ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەمکی گەشەپێدانی زانستی

گەشەپێدانی زانستی یەکێک لە چەمکە گرنگەکانە کە بنەمای سەرەکی ئەزموونی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییە. هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە لە شانزەیەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ساڵی 2002دا بەکارهێنرا، بەڵام ئەم چەمکە ڕەنگدانەوەی شیکردنەوەی سەرجەم ئەزموونی گەشەپێدانە لە چیندا.

پێش دامەزراندنی چینی نوێ ماو تسی تۆنگ لە وتارێکیدا بەناونیشانی "ڕێگای کارکردنی کۆبوونەوەی حزبی"، ئاماژە بە پلانی یەکگرتوو، و تێڕوانینی سەرانسەری لە کارەکاندا دەکات بە شێوازی "پیانۆ ژەنین" کە دەبێ ژەنیار هەر دە پەنجەی بەکار بهێنێت، و لە هەمان کاتدا ناکرێ هەر دە پەنجەی خۆی بە سەر پیانۆکەدا داگرێت، چونکە ئاوازێکی نەشاز دروست دەبێت. مەبەست لە وتارەکەی ماو تسی تۆنگ ئەوەیە کە پێویستە هەماهەنگی لە کار و پلانداناندا هەبێت، و ناکرێت جەخت لەسەر هەندێ گرفت بکەین و هەندێکی دیکە فەرامۆش بکەین. لە وتارێکی دیکەیدا دەربارەی "چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی ناو گەل" ماو تسی تۆنگ پرەنسیپی "پلانی یەکگرتوو، و تێڕوانینی سەرانسەری، و کردەوەی گونجاو"، دەخاتە ڕوو.1

لەگەڵ دەستپێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە نوێیەکان، دنگ شیاو بینگ ئاماژەی بە ئەرکی نوێکردنەوە لە سەرجەم بوارەکاندا دەکات، بە جۆرێک هاوسەنگی نێوان سەرجەم بوارەکان بکرێت، و بایەخ تەنیا بە بوارێک نەدرێت.

جیانگ  تسە مین کە لە نێوان 24 یونیو 1989  – 15 نۆڤێمبەر 2002 ئەمینداری گشتی حزب بوو، و خاوەنی تیئۆری "سێ نوێنەرایەتی" بوو کە حزبی شیوعی چین نوێنەری هێزی پێشکەوتووی بەرهەمهێنان، و ئاراستەی پێشەکەوتنی کولتووری پێشکەوتنخوازی چین، و نوێنەری بەردەوامی بەرژەوەندی ڕۆڵەکانی گەلی چینە، کۆمەڵێک خاڵ لە بابەتی "مامەڵەکردنی ڕاستەقینە لە کاتی بنیاتنانی نوێگەری سۆشیالستی" خستەڕوو کە خۆی لە پەیوەندی نێوان چاکسازی و گەشەسەندن و سەقامگیری، و پەیوەندی نێوان خێرایی و ئاکامەکان، و پەیوەندی نێوان بنیاتنانی ئابووری و دانیشتووان و داهات و ژینگە، و پەیوەندی  نێوان پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتی خزمەتگوزاری... هتد، دەبینێتەوە.2

لە شانزەهەمین کۆنگرەی حزب ئەمینداری ئەو کاتەی حزب هو جین تاو چەمکی گەشەپێدانی زانستی خستەڕوو کە مەبەست لێی مرۆڤە، و بریتییە لە گەشەپێدانی بەردەوام و سەرانسەری و هەماهەنگ.

لەم بوارەشدا مەبەست لەپلاندانانی یەکگرتوو، و تێڕوانینی سەرانسەری، دانانیپلانی سەرانسەری گەشەپێدانی پێنج بوارە کە ئەمانەن: گەشەپێدانی شار و لادێ، و گەشەپێدانی هەرێمەکان، و گەشەپێدانی ئابووری، و کۆمەڵایەتی، و گەشەپێدانی هاوئاوازی مرۆڤ و سروشت، و گەشەپێدانی خۆجێیی، و کرانەوە بەرانبەر دەرەوە.3

لە ڕاپۆرتی سیاسی حەڤدەهەمین کۆنگرەی حزب ساڵی 2007 ئاماژە کرا؛ "حزب دەبێ ئاڵای مەزنی سۆشیالستی بەتایبەتمەندی چینی بەرزبکاتەوە، و بە قوڵی چەمکی گەشەپێدانی زانستی جێبەجێ بکات".

