ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی

دەربارەی چەمکی "ئابووری بازاڕی سۆشیالستی"

چەمکی ئابووری بازاری سۆشیالستی لە چیندا لە ماوەیەکی کتوپڕ و، بە شێوەیەکی خوڕسک، یان لە میانەی ئەنجامدانی کۆدەتا لە سەر بنیاتنانی سۆشیالستی و پاشگەزبوونەوە لێی، نەهاتۆتە دی. لە دایکبوونی ئەم چەمکە لە ئاکامی پەرەسەندنی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری، و وەک پێداویستییەکی بابەتی کاروانی چاکسازی و کرانەوە و پەرەپێدانی ئەم کاروانە بە پشتبەستن بە واقیعی گۆڕاو، و لە ڕێگای پراکتیک و داهێنانی تیئۆرییەوە، هاتە کایەوە.

ئابووری چین پێش دەستپێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە لە ساڵی 1978دا دووچاری گرفتی زەق لە بواری ڕێکنەبوونی بەرهەمهێنان، و خراپی ڕێگاوبان، و ناڕێکی بەرهەمی دانەوێڵە ببوو، کە ئەمانەش بەشێک لە ئاکامەکانی سیاسەتی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" بوو.

دەتوانین بڵێین گۆڕانکاری ئابووری و لە دایکبوونی چەمکی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی کە بە هاوتەریبی لەگەڵ چاکسازی سیاسی پیادە دەکرا، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی.

قۆناغی یەکەم لە سێیەمین دانیشتنی تەواوی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی یانزەهەمین کۆنگرەی حزب لە ساڵی 1978 دەستپێدەکات. لەم دانیشتنە پێشنیازی بەرپرسانی بواری کاری ئابووری کە تشن یون سەرکردایەتی دەکرد، پەسەندکرا، و کۆمیتەی ناوەندی حزب ڕێسایەکی کارکردنی ئابووری لە چوار دەستەواژەدا بڕیاردا، کە بریتی بوون لە: "هەموارکردن، چاکسازی، ڕاستکردنەوە، باشکردن".1

لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک ئامانجی گرنگ دەستنیشان کرا، وەک کارکردن بۆ ئەوەی ئابووری چین بتوانێ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئابووری جیهان بگونجێنێت، و جەخت لەسەر بواری کشتوکاڵ و باشترکردنی پیشەسازی قورس و توێژینەوەی زانستی و بەرگری، لە بەرنامەی گەشەپێدان بکرێت، و کەرتەکانی بەرهەمهێنان سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە. ئەوە بوو کێڵگە کشتوکاڵییە گشتییەکان بەسەر خێزانە جووتیارەکاندا دابەشکرا، و ماوە بە پرۆژەی تایبەت درا، و دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی پیشەسازی قورس و کەرتی وزە و کانزا بەردەوام بوو. لە لایەکی دیکەوە لامەرکەزی لە بەڕێوەبردنی پرۆژەکان ئەنجام درا، و چاکسازی لە سیاسەتی نرخ کرا، و مۆڵەت بە دامەزراندنی پرۆژەی تایبەت درا. لە بواری بازرگانیدا ئاسانکاری بەرچاو کرا و گومرک کەم کرایەوە، و ماوە بە حکوومەتە ناوچەییەکان درا کە نوێنەری بازرگانییان لە دەرەوی وڵاتدا هەبێت، و لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، و کار بۆ چوونە ناو دەزگا دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان کرا، و هەژموونی بیرۆکراتی حزب لەسەر دەزگا ئیدارییەکان کەمکرایەوە، و بایەخ بە بواری گەشتوگوزار درا. 

بنەمای بیرکردنەوەی هزری ئەم قۆناغە لە بواری سیاسەتی ئابووریدا بریتی بوو لەوەی کە ئابووری بە پلان و نەخشە بۆ کێشراو بە پلەی یەکەمدا ئاراستەی سیاسەتی ئابووری بکات، و ئابووری بازاڕ بە پلەی لاوەکی بێت.

دنغ شیاو بنگ پێناسەی سۆشیالستی بازاڕی کرد کە سیستەمێکی ئابوورییە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، و کار بۆ قازانج لە چوارچێوەی ئابووری بازاڕ دەکات، و قازانجەکان بۆ دەستنیشانکردنی قازانجی کارگێڕان، و سەرچاوەیەکی داهاتی گشتی، تەرخان دەبێت.

