ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

*نەتەوەپەرستی و دەرهاوێشتەکانی:

جێگەی باسکردنە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و لەگەڵ سەرهەڵدانی زۆر لە بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی کۆلۆنیالکراو لەلایەک و سەرکەوتنە جەماوەرییەکانی بزاڤی کۆمۆنیستی و چەپەکانی ئەوروپا لەلایەکی دیکەوە، ببوونە هۆکاری نیگەرانی و مەترسی و دڵەڕاوکێی سەرمایەدارانی جیهانی بە گشتی، بۆیە کاتێک بزاڤە ناسیۆنالیستییە شۆڤێنییەکانی ئەوروپا هەنگاویان نا بەرەو بوون بە فاشیزم و نازیزم، لەهەردوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و پاشانیش لە ئیسپانیا لەلایەن فرانکۆییەکانەوە، سەرمایەدارانی هەموو جیهان کەوتنە پشتگیرییان بە هەموو شێوەیەک، چونکە ئەو بزاڤانە هەرزوو یەکەم مەرامی خۆیان ئاشکرا کرد لەوەی ئەوان هاتوون تا کۆمۆنیزم و چەپ و دیموکراسیخوازەکان لەناوبەرن و یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەناسن.

هەربۆیە لەسەرەتاوە هەموو ڕێخۆشکارییەکییان بۆیان کرد تا لە هەڵبژاردنەکاندا بتوانن ڕکابەری جەماوەری فراوانی هێزە چەپەکان بن و سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئەوەبوو لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا توانیان لەو ڕێگەیەوە بگەنە دەسەڵات و دەست بکەن بە لەناوبردنی هێزە کۆمۆنیستی و چەپ و کرێکاری و دیموکراسیخوازەکانی ناو وڵاتەکانیان. بە جۆرێک کە بە ئاشکرا و بە بەرچاوی میدیا و خەڵکی دەکەوتنە کوشتن و ئازاردانی سەرکردە و کادیرانی ئەو هێزانە و داخستنی هەموو ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپخانانەی کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و چەپەکانیان دەکرد، بەڵام لە ئیسپانیا ململانێکە بوو بە شەڕی چەکداری و سەنگەری لەناو شارەکاندا و، هەموو سەرمایەدارانی جیهان شەڕەکەیان بە هیی خۆیان زانی و هەموو پێویستییە عەسکەرییەکانیان بۆ حکوومەتی پادشایی ئیسپانیا و فرانکۆییەکان دابین کرد، لە بەرانبەریشدا هێزە چەپ و کۆمۆنیست و دیموکراسیخوازەکانی ئەوروپا و جیهان پشتگیری کۆماریخوازەکانیان دەکرد، بەڵام هیچ بەراوردێک ناکرێت لە نێوان توانستی ئابووری و عەسکەری مەزنی وڵاتە سەرمایەدارەکان و هێزە دیموکراسیخواز و کۆمارییەکان، چونکە لە ئەنجامیشدا دەرکەوت چی جیاوازییەکی گەورە لەو نێوانەدا هەبووە، ئەوەندە بوو زۆر لە ئەدیب و نووسەر و بیرمەندەکانی جیهان بەزمان و ئینتما و تێگەیشتنی جۆراوجۆرەوە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو سەرکەوتنی کۆمارییەکان و خۆبەخشانە چوونە پاڵ شۆڕشگێڕەکان و بە توانستە کەمەکانییانەوە کە دەکرێت بگوترێت پشتگیرییەکانیان زیاتر فیکری و مەعنەوی بوو لەوەی عەسکەری و شەڕی مەیدانی و سەنگەری بێت. مێژووش گەواهی ئەوە دەدات کە ناوی زۆر گەورە و مەزنی شاعیر و ئەدیب و نووسەر و بیریاری جیهانی لەوێدا دەهات و هەندێکیان بوونە قوربانی دەستی غەدری داردەستانی سەرمایەداران.

ئەو پەرەسەندنەی هێزە شۆڤینیستەکان دوای چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و بە بیرۆکەی هێز و فراوانخوازی سەربازییەوە هاتنە گۆڕەپانەکە و پەلیان بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێی خۆیان دەهاوێشت، لە تۆڵەی ئەو شکستانەی لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بە وڵاتەکانیان کەوتبوو لە کاتی دۆڕاندنیان لەو شەڕەدا. وا دەردەکەوێت کە دۆخەکە زۆر مەترسیدار دەبێت لەوەی کە ناسیۆنالیزم رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە دیارکردنی هۆکار و پاساوەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ لە نێوان دەوڵەتاندا، لەوانە هەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ داگیرکردنی هەموو ئەوروپا و، هەوڵەکانی ژاپۆن بۆ داگیرکردنیڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانیدا، لێرەوەش دەردەکەوێت کە ناسیۆنالیزم هێزێکی ڕووخێنەرە، بۆیە ناسیۆنالیزم و دژایەتیکردنی زۆر فراوان بووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆتە هاوشانی سیاسەتی دیکتاتۆری و ڕقی ڕەگەزپەرستی و لە ناوخۆی وڵاتەکاندا بۆتە بەکارهێنانی بیری ناسیۆنالستی لەلایەن ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییانەوە دژ بە هەموو هێزێکی یەکسانیخواز و کرێکاری لەناوخۆییاندا و لەلایەکی دیکەش بەمەبەستی فراوانخوازی و سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی گەلانی دیکەدا. هەر ئەوەش بوو هۆکاری هەڵگیرسانی شەری دووەمی جیهانی، ئەو ڕژێمە فاشیستانە بوونە هاوپەیمانی یەکتری و لەگەڵ ڕژێمی ژاپۆنی، زیانێکی زۆر گەورەیان بە مرۆڤایەتی و کەلەپوور و کولتووری گەلان گەیاند.

