ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چاپی دووەم

 ((دیموکراسی و بزووتنەوەکان))

    بزووتنەوە جیاجیاکانی کۆمەڵ ، بزووتنەوەی داواکارییە جیاجیاکانن . واتە هەموو ئەو بزووتنەوانە ، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و فەلسەفەی ووجودی بزووتنەوەکەیدا ئیش و کارەکانیان دەبەنە ڕێوە . هەر بزووتنەوەو لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئاستی پەیوەندییە ئابووری کۆمەڵایەتییەکەیدا ، داواکاری و بەرژەوەندی خۆی هەیە . ئەوەی کە لە بزووتنەوەکانی ، سەندیکالیست وهەروەها بزووتنەوەی ووردە بۆرژوازی و بزووتنەوەی ژنانە و نەتەوایەتی لەسەر دەستی بۆرژوازی و ووردە بۆرژوازی ، یان ڕێکخراوە چەپەکان و هەروەها بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی چینی کرێکار . هەریەکە لەمانە ناوەندێکی تایبەت و دیموکراتی خۆیان هەیە ، داواکاری سیستەمیکی دیموکراتی و یان باشکردنی هەلوومەرجی کارکردن و ژیانی کۆمەڵایەتی چینەکانن  بە بڕواو بۆچوونی تایبەتی کە دەربڕی ڕاستەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییانە .

    ئەو ناوەندەی هزرو دیدی ناو سەندیکاکان ، ناوەندی دەربڕی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانن ، پارێزگاری لە پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکارو سەرمایەدار ئەکەن . چونکە ناوەندی سەندیکالیزم ناوەندی بزووتنەوەی ڕێکەوتن و دانوستانی ئاشتی نێوان چینی کرێکارو سەرمایەدارانە . ئەم بزووتنەوانە لە چوار چێوەی دانیشت لەگەڵ دەوڵەت و خاوەن کارەکاندا ، داواکاری کریکاران دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ سەرمایەداراندا ، بەوویستی بەرژەوەندیان ڕێکدەکەون . پاشەکشە بە داخوازی کرێکاران دەکەن لە بەرامبەر سەرمایەداراندا . یا بۆ ماوەیەکی درێژتر سوودی زیاتر لە هێزی کرێکاران وەردەگرن بەرژەوەندیەکانی سەرانی سەندیکای پێدەبەنە پێشەوە .

    لە بزووتنەوەی دیموکراسی ووردە بۆرژوازیدا ، لە داوای مافی نەتەوەییدا ، کاتێک کە ئەم مافە بەرز دەکەنەوە و بە دەوریدا دەسوڕێنەوە ، بتوانن بەشێک لە ئابوری خۆووڵاتیان بە دەست بهێنن ، دەیانەوێت لە ناوەندی بزووتنەوەکەیاندا ئەوە بۆ خۆیان دابین بکەن ، یان بەئاوەزو دیدو ووتەی خۆیان بۆرژوازی نیشتمانیان لە ژێر چەپۆکەی بۆرژوازی مۆنۆپۆڵی سەرمایەدارانی گەورەی جیهانی ڕزگار بکەن . زۆرجار ئەمانیش دەست تێکەڵ دەکەن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاراندا و یان بزووتنەوەی کرێکاران بە دوای شیعارو ئامانجەکانی خۆیاندا ڕیز دەکەن . ئەوەی کە لە حیزبەکاندا دەگوزەرێت، لە حیزبی ووردە بۆرژوازی و  بۆرژوازی ، بۆ کەسێک یان ئەندامێکیان نییە کە لە بنکەدا بێت و بەرەو لوتکە هەڵکشێ . ناوەندێتی دیموکراسی و پەیڕەوکردنی لە حیزبەکانیاندا درۆیەکی بێ پەردەیە . ئەمانە هەر هەموویان هەڵقوڵاوی بزووتنەوەی دیموکراسی بۆرژوازین ، یان بۆ دیموکراسی بۆرژوازی لە خزمەتیدان .

     لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریەکاندا ، مارکسیزم  مەشخەڵی بڕواو بۆچوونەکانیانە ، دیموکراسییەکانیان دیموکراسی چینی کرێکارەو بۆ داخوازییە مێژووییەکانیان لە بزاوتن و هەوڵدان . بزووتنەوەی خۆیان دژ بەو بزووتنەوانەی ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازییانە دەخەنە گەڕ کە هەندێک جار دەبنە دەزگای سیخوڕی و جاسوسی بۆ سەرمایەداران . بێجگە لەوەی کە گیانی سازشکاری و چۆکدادان لە بەردەم سەرمایەداریدا دەخەنە ناو بزووتنەوەو دەستورکاری کرێکارانەوە . کەواتە بزووتنەوەی دیموکراسی پرۆلیتاریا ، جیاوازی ڕیشەییان هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراسییە ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازییەکان .

    چەپە لیبراڵەکان بەشێوازی جیاواز لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستە زانستیەکان بیردەکەنەوەو کاردەکەن ، ئەوان لە وەڵامی پرسیاری (سێ)دا دەڵێن { لە ڕووی عەمەلی یەوە، دیموکراسی ئەو عیبارەتەیە کە توێژێک وەختێ بیەوێ ئیعتراز بکات بە مەحروم بوونی قانونی وە یان دوو لایەنەی خۆی لە مافی بەشداری کردن لە پرۆسەی بڕیارداندا، بزووتنەوەکەی خۆی پێ ناو  دەبات . بە ڕای من سیفەتی هاوبەش و گشتی دیموکراسی لەمە زیاتر نی یە . دیموکراسی خۆ بە خۆ هەل و مەرجێک یان ڕژێمێکی سیاسی و دەستوریکی دیاری کراو نی یە ، وە یان تایبەت بە کەسێک نی یە ، بەڵکو بزووتنەوەیەکی هەمیشەیی توێژە پشت گوێ خراوەکانە بۆ بە دەست هێنانی ئەو مافانەی کە ئەوانی تر هەیانە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی دا . ل٨-٩ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. بە پێی ئەو ڕوون کردنەوانەی لەسەرەوە کردمان جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ ئەم بۆچوونانەی چەپی ووردەبۆرژوازی و کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئەوانە لە پێش ئەویشدا لێکدانەوەکانیان بەهەمان ناوەڕۆک کردووە . واتە کاتێک توێژێک دەنگی ناڕەزایەتی  بە بێ بەشی و بێ مافی خۆی هەڵدەبڕێت ، لە کۆمەڵگادا ، چ لە ڕووی مافە سەرەتایی و مافەکانی هەڵبژاردنەوە بێت ، توێژگەلێکی ووردە بۆرژوازی بێت ، ئەوا ناوەڕۆکی داواکارییەکان و ڕەوا بوونی داخوازییەکانیان ، بە بەرژەوەندی  پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتیەکەیەوە دەست نیشان دەکرێت ، کە چ پەیوەندییەکیان هەیە سیستەم و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و لە کام شوێنی پەیوەندییەکانیاندا قەراری گرتووە . ناکرێت ووردە بۆرژوازی ئەڵقە لە گوێی بەردەوامی سەرمایەداری ، لە نیزامی سەرمایەداریدا داوای ڕەوای هەبێت ، هەروەها لە ڕووی دیموکراسی خوازی ئەم توێژەوە ، ناوەندی دیموکراسی خوازییەکەی ، پەیوەندی توند و تۆڵی بە بەرژەوەندی و سیستەمی سەرمایەدارییەوە هەبێت . واتە ئەو داخوازیانەی کە لە بزووتنەوەی توێژ گەلێکی ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازیدا هەیە ، داخوازی  ڕەوای کرێکاران نابن لە سیستەمی سەرمایەداریدا و جیاوازی بنەڕەتی و ڕیشەییان هەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو داوا ڕەوا مێژووییەکانی لەم سیستەمەدا . واتە ڕەوابوونی داواکان ئەوەنیە کە ئاراستەی ڕەووتی مێژوو ئەوەستێنێ و کۆنە پەرستی بەرهەم ئەهێنێتەوە . بەڵکو ئاڕاستەکەی بە تاودانێکی خێراو ڕەوا بەرەوو پەیوەندییە ڕەواکانی ببات . کاتێک کە پرۆلیتاریا لە بزووتنەوە کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕییەکەیدا ئاڵا هەڵگری بە دەستهێنانی دیکتاتۆریەتی خۆیەتی ، گۆڕانی بنەڕەتیلە نیزامی سەرمایەداریدا ، ڕەواترین داوای ئەم چینەیە . لەبەرئەوەی ووردەبۆرژوازی ، لە چوارچێوەی داواکارییەکانیدا ، پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و سیستەمی سەرمایەداریش دەپارێزێ و بزووتنەوەکانی بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە ئابووری سەرمایەدارییە بۆ خۆیان . واتە ئەمان نایانەوێت پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە ناو بچێت ، بەڵکو ئەی ڕازێننەوەو گۆڵی خۆیانی بە بەرۆکدا دەکەن . کام قانون و کام تیئۆر، داخوازی ئەم دوو چینە دەکات بە یەک داخوازی و هەردووکیان بە ڕەوا لە قەلەم ئەدات !؟ ناکرێت لەبەر ئەوەی کە دیموکراسی بۆرژوازی بۆگەنی کردووە و دیموکراسی پرۆلیتاریش لە بزووتنەوەی داخوازی یەکانیانیاندا بێ بایەخ و یەک جۆر سەیر بکەین لەگەڵ سەرمایەداریدا . ئەو تیئۆرەی کە لە یەکتریان جیا ناکاتەوە ، ئەوە تەنها لە بۆچوونەکانی ئانارشیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریدایە . ئەو داخوازییانەی کە بە داخوازی ڕۆژانە و ڕیفۆرم و مافی ژنان و مافەکانی بێکاران و لاوان و کارمەندان و ... لە شیعارو ئیش و کاری ڕۆژانەیاندا هەردوو ح.ک.ک.ع. و ئێران و ووردەبۆرژوازی لیبراڵ (منصوری حیکمەت) ، ڕێگە چارەکانیشیان بۆ پرسی نەتەوایەتی ،  دیدو بۆچوونێکی بۆرژوازییانەیان تیایدا بەیان کردوە ،  وەڵام بە هەموو پرسەکان و کێشەی نەتەوایەتی ناداتەوە . لە خواست و داواکانی بزووتنەوەیەکی بۆرژوا دیموکراتیکیدا نەبێت هیچ چوارچێوەیەکی تر بە خۆیانەوە ناگرن . واتە داخوازی دیموکراتیکانەی ئەمان ، لەگەڵ توێژگەلە پشتگوێ خراوەکان دەستە خوشکن . داواکاری چوونە ناوەوەی ئەم حیزبانە بۆ ناو هەڵبژاردنەکان وپەرلەمان ، لە پێش و لە ئێستادا هیچ ناگەیەنێت . بێجگە لەوە نەبێت کە ئەیانەوێت بە کرۆکی بزووتنەوەی ووردە بۆرژوازیانەی خۆیان خزمەت بە سەرمایەداری  بکەن . توێژینەوە و پلیمەکانیان لە چوارچێوەی  بەشداریکردن لە دەسەڵاتی سەرمایەداراندا ئەسوڕایەوە .

    بزووتنەوەی دیموکراسی خوازی بۆرژوازی، دەربڕینێکە لە ڕژێمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی . واتە ئەو بزووتنەوانەی کە لە سەردەمی پێش سەرمایەداریدا هەبوون داخوازی سیستەمی سەرمایەداریان ئەڕازاندەوەو بزووتنەوەی دیموکراسی لیبڕاڵی بۆرژوازی بوون . واتە هەموو بزووتنەوەیەک گوزارشت لە سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات . ناوەڕۆکی ئەو سیستەمەش لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەیەوە دەست نیشان دەکرێت .

