادەبینێت، کە هەلومەرجی ئابوری بخەنە ژێر چاودێری و ڕێگا تیۆریە ئابورییەکانیانەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی پێکدادانە ئابورییەکانی بازاڕدا، سەرکەوتن بەسەر ئەوی تردا بهێنن . لە چوارچێوەی ئەم ململانییەدا، کرێکاران بە ئێسک و گۆشتیان تیایدا زەرەرمەند دەبن و دیموکراسی لیبراڵیزم و دەسەڵاتی ئەم دیموکراسییە تیایدا سوود مەندی یەکەم دەبن .

  جارێکی تر چەپی لیبراڵ، لەسەر لیبراڵیزم قسە دەکات و بەشێک لە وەڵامی پرسیاری((هەشت)) دا ئەڵێت { لیبراڵیزمی کلاسیک لە پەیوەند بە سەرمایەیەوە، خصوصی گەراو دژی دەست تیوەردانی دەوڵەتە لە ئابوری دا . دژی وا بەستە کردنی سەرمایەی تایبەتی و فەردی بۆرژوایە بۆ هەر جۆرە قانون و بڕیارو مەدارێکی سەروو قانوونەکانی بازاڕ . ل٢٢( منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. ئەمە ئەو بۆچوونەی سۆشیاڵ لیبراڵە، کە لە سەرەوە قسەمان لەسەری کردووە . واتە هەموو ئەو دەستەواژانە ئەوە ناگەیەنن کە لیبراڵیزمی کلاسیک و نوێ، دەست ناخاتە ناو بەرهەم هێنان و کەڵەکەی سەرمایەوە . لەگەڵ ئەوەشدا کەرتە تایبەتەکانی بەرهەمهێنان، پەیوەندی توندووتۆڵیان بە لیبراڵیزم و پەرلەمانەوە هەیە . نموونەی ئەمریکا باشترین نموونەی ئەوەن کە چەند خێزانێک سەرچاوە ئابورییەکانی سەرمایەداری ئەمریکایان بە دەستەوەیە و هەر کارێک کە لە چوارچێوەی خواست و وویستەکانی ئابوری سەرمایەداری ئەمریکادا نەبێت، ئەوا بە توندترین شێوە بەرپەرچ دەدرێنەوەو ڕەخنە دەکرێن . واتە نە پەرلەمان لە دەرەوەی خزمەتی ئەم چەند ئابووریەدایە، نە ئەم چەند ئابووریە لەدەرەوەی پەیوەندی پەرلەمان و  لیبراڵیزم دایە .

  ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، لە وەڵامی بەشێکی پرسیاری (هەشت)دا دەڵێت { لە ڕوویەکی ترەوە لە بەرامبەر کرێکاراندا، لیبراڵیزم دژی دەرکەوتنی بە کۆمەڵیان و دژی وابەستەبوونی فەردی کرێکارە بۆ سیاسەتی نەقابە و ڕێکخراوەی کرێکاری، من وتۆ لەوانەیە پێمان وابێ کە بوونی نەقابە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بەدیهاتنی هەندێ لە مافە ((سروشتی )) و مەدەنی یەکانی کرێکاران، بەڵام لیبراڵیزمی کلاسیک ئەمە بە ڕەت کردنەوەی ئازادی فەردی کرێکار دەزانێت لە شێوەی فرۆشتن و کەڵک وەرگرتن لە هێزی کارەکەی . ل٢٢( منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. ئەم لیبراڵیستە پێی وایە کە ڕێکخراوی نەقابەیی کرێکاران، لە بەردەم داموو دەزگاو سەرچاوە ئابورییەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا لەمپەر دەبێت و لەو لاشەوە خوازیاری مافی مەدەنی بیت بۆ ئینسانەکان . ئەم تێڕووانینە دوو سەرچاوەی جیاوازی لێکدانەوە، وەردەگرن . واتە هەردوو بینینەکە دژ بە یەکن چونکە نەقابە ئیتر ئەو دەورە شۆڕشگێڕیە بۆکرێکاران نابینێت تا لیبراڵیزم لێی کەوتبێتە تەقە . وە لە وەڵامی هەمان پرسیاری (هەشتەم)دا، منصوری حیکمەت دەڵێت، ئەم لیبراڵیزمە خوازیاری بە دەست هێنانی مافە مەدەنییەکان و فەردییەکانی کۆمەڵن .

