ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دووەمیان: بوونى یەک جەمسەر و ناوەند و مەرجەع بۆ بزاڤى شۆڕشگێری لە هەموو جیهان، کە ئەویش وڵاتى سۆڤیەتى جاران بوو، هەر ئەو ناوەندەش بەدابەشکردنى هێزە رزگاریخوازەکان هەڵدەستا، لەوەى کێ لەوانە شۆڕشگێرە و کێ نا، کامیان شایانى پشتگیرییە و کامیان دژەو دەبێت دژایەتى بکرێت، بۆیە هیچ گرنگییەک بەبۆچوونى حزب و کەسایەتى و دەوڵەتان نەدەدرا و توانستەکانیان شرۆڤە نەدەکرا، کە ئایا تاچەند خزمەتى بزاڤى شۆڕشگێری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتى دەکەن. بەڵکو لەو ناوەندەوە پۆلێن دەکران، لە کاتێکدا هەنگاوەکانى لینین لەسەرەتاى شۆڕشى ئۆکتۆبەردا بۆ چارەسەرکردنى مەسەلەى بریاردانى چارەنووسى گەلان بەلاوەنرا و لەناوخۆ و دەرەوەى یەکێتى سۆڤیەتدا هەندێک هەڵسوکەوت و مومارەسە بەرانبەر بەگەلان ئەنجامدرا، کە ڕەنگدانەوەى ئەوە بوون کە هێشتا سەرکردەکانى سۆڤیەتى لە مەسەلە مەعریفی و کولتوور و ئاین و شتى دیکە نەگەیشتوون، کە ڕەنگە هۆیەکەشى ئەوەبێت کە خێرایی لە ئەنجامدانى شۆڕشەکە و ڕادەى تێگەیشتن و ئامادەباشى چینە کۆمەڵایەتییەکانى ئەوێ هێشتا پێویستیان بە تێگەیشتنى زیاتر هەبوو، هەر لە بۆرژوا بە هەموو ئاست و توێژەکانیانەوە لەلایەک و کرێکار و جووتیار و زەحمەتکێشان کۆمەڵگەش لەلایەکى دیکەوە، هەروا بنەما زانستییەکانى بۆچوونەکانى لینین رەچاو نەکران کە سەبارەت بە نەتەوایەتى بۆرژوایی نوسیبووى، کە دەڵێت: مارکسیستەکان بە ئەوپەڕى تواناکانیانەوە لەڕووى نەتەوایەتییەوە بەهەموو شێوەکان دەوەستنەوە، لەوانە نەتەوایەتى کۆنەپارێزى چەپەڵى دەزگا حکوومەتییەکانمان و حزبە ڕاستڕەوەکانەوە، تا دەگاتە نەتەوایەتییە بێ ڕەوشت و سووکەکەى حزبە بۆرژوا و بۆرژوایانى بچووک، چونکە تەنیا بەشى یەکەمى وتەکەى وەرگیرا و کەوتنە دژایەتى هەموو بۆچوون و هێزە نەتەوایەتییەکان.

جێگاى ئاماژەپێکردنە کە سۆسیالیزم لەیەکێتى سۆڤیەتدا واتاى پرۆسەى هەناردەکردنى شۆڕشى وەرگرتبوو، لەوەى بەتێگەیشتنى خۆیان پشتگیری هەندێک بزاڤى ڕزگاریخواز و حزبى سیاسییان دەکرد و لەهەندێکیش دەبوونە هۆکاری دامرکاندنەوەى شۆڕشەکان، بەوەى لەهەندێک وڵاتدا ڕێگە گیرا لەسەرهەڵدانى بزاڤى شۆڕشگێری تا شۆڕش ئەنجام بدات و لە هەمانکاتدا هەندێک بزاڤى دیکەیان هان دەدا کە بە شۆڕش هەڵبستن، بەبێ ئەوەى هیچ بارودۆخێکى شۆڕش ئامادە و پێگەیشتووبێت تا کار دەگەیشتە دەستێوەردانى عەسکەری لەهەندێکیاندا، لەبەرانبەریشدا زۆر حزبى سیاسی پێگەیشتوو خاوەن ئەزموون هەبوون، نەیانتوانى پشتگیری ئەوان بەدەست بهێنن و ڕازى بوون بەوەى کە ناوەند هەر چییەک دیار دەکات، بەسلبی یان ئیجابى.

