ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 خاتوونە نووسەر ئەلیف شەفەق کە بە ڕەچەڵەک تورکە و ساڵی ١٩٧١ لە دایک بووە، چەپێکی سیکولاری فێمینیستە، تەمەنی ساڵێک بووە، دایک و باوکی لێک جودا بوونەتەوە، ئیدی لەگەڵ دایکیدا ژیاوە و شەفەق ناوی دایکییەتی. هەرچەندە خۆی گیرۆدەی دەستی ئەو ڕێسایانە نەبووە کە نێر دەیانسەپێنێت، وەلێ پێی وایە، باوکسالاری سیستەمێکی جیهانییە و تەنیا کێشەی ژنانی ئەم یان ئەو ناوچە نییە. ئەلیف شەفەق دەڵێت: (بەبێ ئازادی، شتێک نییە ناوی خۆشەویستی بێت، ژن بە چاوپۆشین لە تێڕوانینی کۆمەڵ، پێویستە لە جەستەی خۆیدا سەربەخۆ بێت.

ڕۆمانی چل ڕێساکەی عیشق کە ئەلیف شەفەق نووسیویەتی، تەرخانە بۆ باسکردنی خۆشەویستی و لەو وەختەوە دەست پێ دەکات کە کابرای بکوژی کرێگرتە، شاکەس کە (شەمسی تەورێزی)یە دەکوژێت. بۆچی کەسانی نێو ڕۆمانەکە لە مۆمیاکراو ناچن و زیندوو دێنە پێش چاو؟ بۆچی لە کەسانی ڕاستەقینە دەچن کە لە یادی خوێنەردا دەمێننەوە؟ چونکە نووسەر کارەکتەرەکانی بەرزەفت نەکردووە، بواری داون ئازادانە بدوێن و بجووڵێن. ئەگەر تەنیا بیۆگرافیای کارەکتەرەکانی گێڕاباوە و خەیاڵی تێکەڵ بە ڕووداوەکان نەکردبا، کارەکەی نەدەکەوتە خانەی داهێنانی ئەدەبییەوە و لە دڵی خوێنەردا هێندە شیرین نەدەبوو.

گێڕانەوە پشتی بە فرەدەنگی بەستووە، هەرچەندە کەسانێکی جیاواز، هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای خۆیەوە، خەریکی گێڕانەوەن، بەڵام  پێکەوە گونجاندنێکی وا هاتووەتە ئاراوە، هەر دەڵێیت گێڕەرەوەکان ژەنیارن و پێکەوە خەریکی ژەنینی سەمفۆنیایەکن کە خوێنەر ناچارە، بە تامەزرۆیییەوە گوێی بۆ ڕادێرێت. دوو چیرۆک وەک دوو هێڵی تەریب، لە سەرەتاوە تا کۆتایی هاوشانی یەک گەشە دەکەن، چیرۆکی عیشقی نێوان شەمسی تەورێزی و مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی و چیرۆکی ئەوینی نێوان ئێلا و عەزیز. چیرۆکی یەکەم بە تیرۆرکردنی تەورێزی کۆتایی دێت و ئەوەی دووەمیش بە مردنی عەزیز لە قۆنیا، کە هەر لەوێش لە نزیک مەزاری مەولاناوە بە خاک دەسپێردرێت.

چل ڕێساکەی عیشق، چونکە ڕۆمانێکە لەناو ڕۆمانێکدا، بە دوو باڵ دەفڕێت، ئاخر ئەلیف شەفەق هاوزەمان دوو چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە، یەکێکیان هەشت ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە و ئەوەی تریان هەشت سەدە پێش هەنووکە. یەکێکیان باسی ژیانی ڕۆژانەی لە یەکچووی ژن و پیاوێک دەکات کە دوای بیست ساڵێک لە ژنومێردایەتی و خستنەوەی سێ منداڵ، خۆری خۆشەویستیی نێوانیان ئاوا دەبێت و ئەوەی تریان دۆستایەتیی ڕۆحیی نێوان شەمسەددینی تەورێزی و جەلالەددینی ڕۆمی بەسەر دەکاتەوە.