  ئەم تێکەو لێکەیەی لە تێڕوانین و بۆچوونەکانی چەپی لیبراڵدا، بۆ ئەوەی کە جارێک بڵێت لیبراڵیزم ڕوویەکی باشی هەیەو جارێکی تریش بە ڕوویەکی خراپ لە قەڵەمی بدات . لە لای کۆمۆنیستە زانستیەکان، لیبراڵیزم بە هەموو ڕووەکانییەوە، دەربڕی سیستەمی کارو سەرمایەیە . واتە یەک دتدگای ڕاستی ڕۆشن هەیە کە لیبراڵیزمی پێ ناو دەنرێت، ئەویش ئەوەیە کە پارێزەری نیزامی سەرمایەداری و دژ بە بزووتنەوەی چینایەتی چینی کرێکارە . ڕازاندنەوەی لیبرالیزم لەلایەن ووردە بۆرژوازیەوە لە جارێکیاندا و گەشە پێدانیان لە بیر و ئاوەزیاندا لە جارێکی تردا، هیچ ناگەیەنێت بێجگە لەوەی کە دەیەوێت دڵی سەرمایەداری لێ نەڕەنجێت .

  هەروەها جارێکی تر ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، لە وەڵامی پرسیاری (چواردە) دا دەڵێت { بە بڕوای من لەم ڕووەوە ڕەخنەی ئێمە لە لیبراڵیزم و دیموکراسی وەکو رەخنەمان لە خودی شێوەی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری وایە. ل٣٦( منصوری حیکمەت، دیموکیاسی : لە نێوان دەڕبڕین وڕاستی دا )}. لێرەدا ئەوە دەبینرێت، دەربڕینی دیموکراسی پرۆلیتاریا خراوەتە پاڵ دیموکراسی بۆرژوازییەوە و بەیەک بزووتنەوە بەراورد دەکرێت . بێگومان ناوەڕۆکی ئەو دوو بزووتنەوە جیاوازەی دیموکراسی هەڵگرانی دوو چینی جیاوازی کۆمەڵن، لەناوەڕۆک و پراکتیکدا زۆر لە یەک جیاوازن . واتە دیموکراسی پرۆلیتاریا و دەسەڵاتەکەی زۆر لێک جیاوازن لەگەڵ دیموکراسییەکانی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیان . لێرەدا چەپی لیبراڵ، دەیەوێت هیچ بەهایەک بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاو دیموکراسییەکەی دانەنێت یا کەم بکاتەوە . ئەوتێڕوانینانە لەگەڵ هەمان هەڵوێستی ئانارشیستەکان وازی دەکات و قۆناغێکی شۆڕشی مێژوویی پرۆلیتاریا دەکاتە قۆناغ و سەردەمی ناوەڕۆکی دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی . لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ بەشێک لە وەڵامی پرسیاری (پێنج)، سۆشیال لیبراڵەکان ئەڵێت {ئەوە گومانی تێدا نی یە کە دیموکراسی، وەک نیزامێک کە تیایدا دەخاڵەتی فەردو توێژە کۆمەڵایەتی یەکان لە کاروباری دەوڵەتدا بە ڕەوا لە قەڵەم دراوە، هەلێکی زیاتر بۆ بزووتنەوە جۆراو جۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەڕەخسێنێ لە چاو شێوەکانی تری حکومەتە غەیرە دیموکراتییەکاندا بۆ ئەوەی مۆری خۆیان بە کۆمەڵگاوە بنێن وە بۆ ئاڵوگۆڕانە تێبکۆشن کە دەیانەوێ بەدی بهێنن . بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا شەخسیەتی کۆمەڵ پێناسە ناکات . مەرج نییە بەرئەنجامی پرۆسەی دیموکراتیک بە مانای ئازادی فەردی یان گشتی زیاتر، یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، پێشێل نەکردنی مافەکانی مرۆڤ شتی تر بێت. ل٤ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. زۆرمان باس کردووە لەسەر ئەوەی کە دیموکراسی بۆرژوازی چ ناوەڕۆکێکی لە کارو کردەوەکانیدا بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەم هێناوە . گومان لەوەدا نیە کە دیموکراسی بۆرژوازی هیچ جۆرە ئازادییەکی فەراهەم نەکردووە بۆ چینی کرێکارو بزووتنەوەکەیان، تا بتوانێت دەخاڵەت لە دەسەڵاتی یاسا داناندا بکات .