لەلایەکى دیکەش دواکەوتوویی ئەم کۆمەڵگایانە، لەهەموو بوارەکانى سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتى و کولتووری و بەڵکو هەتا بەبواری ئاینییش ڕادەگات، هۆکاربوون بۆ ئاستى نزمى هۆشیاری لەلایەن هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە، کە ڕەنگە هێشتا وایان لێ نەهاتبوو سنوری چینایەتى و هۆشیاری چینایەتى خۆیان بزانن، هەر لە بۆژوا و پارەدارەکانیانەوە تا دەگاتە چینى کرێکار و جووتیار و هەموو زەحمەتکێشانیان، لەناو ئەوانەشدا بێگومان ڕۆشنبیرانیش بەدەرنەبوون لەم حاڵەتەدا، ئەوەش دەبێت ڕەچاو بکرێت لەسروشتى دامەزراندنى حزبى سیاسی و بزاڤى شۆڕشگێرى ڕزگاریخواز لەم وڵاتانەدا، بەتایبەت چەپ و شیوعییەکان کە ڕەنگە نەگەنە ئەو ئاستەى کە بتوانن ئاستى پەرەسەندن و پێشکەوتنى کۆمەڵگاکانیان بخوێننەوە و هەڵوێستى زانستى و لەسەر بنەمایەکى مەعریفی لایان دروست بێت، بەوەى کە مەسەلە ناوخۆیی و تایبەتمەندییەکانى خۆیان بخوێننەوە و بەرژەوەندییە سیاسی و چینایەتییەکانى خۆیان بناسن و لەناوخۆدا بەڕاستى هاوپەیمان و هاوبۆچوونى خۆیان بناسن و ڕزگاربن لە کاری ڕەمەکى و دووربن لە بێ بەرنامەیى و بێ پرۆژەى درێژخایەن و ستراتیژییەکانى خۆیاندا و ئەوە بزانن کە مەسەلەى نەتەوەیی دوو ڕووى هەیە، یەکیان هەوڵ دەدات بۆ ئەوەى بەسەر ململانێى چینایەتیدا بازبدات و خۆى بەدوور بگرێت کە ئەویش لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا بەرەو هەڵگەڕانەوەیە، ڕووى دووەم ئەو مەسەلەیە وەک ململانێیەکى چینایەتى سەیر دەکات، و بەشێوەیەکى گشتى هێزە شۆڕشگێرەکان داواى ڕزگاریخوازى نیشتمانى دەکەن بەهەموو ناوەڕۆکەکانییەوە، لەبەرانبەر کۆنەخوازێک کە هاوپەیمان و داردەستى ئیمپریالیزم و سەرمایەداری جیهانییە، کە ڕەنگە لەم وڵاتانەدا مەسەلەى نەتەوایەتى هێما بۆ نیشتمانپەروەری و نەتەوە و مێژوو و کەلەپوور و پێکهاتەى کۆمەڵگا دەکات، هەموو تێکۆشانیان چڕ دەبێتەوە لەوەى چۆن ڕزگاربن لە پاشکۆیەتى ئابووری و، پەرەپێدان و پێشکەوتنى ئابووری و کۆمەڵایەتى بەدەست بهێنن و گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە ئەنجام بدەن و یەکێتى نەتەوەیی دابین بکەن.

لە هەموو کاتێکدا ناکرێت ئاستى هۆشیاری کۆمەڵایەتى و چینایەتى هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان ڕەچاو نەکەین، چونکە ئاستى هۆشیاری گشتى پەیوەندى بە ئاستى پێشکەوتنى ئابووری، کۆمەڵایەتییەوە هەیە لەهەر کۆمەڵگایەکدا.