    ووردەبۆرژوازی لیبراڵ لە لایەک دەڵێن دیموکراسی ڕژێمێکی سیاسی و لە لایەکی تر دەڵێت ڕژێمێکی سیاسی نییە . ئەم بۆچوونەی کە لە هەمان وەڵامدا بە جیاوازی دەربڕینەوە دەردەبڕێت ، لە پێناو ئەوەدایە کە بتوانێت دیموکراسی پرۆلیتاریاو سەرمایەداران بەیەک ناوەڕۆک پێناسە بکات و بڵێت ئەم دیموکراسی خوازیەی کە پرۆلیتاریا لە بزووتنەوە واقعی و کۆمۆنیستییە زانستییەکەیدا بەرزیدەکاتەوە ، بە بزووتنەوەی توێژە پشتگوێخراوەکان لە قەڵەم بدات . ئەمانە تەنها بۆ سەر لێ شێواندن و بە شان وباڵ هەڵدانی سەرمایەداریە . ئێمە دەڵێین بزووتنەوەکانی دیموکراسی خوازی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا یەک ماناو یەک بەرژەوەندی دەگەیەنن . کاتێک پرویسترۆیکا داوای گەڕانەوەی سەرمایەی دەوڵەتی دەکات بۆ سەرمایەی بازاڕی ئازاد ، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت جارێکی تر دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی دەوڵەتی بگۆڕێت بە دەسەڵاتی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد لە ڕووسیادا ، هەروەکو ڕویدا . بزووتنەوەی داخوازی ڕەش پێستەکان لە ئەفریقای خوارو و ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، هەوڵیان لەپێناوی بە دەرەجەیەک حیساب کردنیان لەگەڵ سپی پێستەکان ، یان ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان ڕەش پێستەکان و سپی پێستەکان و هندە سورەکان دەکرێت لە ئەمریکادا ، وە دانانی جیاوازی بزووتنەوەکانیان لە نیزامی سەرمایەداریدا لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراسی سەرمایەداری ، بۆ ووردەبۆرژوازی لیبراڵ هیچ ناگەیەنێت بێجگە لەوەی کە لەم ڕێگایانەوە ووردە بۆرژوازی دەیەوێت تیئۆر وبزووتنەوەکەی خۆی بە داخوازییە واقعییەکانی ناو کۆمەڵ هەڵواسێ و حساب بکات و لە ڕێگەی سیاسەتی دیماگۆجیانەوە خۆی لەناوچون بپارێزێت و خزمەت بە  سەرمایەداری بکەن . چەپی لیبڕاڵ لە وەڵامی پرسیاری (سێ)دا دەڵێت { دیموکراسی  خوازی، ڕەش پێستی ئەفریقای جنوبیش خوازیاری مافی بەشداری کردنی یەکسانە لە هەڵبژاردندا . ئەویش دیموکراسی دەوێت . بەڵام ئاسۆو ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دوو بزوتنەوەیە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازن . ل٩. (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان ڕادەربرین و ڕاستی دا )}. مەبەست لەم بزووتنەوە جیاوازەی ڕەش پێستەکان و بزووتنەوەی دیموکراسی خوازی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا ، دڵسۆزانی سەرمایەداری پۆلێنی دەکات . ئەم بۆچوونانە دوو لێکدانەوەی دژ بەیەک بەرجەستە دەکەن . چونکە هیچ کامیان لەبزووتنەوەکانی تر ناگەنە ئاستی بزووتنەوەی دیموکراسی پرۆلیتاریا . بێگومان ڕەش پێستەکان خوازیاری بەشداری کردنن لە دەسەڵاتی سەرمایەداریدا ، واتە خوازیاری بە کرێ گرتەی خۆیانن لە ئاستێکی باشتردا بۆ سەرمایەدارانی خۆپێستی .واتە دیموکراسی پرۆلیتاریا خوازیاری نەمانی هەموو هەڵاواردن و تەفرەقەیەکی جنسی و ڕەگەزی و  تیرەیی و دینی و نەتەوایەتیە لە نیوان ئینسانەکاندا و لەگەڵیشیاندا کاری بە کرێ و سەرمایە لەسەر هەموو مرۆڤێک لە ناو دەبات . بەڵام بزووتنەوەکانی تر پیرۆزی پەیوەندی کارو سەرمایە و  دەسەڵاتەکانی ڕادەگرن .