لە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب ئاماژە کرا کە چەمکی گەشەپێدانی زانستی بەرهەمی سێ نەوەی دەستەی سەرکردایەتی کۆمیتەی ناوەندییە، و "تێڕوانینێکی زانستییە و بۆ سەرچاوەی مارکسیزم لینینزم و، بیروبۆچوونی ماو تسی تۆنگ، و تیۆریی دنگ شیاو بینگ، و بۆچوونی سێ نوێنەرایەتی، دەگەڕێتەوە، و هەردەم بە پێی سەردەم لە پێشکەوتندایە، و پرەنسیپی گرنگیڕێپیشاندەری گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، و بیروبۆچوونێکی ستراتیجی گرنگە و دەبێ بۆ جێبەجێکردن و پەرەپێدانی سۆشیالیستی، پێوەی پابەند بین". هەر لەم کۆنگرەیەدا چەمکی گەشەپێدانی زانستی لە پەیڕەوی ناوخۆیی حزیدا بەڕێنماییو ڕێپیشاندەری کار دەستنیشان کرا.4

لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژە بە پابەندبوون بە "بیرۆکەی گەشەپێدانی نوێ" کرا، بەو پێیەی گەشەپێدان لە وڵاتدا بناغە و کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە، و پێویستە گەشەپێدان زانستی بێت و بابەتەکانی داهێنان، و هەماهەنگی، و سەوزیی، و کرانەوە، و سوودوەرگرتنی گشتی، بە خۆوە بگرێت. ئەم گەشەپێدانە بەندە بە دەستگرتن بە سیستەمی سۆشیالستی لە وڵاتدا، بێ دوودڵی لە چەسپاندن و پەرەپێدانی کەرتی گشتی، و هاندان و پشتگیری و ڕێنمایکردنی کەرتی ناگشتی، و تواناسازکردنی ڕۆڵی بازاڕ لە دابەشکردنی دەستکەوت، و کاراکردنی ڕۆڵی حکوومەت لە بواری پاڵپێوەنانی گەشەپێدان بە شێوەیەکی باشتر، هاوکات لەگەڵ پیشەسازی نوێ و کەرتی زانیاری، و ئازووقە، و نوێکردنەوەی بواری کشتوکاڵ، و دەستپێشخەری لە جیهانگیری ئابووری، و پەرپێدانی ئابوورییەکی کراوە".5

ئەگەر تەماشای تێکڕای ئەم پەرەسەندنانە لە بواری گەڵاڵەبوونی چەمکی "گەشەپێدانی زانستی" بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم چەمکە بابەتێکی تیۆری گرنگە کە پراکتیک و پێداویستییە بابەتییەکانی واقیعی کۆمەڵگا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بوون و لە پەرەسەندنی ئەم چەمکە بینیوە، و دەرگای گۆڕانکاری تیایدا دانەخراوە. هەر بۆیە لە پێناسەی ئەم چەمکە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بە پێی سەردەم لە پێشکەوتن و گۆڕانکاریدایە.

شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە ئاخافتنێکدا، ساڵی 2015 لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزبدا، باس لە ڕۆڵی کارکردن و پراکتیک لە پرۆسەی گەشەپێدان دەکات بەو پێیەی کە لە کۆتاییدا پراکتیک و ئاکامەکان ڕاستی یان هەڵەبوونی گەشەپێدان دیاری دەکات. لەم وتارەیەدا ئاماژە بۆ چەندین خاڵی تیۆری لە کاتی داڕشتنی دوانزەهەمین پلانی پێنجەم ئابووری نیشتمانی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، سەبارەت بەم چەمکە دەکات، و سروشت و بنەماکانی گەشەپێدان، دەخاتە ڕوو.

سەبارەت بە سروشتی گەشەپێدان شی جین بینگ دەڵێت: "پراکتیک پێمان دەڵێت کە گەشەپێدان پرۆسەیەکی گۆڕانکاری بەردەوامە، و ژینگەی گەشەپێدان سەقامگیر و بەستەڵۆک نییە، بەڵکو لە گۆڕانکاریدایە، و مەرجەکانی گەشەپێدانیش سەقامگیر نییە و لە گۆڕانکاریدایە، بۆیە زۆر ئاساییە کە خودی چەمکی گەشەپێدان لە گۆڕانکاریدا بێت".6

هەر لەم وتارەدا بنەماکانیگەشەپێدان کە بریتییە لە داهێنان، و هەماهەنگی، و سەوزیی، و کرانەوە، و سوودوەرگرتنی گشتی، بە وردی ڕوون کرایەوە، و پێناسەیەکی زانستی بۆ سەرجەم ئەو بنەمایانە کرا.