جێگەى خۆیەتى بگوترێت کە هەموو حزبەکانى ناوچەکە وەکو یەک نەکەوتنە هەمان لێکدانەوەى هەڵە بۆ مەسەلە نەتەوایەتییەکان، بەڵام ئەو تێگەیشتنەى ئەو کات بەوەى کە مارکسیستەکان دوورن لەمەسەلەى نەتەوەیی و پشتگیری ناکەن، بوو بە گشتاندنێک و بەسەر هەموواندا تێپەڕی و کاریگەری لەسەر هەمووان هەبوو، دوژمنەکانیشان بەباشى بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستیانەوە و بۆ دژایەتیکردنیان بەکاریان هێنا.

لەلایەکى دیکەش تێکەڵکردنێک و ناتێگەیشتنێک لەسەر پەیوەندى نێوان مەسەلە نەتەوایەتى و نێونەتەوایەتییەکان دروست ببوو، بەجۆرێک کە دووەمیان لاى زۆر لە حزبەکان ئەولەویەتى پێدرابوو و لەسەر حیسابی یەکەمیان، لەکاتێکدا زۆر لە بابەتەکانی نێونەتەوەیی پێویستى بە ئامادەکاری نەتەوەیی و چینایەتى هەیە لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا، لەوانە تێکۆشان لەپێناو چەسپاندنى ئاشتى لەهەموو جیهاندا، کە ئەوەش هەموو مرۆڤایەتى دەگرێتەوە، هەروا تێکۆشان بۆ پاراستنى ژینگەى ناوخۆیی و هەموو گۆى زەوى، و وەستان لەدژى دەستدرێژى و بردنى سامانى گەلان، و تێکۆشان لە دژى دواکەوتوویی و نەهێشتنى برسێتى و دابینکردنى یەکسانى لەنێوان گەلان و ڕێزگرتن لەویستەکانى یەکتری، کە ئەوانەش هەموویان ئارەزوو و حەزى هەموو مرۆڤایەتییە بەبێ ڕەچاوکردنى نەتەوە و ناوچە و تا بە مەسەلە چینایەتییەکانیش ڕادەگات لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا.

