ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەمایەتی لەنێو کەمایەتیدا

 

نووسینی: داڤید مێکداڵ

یوسف عزەدین لەتورکییەوە کردوویەتیە کوردی

 

لە خۆرھەڵات و باشووری خۆرھەڵاتی تورکیاد، زێدەتر لە سێ ملیۆن عەلەوی ھەن و لە نێویشیاندا سێ یەک و بگرە زیاتریشی کوردن و ئەوەی دەشمێنێتەوە لە تورک پێک دێن. بە شێوەیەکی گشتی عەلەوییەکان ئەوپەڕی "شیعە - ئیسلام" لەخۆدا بەرجەستە دەکەن و زیاتریش لەو شوێنانەدا دەژین کەناوچە کورد نشین و تورک نشینەکانی نێو تورکیای بەشێوەیەکی دیار تێدا ئاوێزان دەبێت. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەشە کە ژمارەی عەلەوییە کوردەکان لە نێو سەرجەم ژمارەی عەلەوییەکاندا دەبێتەوە بە کەمایەتی. تورکەکان زۆربەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی عەلەوییەکانیان داگیرکردووەو بە شێوەیەکی گشتیش کورد نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی ئیتنیکی دەکات.

 

لە نێو کوردەکانیشدا عەلەوییە کوردەکان ھەر کەمایەتین، چونکە رێژەی زۆری ئەو کوردانەی کە لە نێو تورکیادا دەژین، %٨٥ "سوونی - ئیسلام"ن. لە ساڵی ١٩٨٩و لەنێوان مانگی مایس و حوزەیراند، ھەموو ئەوانەی پەنایان بۆ بەریتانیا بردبوو، بەمەبەستی پەناھەندەیی گشتیان کوردی عەلەویی بوون. باشە ئەگەر وەک ئەو دەم لە لایەن " بیرۆی کۆچکردن"ەوە مەزەندە دەکر، ھەموو ئەوانەی کە داوای مافی پەناھەندەییان کردووە لەبەر ھۆکاری سیاسین، بەڵکو "پەناھەندەی ئیکۆنۆمیکی" بن و" کە لە خودی خۆیدا ئەم زاراوەیە جێی گومانە" و لەبەر ئەوە ھەڵھاتبێتن. بەڵام باشە ئەی بۆ دەبێت لە نێوان ئەمانەدا تورکێکی تێدا نەبێت؟!(لە کاتێکدا تورکەکان نەک ھەر لە سەرجەم تورکیاد، بەڵکو لەناوچە عەلەویی نشینەکانیشدا زۆرینەن).

 

ئەمە جگە لەوەی لەو ناوچانەشدا، کوردە سونییەکانیش ھەن و دەگوزەرێن، ئەی بۆ ئەوانیش ھەڵنەھاتوون و داوای پەناھەندەیی ناکەن، دیارە وەڵامی ئەم پرسیارانە گەلێک تێکەڵ و پێکەڵن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵی بوون لەوەی کە بۆ کوردە عەلەوییەکانی خۆرھەڵات و باشووری خۆرھەڵات ناچارن دەست بەرداری ماڵ و حاڵی خۆیان بن، تا ڕادەیەکی زۆر روون و ئاشکرایە.

 

باوەڕی عەلەوییەکان

لە بارەی تەنگ ھەڵچنین بەعەلەوییەکان و دژایەتی کردنیان زۆر ھۆکاری مێژوویی و ئایینی سیاسی ھەن. عەلەوی زۆر جار و بە واتایەکی گشتی وەک دەلالەت لە شیعە و پانتاییەکی بەرفراوانی باوەڕی دەروێشانە دەخرێتەڕوو. بەڵام زیاتر وەک تێکەڵەیەک لە بیرۆکەی شیعییەت و مازدەیزمی فارسی و مەسیحییەت، لە سەرەتای چەرخی شانزەیەم و پێش سەردەمی عوسمانییەکان، لە خۆرھەڵاتی ئەنادۆڵدا و لە نێو خێڵە تورکمەن و کوردەکاندا جێی خۆی کردەوە. کە بیروباوەڕەکانی نێوەڕاستی ئاسیاش لەخۆ دەگرێت.

