ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نازانم ژمارەی ساڵەکانی تەمەنم چەند دانەی لە ژمارەی پەنجەکانی دەستە چەپم تێپەڕاندبوو، بەڵام باشم بیرە کە هەر کاتێک تەیارەکان دەڕۆییشتن و دڵنیا دەبووین کە ئەمجارەش مەرگ روخسەتێکی تری ژیانی پێ داوین، لەگەڵ نەنکمدا و لەسەر بەڕەیەکی دڕاو و لەبەردەم کونە تەیارەکەدا خۆمان دەخستە بەر زەردە هەتاوی بێ تین و تاوی مەوسمی خەزان. 

هەر کە هەناسەیەکمان دەهاتەوەبەر، ئەو بەدەنگە پڕ لە میهرەبان و بەسۆزەکەیەوە، وەک هەر رۆژێکی تر بەسەر هات و حەکایەتێکی تری بۆ دەگێڕامەوە و منی لە بۆنی ئەو خوێن و باروتەی کە تەیارەکان لەدوای خۆیان بەجێ دەهێشت دووردەخستەوە و دەیبردمە ناو دونیا ئەفسوناوییەکەی خەیاڵەکانی خۆی.

دووبارەترین و بەسۆزترین و خەمناکترین حەکایەتی نەنکم باسی مەرگی حوسێنەکەی ماڵ لەدەشتی کەربەلا بوو. 

گرنگ نەبوو چەندەمین جاربوو منی دەبردە دەشتی کەربەلای خەیاڵ، هەموو جارێک لەناوەڕاستی بەسەرهاتەکەیدا و کە شاباڵی خەیاڵ دەیگەیاندینە ئەو دەشتە هیشک و برێنگە خوێناوییەی کەربەلا و بەسەر لاشەی ساردو سڕی حوسێندا دەکەوتین هەردووکمان لە هەیبەتا خۆمان گرمۆڵە دەکرد و بەدڵ بۆ ئەو خوێنە بەناهەق رژاوە و بەکوڵ بۆ ئەو جەستە لەسەر جیاکراوە رۆندکمان دەڕشت. 

ساڵ هات و رۆییشت و نەنکم ژینئاوایی لێکردین و بێ ئەوەی ئاوڕێک بۆ ژیان بداتەوە بەرە و دونیا ئەبەدییەکەی حوسێن رێگای نەگەرانەوەی گرتەبەر.

نەنکم هات و رۆییشت و منیش لە دەشتی کەربەلای بێ هاوار و بانگی خەیاڵدا و لەناو هەزاران پرسیاری بێ وەڵامدا دەست و پەنجەم لەگەڵ رۆحە تۆقیوەکەی خۆمدا نەرم دەکرد.

پرسیار، پرسیار، پرسیار...

ئەرێ بەراست حوسێنەکەی کەربەلا هەمان ئەو حوسێنەی ناو چیرۆکەکانی نەنکمە...؟

ئاخر من و نەنکم دەیان جار و لەنێوان ژین و مەرگی خۆماندا بۆ خوێنی بەناهەق رژاوی ١٤ سەدەی پێشتری ئەو شینی مەرگی ئەومان دەکرد، کەچی ئەو بۆ جارێکیش نەیپرسی بۆچی ئێمە نەک هەر جارێک هەموو رۆژێک دەیان جار بەدەست نەوەکانی خۆی سەربڕاو و رۆح شکاو دەبین؟ ئاخر ئەگەر حوسێنەکەی کەربەلا هەمان ئەو حوسێنەی ناو چیرۆکەکانی نەنکم بێت، دەبوایە فریامان بکەوێت و لەو کوشتارگایەی حوسێنەکەی عۆجە رزگارمان بکات.

پرسیار، پرسیار، پرسیار...

