ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕەوەند (تاهیر کەریم) 12ی حوزەیرانی 2019 

چەند تێبینییەکی پێویست:

1. ئەم وتارە پێش هەژدە ساڵ نووسراوە. کە بۆ ئێستاش دەگونجێ، چونکە چەپی مارکسی کوردستانی هەتا ئێستا لەهەمان بازنەی حزبایەتی خۆیدا سەنگی هەیە، بەڵام بەجودایی لەیەکتری کار دەکەن.

2. لە ساڵى 1986-1987 لەناوچەى شەقڵاوە ئەرکى حزبیم ئەنجامدەدا، نازناوم – سەلیم – بوو بۆیە بەم ناوە وتارەکەم نووسیبوو( واتە ئەم وتارە بەناوی سەلیم عەلی ئیمزا کرابوو).

لەساڵى ڕابردوو (باس لەساڵی 2000ـە) لە کوردستانى ئازادکراودا لەچەند بوارێکى گرنگ، قوتابییان و مامۆستایان، هەڵبژاردن سازدرا و، لەلایەن حزبە کوردستانییەکانەوە بایەخێکى زۆرى پێدرا و، ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانى سەر بە حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بەشداریان تێداکرد، بۆ ئەوەى هەر لایەنە پێگەى خۆى لە ڕیزەکانى ئەو توێژانە قایمتر بکات و بوونى خۆى بسەلمێنێ و بوار برەخسێنێت بۆ ئەوەى بەرنامەى کاری تایبەت بەخۆى بەکردەوە ئەنجام بدات و خزمەتێک بەجەماوەری گەلەکەى بکات.

هەڵبژاردن و بەشداری تێداکردن دیارترین دیاردەى ئەو سەردەمەیە و، سەرەتای پەیڕەوکردنى دیموکراتیەتە لە کۆمەڵگەدا، بەشداری ڕێکخراوەکانیش لەپڕۆسەى هەڵبژاردندا جۆرێکە لەبڕوا بەخۆبوون و تاقیکردنەوەیەکى هەستیار و سامناکیشە کە ڕووبەڕووى ڕێکخراوەکان دەبێتەوە، چونکە لەم ڕێگایەوە واتە لەڕێگاى پەیڕەویکردنى دیموکراتیەت و هەڵبژاردن سنوری جەماوەری هەر حزب و لایەنێک نیشان دەکرێت، هەموو لایەکیش دەبێت ئەنجامەکەى قەبوڵ بکات، بەمەرجێک لەڕێگاى یاساوە مافى هەموو لایەک زامن کرابێت.

لە هەڵبژاردنەکانى قوتابییان و مامۆستایان چەپى مارکسى کوردستانیش بەشدارییان تێداکرد لەڕێگاى چەند ڕێکخراوێکى جەماوەری و پیشەییەوە سەر بە ژمارەیەک حزب و لایەنى چەپى مارکسى و شیوعى، بەڵام بەشێوەیەکى پەرش و بڵاو و، هەر ڕێکخراوێک بۆخۆى و بەتەنیا ئەرکەکانى هەڵبژاردنى ئەنجامدەدا، بەبێ ئەوەى کەمترین شێوەى هاوکاری و هاودەنگى لە نێوانیاندا هەبێت، یان بەرنامەیەکى کاری هاوبەشیان هەبێت، لەو بارودۆخە نالەبارەى کە چەپى مارکسی کوردستانى کە ڕووبەڕووى بوویتەوە، چ لە بواری ڕێکخستن و جەماوەردا چ لەبواری تواناى ڕاگەیاندن و دارایی دا، نەیتوانیوە ڕۆڵى بەرچاویان هەبێت و پروپاگەندەیان کاریگەر بێت و بەرنامەیان بگەیننە جەماوەری خۆیان، بۆیە هەریەکە و ژمارەیەک دەنگى هێنا و ڕێژەیەکیان بۆ دیاریکرا، دەرکەوت ئەو دەنگ و ڕێژانە هەریەکە و بەتەنیا هێندە کەم بوون، نەبووە شوێنى باس و لێکۆڵینەوەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، ئەمەش بۆ هەموو لایەنێکى چەپى کوردستانى ئەنجامێکى ناهەموار و گران بوو، بۆیە پێویستە لەو ڕووداوە پەند و عیبرەت وەربگیرێت و هاندەرێک بێت بۆ ئەوەى چەپە مارکسییە کوردستانییەکانیش لێک نزیک ببنەوە و بەلایەنى کەمەوە بتوانن لەبواری هەڵبژاردندا خۆیان ڕێکبخەن و بەرنامەى هەڵبژاردنى هاوبەشیان هەبێت و بەیەک بەرنامە و ناو و لیست دابەزن بە ئامانجى ئەوەى بە هەموو لایەکى کوردستاندا بڵاوببنەوە و کاریگەری خۆیان بنوێنن و بڕوا و متمانەى ئەو جەماوەرە بەرفراوانەى چەپى مارکسی هەیەتى لە کوردستاندا بەلاى خۆیان ڕاکێشى بکەن و سەنگى بوونى خۆیان بسەلمێننەوە، دیارە سەنگ و کاریگەرێتى هەر ڕەوتێک جگە لە سیاسەتى ڕاست و هەڵوێستى گونجاو لەبەرژەوەندى باڵای گەل و نیشتمان و داکۆکى کردن لە کرێکاران و جووتیاران و تێکڕای جەماوەری ستەمدیدەى کوردستان ڕێزگرتن لەمافى مرۆڤ و سازش نەکردن لەگەڵ دوژمنانى ئەزموونى گەلى کوردستان و بەجەماوەرى بوونى ڕەوتەکەش دەوری سەرەکى دەنوێنێ.