قۆناغی دووەمی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا لە چواردەهەمین کۆنگرەی حزب لە ساڵی 1992وە دەستیپێکرد و تا بەستنی هەژدەیەمین کۆنگرەی حزب لە ساڵی 2012، بەردەوام بوو.

یەکێک لە ڕووداوە بەرچاوەکانی ئەم قۆناغە بریتی بوو لە ئاخافتنەکانی دنگ شیاو بنگ لە میانەی سەردانی بۆ باشووری چین، و تیایدا سەبارەت بە ئاراستەکردنی ئابووری چین، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئاڵۆزی دایەوە. 

لە میانەی ئەو سەردانەدا دنگ شیاو بنگ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە جیاوازی نێوان سەرمایەداری و سۆشیالستی لە بواری تەنیا بابەتی پلان و بازاڕدا نییە، و بۆچوونێکی هەڵەیە ئەگەر وا بزانین کە ئابووری پلاندانان مانای سۆشیالستییە، و ئابووری بازار مانای سەرمایەدارییە، و ئەم بابەتە بەم شێوەیە نییە، و هەر دوو شێواز تەنیا ئامرازن، و دەکرێ بازاڕ بگونجێنین بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی سۆشیالستی. سۆشیالستی بۆ ئەوەی بەسەر سەرمایەداریدا سەربکەوێت دەبێ سوود لە سەرجەم بەرهەمی شارستانی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان وەربگرێت.2

لە ئۆکتۆبەری 1992دا چواردەهەمین کۆنگرەی حزب بەسترا، و لە ڕاپۆڕتی کۆنگرەدا ئاماژە بۆ سێ بابەتی گرنگ کرا، و بڕیاری لەسەر درا. یەکەمیان: داننان بەوەی تیئۆری سۆشیالستی بە تایبەتەمەندی چینی کە دنگ شیاو بینگ ڕای گەیاندبوو، ڕێپیشاندەری کاری حزبە. دووەمیان: مەبەست لە چاکسازی سیستەمی ئابووری چینی بنیاتنانی ئابووری بازاڕی سۆشیالستییە. سێیەمیان: بڕیاردانی کۆمەڵێک بڕیار بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە سەرجەم فرسەتەکان و خێراکردنی پرۆسەی گەشەپێدان.

دوای چواردەهەمین کۆنگرەی حزب، پێکهاتەی خاوەندارێتی لە سیستەمی سەرەکی ئابووری سۆشیالستی بریتی بوو لە یەکەم: خاوەندارێتی گشتی کە بواری ئابووری خاوەندارێتی نیشتمانی و ئابووری خاوەندارێتی بە کۆمەڵ وەک پێکهاتەی سەرەکی دەگرتەوە، و دووەم: ئابووری تاک، و ئابووری تایبەت، و ئابووری وەبەرهێنانی بیانی کە تێکڕای ئەمانە تەواوکەر بوون. هەروەها بوار درا کە پڕۆژەی هاوبەش و تێکەڵاوی هەمەجۆر ئەنجام بدرێت.

لەم کۆنگرەیەدا کۆمەڵێک بابەتی هزری کە لە ناو حزب و کۆمەڵگا جێگای مشتومڕ بوو، وەڵام درایەوە. لەوانە: چۆنێتی بنیاتنان و چەسپاندن و گەشەپێدانی سۆشیالستی، سروشتی سۆشیالستی و قۆناغی سەرەتایی و ئەرکەکانی و بنەمای دامەزراندنی دەوڵەت و چاکسازی و کرانەوە و سیاسەتی ئابووری بازاڕ، و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان...هتد.3

لە ئاداری ساڵی 1993دا، هەشتەمین ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێنەرانی گەل دەستەواژەی "دەوڵەت پەیڕەوی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی دەکات" تۆمار کرد.