لێرەدا دەتوانین پوختەی ئەم بنەمایانە کە شی جین بینگ باسی دەکات، بەم شێوەیە بخەینە ڕوو:7

یەکەم؛ داهێنان لە گەشەپێدان کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی گرفتەکانی تەوژمی گەشەپێدانە. ئەو گرفتانە بوارو توانای داهێنان، و ئاستی گشتی گەشەپێدانی زانستی و تەکنەلۆجی کە جارێ باڵا نییە، و لە هەمان کاتدا توانای پشتگیریکردنی زانست و تەکنەلۆجیا بۆ ئەنجامدانی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەگرێتەوە.ئەنجامی ئەم خاڵە لەوەدایە کە ئەگەر لەم هەلومەرجە نوێیەی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی کە پێشبڕکێیەکی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، پەرەسەندن و داهێنان ئەنجام نەدەین، ئەوا ناتوانین پاڵ بە تەوژمی گەشەپێدانەوە بنێن. بۆیە هەر بە بۆچوونی شی جین بینگ پێویستە کە بایەخ بە داهێنانی تیۆری، و دامەزراوەیی و زانستی و تەکنەلۆجی، و کولتووری، و سەرجەم بوارەکانی کاری حزب و دەوڵەت، بدرێت.

دووەم؛ هەماهەنگی لە گەشەپێدان کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییە لەم پرۆسەیەدا، بەتایبەتی ئەو ناهاوسەنگییەی کە هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمەکان و لە نێوان شار و گوند، و ئابووری و کومەڵگا، و شارستانی مادی و شارستانیڕۆحی، و بنیاتنانی ئابووری و بنیاتنانی بەرگری نیشتمانی، و تێکڕای ئەمانەش لە سایەی دواکەوتووییە لە ئاستی گەشەپێدانی ئابووری.

هەر چەندە پێشتر ــ وەک شی جین بینگ ــ دەڵێت ئەرکی سەرەکیمان ئەنجامدانی گەشەپێدانێکی خێرا بووە، بەڵام ئێستا دەبێ بایەخ بەڕێکخستنی پەیوەندییەکان، و کارابوونی گەشەپێدانی گشتگیر بدەین، ئەگینا ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام زەق دەبێتەوە، و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ کۆنتڕۆڵی پلانی گشتی لە بابەتی سۆشیالسستی بە تایبەتمەندی چینی بکەین.

سێیەم؛ گەشەپێدانێکی سەوز کە مەبەست لێی هاوئاوازی و هاوسۆزییەلە نێوان مرۆڤ و سروشت بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کاربۆن لە ئەنجامدانی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی و گۆڕانکاری پیشەسازی. بۆیە دەبێ کار بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵ لە سەر پیسبوونی ژینگە و ڕاگرتنی تێکچوون لە سیستەمی ئایکۆلۆجی، و دابینکردنی داواکاری خەڵک بۆ هەوای پاک وئاوی خاوێنی خواردنەوە و خواردنی تەندروست، و ژینگەی جوانبکەین. ئەرکی دەوڵەتە دەست بە بەکارهێنانی داهاتەکان بگرێت، و ژینگە بپارێزێت، و گەشەپێدانی شارستانییانە ئەنجام بدات، کە بریتییە لە پەرەسەندنی بەرهەمهێنان، وخۆشگوزەرانی ژیان و پاراستنی ژینگە.

چوارەم؛ گەشەپێدانی کراوەیی کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی گرفتی نێوان گەشەپێدانی ناوخۆیی خۆجێییە لەگەڵ ئاستی نێودەوڵەتی لە گەشەسەندندا. هەڵبەتە ئەم بابەتە پەیوەندی بەڕێکخستنی ئابووری جیهانو ڕێساکانێتی، کە لەم بوارەدا تەنیا کرانەوە لەبەردەم ئابووری دەرەوەدا بەس نییە، بەڵکو چۆن بە شێوازێکی چلۆنایەتی ئەو کرانەوەیە ئەنجام بدرێت، و پەیوەندی نێوان ناوەوە و دەرەوە لە پرۆسەی گەشەپێداندا ڕەچاو بکرێت.

مەبەست لە ناوەڕۆکی ئەم بابەتە لە گەشەپێداندا ئەنجامدانی چاکسازییە لەڕێکارەکانی ئابووری جیهان و سەرکردایەتی کردنی ئابووری جیهانی و پاراستنی سیستەمی فرەیی بازرگانیی جیهانی، و بینینی ڕۆڵێکی کاریگەر لە دیپلۆماسی ئابووری جیهان لەڕێگای هاوسەنگی لە سوودمەندی و هاوبەشی لە دەستکەوتەکان.