پارتى کاری سەربەخۆبى کوردستان، کە لایەنێکى گرنگى چەپى مارکسى کوردستانییە، لەبەرنامەى بڕیاردراوى سێیەمین کۆنگرەى لە (7/11/1999) داهاتووە "لە پێناوى یەکگرتنى چەپى مارکسی و کۆکردنەوەى چەپى کوردستانى تێدەکۆشین" ئەوەى لە بڕگەى سەرەوە داهاتووە دوو بەشە، بەشى یەکەمى ئەوەیە کە پارتى کاری سەربەخۆیى کوردستان لە پێناوى یەکگرترنى چەپى مارکسی کوردستانى تێدەکۆشێت ئەو ئەرکە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانى خۆى دادەنێ و هەموو هەوڵ و کۆششێک دەدات لەم ڕووەوە، چونکە هێز و تواناى چەپى مارکسی کوردستانى لە یەکبوون و یەکگرتندا دەبینێ لەم بوارەدا ئامادەیە لە خۆبردووانەش قوربانى بدات بەکردەوەش ئەمەى سەلماند لەو ڕێککەوتنەى نێوان بزووتنەوەى یەکبوونى کوردستان و پارتى کاری سەربەخۆیى کوردستان و بەڕوونیش دەرکەوت کە ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندى چەپى مارکسی و چەپدایە بەتێکڕا یەکگرتنەکەش کاریگەرى چاکى کردە سەر دۆست و لایەنگرانى چەپى کوردستان و زۆربەى حزب و لایەنە سیاسییەکان پیرۆزباییان لەم هەنگاوە کرد و بە دەروازەیەکى باشیان لەقەڵەمدا لەپێناوى یەکگرتنى چەپى مارکسی کوردستانییدا.

بۆ ئەم مەبەستەش، واتە یەکگرتنى چەپى مارکسی کوردستانى، پێویستە لایەنێکى ئەو ڕەوتە بەرنامەیەکى تێروتەسل و فراوان دابڕێژیت و بڵاو بکاتەوە بەمەبەستى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا دەربارەى دەوڵەمەندکردنى چەپە مارکسییەکانیش ئەرکیانە بەدەمییەوە بچن و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیروڕاى هێمنانە و دڵسۆزانەى لەسەر بکەن، بەمەبەستى لێک گەیشتن و لێک نزیک بوونەوە و ئەنجامدانى کاری هاوبەش و چوونە ناو قوڵایی جەماوەر و داکۆکى کردن لەبەرژەوەندى چینە هەژارەکانى گەلى کوردستان و خۆڕێکخستن بە هیواى یەکگرتن، چونکە هێز و تواناى جەماوەری هەر حزب و لایەنە چەپەکانى مارکسی، خۆى لەیەکگرتنى حزب و لایەنە چەپەکانى مارکسی دەبینێ هەر لەتەک ئەم ئەرکەدا ئەرکى تێکۆشان لە پێناوى یەکگرتنى چەپى مارکسی کوردستان، دەکرێت هەوڵ و کۆششى جدى بدرێ لە پێناوى کۆکردنەوەى تەواوى چەپى کوردستانى لە ژێر چەترێکدا، جا ئەو چەندە لە ژێر هەرناوێک بێت دەکرێ بەرەى چەپ بێت، یان لێژنەى هاوکاری چەپ بێ یاخود لیژنەى کاری هاوبەشى چەپی کوردستانى بێت لەگەڵ دانان و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکى کاری هاوبەش کارێکى لەم چەشنە یاریدەدەرێکى کاریگەرە بۆ زیادبوونى دەوری چەپى کوردستانى و کاریگەرێتى لەڕووداوەکانى سەر گۆرەپانى کوردستان و بەشداری کاریگەرانەى زیاتری چەپى کوردستانى لەبەرەو پێشبردنى ئەزموونى فەرمانڕەوایەتى گەلى کوردستان لە باشووری کوردستاندا و پەیڕەوکردنى زیاتری دیموکراسیەت لە ژیانى ڕۆژانەى کۆمەڵگەکەمان و چەسپاندنى ئاشتى و دروستکردنەوەى یەک حکوومەتى ئیتلافی کوردستانى و جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى واشنتۆن، هەروا لەم ڕێگایەوە چەپى کوردستان ڕۆڵ و پێگەى خۆی لەناو ڕیزەکانى بەرهەڵستکاری عێراق دیارتر دەبێ لە پێناوى داکۆکى کردنى چاکتر لە بەرژەوەندی باڵاى گەلى گوردستان.

  • 1