    خزمەتکارانی سەرمایەداری دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت، کە بزووتنەوەی بۆرژوازی لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا و دژ بەو سیستەمەو لە دوای و لە دەسەڵاتی سەرمایەداریدا ، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر ناوەندی هەڵبژاردن و بەشداری هەلبژاردندا هێناوە.. وە لە وەڵامی پرسیارێکی دا دەڵێت { چلۆن وەک بنکەیەکی تایبەتی بۆرژوازیی سەری هەڵداوە، نەک وەک بنکەیەکی بەشەری بە گشتی وە چلۆن هەر بەم پێیە ((ماف)) تەنیا ڕەنگدانەوەی ((مالکییەت)) بووەو هەر لەبەر ئەم لایەنە دیموکراتیکەی زۆر بەر تەسک و لەرزۆکە ، ئەوە کە ئەو بنکە بۆرژوازییە بە درێژایی  ژیانی خۆی و بە تایبەت لە سەدەی ڕابووردوودا هەندێک ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتووەو یەک لەوانە مەرجی مالکیەتی لەسەر ڕێگای دەنگدان لابردوەو مافی دەنگدانی گشتی سەلماندووە ، هەڵبەت واقعیەتێکە . ل١١.(عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم و پەرلەمانتاریزم)}. ئەو کاتەی کە شەرەفی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی دەرەبەگایەتیدا بە مالکیەتەوە بووە ، لەگەڵ ئەم سەردەمەی کە دەنگدان مەرجی هەڵبژاردنی بە مالکیەتەوە نییە ، جیاوازیان نییە . چونکە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی چەوسێنەرانە لە هەردوو سیستەمەکەدا . هەروەها لە ئێستای ئەنجومەنەکانی ئەمەریکادا ، بوون بە ئەندام پەیوەندی بەوەوە هەیە  کە ئەندام نابێ لە پەنجا ملیۆن دۆلار کەمتری هەبێت ، لەلایەکی تر هەڵبژاردن و بەئەندام بوون لەئەنجومەنی پیران شێوازێکی پشتاوپشتی خێزانی هەیە و دەبێت دەوڵەمەندی وویلایەتەکەی خۆی بێت . واتە ئەوەی کە لە پەرلەمانەکانی ڕابردوو، ڕوویداوە لەسەر دەنگدان و ئەوەی کە ئێستا  بۆ هەڵبژاردنی سەرمایەدارێک دەبێت کە نابێت بڕی سەرمایەکەی لەو بڕەی سەرەوە کەمتر بێت کە باسمان کرد . واتە ئەو گۆڕانانەی کە خزمەتکارانی سەرمایەداری دڵی پێ خۆشدەکات و بە پێشڕەفتی دیموکراسی سەرمایەداری دەزانێت ، تەنها لە شکڵی دەنگدانەکاندایە . واتە ئەم دەسەڵاتە ، هیچ لە مانای دەسەڵاتی سەرمایەداران نەگۆڕیوە ، ناکاتە ئەوەش کە ئەم دەسەڵاتە ترس و نیگەرانییەکی لەو بزووتنەوانە هەبێت کە داوای دیموکراسی کردنی زیاتری ناوەندی هەڵبژاردن و پەرلەمانەکانیان دەکەن . یان ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە ، دیموکراسی ڕابردوو بە لەرزۆک و تەسک و سنووردار دەزانن ، دەبێت لە لای ئەمانە چ توندو تۆڵیەک بە دەست هاتبێت لە دیموکراسی سەرمایەداری !؟ ئەو کاتەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیموکراسی خۆیاندا جاڕی بۆ دەدەن ، گوایە دیموکراسی هەڵبژاردن زۆر فراوانترە لەو ساتانەی پێشووتر، تەنها ئەم هەڵوێستانە بۆ دڵخۆش کردن و پیاهەڵدانی ووردەبۆرژوازییە بە سیستەمی هەڵبژاردندا . بەهۆی سیاسەتی کوێر کوێرانەیانەوە دەیانەوێت ئاوەز و کرداری پرۆلیتاریا بە لای ئەم سیستەمەدا ڕابکێشن ، لەگەڵیدا هەزارو یەک بەیت و بالۆرەشی بۆ دەڵێنەوە . بەلام هەر کاتێک ، هەڵبژاردن و هەڵبژیراو لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا ، بە هەمان پلان کەوتنە ململانێ و یان لەگەڵ ویستی ئەواندا و بەسەربەخۆ کردنی ئابوری نەتەوایەتییاندا ، جێگاو ڕێگا لە کۆمپانیا مۆنۆپۆلییەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی  تەنگەبەر بکات (واتا بە مانای لەناو چوون نا) ئەوا مافی دەنگدانی گشتی بۆ هەمان بۆرژوازی بە خوێن مافی ئەو دەنگدانە گشتییەیان لێ دەسەننەوە . واتە ئەو بزووتنەوانە ، بە هەموو ڕەنگ و ئاڵاو واڵایەکیانەوە ، ناتوانن تۆزقاڵێک لەو ڕاستیە وون بکەن کە دیموکراسی بۆرژوازی دەسەڵاتی بیرۆکراتیەتی کەمینەی کۆمەڵە .

    ئەوە کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار نین ، دڵیان بە دیموکراسی توندوتۆڵی ئێستای سەرمایەداری خۆش بێت و دیموکراسی لەرزۆکی کۆن ڕەت بکەنەوە وە یان بەوەی لە قەڵەم بدەن کە دیموکراسی ئێستای بۆرژوازی سەرچاوەی لە پۆلیس و قانوونی سەربازییەوە وەرنەگرتووە . واتە هەر بزووتنەوەیەک لە لای کۆمۆنیستە زانستییەکان ، لەهەڵبژاردنەکانی بۆرژوازی ، دەنگ بە هەر جۆرێکی دیموکراسی بۆرژوازی بدات ، ئەوا دەیەوێت ڕێگری لە بەردەم چوونە پێشەوەی دیموکراسی خوازی پرۆلیتاریا بگرێت و درێژە بەدەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران بدات .

    نا واقعی بوونی تێڕوانینی کۆمۆنیستە بۆرژوازیەکان کە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر خەباتی بزووتنەوە کرێکارییەکان لە ئەوروپا تێدەڕوانێت و دەڵێت { هیچ کرێکارێکی تێکۆشەر نی یە کە لە ووڵاتانی ئەوروپایی بڕوای بەوە هەبێ پەرلەمان لە خۆیەتی . ئەو کرێکارانە پێ یان وایە پەرلەمان تەرخان کراوە بۆ ((ئەوان)) بەڵام ڕێکخراوی کرێکاری و مانگرتن و خەبات و تێک هەڵچون لەگەڵ پۆلیس و خۆپیشاندان و هەروەها شۆڕش، هی ((ئێمە))یە. ئەمە ئەزموونی ژیانی خەباتکارانەی کرێکارانە لە ووڵاتانی سەرمایەداری . نامۆ بوون و بێگانە بوونی کرێکاران لەگەڵ پەرلەمان و دەزگا بۆرژوازییەکان . ئەوەندەی حاسڵی تەبلیغات و ڕوشنگەری سۆسیالیستەکانە ، هەزار ئەوەندە حاسڵی ئەزموونی قوڵ و سەر سەختی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانە . ئەم نامۆیی یە، یەکێکە لە دیاردەو دیمەنەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ووڵاتانی ڕۆژئاواو یەکێکە لە تایبەت مەندی یە پایەدارەکانی ئەو کۆمەڵگایانە . ل٢٠-٢١ (عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم و پەرلەمانتاریزم)} کاتێک چینی کرێکار بە پەرلەمان نامۆیە کە ئەو چینە دەنگ بە پەرلەمان نەدات .