   کاتێک تاکێک لەکۆمەڵگادا دەتوانێت دەخاڵەت لە دیموکراسی و دەسەڵاتی بۆرژوازیدا بکات، کە بیرو ئاوەزی و کرداری لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتەدا بێت، ئەگەر دوور لە خزمەت کردن و پەیڕەوی یاساو ڕێساکانی خۆیان ببینێت . واتە تاک لە پێناوی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا ئازاد و سەربەست نابێت . واتە پەیوەندی تاک پەیوەندی خزمەتکارانەی هەیە و ئازادیەکەشی لەو پەیوەندیەوە بە دەست دەهێنێت، واتە ئەم پەیوەندییە کاکڵەو ناوەڕۆکی سیستەمی سەرمایەداریە . بێگومان لە دەسەڵاتی پرۆلیتاریادا، تاک لەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیانەی بەبێ دابڕان، بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی سەرمایەداری بۆ کۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێچین، لە خزمەت دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی پرۆلیتاریایە . ئەو چاودێری کردنەی لەسەر تاک هەیە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوتەکانی، لەکۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، لە ڕێگەی تەکنۆلۆجیای بە دەست هاتووەوە دەخرێتە ژێر چاوی ئەلکترۆنەوە . هەروەها تاک لە کۆمەڵگای دەوڵەتە دواکەوتووەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو ئەمریکای لاتیندا، لە ڕێگەی ئاسن و ئاگرەوە چاوەدێری دەکرێت ڕێگری لە هەموو چالاکییەکی دەکرێت . لە هەردوو لایاندا نایەڵن کرێکاران بە بێ خوێن ڕشتنیان دەست بۆ هیچ کام لە بزووتنەوەی ماف و داخوازیە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و ببەن . واتە دواکەوتن و پێش کەوتنی کۆمەڵگاکان، ناتوانێت لە وەڵامی ماف و داخوازیەکاندا، هەلومەرجی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران تێپەڕێنن، شتێک لە دیموکراسی سەرمایەداری بچن بەولاوە . لەبنەڕەتەوە پرۆسیسی بزووتنەوەی دیموکراتیککردنی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان سەرچاوەی نادادپەروەری و بێ مافی ئینسانی کرێکارەو بەشێکی جیا نەکراوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئابوورییانە . سیستەمی کارو سەرمایە و دەووڵەت و سیاسەتەکەیان، دەربڕی کەسایەتی کۆمەڵی سەرمایەداری و دیموکراسییەکەیەتی . واتە حکومەتی توندوو تیژ و خوێن ڕێژو حکومەتی بەلۆکە کوژی مرۆڤ، بۆ چینی کرێکار هیچ جیاوازییەکی نیە . هەروەها تەوژمی کەسایەتی بزووتنەوەی چینی کرێکار، لە فرماسیێۆنی سەرمایەداریدا، هەوڵ و کۆششە بۆ بەدەست هێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاری و بنیات نانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستیە . کەواتە شەخسیەتی دەسەڵاتەکان، لە جیایی بزووتنەوەکانیاندا دەردەکەوێت و ناوەڕۆکی جیاوازیش ئەدات بە دیموکراسییەکانیان . ئەوەی چەپی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، لە ناو فرماسیێۆنی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا کەسایەتی جیای کرێکاران نانوێنێت و ڕۆڵی نا بینێت . لەوێوە دەردەچێت کە یەکسان کردنی هەردوو کەسایەتیە مەعنەوییەکەیە لە لایەن سۆشیال لیبراڵەکانەوە .

