ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  چاپی دووەم

  (( ووردە بۆرژوازی و داوای عادلانە ))

ووردبۆرژوازی ، ماهیەتی دیدو پێگەی کۆمەڵایەتی وەک توێژی پارێزگاریکەر لە بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری ، بوونی مێژوویی خۆی سەلماندووەو پێک هاتەی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی و بزووتنەوەکانی لەو پێناوەدا بەگەڕ خستووە.

ووردە بۆرژوازی ، بە تام وچێژێکی ترەوە بەرژەوەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئامانجی ئابووری و سیاسەتەکانی دەباتە پێشەوە ، یان سیاسەتێکی خۆپەرستانەی ئابووری ، ڕێکارانەی بێمانا بەگەڕ دەخات لە بەردەم سەرمایەداریدا . لە بنەڕەتدا دیماگۆجیانە سیاسەتی خۆی بەڕێ دەخات ، هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی چینی کرێکار ئەدات بە دوای سیاسەتەکانیدا . لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت سیستەمی سەرمایەداری بمێنیتەوەو جێگاو ڕێگای ئابووریان دیاربێت بە ئارایشتێکی ترو کاریکاتۆریانە بیڕازێنێتەوە . دەیەوێت جارناجارێک ببیتە هەڵگری هەندێک تێگەشتن و پەیامی جۆراوجۆری بێناوەڕۆک ، هەڵوێست و کرداری بێبەهای جۆراوجۆر بۆ خۆی دروست دەکات . جارێک بە ناوی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو جارێک بەناوی هەڵگرانی پەیامی دیموکراسی و جارێک بەناوی پارێزگارانی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ ، کە تەنها بۆ ووردەبۆرژوازی دەبنە داوای ڕەوای دادپەروەرانە . چەپی ووردەبۆرژوازی و بزووتنەوەکەی ، داوای ڕیفۆرمێک دەکات لە دەسەڵاتی سەرمایەداریدا ، تیایدا جێگایەک بۆ خۆیان بە دەست بهێنن و لەوڕێگەیەوە دەیانەوێت بەرگری لەپێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن . جارێک لە ژیر کاریگەری ئابووری پێشکەوتووی سەرمایەداریدا و جارێک لە بەردەم ئابوری ئەزمەگرتووی سەرمایەداریدا ، بتوانێت بەرگری و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات . لەزۆر بار و حاڵیشدا بۆ ئەم کارانەی ، پرۆلیتاریا و چینی کرێکار بە قازانجی خۆی هەڵئەخەڵەتێنێ . واتە کاتێک لە مێژوودا بوونیان دەبێت ، داخوازی و بزوتنەوەی داخوازی ڕەواو دادپەروەرانەیان نیە و بوونی نابێت . بەڵکو لە مێژوودا ، دەیانەوێت وەک مێروویەکی مشەخۆر لەسەر گیان و بەناوی بزووتنەوەی کرێکاران خۆیان بهێڵنەوە . ئەم توێژە توێژێکی شۆڕشگێڕ نییە ، توێژێکە ، دەیەوێت هەر جارەی ڕووی زووڕناکەی بکاتە شوێنێک و شاباشێکی پێ وەربگرێت . پرۆلیتاریا بە کردارە شۆڕشگێڕیەکەیەوە ، دەتوانێت بیان خاتە ژێر باری پەیوەست بوون ، بە خەباتی چینی کرێکارانەوە . لە هەر کاتێکدا بۆیان بکرێت و بلوێت دەیانەوێت سواری کۆڵی خەبات و بزووتنەوەکانی چینی کرێکار ببن .