      ڕاستە چینی کرێکار لە ئەوروپاو جیهانیشدا ئەزموونی زۆری هەیە . بەڵام هەتا ئێستاش چینی کرێکار دەستی لەوە هەڵنەگرتووە ، لە بزووتنەوەکانیدا، بەشداری هەڵبژاردن نەکات و دەنگ بە نوینەری سەرمایەداری نەدات . واتە شتێک کە لە واقیعدا نەبێت و بە واقعیش لە قەڵەم بدرێت ، لەو کاتەدا لەگەڵ نا ڕاستیدا ئاوێزان دەبێت و لەگەڵ خەیاڵ و ڕاسیۆنالیزمی خۆیدا  خەونی جۆراو جۆر دەبینێت و دەگێڕێتەوە . ئیمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بێ ئیعتبار کردنی ئەزمونەکانی چینی کریکاردا نین و بەو ئاقارەش کار ناکەین . بەڵام ئەوەش هەیە ، کە ڕاستی یەکان ناشوێنین و پەردە پۆشی ئەرکێکی خۆمانی پێ ناکەین و لەگەڵ ئەوەشدا کاری بۆ نەکەین . ئێمە دەڵێین دەبێت چینی کرێکار وانەی ڕۆشن لە ئەزموونەکانی لەوەو پێشیان و ئێستا وەربگرن ، تا بتوانن هەنگاوی جدی وکردەی دروست و زانستیانە بۆ پێشەوە بنێن .

    ئەو حیزبانەی کە لە ئەوروپادا چەند ملیۆن کرێکار ئەندامیان و هەواداریانن ، دەنگ بۆ سیاسەتە ئابورییەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری دەدەن . هیچ قانوونێکی کرێکاران و خۆشیان ناخەنە ناو بەندە قانوونییەکانی پەرلەمان و دەوڵەتەکەیەوە . کەواتە ناکرێت بەخۆپەسەندی بیر لە دیاردەکانی دەورو پشتمان بکەینەوەو بە بەڵگەی بکەین بۆ ڕاستی بڕواو بۆچوونەکانمان ، وەکو ئەوەی کە ووردە بۆرژوازی لە ئێستادا ئەیەوێت لە ژێر پەردەوە سیاسەتی خۆی پرۆسیس بکات . لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە کام ووڵات لە دنیادا ، کرێکارانی بە زۆربەی دەنگ دەنگیان بۆ پەرلەمانە هەڵبژێردراوەکەیان نەداوەو خستوویانەتە لاوە . واتە ئەو ڕێکخراوە کرێکاریانەی ئەوروپاو جیهانیش بەشێکی زۆر کەمیان نەبێت ، کە سیاسەتی کۆمۆنیستی زاڵی سیاسەتەکانی تر بێت ، ئینجا ئەگەر کارێک بکەن زۆر زۆر ناچنە ناو ناخی هەڵوێست گیرییە کۆمۆنیستییەکانەوە . واتە ئەو ڕێکخراوانە ، هەموو داواکاری و داخوازییەکانیان دەخەنە چوارچێوەی لە بەین نەچوونی پەرلەمان و بەرگری کردن لە سیاسەتەکانی پەرلەمان و حکومەتەکەیانەوە . بەڵام کرێکارانی هۆشیارو کۆمۆنیستەکان ، ئاوات وئامانجی مێژوویی خۆیان ، نابەستنەوە ، بە چارەسەرکردنەکانی پەرلەمان و سیاسەتەکانیان  ، بەڵکو چارەسەر لە لای ئەمانە بەدەست هێنانی دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریاو بە زانستییانە دەست پێوە گرتنیەتی ، ئەم بزووتنەوە زانستییانەی چینی کرێکار جێگای ئومێدی جینایەتیمانە . نەک ئەو بزووتنەوانەی کە چینی کرێکار ئەندامیانە و سیاسەتی بۆرژوازیش تیئۆری زاڵی خەبات و ڕابەریانە . ووردەبۆرژوای چەپیش بە هەمان دیدو بۆچوونی ناواقعی ووردەبۆرژوازییانەی خۆی لەسەر مەسەلەی بزووتنەوەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری ، دیدو توێژینەوەی ناواقعی هەڵئەینجێنێ .