  لە وەڵامی پرسیاری (چواردە)دا سۆشیال لیبرالەکان دەڵێن { ئەو تصورەی کە پێ ی وایە بەرقەراری دیموکراسی، بەو تێگەشتنەی کە من لەم باسەدا لەسەر دیموکراسی دام بە دەستەوە، لە هەندێ کۆمەڵگای ئەمڕۆدا هێشتا دەتوانێت وەسیلەیەک بێت بۆ بەرین بوونەوەی ئازادی ئینسانەکان، بە بڕوای من تصورێکی ساویلکانەیەو دوورە لە هەر ڕوانگەیەکی ڕەخنە گرانە . بەو مانایە کە ئازادیخوازی لەم ووڵاتانەدا دەداتە دەست خوا (واتە لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە (و) ). ئەمڕۆ ئیتر دیموکراسی کۆمەڵە حوکمێک نی یە سەبارەت بە ئازادی چاپەمەنی و بیرو باوەڕوو مامەڵەی باش لەگەڵ کەمایەتی یەکان (تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک ئەمانەش بووبێت). مۆدێلێک نییە کە بتوانرێ دڵخوازنە لە هەموو شوێنێک عەمەلی بکرێتەوە بەڵکو ناونیشانێکە بۆ ڕژێمی سیاسی بۆرژوازی ئەم سەردەمە . ل٣٧ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەوەی کە لەم پەرەگراڤەدا باس دەکرێت، دیموکراسی نابێتە هۆکاری باشتری بەرین بوونەوەی ئازادی ئینسانەکان، ئەم بۆچونە لەگەڵ هەندێ لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا لێک جیاوازن . دەڵێت هەندێ لە دەوڵەتە دیموکراسی یەکان، ئەتوانن باشتر فەراهەمی ئازادییە فەردی و ئینسانییەکان بکەن، لە چاو دەوڵەتی سوپاو پۆلیس کە لە بنەڕەتەوە هەردوو دەوڵەتەکە یەک ناوەڕۆکی هاوبەشیان هەیەو لە پێناو یەک مەبەستیشدا لە هەلومەرج و ناوچەی جیاوازدا دروست بوون . هەروەها پێمان وانییە کە مۆدیلەکانی سەرمایەداری یەک تۆز دڵیان بە ئازادیەکانی ئینسان بسووتێ بێگومان مۆدێلی سەرمایەداری بەمانای دابڕاوی نا، بەڵکو هاوتاو پێناسەکاری سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسییەکەی، تەنها بە ناونیشانی سیاسی بۆ ڕژێمێکی سیاسی نابێت . بەڵکو ئەم مۆدێلە کە ڕژێمێکی سیاسی بەیانی دەکات و لەگەڵ ڕەهەندی ئابوری خۆیدا جووت دەبێت، تەنها ناونیشانێکی سیاسی ناگرێتەوە . ئەم مۆدێلە پرۆسیسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی سیستەمێک بەیان دەکات و بەهای کۆمەڵایەتی خۆی لە پەیوەندی کارو سەرمایەوە دەست نیشان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بە کۆمەڵێک یاسا و ڕاسپاردە ئەم پەیوەندیە ڕادەگرێت . کە هەموو دام ودەزگای سەرکووت و چەوسانەوە و بێ مافی کرێکاران دەخاتە پێناو سیستەمەکەیەوە . بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و دیموکراسییەکانیان، لەسەر خاسیەتی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییەوە بنیات نراوە، بۆ ئەم خاسیەتەو پارێزگاری کردنی کۆمەڵێک دەستوورو یاسا دەکاتە ئەحکامی دەسەڵاتەکانی خۆیان، کە هەموویان لە پێناوی پارێزگاری کردنی دەسەڵاتی سەرمایەداراندایە .

  لە هەمان وەڵامی پرسیاری(چواردە) دا ووردەبۆرژوازی لیبراڵ جیاوازی لە قسەکانی خۆی لە هەمان وەڵامدا ڕاڤە دەکات و دەڵێت { ناکرێ خوازیاری دیموکراسی بێت وەکو ئۆرگانێک و سەرخانێکی سیاسی پتەو و قایم بەڵام حکومەتی بۆرژوازیت نەوێ . ل٣٧ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەم ڕستەیەی لەگەڵ ڕستەی پێشوودا جیاوازیان هەیە لەگەڵ یەکتریدا . لێرەدا دەچێتە سەر ئەوەی کە دیموکراسی بۆرژوازی سەرخانێکی سیاسی هەیەو ژێرخانەکەشی ڕەنگ دانەوەی سەرخانەکەی دەبێت. واتە کە ئەحکامەکەی سەرمایەداری بوو ئەوا ژێرخانەکەشی داڕشتنێکی ئابوری سەرمایەداریانە دەکات و دیموکراسی دەسەڵاتیش لە پێناوی پیرۆز ڕاگرتن و هێشتنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانی سەرمایەداریدایە .

  کاتێک دووچین لە کۆمەڵگادا هەبوون، ئەوا دوو بزووتنەوەی جیاوازیشیان دەبێت، دوو خواستی جیاواز دوو دەربڕینی جیاواز لە مەڕ دیموکراسییەکانیان دەبێت . ئەوی دیموکراسی سەرمایەدارییە، لەگەڵ پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پرۆسیسی کارو سەرمایە و چەوساندنەوەی هێزی کار و کەڵەکەی سەرمایەدا خۆی دەنوێنێت . ئەوی کە دیموکراسی پرۆلیتاریایە، یان بزووتنەوەی پرۆلیتاریایە داوای دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی خۆی دەکات و بە پێش مەرجی لەناو چوونی تەواوەتی چینەکانی دەزانێت، ئەگەر قۆناغ و سەردەمەکەی پێویستی کرد، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی لەکۆمەڵگادا بەرجەستە دەکات .

 

  • 1