لەم سەردەمەی ئێستادا ، جارێکی تر، خەریکە ووردەبۆرژوازی سوارکۆڵی خەباتی چینایەتی دەبێت و دەیەوێت خۆی بە دەمڕاستی ئەو بزووتنەوەو چینە بزانیت کە تاقە چینی شۆڕشگێڕی سەردەمەکەیەتی . ئەوەی کە هەوادارانی سەرمایەداری و ووردەبۆرژوازی لیبراڵ ، داوای ووردەبۆرژوازی بەڕەوا لە قەڵەم ئەدەن و بەهاو گرنگیان هەیە لە لایان ، بە ناوی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزمی شۆڕشگێڕەوە دەریانبڕیوە ، هیچ ناگەیەنێت ، ئەوە نەبێت کە ووردە بۆرژوازی لەسەردەمی بەسەر چوونی سوڕی ژیانی دەیەوێت ، لە ژێر پەردە و بە ناوی عەدالەت خوازی و لێکدانەوەی فێڵاویانەیان ، لە ئابووری سەرمایەداری بەهرەمەندبن و درێژە بە تەمەنیان بدەن .

هەوادارێکی سەرمایەداری لە وەڵامی پرسیاری (یەکەم)دا دەڵێت { گەلێک ستەم کاری و بێ مافی و بێ عەدالەتی هەیە کە دەبنە سەرچاوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتی یە کۆمەڵایەتی یەکانی توێژە جۆراو جۆرە زۆر لێکراوەکان بەرانبەر بە سەرمایەداری ئەم توێژانە لەوانەیە ئوتوپیای ئەوەیان لەسەردایە کە ئەم وەزعە بگۆڕێ بەبێ ئەوەی سەرمایەداری بڕووخێ ، حازرنین یان جێگاو شوێنیان وەک کەسانێک کە بە جۆرێک بە مالکیەتی چکۆلەوە گرێ دراون ئیماکانی ئەوەیان پێ نادا کە ڕاستەوخۆ بێنە ناو بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری و بە تەواوی لەسەرمایە و مالکیەتی خۆسووسی دابڕێت و لێی جیا بنەوە. ل٢-٣ (عبداللە مهتدی، سۆسیالیزم و پەرلەمانتارێزم)}. ووردە بۆرژوازی لە باری ماددی عەینی داخوازییە کۆمەڵایەتیەکانیەوە ، بێجگە لە داخوازییە کۆمەڵایەتیەکانییەوە ، بێجگە لە داخوازییە بەرژەوەندیەکانی خۆیان هیچ بارێکی تری لەخۆ نەگرتووە . واتە کاتێک ووردە بۆرژوازی ، خاوەندارێتیە بچکۆلەکەی ڕێیی پێ نادات ، بچێتە ناو بزووتنەوەی سۆسیالیستییەوە . واتە نا جۆر و لێک جوودایی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ چینی کرێکاردا ، ئەگەر لەناو کریکاریشدا بن، ئەوا ڕەووتی بزووتنەوەی کرێکاری، بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاڕاستە دەکەن . کاتێک سەرمایەداری گەورە ، ستەمی خۆی ئەخاتە سەر خاوەندارێتی چکۆلە و دەیەوێت بە هیچ جۆرێک ، ئابوریەکەی ئاسەواری نەمێنێ و بچێتە ڕیزی پرۆلیتاریاوە . ئەمە بۆ ئیمە ستەمی بۆرژوازی نییە لە بەرامبەر پرۆلیتاریادا ، بەڵکو ململانێی ئابووریانەی نێوان سەرمایەدار و ووردەبۆرژوازیە و پەیوەندی ئابووری بازاڕی سەرمایەداری و شێوازی بەرهەمهێنانیەوە هەیە . ئەوە بۆ ووردەبۆرژوازی ، دەبێتە ستەمی سەرمایەداری لەو توێژە . لێرەوەیە کە ووردەبۆرژوازی پارێزگاری لە خۆی بکات بە ڕەخنەکانیش لە سەرمایەداری ، ڕەخنەی ئەوەیە کە ووردە بۆرژوازی نەگەوزێ و نەچێتە ئاستی ئابووری چینی کرێکار . واتە داواکاریەکانی بۆ ئەوە نییە ، لەگەڵ نیزامی سەرمایەداریدا ناکۆک و ناتەبا بێت و ڕەخنەی مێژووی خۆی لە ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەکەی بگرێت . بەڵکو دەیەوێت لە چوار چێوەی ئەو پەیوەندییەدا بمێنێتەوەو ئابورییەکەی