    ووردەبۆرژوای لیبراڵ ، لە وەڵامی پرسیاری(چوارەم) دا دەڵێت { مافی دەنگ دانی کرێکاران، ژنان، سورپێستەکان و کەسانی لەم بابەتە بەشێکی سەرەکی پێناسەی دیموکراسی پێک ناهێنن و لەگەڵیدا لە دایک نەبوون، بەڵکو بەرەنجامی خەباتی حەقخوازانەی چین و توێژە جیا جیاکان بوون لەو کۆمەڵگا دیموکراتیکەدا کە لە ئارادا بووە . ئەو خەباتانەی کە لە ژێر ئاڵای فکری و سیاسی بزووتنەوەکانی تردا، وەک بزووتنەوەی سۆسیالیستی، بزووتنەوەی یەکسانی خوازانەی ژنان، بزووتنەوەی دژی هەڵاواردنی نەژادی(التفرقة العنصریة)و قەومی وشتی ترەوە بە گشتی بە شێوەیەکی نادیموکراتیک و نا قانوونی چوونەتە پێشەوە . دووەم ،عیبارەتی دیموکراسی خۆی بە مانای تایبەتی ووشەکە، ڕێک وەکو سەربەخۆیی و خود موختاری، مەرج نی یە هاوتا بێت لەگەڵ پەرەسەندنی عەدالەتی و کۆمەڵایەتی ویەکسانی وە یان ئازادی فەردی زیاتردا، دیموکراسی سەربەخۆیی و شتی لەم بابەتە ئەو قاڵبە سیاسی و ئیداری یە دیاریکراوانەن کە دەتوانن ناوەڕۆکی جیا جیا بگرنە خۆیان . ل١٣(منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. خەباتی حەقخوازانەی چین و توێژەکان لە چوارچێوەی دەنگدان ، یا مافی سورپێستەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانە بۆرژوازییەکاندا ، ناتوانرێت ، مافی یەکسانییان بۆ دیاری بکات و جێبە جێ بکرێت .

    واتە ئەو خەباتەی کە ئەتوانێت وەڵامی دروست بە مافی یەکسانی سورپێستەکان و هەموو مافەکانی مرۆڤایەتی بداتەوە ، خەباتی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی زانستییە . واتە ووردە بۆرژوازی ناتوانێت ، ئەو خەباتە ئاسۆ و ئامانجیان بێت پروسیس بکات . بەڵکو خوازیاری ئەوەن کە دەستیان ڕابگات بەوەی کە مافی یەکسانیان هەبێت لە تاڵان بردنی سەروەت وسامانی ئابووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لەگەڵ بۆرژوازی گەورەدا . واتە ئەمان ، لە دەنگدان و هەڵبژاردنەپەرلەمانیەکانیاندا ، ئەو مافانە دەکەنە ئامرازی دەستیان بۆ بە دەست هێنانی مافی ئابووری یەکسان لەگەڵ بۆرژوازیدا . بەڵام خەباتی حەقخوازانەی پرۆلیتاریای هۆشیارو کۆمۆنیستە زانستییەکان ، بە دەست هێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەبێتە ئامڕازی دەستیان و ئەتوانێت هۆی گرنگی بەدەستهێنانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی بێت . ئەمەش ئەتوانێت مافی یەکسان بە هەموو ڕەنگی پێست و نەتەوەیەک و هەروەها هەموو مرۆڤەکان لەکارکردندا بدات و تیایدا زامن بکرێت . بۆرژوازی و سەرمایەداران لە قانونەکانیاندا ، ئەوەیان کردووە بە خاڵێکی مافی مەدەنی ژنان کە لە دەنگدانەکان و هەڵبژاردنەکاندا مافی یەکسانی وەک پیاویان هەبێت . بەڵام بە هەزارو یەک شێوە ، کونو کەلەبەر دەخەنە مافەکانیان ، هەر لە کرێی کەم و بەئامڕازکردنیان لە بۆنەو ڕیکلامەکان ، کەسایەتیان و ناویشیان بە ناوی پیاوانەوە دەردەبڕن و جێی پێدەگرنەوە . هەروەها سورپێستەکانیش دەتوانن دەنگ بدەن ، ڕەش پێستەکان مافی هەڵبژاردنیان هەیە ، بەڵام هەر هەموویان مافی ئەوەیان نییە  کە جیاوازی ڕەگەزی هەڵبوەشێننەوەو سووکایەتی پێ بکەن ، یان بتوانن دەنگ لەسەر لەناو بردنی ڕاسیزم و نیونازیزم بدەن ، جێبەجێی نەهێشتنی بکەن ، زۆر جار جیاوازی جەندەری و پلەیەک و پلەدوو لەنێوان مرۆڤەکاندا ، دەوڵەتەکانیان برەو پێ دەرین . بوون و دەبنە کەلێنێک و ڕێگری لەبەردەم هاوئاهەنگ کردنی ناڕەزایەتی چینی کرێکاری خۆ ووڵاتی و کۆچکردووانی ووڵاتانی ترو پەیوەندی ئەنتەرناسیۆنالیستی چینی کرێکاری پێ دەدەنە دواوەو سەرمایەدارانیش سیاسەتی چەوساندنەوەی ئابوریانەی پێ پەردەپۆش دەکەن و نەهامەتی ژیانی و شوێن کارکردن و بێکاری دەدەنە پاڵ کرێکارانی کۆچ کردووەوە شانی خۆشیان لە شێوازی پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەوسێنەرانەی ئابوریەکەیان و پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی کرێکارانەوە ، خاڵی دەکەنەوە  . واتە هەر بزووتنەوەی یەکسانی خوازانەی ژنان و بزووتنەوەی دژی سیاسەتی ئاپارتاید و جیاوازی نەتەوایەتی و ڕزگاری و مافی چارەنوسی نەتەوەیی بە دەست سیاسەتی ووردە بۆرژوازیەوە بوو ، ئەوا ئاڕاستەی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی سەرمایەداریدا یەکسان وهاوجووت دەکرێن و دەبن .