دووان لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی چل ڕێساکەی عیشق، گۆڕانی ڕیشەیییان بەسەردا دێت، ژنەی لە ژیانی ژنومێردایەتی بێزار، لەژێر هەژموونی ئەوینی ڕۆماننووسێکی سۆفیدا، دەبێتە عاشقێکی شێت، لەوانەی لەپێناوی خۆشەویستیدا، قوربانی بە هەموو شتێک دەدەن، بە ماڵ و مێرد و منداڵیشەوە. ئەوی تریشیان کە مەولانایە، بە کاریگەریەتی شەمسی تەورێزی، لە گوتاربێژی مزگەوتەوە، دەبێتە مەزنترین شاعیری سۆفی.

ئەگەر پەیامی ڕۆمانی (چل رێساکەی عیشق)ی ئەلیف شەفەق لە سێ چوار وشەدا چڕ بکەینەوە، بریتی دەبێت لە (پێکەوە هەڵکردنی دەنگە جیاوازەکان.) ژنەکەی مەولانا کریستیان بووە، ئێلا کە جووە، دەست لە مێردەکەی هەڵدەگرێت و ڕەدووی موسوڵمانێک دەکەوێت کە پێشتر گاور بووە. وەک چۆن سۆفی و مەلا و دەسەڵاتدار قسەیان هەیە، هەمان بایەخ بە فەقێ، دەروێش، سەرخۆش، حەسحەس، سێکسفرۆش و دەرۆزەکەریش دراوە. هەم ژنیش وەک پیاو قسەی هەیە، هەم مێردمنداڵیش وەک بەساڵداچوو، ئاخر ئەوە خۆشەویستییە دەکەوێتە ناوەندەوە نەک هیچی دیکە.

چل ڕێسای عیشق پێمان دەڵێت: یەکێک لە لایەنە هاوبەشەکانی نێوان سەلەفی و سۆفی ئەوەیە، هەردووکیان بۆ جیهاد هانمان دەدەن، یەکەمیان بۆ جیهادی دەرەکی کە شەڕە لە دژی کافران، دووەمیان بۆ جیهادی ناوەکی کە شەڕە لە دژی لایەنە خراپەکانی خودی خۆمان. سەلەفی کەسێکی شەڕانگێزە و بۆ نواندنی توندوتیژی هانمان دەدات، وەلێ سۆفی هێمن و ئارامە، نە دەمارگیرانە بیر دەکاتەوە و نە ڕەوتاری توندڕۆیانە دەنوێنێت. سەلەفی شوێن دینی ترس کەوتووە، بۆیە لەڕێی تۆقاندنەوە ئایینەکەی بڵاو دەکاتەوە، سۆفی دوای دینی خۆشەویستی کەوتووە کە ئیبن عەرەبی گوتەنی: باڵاترین ئایینە. سەلەفی دەست وەردەداتە ورد و درشتی ژیانی ئەوانی دیکەوە، سۆفی هەقی بەسەر کەسەوە نییە، سەرقاڵی ئەوەیە، پێوەندیی خۆی بە خواوە پتەو بکات.

خوا لە شوێنێکی دوور نییە، ئەگەر سۆراخی بکەین، لە هەموومانەوە نزیکە. کە سۆفی بوویت، حەقیقەت، یەقین، فیکر و بیروباوەڕ دەخەیە ژێر پرسیارەوە و بە دڵنیایییەوە ناپەیڤیت، ئاخر لە کن سۆفی ئەوی گومانی لە هیچ نەبێت، زیندوو نییە. سۆفی ڕێز لە فرەیی دەگرێت، ئەوین دەبێتە ئامانجی و کەس لە بازنەی خۆشەویستی ناکاتە دەرەوە. هەموو کتێبێک کەم و زۆر خوێنەر دەگۆڕێت، ئەلیف شەفەق کە بەدەم نووسینی ڕۆمانەکەیەوە، خەریکی خوێندنەوەی بەرهەمی شاعیرانی سۆفی، بە تایبەتی ڕۆمی و تەورێزی دەبێت، گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت، خۆی گوتەنی: (کە لە نووسینی چل ڕێساکەی عیشق بوومەوە، هەستم کرد هەمان ئەو کەسەی پێش تەواوکردنی ڕۆمانەکە نیم،) کەسێکی دیکەم، کەسێکی جوانتر. ئەلیف شەفەق لەبارەی چل ڕێساکەی عیشقەوە دەڵێت: (ویستم ڕۆمانێک لە ڕوانگەیەکی ڕووحییەوە سەبارەت بە عیشق بنووسم، ئیدی خۆڕسکانە ڕووم کردە مەولانا کە ڕاستگۆترین دەنگی ئەوینە و سەفەر بە ناو شیعریدا، گەشتێکە بێ کۆتایی.)