بپارێزێت ، یان هەڵکشێ بۆ ئاستی سەرمایەداری گەورە و دەستی بەئابورییەکی گەورە بگات . واتە ڕەخنەکان، ڕیفۆرمستانەیە و باشتر کردنی ژیانی خۆیەتی . کاتێک ڕۆڵیش بگێڕێت لە ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکاندا ، ئەوا بە بلاتفۆرمی باشترکردنی بەرگی سەرمایەداری ، ئەڕازێنێتەوە . کەواتە ئەم زوڵم و زۆرە قانونی سەرمایەداری لە پەیوەندیەکانی خۆیدا بەرجەستەی دەکات و وەک ڕکابەری یەکتری دەیان هێنیتە پێشەوە . بەڵام لە بنەڕەتەوە ڕکابەری نێوان بەرژەوەندی ئابووری سەرمایەدارییە . ئەو لێکدانەوانەی کە هەوادارانی سەرمایەداری لەسەر داوای ڕەواو ناڕەوای دەکات و ئەو ئەگەر و نەگەرانەی کە دەستەواژەکانی پێ دەڕازێنێتەوە ، بە لێکدابڕان لەگەڵ سەرمایەداری بچکۆلەی ووردە بۆرژوازی ببنە توێژی شۆڕشگێڕو سۆسیالیست . لەم کاتەدا سۆسیالیست بوونەکانیان ووردەبۆرژوازی دەبێت و بە دڵی هەوادارەکەی سەرمایەداری دەبێت . واتە ئەگەرو نەگەرەکان ، بۆ ئەوە دیتە ئاراوە لە ئاوەزو هزری ئەم ووردە بۆرژوازییە ، بیەوێت لەو ڕێگایەوە ، ئەوە بسەلمێنێت ، داواکاری و داوای ڕەوای ماددی عەینی دەبێت لە کۆمەڵگادا . لەلای کۆمۆنیستە زانستییەکان ، شەرم و لەنگییە کە بە شان و باڵی ووردەبۆرژوازیدا هەڵبدەن و داواکانیان بە داوای ڕەوا ببینن و پارێزگاری لێ بکەن. ئەرکی کۆمۆنیستە زانستییەکانە ، ئەگەر ئەم بڕواو بۆچوونانەی ووردەبۆرژوازی ، بە پراکتیک و تیئۆری خۆیان بخەنە ژێر پرسیارو ڕەخنەی کاریگەریانەوە . دەبێت خواست و وویستی ئەم بزووتنەوانە ، لەسەر ئاوەز و پراکتیکی کرێکاران پوچ و بە تاڵ بکەنەوە .

لە دوای ئەو پەرەگراڤەی ووردەبۆرژوازی وەڵامی پرسیاری (یەکەم)ی پێداوەتەوە دەڵێت { ئەمانە(مەبەست لە ووردە بۆرژوازی یە(نوسەر)) لەوانەیە دیفاع لە تیئۆریەکی غەیرە زانستی و بێ پایە بکەن ، جاری وایە تەبلیغاتێکی ئاڵۆز لەسەر سۆسیالیزم دەکەن کە لە باشترین حاڵەتدا ووردەبۆرژوازیی و خەیاڵییە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەوانە داخوازی عادیلانەیان هەیە . کە لە باری عەینییەوە دەکەوێتە دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزم و مل هوڕییەکانی سەرمایەو حکومەتەکانی . ئەو شتە کە ئەوانە بە شێوەی عەینی داوای دەکەن بریتییە لە بەرین بوونەوەی ئازادییە سیاسییەکان و مافە دیموکراتیکەکانی هاووڵاتیان . زیاتر بوونی بەشداری جەماوەر لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا ، تەنگەبەر کردنەوەی مەیدانی ملهوڕی و سەرەڕۆیی لە دەولەتەکان و دابەشکردنی عادلانە تری سامانی کۆمەڵایەتی و...ل٣ (عبداللەی مهتدی ،سۆسیالیزم و پەرلەمانتیزم)}. بێگومان ووردەبۆرژوازی پارێزگاری لە تیئۆرییەکی نا زانستی و بێ پایەی بۆرژوازی دەکەن . کەواتە هیچ تیئۆریەکی نازانستی و بێ پایە ، بۆ ئەم سەردەمە ، هیچ ناگەیەنێت بێجگە لەوە نەبێت کە ئەم تیئۆرە جووت و بێ ناکۆکییە لەگەڵ تیئۆری بۆرژوازیدا . هەروەها ناشتوانێت تیئۆری دەربڕی داوا ڕەواکانی کرێکاران بێت و ناتوانێت ڕێنماییکاری خەباتی چینایەتی چینی کرێکار بێت .