 کەواتە لە هەموو پەرەسەندە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ناسیۆنالیزمدا، سەرمایەداران توانیویانە بەجۆرێک لە جۆرەکان سوودی خۆیانی لێ وەربگرن و بە بەرژەوەندی خۆیانی بگەڕێنن، بەهەموو کاتەکانیش وایانکردووە کە بە بەرژەوەندی خەڵکی چەپ و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی گەلان نەبێت و هیچ کاتێک سیستەمی حوکمرانییەکان دژە سەرمایەداری و دیموکراسیخواز و هەژاردۆست و نیشتمانپەروەر و چەپخواز نەبن.

*مەرکسیزم و مەسەلەی ناسیۆنالیزم:

بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە نووسینەکانی هەردوو بلیمەتی مارکسیزم بدەین بۆ ئەو دەربڕینانەی سەبارەت بەمەسەلەی ناسیۆنالیزم گوتوویانە، ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە خوێندنەوەکانی مارکسیست و هزبە شیوعییەکان بۆ ئەو دەقانە بەشێوەیەکی هەڵە بووە، بەشێوازێکی میکانیکیانە هەندێک دەقی مارکسیان هەڵبژاردووە کە لەبنەمادا هیچ لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکاری قووڵی بۆ نەکراوە، و ڕەچاوی میتۆدە زانستییەکەی مارکسیزمیش لەوێدا نەکراوە.

هەندێک جار دەکرێت بگوترێت کە وەرگرتنی دەقە ئامادەکراوەکانی سەرکردە سۆڤیتییەکان و کۆمینترن وایان کردووە کە زۆر لە حزب و کەسایەتییەکان تووشی ئەو شێوە تێگەیشتنە ببن، لەو حزبە شیوعییانەی کە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندان کەوتوونەتە ئەم خوێندنەوە هەڵانە، ئەوا بەپلەی یەکەم حزبە شیوعییەکانی وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانی تورکیا و ئێران و ئەوانی دیکە، چونکە ئەوان زۆر بە زەقی کەوتوونەتە بەر ئەو شاڵاوەی کە هەموو مەسەلە و بۆچوونەکانی نەتەوەیی و تا دەگاتە زۆر لە بزاڤە ڕزگاریخوازە نەتەوایەتییەکانی ناوچەکە بە بزاڤی بۆرژوایانە و لەهەندێکیان بە بۆرژوای بچووک ناوزەدیان کردوون و هیچ هاوکارییان لەگەڵیاندا نەکردووە، بۆیە لە هیچ ڕووداو و پێشهات و لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵگاکانی خۆیاندا بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان بە ڕۆڵی مەسەلە نەتەوایەتییەکان نەکردووە و باسی گرنگی ئەو بۆچوونانەیان نەکردووە، بەو واتایەی کە ئەوە خەم و بۆچوون و کێشەی بۆرژوا و بۆژوای بچووکە لەناوچەکە، واتە هیچ کاتێک خۆیان بە خاوەنی بزاڤە نەتەوایەتییەکانی ناوچەکە نەزانیوە و بەڵکو لەهەندێک حاڵەتدا دژایەتیشیان کردووە، بابزانین ئەو بۆچوونانە لەسەر چی بنەمایەک دروست بوون و ڕاستییەکان چین؟ یەکەمیان، سنوردارکردنی مارکسیزم بەوەی تەنیا بواری ئابووری گرنگی و بایەخی خۆی هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکاندا، بوارەکانی دیکەی جگە لە ئابووری ئەو بایەخەیان پێ نەدرا و لەجێگەی دروستی خۆیاندا دانەنران، بەڵکو وای لێهات هۆکاری ئابووری لە بزاڤی مێژوودا ڕۆڵی سەرەکی پێدرا و، (سەرەڕای دروستییەکەی) بەڵام لەبەرانبەردا هۆکارەکانی دیکە بەلاوەنران و گرنگییان پێنەدرا، لەوانە هۆکاری نەتەوەیی و ئەتنیکی و هەروا هۆکاری ئاینی و ڕۆڵی لە گۆڕانکارییەکاندا و، هیی دیکەش لەکاتێکدا مێژوو سەلماندی کە هەریەک لەم بوارانە ڕۆڵی دیاریکراوی خۆیان هەیە لە پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا.

  • 1