 

ئەم عەلەوییانەی کە "قزڵ باش"یشیان پێدەگوترا (بە ھۆی ئەو سەروپێچە سوورانەی کە لەسەریان دەبەست)، لەتەک ئیمپراتۆریەتی "فارسی-شیعە" دژ بە عوسمانییەکان جەنگاون، بەڵام پاش ئەوەی لە ساڵی ١٥١٤دا عوسمانییەکان توانیان ھێزە ئێرانییەکان لە ئەنادۆڵ وەدەربنێن، بە تۆبزی زێد و خاکی نیشتەجێبوونی عەلەوییەکان خراوەتە پاڵ خاکی عوسمانییەکان و بە مەزەندەش لە جەنگەکاندا ٤٠،٠٠٠ عەلەویی لە لایەن عوسمانییەکانەوە کوژراون. لەو مێژووە بە دواوەش، عەلەوییەکان، لەبەر جودایی بیر و باوەڕیان لە لایەن دام و دەزگا عوسمانییەکانەوە چەوسێنراونەتەوە. تا ئێستاش سونییەکان دەستووری شەوانی ئایینی عەلەوییەکان "بە مۆم کوژانەوە" تۆمەتبار و ناودێر دەکەن.

 

ئەم جۆرە تۆمەتانەش ھاوشێوەی ئەوانەیە کە لە ئۆروپادا، دراونەتە پاڵ جوولەکەکان و بەڵام جگە لە تۆمەتبارکردن و باوەڕێکی پڕ و پووچ و چەواشەکەر ھیچی تر نییە. ئەوەی پێشتریش کە عەلەوییەکانی بە "قزڵ باش" دەدایە قەڵەم و دەیناساندن، لە ئێستادا لە لایەن عەلەوییەکانەوە بە تانە و تەشەر دەزانرێت و سەیر دەکرێت. جا عەلەوییەکان چەند باوەڕیان بە" عەلی"بێت و پێیان وابێت لە نێو ئیسلامدا جێیان بۆتەوە، بەڵام سونییەکان سیستەمی باوەڕی عەلەوییەکانیان پێ قبووڵ ناکرێت، عەلەوییەکان پێنج مەرجەکەی ئیسلامیان پشت گوێ خستووە: شەھادەت و نوێژی پێنج فەرزەو زەکات و رۆژوو و چوونە حەج. بە پێی باوەڕی سونییەکانیش خراپترین خاڵی سنووربەزاندنی عەلەوییەکان، لە دەست نوێژنەگرتنی پێش دوعاکردنیاندا بەرجەستە دەبێت، ھەر بۆیە لای ئەوان عەلەوییەکان رەگەزی پیسکردن و گەندەڵکردنی کۆمەڵگەن.

 

بەلای عەلەوییەکانیشەوە ئەوەی گرنگە ناوەخنی رۆح و ئەو شتانەیە کە بە ئەقڵدا دێن، نەک نمایش و خۆپیشاندان. بەو پێیەش کە لە گوندە عەلەوییەکاندا مزگەفت نییە، بە سانایی دەناسرێن و جیادەکرێنەوە (ئەمە ئەگەر دەسەڵاتدارانی حکومەت لەو ناوچەیەدا مزگەفتیان دروست نەکربێت؟) سەرباری ئەوەی کە ئافرەتانی عەلەویی بە بێ پەچە و چارشێو دەچنەدەر و دەگەڕێن. عەلەوییەکان گرنگی بەدار و درەخت-یش دەدەن، بەتایبەتیش دار و درەختی نزیک گۆڕی پیاوچاکان، ھەر بۆیە مرۆڤەکان بەمەبەستی ھاتنەدی نیازەکانیان، پارچە پەڕۆی ھەمەجۆر لەو جۆرە دارانە دەئاڵێنن.

