ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

وەک لە ڕۆژنامەی (طريق الشعب)دا بڵاوکرایەوە، هەرسێ سەرکردایەتییەکەى دەوڵەتى عێراق کۆبوونەوە و بڕیاریاندا جارێکى تر کێشەى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بێننەوە کایە، مێژووى ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دەسەڵاتى ئەمریکا لە عێراق 2003 – 2004، ساڵەکەى بریمەر (مجلس الحکم) کە بە حوکمە زاتییەکەى (سەدام) زیاترى بە کورد ڕەوا نەبینى. مەبەستم سنوورى ئەو حوکمە زاتییەیە کە (سەدام) دیارى کردبوو، ئەوە بۆ نوێنەرانى کورد لە مەجلیسى حوکم بەوە ڕازى بوون!! بە مەرجێک لە ڕاپەڕینى ئازارى 1991وە تا ئازارى 2003 دەتوانم بڵێم هەموو کوردستانى عێراق سەربەخۆ بوو!! ئەو ناوچە کوردستانییانەى دەکەونە دەرەوەى سنوورى حوکمە زاتییەکەى (سەدام) ناونران بەناوچە کێشە لەسەرەکان و لە دەستوورى کاتى (بریمەر)دا حوکمى مادە (55)دا مایەوە و کە دەستوورى هەمیشەیی بڕیاردرا کەوتە بەر حوکمى مادەی (140)وە، ماوەى حەوت ساڵى بۆ دیاریکرا کە یەکلاى بکرێتەوە.

ئەوەى شایانى گوتنە ئەوکاتە حزبى شیوعى بە نوێنەرانى کوردى گوت ئەو ماوەیە قەبوڵ مەکەن لەوانەیە بارودۆخەکە بگۆڕدرێ و تەگەرەى بێتەڕێ.

لە 2005وە تا 2014 چەندین لیژنە بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 پێکەوەنرا و جێبەجێ نەکرا! نەک هەر ئەوە بەڵکو نوورى مالکى هێزى دیجلەى پێکەوەنا بۆ پەلاماردانى هەرێم بۆ کۆتایى هێنان بە حوکمە زاتییەکەیش!! کە (داعش) هێنرایە عێراقەوە و هێڕشى هێنا بۆ کوردستان.

هێزى پێشمەرگە بە قوربانییەکى زۆر (داعش)ی لە هەموو کوردستان وەدەرنا، واتە ناوچە کێشە لە سەرەکانیش، تا ئەوەبوو پاش ڕیفراندۆمەکە ئێران و عێراق بە پشتیوانى ئەمریکا ئەو ناوچانەیان بە کەرکووکیشەوە سەر لە نوێ داگیرکردەوە تاوەکو ئەمڕۆ.

واتە فیدراڵییەکەى هەرێم گەڕێنرایەوە بۆ سنوورى حوکمە زاتییەکەى (سەدام)!! . ئیتر کێشەکە تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کورد واتەنى (لێفەیەکى پیادرا)! چونکە چەندین کێشەى تر لەنێوان هەولێر و بەغدا پەیدا بوو. لە نیسانى ئەمساڵەوە (2019) خەڵکى ئەو ناوچانە کەوتوونەتە بەر هێرشێکى دوژمنکارانەى هەمەجۆر لەلایەن (پاشماوەى داعش) و ڕێکخراوە توندڕەوەکانى تر و شیعەوە دەغڵودانیان دەسووتێنن، لە گوند و ماڵى خۆیان دەریان دەکەن، زەوى و ئاویان زەوت دەکەن، دەیانکوژن ...هتد. بە بەرچاوى دامودەزگا ئەمنییەکان و سوپاى عێراقەوە.

تا ئەوە بوو (12) ڕۆژ لەمەوبەر دەنگى ئەمریکا بەشى کوردى ئەم مەسەلەیەى وروژاند، چووە وردەکارییەکانییەوە. بەو ئاراستەیەى کە ئەم کێشەیە ببزوێنن و گەورەى بکات، بۆیە هەر لەو ماوەیەدا بەشى کوردییەکەى دەنگى ئەمریکا چاوپێکەوتنى لەگەڵ مەحموود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانى و فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لە دەڤەرى گەرمیان سازدا، بەهەمان ئاراستە و بۆ هەمان مەبەست!! واتە ورژاندنى کێشەکە و هەژاندنى هەست و سۆزى نەتەوایەتى خەڵکى ئەو هەرێمە و کوردستان بەمەبەستى گوشار خستنەسەر حکوومەتى بەغدا و بەرپاکردنى شەڕ و بەیەکدادان لە نێوان کورد و عەرەبدا نەک لەبەر خاترى کورد بەڵکو بۆ مل پێ کەچکردنى حکوومەتى عێراق!

هەر بۆیە وەکو باسم کرد هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى دەوڵەت کۆبوونەوە و بڕیاریاندا کێشەى مادەى (140) بێننەوە بەرباس و لێکۆڵینەوە، وەک باسکرا لە پەرلەمانیشدا لیژنەیەک بۆ زیندووکردنەوەى مەسەلەکە پێکهێنرا.. ئیتر چۆن و کەى دەست بەکار دەبن؟ ئەمەیان بەرى دوورە!!

چونکە لە چەند ڕۆژی (هادى ئەلعامرى) سەر بە فەرماندەى (حەشدى شەعبى) ڕای گەیاند کە کشاوەى (حەشد) لە کەرکووک و دەوروبەرى و ناوچە کێشە لەسەرەکانى تر و هێنانى هێزى پێشمەرگە بۆ شوێنى ئەوان ماناى ڕوخاندنى حکوومەتى عێراقە و قەبوڵ ناکرێ!!

ئەوەى شایانى باسە ناوچە دابڕێنراوەکان لە سەردەمى حکوومەتى (مالکى)دا زیاتر ئاڵۆزکران و یەک لایەنانە ئیدارە دەکران، تا شەڕى (داعش) دەستى پێکرد و هێزى پێشمەرگە توانى بە خوێنى هەزاران شەهید و بریندار لەدەستى (داعش) ڕزگاریان بکات و هەڵسوڕاندنى کاروباریان بگرێتە دەست، تا ئەنجامدانى ڕیفراندۆم – ڕاپرسییەکە 25/9/2017، کە بەشێک لە بزووتنەوە قەومییەکەى کورد و ئێران و بەغدا بە پشتیوانى ئەمریکا لە 16/10/2017 هێرشیان کرد و ئەو ناوچانە و (پارێزگاى کەرکووک) بە شەڕ داگیرکرانەوە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بە هەڵمەتێکى چڕ و پڕ کەرکووک و ئەو ناوچانە (تەعریب) دەکرێنەوە بە هەموو شێوەیەک و (هادى ئەلعامرى) دەیەوێ ئەم واقعە بپارێزێ. ئاخۆ بڕیارى هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بەهێزترە یان بڕیارەکەى سەرکردەى (حەشدى شەعبى) ؟!

 

  • 1