ڕۆمانی چل ڕێسای عیشق لە پێنج بەشی سەرەکی پێک دێت: خۆڵ، ئاو، هەوا، ئاگر و عەدەم. هەر یەکێک لە بەشەکانیش کە لە دەنگی چەندان گێڕەرەوە پێک دێت، بە حەرفی (بێ) دەست پێ دەکات و (ب)یش وەک سۆفییەکان دەڵێن، بە شێوەکەیدا دیارە، کڕنووشی بۆ خوا بردووە. قورئان بە بەسمەلە دەست پێ دەکات و دەستپێکی بەسمەلەیش حەرفی (بێ)یە کە دووەم حەرفی ئەلفوبێیە. لە (بسم)ی بەسمەلەدا، ئەلف کە ڕەمزە بۆ خوای تاک و تەنیا، لەناو (بێ)دا تا ئاستی توانەوە یەکی گرتووە، ئەوە بۆیە ئەلفی (بإسم) نە دەگوترێت و نە دەبینرێت.

هەر یەکێک لە چل ڕێساکەی عیشق، هەڵگری پەیامی ئازادییە، ئاخر کۆیلایەتی و ملکەچی، هیچ لەگەڵ عیشقدا کۆیان ناکاتەوە. لە عیشقدا شتێک نییە ناوی مەرج بێت، سۆفی بەو مەرجە خوای خۆش ناوێت کە ڕۆژی پەسڵان دەرگای بەهەشتی بە ڕوودا بکرێتەوە. ڕێساکانی عیشق کە لە نێوان عەقڵ و دڵدا، یان فیکر و ئەویندا هاتوچۆیانە، هەرچەندە پشتیان نەکردووەتە عەقڵ و فیکر، بەڵام سەر بە دڵ و ئەوینن. (ڕەنگە پتەوترین قەناعەتمان، زادەی بەدحاڵیبوون بێت.) سۆفی ئەوە دەزانێت، بۆیە ڕقی لە کەس نابێتەوە.

ئەلیف شەفەق بۆ نووسینی چل ڕێساکەی عیشق سوودی لە چەندان تەکنیکی گێڕانەوە بینیوە و هەموویانی هونەرمەندانە و لە خزمەتی کارەکەیدا وەگەڕ خستووە. لەوانە: تەکنیکی (دواخستن)ی ئاشکراکردنی مەبەست، بەبێ ئەوەی هیچ لە پەرۆشیی خوێنەر بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکان کەم ببێتەوە. نزیکەی نیوەی ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە و هێشتا تەورێزی و ڕۆمی یەکدیان نەدیتوە، یان ژن و مێردە ئەمریکایییەکە هەر زوو دەرک بەوە دەکەن، ناپاکی لە یەکدی دەکەن، بەڵام زۆر درەنگ ئەو ڕازە لای یەکتری دەدرکێنن.

تەکنیکێکی دیکە بریتییە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەڕێی گۆڕینەوەی نامەی ئەلێکترۆنییەوە کە هێندە گونجاوە، نەدەکرا هیچ تەکنیکێکی تر جێی بگرێتەوە. بەدەم خوێندنەوەی ڕۆمانەکەوە بە (چل ڕێساکەی عیشق)یش کە زادەی فیکری گەشاوەی (تەورێزی)ین، ئاشنا دەبین، ئەو ڕێسایانە هێندە لێزانانە لە دەقەکەدا جێیان کراوەتەوە، هەر دەڵێیت بەشێکی ئۆرگیناڵن لە جەستەی ڕۆمانەکە و هیچ لەوە ناچێت، ئەو ڕێسایانە هەشت سەدەیەک بەر لە دەستکردن بە نووسینی ڕۆمانەکە، نووسرابن. ئەو سوودوەرگرتنە ڕاستەوخۆیە، لە دەقێکی دێرین، جیاوازە لە دەقئاوێزان، کە سوودوەرگرتنێکی ناڕاستەخۆیە لە دەقێکی هاوچەرخ یان کلاسیک. یەکێک لە تەکنیکەکانی تر کە لە ڕۆمانەکەدا سوودیان لێ بینراوە، بەگەڕخستنی کورتە حەکایەتی دێرینە کە لێوانلێون لە حیکمەت و ناوبەناو شاکەس بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکانی هانایان بۆ دەبات.

 لە ڕۆمانی چل ڕێساکەی عیشقەوە فێر دەبین:

ئەگەر بە کولتووری سۆفییەکان ئاشنا نەبین، ئەگەری ئەوە بەهێزە، ژەنگ لە ئاوەز و لە ڕۆحیشمان بدات.