لە دوای چواردەهەمین کۆنگرەی حزب بەشێوەیەکی بەردەوام چەمکی "ئابووری بازاڕی سۆشیالستی" لە پراکتیک و بە شێوەی تیئۆری پەرەی پێدرا. شی جین بینگ لە ڕوونکردنەوەیەکیدا لە 9ی نۆڤەمبەری 2013 لە میانەی خولی سیانزەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراو لە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب، ئاماژە بەو پەرەسەندنانە لە چەمکی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی دەکات، و دەڵێت: "بە درێژایی بیست ساڵ دوای چواردەهەمین کۆنگرەی حزب، لەسەر بنەمای پراکتیک و قوڵبوونەوەی تێگەیشتن، توێژینەوەمان بەمەبەستی دەستنیشانکردنێکی نوێ و زانستی پەیوەندی نێوان حکوومەت و بازاڕ کرد. لە پانزەهەمین کۆنگرەی حزب، ئاماژە کرا کە کار بکرێت بازاڕ ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابەشکردنی داهات لە سایەی هەموارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتەوە، ببینێت. لە شانزەهەمین کۆنگرەدا باس لەوە کرا کە ڕۆڵی سەرەکی بازاڕ لە دابەشکردنی داهات بە ڕادەیەکی گەورەتر دەرکەوێت. لە حەڤدەهەمین کۆنگرە باس لەوە کرا کە ڕۆڵی سەرەکی بازاڕ لە دابەشکردنی داهات بە شێوازێکی باشتر و سیستماتیک دەرکەوێت. لە هەژدەهەمین کۆنگرەدا ئاماژە بە دەرخستنی ڕۆڵی سەرەکی بازاڕ لە دابەشکردنی داهات بە شێوەیەکی گەورەتر و فراوانتر، کرا. لەمەشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پەیوەندی نێوان حکوومەت و بازاڕ پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵی بەردەوام هەیە.4

پەیڕەوی ناوخۆی نۆزدەیەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کە لە ساڵی 2017 بەسترا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حزبی شیوعی چین سەرکردایەتی گەل لە گەشەسەندنی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی دەکات، و بە شێوەیەکی سەقامگیر و بێ دوودڵی کار بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی ئابووری کەرتی گشتی دەکات، و بەهەمان شێوە کار بۆ هاندان و پشتگیری و ئاراستەی گەشەپێدانی کەرتی ناگشتی دەکات. و دان بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بازاڕ لە دابەشکردنی داهات دەنێت. ڕۆڵی حکوومەت بە شێوەیەکی باشتر لە دامەزراندنی سیستەمێکی پێگەیشتووی هەماهەنگی و کۆنتڕۆڵی گشتی دەردەکەوێت. حکوومەت دەبێ پلانی گشتگیر بۆ گەشەپێدانی شار و گوندەکان، و گەشەپێدانی هەرێمەکان، و گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی گونجاوی نێوان مرۆڤ و سروشت، و گەشەپێدانی خۆجێیی، و کرانەوە بە ڕووی جیهانی دەرەوە، و هەموارکردنی پەیکەری ئابووری، و ئاراستەکردنی تەرزی گەشەپێدانی ئابووری، و پاڵپێوەنانی چاکسازی بخاتە ڕوو، و کار بۆ چەسپاندنی گەشەپێدانی هاوجووت لەگەڵ پیشەسازی نوێ، و ئەنجامدانی مەدەنیەت و بڵاوکردنەوەی زانیاری، و مۆدرینی کشتوکاڵ... و بنیاتنانی دەوڵەتێکی داهێنەر، و بەهێز لە بواری زانست و تەکنەلۆجیا لە سەر ئاستی جیهاندا بکات.5

بابەتی "ئابووری بازاڕی سۆشیالستی" بە تێگەیشتینی چینی، لە لایەن دوو بۆچوون و ئاراستەی سیاسی و هزری جیاوازەوە، ڕەخنەی لێدەگیرێت. بەشێک لەو بۆچوونانەی کە لە ژێر کارتێکردن و هەژموونی کۆنی سۆڤیەتی جارانە، پێی وایە سۆشیالیستی بریتییە تەنیا لە خاوەندارێتی گشتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، و ئەگەر بە هەمان ئاست تەماشای خاوەندارێتی تایبەت بکرێت، ئەوا لە بنیاتنانی سۆشیالستی دەردەچین، و لە سۆشیالستیدا تەنیا ئابووری سۆشیالستی هەیە، و ئابووری بازاڕی سۆشیالستی مانای بنیاتنانی سەرمایەدارییە. 