    بە بڕوای چەپی لیبراڵ و دیدی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی ، ئەو بزووتنەوانە تەنها لەبەر ئەوەیە نەیان توانیوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن ، نا دیموکراتیک و ناقانوونی چوونەتە پێشەوە .  لە هەمان کاتیشدا دەڵێن مافی دەنگدان و هەڵبژاردن بەرئەنجامی خەباتی حەقخوازانەی چین و توێژە جیاجیاکان بووە . ئەم بۆچوونە دوو لایەنەیەو زۆر لە یەکتر جیاوازو دوورن و پەردەپۆش کردنی فێڵبازانەی سیاسەتی ووردە بۆرژوازییانەیە بەسوودی سەرمایەداران و دڵخۆش بوونیانە بە بزووتنەوەی ووردە بۆرژوازی لە چوار چێوەی قانوونی بوونیاندا لە سیستەمی سەرمایەداریدا . واتە ئەگەر بزووتنەوەیەکی حەقخوازانەی چین وتوێژەکانیش بێت ، ((واتە ووردە بۆرژوازی))، ئەوا دیموکراتیک و قانوونیش دەبن بۆ سەرمایەداران . واتە ناقانوونی و قانوونی چوونە پێشەوەی ئەو بزووتنەوانە گرنگ نییە ، بەڵکو ناوەڕۆکی بزووتنەوەکە گرنگ و مەبەستە . کە تا چەند بە ئاڕاستەی یاسای ماددیەتی مێژووییدا دەڕوات و بۆ ئەو چوارچێوەیە کار دەکات . هەروەها ناوەڕۆکە جیاجیاکانی دیموکراسی بۆرژوازی هاوتا نییە  لەگەڵ ئاڕاستەی ڕۆشتن بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی . واتە ئەوەی ووردەبۆرژوازی بەئاڕاستەی خزمەتکردنی سەرمایەداران هەنگاو دەنێت ، کە بە شێوەی دوو دڵی و ڕاڕایی دەری دەبڕێت و دەڵێت مەرج نییە  دیموکراسی هاوتا بێت لەگەڵ عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، دەربڕینی خواست و وویستی ووردە بۆرژوازییانەیە . کە دەیەوێت لەو تولە ڕێگەیەوە بتوانێت بە ڕێگەی ئەسڵی ئانارشیزم بگات لە لێکدانەوەکانیاندا... لە لای کۆمۆنیستە زانستییەکان ، سیستەم و پەیوەندی سیاسی دیموکراسی هیچ کاتێک نابێت بە عەدالەتی کۆمەڵاتی و یەکسانی و ئازادی . بەڵام دیموکراسی پرۆلیتاریا ، کردەو قۆناغێکە بۆ بەدەستهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی .

    چەپی ئانارشیست لە وەڵامی پرسیاری (پێنج)دا دەڵێت { ئازادی یە سیاسی یەکان و عەدالەتی کۆمەڵاتی بەرەنجامی خودی پرۆسەی دیموکراتیک نی یە، بەڵکو بەرەنجامی ئەو بزووتنەوەو هێزە کۆمەڵایەتی یە ئازادی خوازو عەدالەت خوازانەیە کە بەدرێژایی مێژوو توانیویانە،چ لە جەرگەی پرۆسەیەکی دیموکراتیک داو چ لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەدا، سەنگ و سووکی هێزە کۆمەڵایەتی یەکان بە قازانجی خۆیان و ئامانجەکانیان بگۆڕن و بەشێک لەم ئامانجانە بکەن بە قانوون و عادەت . ل١٤ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان ڕادەربڕین و ڕاستی دا) }. ئەو کاتەی کە ئازادی سیاسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە یاسا و بڕیارەکانی ناو پەرلەماندا ، قاڵب بەندی دەکرێت . سەرمایەداری لەگەڵ ئەوەی کە جارنامەی گەردوونیان بۆ مافی مرۆڤ داڕشتووە ، ئازادی فرۆشتنی هێزی کار ، ناوەڕۆکی یاساو ڕێساکانیەتی ، سیستەمی پەیوەندی کارو سەرمایە لەنێوان مرۆڤەکاندا ، پیرۆزڕاگرتنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئەو مرۆڤانەیە . لەگەڵ ئەوەشدا عەدالەتی کۆمەڵایەتی  کێ لەگەڵ چی !؟ یەکسانی لە نێوان کام چین و توێژەدا ؟  واتە خودی سیستەمی چینایەتی بەگشتی و  سەرمایەداری بەتایبەتی هیچ عەدالەت خوازییەکی نییەو ناشتوانێت دادپەروەر و یەکسان خواز بێت . سیاسەتەکانی دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ، کە سیاسەتی سەرکوت و تیرۆرو ڕەشەکوژیە ، سیاسەت و یاسا و بڕیارەکانی ناو پەرلەمانەکانە ، کە لەگەڵ ئازادی خوازی واقعی چینی کرێکار دژو ناتەبایە...

    بێ بیرکردنەوە و لە خۆوە بڕیاردان ، یا کردنی توێژینەوە و لێکدانەوەی ووردە بۆرژوازی بە ناوی ڕادیکاڵی و کۆمۆنیستی هەروا لەخۆوەوە نیە ، ئەم چەپە ووردە بۆرژوازییانەی ئێران و عێراق ، ئەوەندەی دیفاع لە بەرژوەندییەکانی خۆی و بۆرژوازی دایک ئەکات ، ئەوەندە ناکۆک و ناتەبایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی ، ئەوەندەش دوورە لە ڕەوتی گۆڕانی ماددیانەی مێژوو، لە دیوی ئەودیوی مێژوودان . لە چ شوێنێک و چ دەوڵەتێکدا ئەم ئازادییانە بە دەست هاتووەو لە پرۆسەیەکی دیموکراتیکدا نەبووبێت !؟ واتە خودی ئەو بزووتنەوانەی کە توێژاڵەکانی دەوری بۆرژوازین ناتوانن عەدالەت خوازبن . سەردەمی عەدالەت خوازی ووردە بۆرژوازی ، سەردەمی خۆی لە دەست داوەو ناتوانێت مێژووش بگەڕێتەوە دوواوە . لەبەرئەوەی سەردەمی ئێستا نە دەرەبەگایەتییە ، بەپێی سەردەمەکەی ووردە بۆرژوازی تیایدا عەدالەتخواز بێت . داخوازی ووردەبۆرژوازی و دادپەروەریەکەی ، هەمان عەدالەتی  کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییبۆرژوازیە لەئێستادا . واتە بۆ سەردەمی سەرمایەداری ، دادپەروەرخوازی تەنها پیشەو بڕوای پرۆلیتاریای هۆشیارو کۆمۆنیستە زانستییەکانە .