 

گوزەرانی عەلەوییەکان

وەکو زۆر مەزھەبی دیکەش، عەلەوییەکانیش لەپێناو ئەوەی نەکەونە ژێر گوشارەوە، خۆیان پەنا دەدەن. ئەوان و باوەڕدارانی مەزھەبە شیعییەکانی تریش، لەدنیای نادۆستانەی سونییەکاند، تەنھا رێگەیەک بۆ مانەوەیان لەخۆ دەرنەخستن و دەرنەکەوتنیاندا بەرجەستە دەبێت. بەڵام سەبارەت بە خۆدەرنەخستن و وەدەرنەکەوتنی عەلەوییە تورکەکان، کە ھاوزمانی تورکە سونییەکانن، زۆر گرفت و ئاستەم نییە. بەڵام کوردە عەلەوییەکان بە ھۆی شێوەزاریانەوە بە ئاسانی ئاشکرا دەبن، تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەکی عەلەوی نشینیشدا نەبن، عەلەوی بوونیان دیار و ئاشکرایە. ھەر زۆرێک لە کوردە عەلەوییەکان شێوەزاری سەرەکی ئاخافتنی کورد، کرمانجی نازانن (لەگەڵ ھەندێک لە تورکە عەلەوییەکان) بە شێوەزاری زازایی دەدوێن و ئەمە جگە لەوەی گەر دەگمەنیش بێت، ھەندێک لە نێرینە عەلەوییەکان خەتەنە ناکرێن و لەکاتی بوون بە سەربازیاندا بە ئاسانی دەناسرێنەوە.

 

لە تورکیاشدا بە گشتی عەلەوییەکان و بەتایبەتیش کوردە عەلەوییەکان، بەچەپ ناسراوون و رەنگە ھۆکارەکەشی وەک پەرچەکردارێک بێت بۆ خۆ بەجودابینینی سونییەکان، ھەر بۆیە ھێشتاکەش عەلەوییەکان، شیعر و بەسەرھاتی ژیانی شاعیری یاخی و سۆفی"پیر سوڵتان ئەبداڵ" کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە چەرخی شانزەیەمدا لەسێدارەدر، بەردەوام زیندوودەکەنەوە. شایانی باسیشە لە نێوان تێڕوانینی عەدالەت خوازانەی خودی عەلەوییەکان و ئەو کێشمانکێشە ھاوچەرخەی لەمڕۆی کۆمەڵگە عەلەوییەکاندا پیادەکرێت، پێوەندیی دەبینرێتەوە. لە گوندە عەلەوییەکاندا لە ڕووی "سوسیۆ- ئیکۆنۆمیک"ەوە، شێوازێکی دیموکراتخوازانەمان دەکەوێتە بەرچاو (بەتایبەت ئەوان ئاغای گەورەی تایبەت بەزەوییان نییە و بە شێوەیەکی ھاوبەش کار دەکەن)، بە ھۆی ئەمانەو لە ڕووی سیاسیشەوە بە مەبەستی خۆ جیاکردنەوە، عەلەوییەکان بەرەو چەپخوازی دەچن.

 

کۆمەڵێک لەتورکە عەلەوییەکانیش ھەن کە ددان بەشوناسنامەی کوردیدا دەنێن و ھەندێکیشیان بەر لەچەند سەدەیەک لەمەوبەر ئاوێزانی کولتووری کوردی بوون. لە سەردەمانێکیشدا ھەندێک لەکوردە سونییە کۆچەرییەکان تێکەڵ بەتورکمەنە عەلەوییەکان بوون و ئیدی کوردەکان سیستمی باوەڕی ئایینی عەلەوییەکانیان وەرگرتووەو تورکمەنەکانیش کولتووری کوردیان لەخۆ گرتووەو تەنانەت زۆرێک لەتورکەکانی تریش تازەمەنێکی نزیکیش، دژ بەپۆلێنکردن و رەفزکردنی جوداخوازانە، وەک سیمبۆل شوناسنەمەی کوردیان قبووڵکردوووە.

 

کوردە عەلەوییەکان زیاتر گوندنشینن و لە ناوچە شاخاوییەکانی دەرسیم (دەسەڵات ناوی کردۆتە تونجەلی)، یان نزیک مەراش و ئەو شوێنانەی کە کاری تێدا دەکەن نیشتەجێن. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەشیاندا ھەندێکیان بەرەو ئەو شارانەی کەسوونی نشینن، کۆچیان کردووەو لەوێشدا ھەر ناچاربوون لەنێو ناوچەکانی خۆیاندا( کۆڵیت و گچکەخانوو)دا ژیان بەرنەسەر و بەو پێیەش نەیانتوانیوە لە سنوورێکی دیاریکراو زیاتر، ئەولاتر بچن.