   چونکە سۆفی مردن بە کۆتایی نازانێت، بۆیە ئەوەی نیگەرانی دەکات، مردن نییە، ئەوەیە بمرێت و کولتوورێکی جوانی لەدوای خۆیەوە بەجێ نەهێشتبێت. شەمسی تەورێزی دەیگوت: هۆ خوایە گیان! کۆمەکم بکە تا حیکمەتی تۆ بۆ کەسێکی شییاو بگوێزمەوە، دوای ئەوە چیت پێ باشە، وام لێ بکە!

 چونکە لە ئاییندا زۆرەملێ نییە، بۆیە مافی ئەوەمان نییە، شێوازی ژیانی خۆمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین. ئازادین لەوەی دەخۆینەوە یان نا، ئاخر پێوەندیی بە خودی خۆمانەوە هەیە. کەسی جوان، بە مەستی جوانترە، با ئۆباڵی هەڵەی خۆمان، نەخەینە ئەستۆی مەی.

شەریعەت پاپۆڕێکە، زەریای حەقیقەت تەی دەکات، ئەوی عاشقی خوابێت، درەنگ یان زوو، خۆی فڕێ دەداتە زەریاکەوە.

با ڕقیشمان لێ هەڵبگرن، نابێت لە گوتنی ڕاستییەکان سڵ بکەینەوە. سۆفی تا ڕادەی دڵرەقی، قسەلەڕووە و لێ ناگەڕێت هیچ کەموکوڕییەک، بێ ڕەخنە تێبپەڕێت. سۆفی کاتی خۆی بە ڕاگرتنی دڵی کەسانی گێلەوە بە فیڕۆ نادات. هەرچەندە هەموو قسەیەک، بۆ هەموو گوێیەک ناگونجێت، بەڵام تەورێزی ئەو ڕێسایەی ڕەچاو نەدەکرد و هەمیشە لە هەموو جێیەک قسەی خۆی دەکرد. (بۆ ئەوەی ئاوریشمەکە بژی، پێویستە کرمەکە بمرێت.) تەورێزی دەیزانی دەبوو قوربانی بە ژیانی خۆی بدات، بۆیە وای دەگوت، هەر وایش کەوتەوە. شەمس پێی وابوو، پیاوچاک کەسێکە سەر بە هەموو مرۆڤایەتی بێت، نەک سەر بەم یان ئەو ئایین.

عیشق ئاوی ژیانە، ژیان بەبێ عیشقێکی پاکژ وەک بارێکی گران وایە، ئاخر عیشق کرۆکی ژیانە و شتێکی دیکە نییە، لە عیشق گرینگتر بێت.

کە عاشق دەبین، پێویستە چل ڕۆژ چاوەڕێ بکەین، بۆ ئەوەی لە هەستمان دڵنیا ببین، ئەوسا ڕازی خۆشەویستی بۆ دڵخوازەکەمان بدرکێنین.

شەمسەددینی تەورێزی دەیگوت:

ئەگەر دڵت شوێنێکی بۆ خۆشەویستی تێدا نەبوو، نە نوێژ و ڕووژوو دادت دەدەن، نە حەجی ماڵی خوا.

دۆزەخ ئەوەیە، ئینسان گوناهێک بکات و بە ئازاری ویژدانەوە گینگڵ بدات.

 بۆ ئەوەی خەڵکی لەبەر خۆشەویستی، نەک لە پێناوی پاداشتدا، خوایان خۆش بوێت، حەزم لێیە ئاگری دۆزەخ بکوژێنمەوە و ئاگر لە بەهەشت بەر بدەم، ئاخر خۆشەویستی، مەبەستە، لە پێناوی مەبەستێکدا نییە.

عاشق بۆیە دەبێت بە قارەمان، چونکە عیشق، ترس لە دڵیدا ناهێڵێت. ئەگەر زەریا هەموو دونیا قووت بدات، مرواری چ باکی هەیە؟

مەولانا جەلالەددینی ڕوومی دەیگوت:

شیعرەکانم پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە منەوە نییە، من وشەکان دەگوێزمەوە و هیچی تر، من تەنیا ڕۆڵی قەڵەمێک دەگێڕم، ئەمری پێ کراوە، ئەو پەیڤانە تۆمار بکات.