لایەنی دووەم کە ڕەخنە لەم مۆدێلە دەگرێت لایەنی سەرمایەدارییە کە پێی وایە ئەم جۆرە مۆدێلە لە ئاراستەی ئابووریدا هاوکات نییە لەگەڵ گۆڕانکاری سیاسی و گرتنەبەری مۆدێلی سەرمایەداری لە سیستەمی سیاسییدا.

ناوەڕۆکی ئەزموونی سیاسەتی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی ناکرێ بە شێوەیەکی دابڕان لە تێکڕای بوارەکانی سیاسەتی پەیڕەوکراو لە چیندا تەماشا بکرێت. ئەم سیاسەتە بەندە بە کۆمەڵێک تەوەری دیکەی ئابووری، بەتایبەتی پەیوەندی ئەم سیاسەتە بە قوڵکردنەوەی سیستەمی دارایی و باج، و گرێدانی بە گەشەپێدان لە شار و گوندەکاندا، و فراوانکردنی دیموکراسی شورایی، و چاکسازی لە سیستەمی دادگا، و میکانیزمی کاری دادگایی، و تەواوکردنی سیستەمی سەرکردایەتی، و میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، و بەڕێوەبردنی سامانی دەوڵەت لە بواری سروشت و چاککردنەوەی سیستەمی چاودێری. بۆیە سەرانی چین بە بەردەوامی دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە ئەم نموونەیەیان لە ئابووریدا لە چوارچێوەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی چین، و قوڵکردنەوەی ئەزموونی سۆشیالستییە.

شی جین بینگ لە وتارێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ "پەرەپێدانی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی پێویستی بە دەرخستنی ڕۆڵی بازاڕ لە لایەک و دەرخستنی ڕۆڵی حکوومەتە، و هەردوولا واتە بازاڕ و حکوومەت، فەرمان و ئەرکی جیاوازیان هەیە. بۆیە خولی گشتی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی داوا دەکات بە شێوازێکی باشتر ڕۆڵی دەوڵەت بخاتە ڕوو لە بواری سیستەمی هەموارکردن و کۆنترۆڵی گشتی و بەڕێوەبردنی کارا.6

بەم شێوەیە چەمکی ئابووری بازاڕی سۆشیالستی لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ڕێگای سۆشیالزمە بۆ گەشەپێدان و پەرەسەندن، و بەرهەمی پراکتیک و داهێنانی تیئۆری تێکۆشانی حزبی شیوعی چین و گەلی چینە، نەک هەڵبژاردنی ڕێگای سەرمایەداری. لەم ڕوانگەیەوە چەمکی "ئابووری بازاڕی سۆشیالستی" جیاوازە لە چەمکی "ئابووری بازاڕی کۆمەڵایەتی کە لە دوای دووهەمین شەڕی جیهانی لە لایەن ئەلفرید ئەرماک و لۆدفیگ ئیرهارت لە چوارچێوەی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری خرایە ڕوو. 7

ئەم چەمکە لە لایەن ناوەندە سەرمایەدارەکان وا خرایە ڕوو کە لە دوای دووهەمین شەڕی جیهانیدا یارمەتی دەرچوونی ئەڵمانیای لە تەنگژەی ئابووری داوە، لە کاتێکدا نهێنی ئاوەدانکردنەوەی ئەڵمانیا دوای دووهەمین شەڕی جیهانی بۆ پرۆژەی مارشاڵی ئەمریکا دەگەڕایەوە کە هەموو ئاراستەی سەرمایەداری بەو ئاراستەیە کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا نەکەوێتە ژێر کارتێکردنی بلۆکی سۆشیالستی.

1 تشانگ بای جیا، ئەزموونی چینی، ڕابردوو، ئێستا، و ئایندە، ل 56.

2 هەمان سەرچاوە، ل 126.

3 تانگ شیاو جیوی، ناساندنی حزبی شیوعی چین، ل 51.

4 شی جین بینگ، حول الحکم والادارە، بەشی دووەم، ل 85.

5 دەستوری حزبی شیوعی چین بریاردراو لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزب لە ساڵی 2017.

6 شی جین بینگ، حول الحکم والادارە، بەشی دووەم، ل86.

7 Duden Wirtschaft von A bis Z: Grundlagenwissen für Schule und Studium، Beruf und Alltag. 4. Aufl. Mannheim: Bibliographisches Institut 2009. Lizenzausgabe Bonn