گوشاری سیاسی

لە ساڵەکانی ھەفتاکاندا ھەندێک لەعەلەوییەکان بە شێوەیەکی ئەکتیڤ تێکەڵ بە سیاسەت بوون و دەرئەنجامی ئەمەش لەکۆتایی ساڵی ١٩٧٠-دا کەوتنە بەر ھێرشی راستڕەوەکان. لە ساڵی ١٩٦٧-یشدا بە ھۆی گەمەیەکی فووتبۆڵ کە لە شاری"قەیسەری" سازکر، ٤٠ کەسی عەلەوی کە لە "سیواس"ەوە ھاتبوون، پەلاماردران و کوژران. دەرئەنجامی تەنگژەی راستڕەو و چەپڕەوەکانیش، لەساڵی ١٩٧٨د، بەڕابەرایەتی و ئۆرگانیزەی "گورگە بۆرە فاشییەکان" قەتڵوعامی سەدان عەلەوی کرا. بەڵام لەساڵی ١٩٨٠-دا پێکدادان و ململانێی چەپڕەو و راستڕەوەکان، خرایە قاڵبی مەزھەبییەوە و ( ناوی گورگە بۆرەکان نەدەبرا). ھەندێک لەدیندارەکانیش، خۆیان بەدوور نەگرت لەوەی کەعەلەوییەکان بە کەمێک لە ئاژەڵ بەنرختر بدەنە قەڵەم و ئاماژەش بەوە بدەن کەکوشتنیان رێگەپێدراو و جائیزە.

 

جا ئەم کەسە دیندارە ئوسووڵیانە، لەساڵی ١٩٨٩داو لەناوچەی مەراش-دا دەنگێکی باشیان بەدەست ھێناو لەنێوان ھەڵبژێردراوەکانیشد، "ئوێککەش کەنگەر"یش ھەبوو کە وەک راستڕەوێک لە قەتڵ و عامەکانی ساڵی ١٩٧٨-دا پێشڕەو و پێشەنگ بوو. ھەر بۆیە بەقەولی (راوکردنیان جائیزە، راو)یان لێھات و بە ھەڵبژاردنی ئەو جۆرە کەسانەش زۆر شپرزەو پەشێو بوون. جا بەھۆی باڵادەستبوونی کەسانی بەبنەما ئیسلامی ئوسووڵی و(ھاوکات ئەزێت دانی عەلەوییەکان) و دەرئەنجامی ھەڵبژاردنە ناوچەییەکانی ئاداری ساڵی ١٩٨٩ش، بوونە ھۆی ھەڵھاتنی کوردە عەلەوییەکان، بەتایبەتیش لەمابەینی مانگی مایس و حوزەیراندا و بە شێوەیەکی چڕ و پڕ. بەپێی ھەندێک واتە واتی بێ سەرچاوەش، گوایە ھەندێک کەسی ھەلپەرست و بێ ئینساف، بەمەبەست و بەڵێنی کار دۆزینەوە بۆ کوردە عەلەوییەکان، ئەم کەش و ھەوای شلۆقی و پانیکەیان خوڵقاندوووە.

 

ھەرچەند ئەوە دێت بە ئەقڵدا کە دەبێت حکومەت دژ بەئیسلامە ئوسووڵییەکان بوەستێتەوە، لەبەر ئەوەی ھەر ھیچ نەبێت دەوڵەت "لایک و سکولار"ەو ئەوانیش دژ بە ئەتاتورکچییەکانن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەو پێیەی ئایینی رەسمی دەوڵەت "سوونی-ئیسلام"ە، کەواتە ھەر خودی خۆی دوژمنانی شیعە و عەلەوییەکان گۆش و لەخۆدەگرێت. سەرۆک وەزیرانی تورکیاش کەسێکی دیندارە و بە تەواویش پەیوەست بوونی بە تەریقەتی نەقشبەندییەوە، تێدا وەدەر دەکەوێت، ئەم نەقشبەندیانەش بە توندی پەیوەستن بە ئوسووڵیەکانەوە.