هەتا عاشق نەبین، مەحاڵە لە عیشق تێبگەین. لووتکەی بەختەوەری ئەوەیە، ڕۆحی ئینسان بە بادەی عیشقی خودا مەست ببێت.

هەرچەندە لە کن ئیسلام:

 

(١) پیاو پلەیەک لەسەروو ژنەوەیە.  وللرجال علیهن درجە. بەقەرە (٢٢٨(

(٢) پیاو لە بەشە میراتدا، دوو هێندەی ژنی دەکەوێت. للژکر مپل حڤ اڵانپیین. نیسا‌و (١١٠(

(٣) پیاو دەتوانێت لە ژن بدات. وأچربوهن. نیسا‌و (٣٤(

(٤) پیاو مافی فرەژنیی هەیە. فأنکحوا ما گاب لکم من النسا‌و. نیسا‌و (٣٠(

(٥) پیاو سەرداری ژنە. الرجال قوامون علی النسا‌و. نیسا‌و (٣٤(

(٦) پیاو سەرپشکە چۆن ژن دەکێڵێت. نساۆكم حرپ لكم فأتوا حرپكم أنی شئتم. بەقەرە (٢٢٣(

(٧) پیاو دەتوانێت، بە مەرجێک کرێ بدات، چێژ لە ژن ببینێت. فما إستمتعتم بە منهن فأتوهن أجورهن. نیسا‌و (٢٤(

کەچی لە ڕۆمانی (چل ڕێساکەی عیشق)دا، شەمسی تەورێزی کە باس لە تێڕوانینی ئیسلام بۆ ژن دەکات، ئەو جیاکارییانە لە نێوان ژن و پیاودا نادیدە دەگرێت و پاساویشی ئەوەیە، ئەوانەی وای لێک دەدەنەوە، ئیسلام ئایینێکی پیاوسالارە، تەنیا دیوی دەرەوەی وشەکان دەبینن.

لە ڕۆمانی چل ڕێساکەی عیشقی ئەلیف شەفەقدا، ئاماژەیەکی وا هەیە کە بکوژی شەمسی تەورێزی لە قەڵای ئەلەمووتەوە هاتووە، ئەوەیش ستەمکردنە لە ئیسماعیلییەکان، ئاخر ئەوان بکوژی کرێگرتە نەبوون، وەک لە هەندێک سەرچاوەی خۆرئاواییدا هاتووە، بەڵکوو کەسانێکی بوێری خۆبەخشی خاوەن مەسەلە بوون. (تلیاکییەکان بە ژار، نەیارانی خۆیان دەکوشت.) ئیسماعیلییەکان نە تلیاکی بوون و نە بە ژار ناحەزانی خۆیان دەکوشت، پێیان شەرم بوو لە غەیری چەقۆ، بە هیچ چەکێکی دیکە، پەلاماری دوژمنانیان بدەن.(*)

چل ڕێساکەی عیشقی ئەلیف شەفەق، ڕۆمانێکە کە لە خوێندنەوەی دەبینەوە، وا هەست دەکەین هاوڕێیەکی زێدە ئازیز بەجێی هێشتووین. ڕۆمانێکە بەرچاومان ڕۆشن دەکاتەوە، ئاخر ئەو تەمی دەمارگیرییە دەڕەوێنێتەوە کە ئاسۆی بەرچاوی لێڵ کردووین. ڕۆمانێکە پێمان دەڵێت: ئەگەر دونیایان لێ پڕ کردین کە زەندیقین، دەبێت چاوەڕێی ئەوەیش ببین، بکوژرێین، شەمسی تەورێزی وا کوژرا، عەبدولخالیق مەعرووف و فەرەج فۆدەیش.

  *

 

(١) ئەلیف شەفەق، چل ڕێساکەی عیشق، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەلیل کاکەوەیس، چاپی دووەم، چاپخانەی تاران ٢٠١٥ دەزگای سەردەم.

(٢) ألیف شفق، قواعد العشق اڵاربعون، ترجمە: خالد الجبیلی، دار گوی ٢٠١٢ لندن.

(٣) قواعد العشق أڵاربعون فی حوار مع الروائیە الترکیە، ترجمە: عمار کاڤم محمد، موقع أنفاس.

(*) لە ترۆپکی شاخەوە بۆ باخی بەهەشت، لێکۆڵینەوەیەکی بنووسی ئەم دێڕانەیە لەبارەی ئیسماعیلییەکانەوە، بە سێ بەش لە هەفتەنامەی (باس)دا بڵاو بووەتەوە.

 

 

  • 1