هەروا ڕەچاوى ئەوە نەکراوە کە ئەو سەرمایەدارەى لەناوەندەوە هەوڵى حوکمڕانى هەموو جیهان دەدات، زۆر جیاوازە لەو سەرمایەدارەى کە ناولێنراوە سەرمایەدار لەناوخۆی ئەم کۆمەڵگە دواکەوتووانەدا، چونکە سەرمایەدار لەناوەند، دوێنى کاتى چینێکى شۆڕشگێری بۆرژوایى بوو، گۆڕانکاری زۆر گەورەى لە کۆمەڵگەى خۆیدا ئەنجامدا لە پێش هەموویانەوە چەسپاندنى کۆمەڵگایەکى عەلمانى (سیکیولار) کە بەم شێوەیە هیچ سیمایەکى ئاینى بۆ حوکمرانى نەهێشتەوە و لەلایەکى دیکەش زۆر لەو دەستکەوتانەى کە ئەمڕۆ جێگەى شانازى مرۆڤایەتیین، ئەوا لەسەردەستى ئەم چینەدا دروست بوون، لەوانەش تاڕادەیەکى باش پیادەکردن و چەسپاندنى دیموکراسیەتى سیاسی و کۆمەڵگەى مەدەنى و دیاریکردنى بەند و خاڵەکانى مافى جیهانی مرۆڤ. سەرەڕاى ئەم هەموو داهاتەى لەڕێگەى بەکارهێنانى سەرمایەکانیان بۆ چەسپاندنى شکۆی نەتەوە و وڵاتەکانیان بەکاریان هێناوە، بەواتایەکى دیکە دەگوترێت نیشتمانپەروەرێتى، لەبەرانبەر لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا هێشتا هیچ یەک لەو چینە کۆمەڵایەتییانە پلەى پێگەیشتنیان واى نەکردووە بتوانن جێگەى دەستیان لە بونیادى وڵاتێکى بەهێز و خاوەن ژێرخانێکى ئابووری پتەو دیاربێت، بۆیە ئەوەى ناونراوە سەرمایەدار بەهەڵەى خوێندنەوەى چەپەکان، دەردەکەوێت پارەدارێکى دارەدەست و پاشکۆی سەرمایەدارەکانى جیهانییە، کاتێکیش سەرمایەدار لەم کۆمەڵگایەدا بەم جۆرە بێت، چۆن چینێکى کرێکاری هۆشیار و ئامادە بۆ شۆڕش دروست دەبێت؟ چۆن ڕێگە خۆش دەکرێت بۆ خاوەن بەهرەکانى کۆمەڵگە تا داهێنانەکانیان خزمەتى پێشکەوتنى کۆمەڵگاکانیان بکات، واتە دەبێت هێزە چەپ و مارکسیستەکان ئەوە بزانن کە کۆمەڵگاکانیان لە هەموو بوارەکانى چینایەتى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە شێواو و زۆر دواکەوتوون و بەهیچ جۆرێک بەروارد ناکرێن لەگەڵ کۆمەڵگە پێشکەتووەکانى سەرمایەداری جیهانى، بەڵکو دەکرێت لەگەڵ هەموو نەتەوەپەرستە نیشتمانپەروەرەکانى کۆمەڵگاکانیان دەست یەکخەن تا خۆیان ڕزگار بکەن لەو پاشکۆیەتییەى تێى کەوتوون و ئینجا هەوڵ بدەن بۆ هەموو ئەو کایانەى خزمەتى کۆمەڵگاکانیان دەکات لە دیموکراسیەت و مەدەنیەت و عەلمانیەت و ئازادى ڕۆژنامەگەری و فرەیی لەڕووى فیکری و بیروبۆچوون و، تەنیا بیر لە خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە و دژایەتى تەنیا کۆنەپەرست و دارودەستەکانى سەرمایەداری جیهانى بکەن، چیدى خوێندنەوەکان بەهەڵە نەکرێت، بۆ دەربڕینەکانى مارکس و ئەنگلس، وەک ئەوەى ئەم دوو بلیمەتە لە (مانیڤیستى کۆمۆنیست)دا دەڵێن کرێکار نیشتمانى نییە، و واى تێگەیشتوون کە کرێکار لەمەودوا خاوەنى هەموو جیهانە و سنورەکان ناسەلمێنێت و وڵاتەکان تەنیا بۆ بۆرژواکانە و هیچ پەیوەندییەکى بەکرێکارانەوە نییە، لەبیریان چوو کە کرێکار ئەگەر لە نیشتمانى خۆیدا خۆى نەچەسپێنێت و شۆڕش بەرپا نەکات و دەسەڵات نەگرێتە دەست، ئەوا ناتوانێت لە هەموو جیهاندا سیستەمى خۆی و سۆسیالیزم بسەپێنێت و لەخزمەتى هەموو کارگەرانى جیهان و مرۆڤایەتییدا بەکاری بهێنێت، هەر لەوەوەش هاتووە کە مەسەلە نەتەوایەتییەکان و پەرەسەندنە ناسیۆنالیستییەکانی لە ئاستى جیهاندا بەدەرکەوتوون، ئەوا مەسەلەى بۆرژواکانە و پەیوەندى بە کرێکارانەوە نییە، بۆیە دەبێت بزانن کە مەسەلەى سەربەخۆیی و سامانە سروشتییەکان و پەرەپێدان و پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى و ئابووری هەر وڵاتێک بەندە بە تێکۆشانى چینە زەحمەتکێشەکانى ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانە، چونکە ئەوانە هەموویان بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بەشێکى سەرەکیین لە تێکۆشانى سیاسی و چینایەتی و نیشتمانى و لە بەرژەوەندى ئەوانەدایە ئەگەربێت و بەرنامەى کارە حزبى و فیکرى و چینایەتییەکانى خۆى گۆش بکات بۆ بەدەستهێنانیان.

 

  • 1