 

لەمەش زیاتر بەو پێیەی دەنگدەرانی "پارتی نیشتمانی دایک" بەرەو کەمی دەچن، زیاتر پێویستیان بەھاریکاری و کۆمەکی پارتە ئوسووڵییە دیندارەکانە. ھاوپەیمانانی تورکیاش لەناتۆ، دەرحەق بەو مەسەلانە، مەبەستیان نییە گوشار بخەنە سەر تورکیاو دووچاری تەنگژەی زیاتری بکەن، تەنھا شتێکیش کە ھەڵوێستەی لەسەر دەکەن، مافی مرۆڤە لە تورکیادا و بە تایبەتیش ئەوەی تایبەتە بە کوردان. بڵاوترین شێوازی گوشار خستنە سەر کوردان، لەگرتنی بێ ھۆ و ئەشکەنجەدا بەرجەستە دەبێت و لە چاو کوردە سوونییەکانیشدا زیاتر کوردە عەلەوییەکان رووبەڕووی ئەم جۆرە گوشارانە دەبنەوەو لەئیفادەی پەناھەندەیشیاندا ئاماژەیان بەوە داوە، کەزۆرێک لەکەس و کار و خزمانیان بەھۆی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی بوونەتەوە.

 

لەھەفتاکاندا زیاتر سوپا بە چاوێکی سیمپاتیکانە دەیڕوانییە راستڕەوەکان و لەمڕۆشدا لە ئاست ئەوەی سوونییەکان دەرحەق بە کوردە عەلەوییەکانی دەکەن، چاو دەنوقێنێ یان ھەر بە فیعلی بەشداری دەکات. جا ئەم گوشارە نەتەنھا گوشاری تورکە بۆ سەر کوردو نەتەنھا گوشاری سوونییەکانە بۆ سەر عەلەوییەکان، بەڵکو زیاتر گوشارێکی پێکھاتووە لەھەردوو رەگەزەکەو لەھەر دوو بارەکەشدا کوردە عەلەوییەکان کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە. ئاستی ژیانی رۆژانە و گوشارخستنە سەر زمان و کولتوور و دەستدرێژیی و دەستگیرکردنە بێ ھۆکارە "کەیف ئامێزەکان"و ئەشکەنجەدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیش، لە چاو گوندە سوونی نشیەنەکاندا، رەوشی گوندە کورد نشینە عەلەوییەکان گەلێک خراپترە!؟.

 

ھەر بۆ نموونە گوندنشینەکان، کاتێک داوای قوتابخانەی ناوەندی و قیرتاوکردنی رێگاکانیان دەکەن، لە وەڵامدا پێیان دەڵێن: کە جارێ پێشتر دەبێت مزگەفتیان بۆ دروست بکەن. زۆرێک لە پەناھەندەکانیش بە پێی ئیفادەکانیان ئاماژەیان بەوە داوە، ئەو دەمەی لای کاربەدەستان سکاڵای تاڵانکردنی دوکانەکانیان کردووە، سەرباری ئەوە خۆیان تێھەڵدانیان خواردووە. ئەمە جگە لەوەی ئەو مامۆستایانەی کەبۆ قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئەوان نێردراون، رۆڵی میسیۆنەری ئیسلامیان بینیوەو منداڵی عەلەوییەکانیان بەرەو ئیسلام راکێشاوە. دیارە لە مانگی رەمەزانیشدا، گەر عەلەوییەکان لە ماڵی خۆشیاندا نەوێرن نان بخۆن، یان جگەرە بکێشن، حەقیانە و زۆر ھۆکاریش ھەن بۆ ئەمە.

 

ھەر بۆیە کوردە عەلەوییەکان، زیاتر پێیان باشە داخراو و بێدەنگ بن، تەنانەت گەر رووبکەنە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ-یش، ھەست ناکەن بەگەرمی کەس لێیان نزیک بێتەوە، بۆیە ناچارن بەدیققەت بن لەھەڵسوکەوتیانداو ھەروەک جولەکەکانی روسیا-ش، ھەمیشە عەلەوییەکان-یش بەچاوی سووک سەیرکراون و گوشاریان خراوەتە سەر و لە ساڵی ١٩٨٩-یشدا ئەمە گەیشتە چڵەپۆپەی. وێڕای گوشاری خەڵکە سوونییەکەش بۆ سەریان، لەلایەن ژاندرمەو ھێزەکانی حکومەتیشەوە، ناو بەناو بەبەھانەو ناوی گەڕان بەشوێن "ئەندامانی رێکخراوە یاساغەکانەوە"، دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

 