پێنجەم؛ گەشەپێدانێک کە هاوتەریبی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات، ئەمەش بە مەبەستی زامنکردنی سەقامگیری وڵات، و سوودوەرگرتنی جەماوەری گەل لە دەستکەوتەکانی گەشەپێدان کە ئەرکێکی حزبە و لە سیاسەتی خۆی دەستنیشانی کردوە و پێی پابەندە، و دەبێ کێکی گەشەپێدان لە وڵاتدا گەورە و گەورەتر بێت، و سەرجەم جەماوەر سوودی لێوەرگرێت، و خزمەتی نەهێشتنی نابەرانبەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی بکات، و بۆشایی و جیاوازی گەورە لە داهاتی تاک چارەسەر بکات، و دەستکەوتی گەشەپێدان لە خزمەتی سەرجەم گەلدا بێت.

یەکێک لە بۆچوونە گرنگەکانی بواری گەشەپێدانی زانستی کە بنەمایەکی فەلسەفی پێدەبەخشێت، ئاماژەکردنە بە دوو بابەتی سەرەکی کە بریتین لە تەماشاکردنی گەشەسەندن لە ڕوانگەی یاساکانی دیالکتیک بە مانا فراوانەکەی، واتە دیالکتیک لە سروشت و لە کۆمەڵگا، و بە هەمان شێوە پەیوەندی گەشەپێدان بە چەمکی "ناکۆکی" کە یەکێکە لە بنەما فەلسەفییەکانی مارکسیزم و بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی.

شی جین بینگ لە وتارێکی ساڵی 2016 ئاماژە بە تێگەیشتنی قوڵی گەشەپێدانی نوێ دەکات، و پێی وایە داهێنان بنەمای گەشەپێدانە، و پێشبڕکێی چین لە سەردەمی گڵۆبالیزمدابێ داهێنانی زانستی و تەکنەلۆجی ناکرێت، و لەهەمان کاتدا گەشەپێدانێکی سەوز کە پاراستنی ژینگە و سروشت بە پلەی یەکەم وەربگیرێت، و بنەمای سەرکەوتنی گەشەپێدانێکە کە لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بێت. لەم خاڵەشدا شی جین بینگ ئاماژە بە بۆچوونێکی ئینگلز دەکات کە دەڵێت؛ "نابێ بەهۆی سەرکەوتنی مرۆڤ بە سەر سروشت دووچاری سەرکێشی و لە خۆبایی بین، چونکە سروشت دوای هەر سەرکەوتنێکی مرۆڤ، تۆڵەی خۆی دەسێنێت.. هەر زیانێک کە مرۆڤ بە سروشتی بگەیەنێت، لە کۆتاییدا زیان بە خودی مرۆڤ دەگات".

لە میانەی پەرەسەندنی چەمکی گەشەپێدانی زانستی شی جین بینگ ئاماژە بۆ چوار بابەتی گرنگ دەکات کە ئەمانەن:

یەک؛ بەشداری سەرجەم گەل لە بەرهەمی گەشەپێدان.

دوو؛ دابەشکردنی هاوبەشی بۆ دابینکردنی ئەو سوودە گشتییە.

سێ؛ بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو خاڵەی سەرەوە پێویستە بنیاتنانی هاوبەش هەبێت، و بۆ ئەنجامدانی بنیاتنانی هاوبەش پێویستە دیموکراسی فراوان بکرێت.

چوار؛ بۆ جێبەجێکردنی سوودمەندی هاوبەش، و پاڵپێوەنانی ڕێڕەوی گەشەپێدان، پێویستە هاوسەنگی لە دابەشکردنی بەرهەمەکانی گەشەپێدان بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەبێت.

 

سەرچاوەکان

1 ماو تسی تۆنگ، کارە گشتییەکان، بەشی چوارەم، چاپی 1991 بە زمانی عەرەبی.

2 شی جین بینگ،وتارێک سەبارەت تێگەیشتنی قوڵ بۆ چەمکی گەشەپێدانی نوێ، ل 241.

3  تشانگ بای جیا، ئەزموونی چین ڕابردوو، و ئێستا، و ئایندە، ل 177.

4   ڕاپۆڕتی هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین.

5  ڕاپۆرتی نوزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین.

5 شی جین بینگ،  دەربارەی حوکم و ئیدارە،  ل 219.

7  کورتکردنەوەی بۆچوونەکان لە هەمان سەرچاوە

 

 

 

  • 1