    ووردەبۆرژوازی لە لایەک دەڵێت ئازادییە سیاسییەکان و عەدالەتی کۆمەلایەتی بەرەنجامی خودی پرۆسەی دیموکراتیک نیە ، وە لە لایەکیش دەڵێت لە جەرگەی پرۆسەیەکی دیموکراتیکدا توانیویانە بە قازانجی خۆیان بیکەن.. ئەم لێکدانەوانە زۆر بێ سەرەوبەرە کراون . چونکە ئازادی سیاسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەرمایەداری ، لە بەرەنجامی پرۆسەیەکی دیموکراتیکی بۆرژوازییانەوە بەدەست هاتووە . لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا ، بۆرژوازی هەڵگری خواستێکی دیموکراتیک بووە ، بە مانا بۆرژوازییەکەی . کەواتە لە جەرگەی پرۆسیس کردنی ئەم خواستە دیموکراتیکەو لە ڕێگەی بزووتنەوەکەیەوە توانیویەتی دەست بە عەدالەتی کۆمەڵایەتییەکەی خۆی و ئازادییەکەی خۆی بگرێ و دەسەڵاتەکەشی دیموکراتیک بێت (لە ڕووی بۆرژوازییەوە) . بۆ پرۆلیتاریا تەنها شۆڕشە کە ڕێگای بەدەستهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیە نەک دیموکراتیک کردنی سیستەمی سەرمایەداری . ئەوە خۆڵ کردنە چاوی پرۆلیتاریایە کە لە لایەک دەوڵەت دیموکراسی نەبێت و پرۆسەیەکی دیموکراتیک پرۆسیس بکات ، لە لایەکیش داواکارییەکان بەرەنجامی خودی پرۆسەیەکی دیموکراتیک نەبێت و لە جەرگەی پرۆسەکەشدا، ئەو داوایانە ببرێت بە ڕێوە .

    لە وەڵامی بەشێک لە پرسیاری (چواردە)دا چەپی لیبرالیست دەڵێت {سۆسیالیزم و دیموکراسی دوو فکرەن کە بە درێژایی مێژووی سەرمایەداری شان بە شانی یەکتر ووجودیان هەبووەو گەشەیان کردووە ، دوو بزووتنەوە لە تەنیشت یەکداو نا تەبا لەگەڵ یەکترو بێگومان لە زۆر حاڵیشدا تێکەڵ بە یەک . بەم پێ یە ڕەخنەی سۆسیالیستی لە دیموکراسی و بە دیلی سۆسیالیستی بۆ دیموکراسی بە ئەندازەی خودی دیموکراسی کۆنە . ل٣٧ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان ڕادەربڕین وڕاستی دا) }. سۆسیالیزم وەک میتۆد و هزری زانستی سۆسیالیستی ، تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەوە بنیاتناوە و دروست دەبێت ، لەمێژووی چینایەتیدا نادادپەروەری و نا بەرابەرییەک هەبووە و هەیە لە کۆمەڵگادا و وەڵامی گۆڕانی ماددی مێژوویی پێئەداتەوە . بۆ جێبەجێ کردنی ئەو وەڵامە مێژووییەی ، (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا)ی کردووتە ئامڕازی دەستی و ئەگەر پێوویستی کرد ، لەوڕێگایەوە بە تەواوی ئاسەواری ناعەدالەتی و نایەکسانی هەڵئەوەشێنێتەوە . ڕەخنەشیان لە  دیموکراسی سەرمایەداری و نیزامەکەی تا سەر ئێسقان ناوەڕۆکی ڕەخنەی چینایەتییەو دژ بە هەموو ئەو ماناو پراکسیسە ئابووری کۆمەڵایەتی بۆرژوازییانەیە ، کە لە دەسەڵاتی سەرمایەداریدا بەرجەستەیە . واتە ناکرێت ڕەخنە لە فرماسێۆنی کۆمەڵایەتی ئابووری سەرمایەداری بگرێت و دیموکراسیەکەشیت پێ قبووڵ بێت ، یان  دیموکراسییەکەی بدەیتە دواوەو داوای ڕیفۆرمی دەسەڵاتی بۆرژوازی بکەیت .  کاتێک کە لەگەڵ باری چاکسازی نیزامی سەرمایەداری دەبێت و خۆشت بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست دەزانیت ، ئەوا بێ شک هەڵگری هزری سۆسیالیزمی ووردەبۆرژوازی یان فیئوداڵی دەبێت . هەروەها سۆسیالیستە توباوییەکان بە نەخش و نیگارێک کە لە خەیاڵیاندا هەبوو داوای دروست کردنی دنیایەکی تریان دەکرد . لە دنیایەکی تر دەچوو بەڵام لە سۆسیالیزمی زانستی و کۆمۆنیزم نەدەچوو . واتە سۆسیالیزمی سەرمایەداری یان سۆسیالیزمی زانستی ، ڕەخنەی ووردە بۆرژوازی لە سەرمایەداری ، هیچ کات تێکەڵ و ئاوێزانی یەکتر نەدەبوون . بەڵکو بە دوو کاکڵەی جیاوازەوە لە دنیایان ئەڕوانی . ئەلتەرناتیف لەلای سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی ، لە بەرامبەر دیموکراسی سەرمایەداریدا، دیموکراسی پرۆلیتاریا بە کامڵترین دیموکراسی دەزانن بۆ کرێکاران و بە دەسەڵاتترین دەسەڵاتی ڕاستەقینەی پرۆلیتاریای دەزانن و لەوێدا ژیان و کاراکتەر و ئەرک و ئامانجی شۆڕش سووڕی خۆی تەواو دەکات .

 

  • 1