بە پێی ئیفادەی یەکێک لەپەناھەندەکان: (یەکەم جار لە سەعات دوو یان سێی شەودا"پۆلیسەکان" دەستیان کرد، بە ھاوار ھاوار و دواجار دەرکەکەیان شکاند و ھاتنە ژوور، لە"یوسف"یان پرسی. ھەڕەشەیان لە من و خێزانەکەم کرد و گوتیان "یوسف" لە کوێیە، ھاواریان کرد بە سەرمدا و گوتیان، "کوردی کۆمۆنیست"، گوتیان، ئەگەر قسە نەکەم، ژن و منداڵەکانم دەبەن و دەستدرێژیی سێکسیش دەکەنە سەر ژنەکەم، ھەموو ئەمانەشیان لە بەردەمی منداڵەکانمدا گوت" بە پێی رێکخراوی ئەمینیستی ئینتەرناشنال-یش ئەم جۆرە دەستدرێژیانە ھەیە". بەپێی ئیفادەی یەکێکی دیکەش لەئیفادەدەرەکان، پەلامارەکانی بەردەوامی تێرۆرخوازانەی پۆلیس گەیشتۆتە ئەو رادەیەی، کەمنداڵان ھەر دەمێک پۆلیس لەماڵەوەدا ببینن، یەکسەر دەستیان دەخەنە سەر تەپڵی سەریان.

رۆڵی دەوڵەت

ئەو کوردە عەلەوییانەی نیشتەجێی نێوان ناوچە کوردی و تورکییەکانن، پلانی نوێی درەخت چاندن و ئاوەدانکردنەوە، ناوچەکانیان دەگرێتەوەو ئەم بەزۆر راگواستنەشیان چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابورییەوە خزمەت بەدەسەڵاتداران دەکات. بەشێکی زۆری خۆرھەڵات و باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا و بەشێوەیەکی گشتیش لەپێناو ئامانجە بازرگانییەکاندا درەخت چاندن، یان لەچوارچێوەی پلانی ناوچەییانەی ئاوەدانکرنەوەدا، بەناوچەی کشتکاری دەستنیشانکراون. تەنانەت ملیۆنەھا مرۆڤ لەو ناوچانەی کە"پ.ک.ک"ی تێدا ئەکتیڤەو بەمەبەستی کەمکردنەوەی نفوسی کورد لەو شوێنانەدا، ناچار دەکرێن کەکۆچ بکەن. تونجەلی"دەرسیم"یش کە"پ.ک.ک"ی تێدا چالاکە، یەکێکە لەو شوێنە سەرەکییانەی کەبۆتە ئامانجی شاڵاو و پەلامارەکانی دەوڵەت.

 

لەساڵی ١٩٣٨-ەوە کوردە عەلەوییەکان دژ بەحکومەت جەنگێکی توندو تۆڵیان دەست پێکردووەو یەکێک لەبەرپرسە ئەوروپییەکان بەناوی "مارتین ڤان برونسین"، سەبارەت بە دۆزی کوردستان دەنووسێت: ( تونجەلی-دەرسیم- ھەموو کاتێک گرنگترین خاڵی کێشمانکێشی سیاسی بووەو بەگەورەترین زیندانی تورکیاش دراوەتە قەڵەم. حکومەتی تورک-یش گەرەکیەتی بڕبڕەی پشتی کوردە نەتەوەییەکان و بەتایبەتیش بڕبڕەی پشتی "پ.ک.ک" بشکێنێت، ھەر بۆیە دەوڵەت لەڕێی "ئاسیمیلەکردن" و گوشاری پۆلیس و راگوێزانەوە ھەوڵی زاڵبوونی داوەو زۆر خێزان و بگرە ھەندێک لەو گوندانەش کەلەژێر کاریگەری "پ.ک.ک"دا بوون، ناچارکراون کەخاک و زێدیان جێبھێڵن).