هەر بەڕاست حوسێنەکەی کەربەلا مەزڵوم بوو...؟ 

من تازە دارە دارەی ژیان و هەنگاوەکانم روو لە دونیا و نەنکیشم دەمێک بوو لە دارەدارەی مەرگ و هەنگاوەکانی روو لە لێواری گۆڕ بوو. من و نەنکم هەموو رۆژێک چەندان جار خۆمان و هەنگاوەکانمان لەناو تۆپ و خومپارەی نەوەکانی حوسێن لێ ون دەبوون، بەڵام نەنکم حوسێنی توند لەناو رۆندکەکانی خۆیدا حەشاردابوو و بۆ جارێکیش خوێنە بەناهەق رژاوەکەی ئەوی ون نەکرد. کەچی حوسێنەکەی ناو رۆندکەکانی نەنکم، وەک ئەوەی جەستەی لە کەربەلا و کەلل‌ەی لە شام بێت، نە سەردی هەناسەکانی نەنکم پەنجە توتەی دەستی راستی جوڵاند و نە بۆسۆی جگەری نەنکم تاڵێکی مووی کەلل‌ەکەی. 

پرسیار، پرسیار، پرسیار...

ئەرێ هەر بەڕاست حوسێنەکەی کەربەلا ئیماندار بوو...؟

ئاخر ئەگەر حوسێنەکەی کەربەلا ئیماندار بوایە، دەبوایە چٶن چواردە سەدەیە سەودای کەللە سەرە ونبووەکەی خۆیەتی ئاواش هەودای کەللە سەرە براوەکەی ئاسیا، کچە نازدارەکەی نەنکم و کۆرپە ساواکەی ئاسیادا ببێت. 

ئاخر نەنکم بەردەوام بۆ مەزڵومییەتی حوسێنی کەربەلا دەگریا، بەڵام بۆ ئەوەی رۆحی حوسێنەکەی کەربەلا ئازار نەدات، بۆ جارێکیش بۆ مەزڵومییەتی "ئاسیا"ی جگەرگۆشەی خۆی گلەیی و رازێکی بچوکیشی لای خوداکەی حوسێن نەکرد. چونکە دەیزانی ئەو فرۆکانەی جەستە و خوێنی ئاسیایان تێکەڵ بە جەستەو خوێنی کۆرپە ساواکەی ئاسیا کرد، نەوەکانی هەمان حوسێنەکەی کەربەلان.

پرسیار، پرسیار، پرسیار...

ئێمە تاکەی بۆ حوسێنەکانی تر بگرین؟

خۆمان پێویستیمان نەک بە حوسێنێک، بە هەزاران حوسێن هەیە بۆمان بگرین. ئاخر حوسێنەکەی کەربەلا تەنها جارێک شمشێری زوڵم گەردنی بڕی، بەلام شمشێری زوڵمی نەوەکانی حوسێن هەموو رۆژێک چەندان جار رۆحە تۆقیوەکەی من و گیانە شەکەت و ماندووەکەی نەنکمی لە جەستە جیا دەکردەوە. بەڵام نە حوسێنەکەی کەربەلا و نەهیچ حوسێنێکی تری ئەم حوسێنستانە شک نابەیەن فرمێسکێکی لێ بخوازین و نە حوسێنەکانی عۆجەستانیش لە سەربڕینی ئێمە ماندوو دەبن.

تێبینی: 

١) روداوەکەی خۆشاردنەوەی من و نەنکم لەترسی فرۆکەکانی نەوەکانی حوسێن (عێڕاق)، گریانەکانی من و نەنکم بۆ حەزرەتی حوسێن، کوژرانی ئاسیای پورم و کوڕە ساواکەی لەلایەن فرۆکەکانی عێراق روداوی راستەقینەن.

٢) لێرەدا "من و نەنکم" سیمبۆلن بۆ مەزڵومییەتی بەردەوامی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کورد. حوسێن ئاماژەیە بۆ مەزڵومییەت و نادادپەروەری دژی رۆڵەی گەلانی تر، "نەوەکانی حوسێن" ئاماژەیە بۆ زوڵم و زۆری گەلانی سەردەست دژی گەلی کورد.

 

  • 1