ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشێکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە ساڵی 1987 سەرجەم گوندەکانی ئەو سنورانە ڕاگوێزران بۆ ئوردوگاکانی هەولێر و زەوییەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی و ئەوقاف و کشتوکاڵ تەملیک کران و دواتر عەرەبیان هێنایە سەر زەوییەکان و بەگرێبەست پێیاندان.

کوردەکانی ڕاگواست و بەشێک لە گوندەکان قەرەبوکرانەوە بەرانبەر بەبڕە پارەیەک. عەرەبی هێنایە ناوچەکە، زەوییەکانی بەگرێبەست پێدان بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە هەڵپەسێردراوی لەنێوان کورد و عەرەبدا بمێنێتەوە. ئامانجەکەی هاتە دی، ئەوەتا دوای ڕووخان و نەمانی ڕژێمی بەعس کە شانزە ساڵە ڕژێمەکەی نەماوە، بەڵام هێشتا کێشەکانی ئەوەندە زۆرن کە ڕەنگە تاکو بیست ساڵی تریش چارەسەر نەکرێن یان ببێتە مایەی کێشەی گەورە لەنێوان کورد و عەرەبدا و خوێنڕشتن و ماڵوێرانی لێ بکەوێتەوە. ئەم ڕژێمەش لەبیرکردنەوە و ڕەوشتیاندا هەمان بیرکردنەوەی بەعسیان هەیە دەرحەق بەمافەکانی گەلی کورد.

لە بەغدا و لەپارێزگاری کەرکووک هێزی سەربازی ناوچەکە بە ئاشکراو بەبێ شەرمانە پشتگیری لە عەرەبەکان دەکەن و دەیانەوێت بیانگەڕێننەوە سەر زەوییەکانی کورد. 

ئەوەتا ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە سەربازییەکان بە بڕیاری حکوومەتی ناوەندی بەڵێننامە بە جووتیارانی ناوچەکە پڕ دەکەنەوە تاکو یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەلایەن دادگاوە نابێت زەوییەکانیان بەکاربهێنن.

لەساڵی 2003 بەڕووخانی ڕژێمی بەعس عەرەبەکان سەرجەم ئەو ناوچەنایەن چۆڵکرد و گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان. کورد لەسەردەمی ئەنجوومەنی حوکمدا نەیتوانی کۆی ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەعس دەریکردبوون و تایبەت بوون بە بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە. 

دواتر ئەندامانی ئەنجوومەنی خولە یەک لەدوای یەکەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و حزبە کوردستانییەکان بێدەنگیان لێکرد، وا دەزانرا ئیتر کورد هەموو شتێکی یەکلاکردۆتەوە کە 16ی ئۆکتۆبەر دروستکرا، ئەوجا مەترسییەکان دەرکەوتن. 

بریاردراوە بۆ یەکلاکردنەوەی زەوییەکان کێشەکە ببردرێتە دادگا، لەم حاڵەتەدا دادگا لەبەرژەوەندی عەرەبەکان بڕیار دەدات، چونکە عەرەبەکان ساڵانە گرێبەستیان نوێکردۆتەوە و کورد تەنیا تاپۆی کۆنی هەیە و بەشێکیشیان قەرەبوو کراونەتەوە، بۆیە پێویستە ئەو کێشەیە نەدرێتە دادگا و پەیوەست بکرێت بە مادەی 140وە.

 

  • 1