 

حکومەت ھەرچەند نکووڵی لەم جۆرە راگواستنانەش بکات، بەڵام بەڵگە ھەیە بۆ ئەنجامدانی، وەک نمونەی: بەڵگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستان کەنووسیویەتی" گوندنشینەکان بەمەبەستی دابینکردنی ھۆکاری گواستنەوەو لەبەر ئەوەی راگواستنەکەیان بۆ شوێنێکی ترە پەنایان بۆ ئەوان بردووە". ھەرچەند لەناوچەی تونجەلی و لەنێوان ٤١٤ گوندی تۆمارکراد، تەنھا ١٣٤ گوندیان دارستانیان ھەیەو دیاریکراوە، بەڵام بەپێی یاسای درەخت چاندن دەبێت ٣٥٥ گوند لەناوچەکانی خۆیان رابگوێزرێن بۆ شوێنانی تر. سەبارەت بەڕۆژھەڵاتیش کە ئەرزنجان-یشی تێدا دەگیرسێتەوە، تەنھا ٢٩ گوند بەخاوەن دارستان، یان ناوچەی درەخت چاندن دەستنیشانکراون، بەڵام فەرمانی راگواستنی ٢٥٠ گوندی دیکەش دراون.

 

بەپێی ئیفادەی ھەندێک لەکوردە عەلەوییەکان-یش، گوایە لەلایەن کوردە سوونییەکانەوەو بەزۆری چەک زەوییەکانیان داگیرکراوەو تەنانەت ھەندێک لەو کوردانەش سەر بەحکومەت و گوندپارێزن. سەبارەت بەقەرەبووی ئەوانەش کەعەردیان لەدەست چووە، تەنھا تایبەتەو دەدرێتە ئەوانەی کەدەوڵەت بەھاووڵاتی دڵسۆزیان دەداتە قەڵەم. ھەر بۆ نموونە: لەناوچەی مەراش تەنھا ئەوانەی کەپێوەندییان بەمیلیتان و کوردە سەرەبەخۆ خوازەکانەوە نەبووە، سەرباری زانینی نووسین و خوێندنەوەی زمانی تورکی، عەردی ئاڵتەرناتیڤیان پێدراوەو بەحوکمی ئەم جۆرە دەستوور و رێنمایانەش زۆرێک لەکوردان بێبەش بوون لەوەرگرتنی قەرەبووی مافەکانیان.

 

لەمیانی ئەو ھەموو گوشارە سیاسی و ئایینی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کەکراوەتە سەر کوردە عەلەوییەکان، راست و دروست نییە گەر پەناھەندەکانیان، وەک پەناھەندەی ئابووری بناسرێنرێن، لەکاتێکشدا ئەگەر قوربانی دەستبەسەرداگرتنی عەردەکانیشیان بووبێتن، چونکە لەکاتێکدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ تورکیا رووبەڕووی ھەموو جۆرە ریسک و ئەشکەنجەو تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە. ئەگەر پێشتریش رووبەڕووی گوشاری وا نەبووبێتنەوە، ناکرێت دڵنیا بین لەوەی کەرووبەڕووی نابنەوە، تەنھا پەنابردنیان بۆ داواکاری پەناھەندیی، بەسە بۆ ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە بەنەیارانی حکومەت بدرێنە قەڵەم.

 

ئەگەر ناچاری گەڕانەوەش بکرێن، مەگەر بەدزییەوە بگەڕێنەوە، تا بەخاوەن چانس بدرێنە قەڵەم. یەکێک لەو پەناھەندانەی کەگەڕاوەتەوە، ئاوا باس لەوە دەکات کەلەفڕۆکەخانەی ئیستانبوول بەسەریدا ھاتووە: (پۆلیسێک ھاتە پشتمەوەو پڕی دایە قۆڵەکانم و بردمیە ژوورێکی نھۆمی دووەم و ھەر کەگەیشتینە نێو ژوورەکە، پاش ئەوەی پاڵی پێوەنام بەربووە دەمووچاوم. بە خائینی نیشتیمان تاوانباری کردم و گوتی: بۆ کوێ دەچیت بچۆ، ئەوەی بۆی دەگەڕێیتەوە ھەر ئێرەیە. ئەی کوردی پیس. دواتریش زیندانی کردم). ئاشکراشە تا سوپای دەوڵەتی تورکی، دژ بە دەسەڵاتە ناوچەییەکان و ھێرشکارییەکانی سوونییەکان، نەوەستێتەوە و رێگەچارەی بۆ نەدۆزێتەوە، ئەو زەحمەتی و ناڕەحتییەی کە کوردە عەلەوییەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا رووبەڕووی دەبنەوە، ناڕەوێتەوە!؟

  • 1