ئەم تیئۆرییەی ووردە بۆرژوازی ئەوەندە بێ شەرمانە دیموکراسی بۆرژوازی پۆشتە و پۆشناخ دەکات کە ئەڵێی نە سیاسەتی دژی کرێکاری هەیەو نە ئازادی سیاسیشی قۆرخ کردووە . ئەم سۆسیالیزمە خەیاڵییەی ووردە بۆرژوازی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوەوە ، دیموکراسی بۆرژوازی ، باشترو جوانتر ڕەنگ ڕێژ بکات و کۆمەڵێک ڕیفۆرم بۆ دەسەڵات بکرێت و لەوێوە گۆڕانکاریەکان ببینێت . بێگومان ئەم گۆڕانکاریانە لە لای تۆباوییەکان ، بەبێ شۆڕش ، بە بێ خەباتی چینایەتی ، چینی کرێکار ، بەووتن دژ بە دیموکراسی بۆرژوازی و بەکردار دانەمەزراندنی دیموکراسی پرۆلیتاریا ، دەبنە سەرچاوەی گۆڕانکارییە مێژووییەکان . واتە سۆسیالیزمەکەیان لە خەوبینێنێکدا بە دەست دەهێنن ، کەواتە نە لەسەر دەستی ئەمانە ئازادییە سیاسییەکان فراوانی بە خۆوە دەبینن و نە مافە دیموکراتیکەکانیان دەستەبەر دەبن بۆ هاووڵاتیەکان . کەواتە کێشەکان لەسەر ئەوە نییە، کە ووردە بۆرژوازی چۆن بیەوێت ، ئاوا داواکاری و بزووتنەوەکانی خۆیان ئاڕاستە بکەن . چونکە چینی کرێکار لە مێژوودا ، بەرژەوەندی و وویستی خۆی هەیەو یەک ڕۆڵی مێژوویی دەگێڕێت کەئەگەر پێوویستی کرد ، ئەتوانیت و ئەبێت ، دیموکراسییەکەی خۆی پرۆسیس بکات . واتە لەم سەردەمەدا ووردەبۆرژوازی نە داوای ڕەواو دادپەروەرانەی هەیە ، لە بزووتنەوەی ڕەوای چینی کرێکاردا، نە داواکانیشی داوای عادلانەی مێژوو دەبن . دەیانەوێت لە ڕێگەی ناوزەندکردنی خەباتی ووردەبۆرژوازی بە داوای عادیلانە ، بەم قسەو قسەڵۆکانە پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان دەکات . دەیەوێت لە ئاشی هاڕینی سەرمایەدارییانە ڕزگاریان بکات . واتە هیچ کاتێک ووردە بۆرژوازی خوازیاری لەناوچوونی سیستەمی سەرمایەداری نابێت و نەبووە ، ئیتر بە چ شتێک دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزم و ملهوڕییەکانی سەرمایەداریدا دەکات . بێگومان هەموو سەماکردنێکی ووردە بۆرژوازی لە پێناوی مانەوەی خۆیدایە . دژایەتی ووردەبۆرژوازی لەم ووڵاتانەدا لەگەڵ ئیمپرالیزم ، لەسەر ئەوەیە کە کۆمپانیا مۆنۆپۆلییە سەرمایەدارییە گەورەکان ، هیچ جێگایەکی باشی لەسیستەمی بەرهەمهێناندا بۆ ئابورییەکەی نەهێشتووەتەوە . جووڵەکانیان لەسەر داوای فەراهەم بوونی ئازادییەکان و داوا ڕەواکانی پرۆلیتاریا نییە . بەڵێ ووردە بۆرژوازی خۆی بە شۆڕشگێڕ دەزانێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەڵێن با سیستەمی سەرمایەداری بە هەموو ملهوڕی و سەرەڕۆییەکانییەوە بمێنێت ، بەمەرجی جێگایەکیان لە ئابوری سەرمایەداریدا هەبێت . لەلایان هەموو مافە دیموکراتیکەکانی هاووڵاتیان دەخرێتە لاوەو چارەسەرکردن و داوا کردنەکەشی هیچ مانایەکیان نابێت . بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان هەڵدەخرێنن بۆ بە دەست هێنانی بەرژەوەندییەکانیان و پارێزگاری لێ کردنیان . کەی و لە کوێدا ووردەبۆرژوازی هەڵگری مافی یەکسانی نەتەوەکان و یان داکۆکیکار بووە لە چارەنووسی کرێکاران و زەحمەت کێشان بێجگە لەوەی کە سوودپەرستی خۆی لە سەروو هەموو ئەمانەوە بووە !؟ کام شوێن لە جیهاندا ، کێشەی نەتەوایەتی هەبووبێت ، ووردەبۆرژوازی هەوڵی دابێت و توانیبێتی ڕێگا چارەی واقعی و مافی یەکسانی نەتەوەکانی دیاری کردبێت و خەباتیشی لە پێناودا کرد بێت !؟ کاتێک ئەم توێژە لە ووڵاتە جیاجیاکاندا هەڵگری بیری مافی یەکسانی نەتەوەکان و بە ناوی دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزمدا جەماوەریان بە دەوری سیاسەت و ئامانجی ئابووری خۆیان گرێداوە ، هەموو هەڵخڕاندنێکیان لە پێناوی پارێزگاری کردن و گەشەی بووە . چەپی ووردەبۆرژوازی و هەوادارانی سەرمایەداری ، لەم تێڕوانینەیدا دەیەوێت ئەوەمان پێڕابگەیەنێت ، دەیەوێت ڕۆڵی پرۆلیتاریا لە مێژوودا بدات بە ووردە بۆرژوازی و نازناوی شۆڕشگێڕی و بە سەرقافڵەی شۆڕشگێڕیەتی سەردەمی سەرمایەداری لە قەڵەم بدات و بیکاتە باشترین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی دژ بە فرماسێۆنی کۆمەڵایەتی ئابووری سەرمایەداری و ئیمپریالیزم . تیئوری داڕێژەرانی ووردەبۆرژوازیانەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕو کۆمۆنیزمی کرێکاری ، لە داواکانیاندا ئەوە بەرجەستە دەکەن کە سەرمایەداری دابینی بژێوی لانی کەمی خێزانێکی پێنج نەفەری بۆ خەڵک و خێزانەکانیان بکات . ئەمە لە بنەڕەتدا هیچ دابەشکردنێکی ڕەواو دادپەروەرانە نییە بۆ ژمارە جیاوازی خێزانەکان . چونکە بژێوی خێزانێکی پێنج کەسی بەنیسبەت خێزانێکی دوو کەسی و خوار پێنج کەسییەوە زۆرە ، هەروەها بە نیسبەت خێزانێکی سەرو پێنج کەسیشەوە کەمە . واتە نە ئەتوانێت بژێوی تەواو و شایستەی ئینسان دابین بکات و نە ئینسانەکانیش بە یەکسانی لێیان بەهرەمەند دەبن . تەنها ئەوە نەبێت کە بەرهەم هێنانەوەی جیاوازی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەدارییە . واتە کە ئەمە خواست و شیعاری داواکاری یەکانیان بێت ، لەلای هەرسێ هێزی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و (ح.ک.ک.آ) و (ح.ک.ک.ع) تەنها خواست و وویستی ووردە بۆرژوازی تیایدا بەرهەم دەهێنرێت ، نەوەکو لەگەڵ ماف و خواستەکانی کرێکاراندا جووت بن . بەم پێیە ، ووردە بۆرژوازی داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی کۆمەڵایەتی ناکات ، بەڵکوو داوای بەشی ئابووری کۆمەڵایەتی خۆی دەکات ، لە سامانی کۆمەڵایەتی سیستەمی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم .

دەیانەوێت لەگەڵ سەرمایەداراندا وەک دەستە خوشک بەروو بووم و سامانی کۆمەڵایەتی سەردەمی سەرمایەداری لەنێوان خۆیان بەشبکەن . هەروەها لیبرالیزمی ئیمپرالیزمیش کە دیموکراسییەکەی خۆی بۆ ئەوە بەکار هێناوە ، کە تا بتوانێت گەشەکانی ئابوری سەرمایەداری خۆی بە ئاستێک بگەیەنێت و هەموو بانک و کیسەو گیرفانەکانی پڕ بکات . 

لە لایەکی ترەوە، ئەو ڕادێکاڵیزە کردنەی کە چەپی ئێرانی داویەتی یە پاڵ ووردە بۆرژوازی و وەڵامی پرسیارەکەی ئەوەندە دوورە لەوەی کە وەلامی کۆمۆنیستیک بێت بۆ دیموکراسی بۆرژوازی و ئەوەندەشی بۆ دەبێژێت، کە هیچ جیاوازیەک ناکرێت لە نێوانیاندا . لە وەڵامی پرسیاری (یەکەم)دا دەڵێت { دەست درێژی و ملهوڕی ئیمپریالیستی، قاتی و قڕی و گەلێک دیاردەی تری لەم چەشنە، ئەمانە دەتوانن، جگە لە ڕەخنەی پرۆلیتری، ڕەخنە لە سەرمایەدرایش لە لای توێژە زەحمەت کێش و دەست کورتەکان و هەندێک بەشی ووردە بۆرژوازی و ڕوناکبیران پەرە پێ بداو ڕادیکاڵیزەی بکاتەوەو لەو سنوورەی بترازێنێ کە لیبڕاڵ – ئەمپریالیستەکان دەیانەوێ. پێک هاتنی جەند جەمسەری قودرەتمەندی کرێکاری- سۆسیالیستی لە ئاستی جیهانداو تەنانەت لە ئاستی تاکە ووڵاتدا دەتوانێ یارمەتیدەری ئەم ڕێبازە بێ . ل٥ (عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم و پەرلەمانتاریزم)}. لەم بۆچوونەی خزمەتکاری سەرمایەداریدا دەردەکەوێت کە تەنها قات و قڕی و نەبوونی ، واتە ئەزمە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و دەنگ بەرزبوونەوەو هاتووهاواری ووردەبۆرژوازی . بەڵام لە کاتێکی تری گەشەی سەرمایەی سەرمایەداری و بەرهەمهینان ، لە هەردوو کاتەکەدا ووردە بۆرژوازی دەکەوێتە ژێر ڕەحمی نەشتەری سەرمایەی گەورەو دەیەوێت لەت و کوتی دەکات . واتە لە ئاستی سەرمایە بچووکەکەشیدا نایهێڵێتەوە . هەروەها دەست درێژی و ملهوڕیەکانی ئیمپریالیزمیش هاوکاتە لەگەڵ ئەزمە و قاتوقڕییەکان ، بە بیروکراتیەتی خۆی وەڵامی پێدەداتەوە ، لەبەرئەوەی تاکە هۆی پارێزگاریکردنە لە دەسەڵاتی خۆی . واتە ووردە بۆرژوازی بۆ ئەوە ئەجەنگێت ، کە حکومەتەکان نەیان هاڕن ، نەوەک دژ وەستان بێت لە بەرامبەر ئیمپریالیزم و دەسەڵاتی سەرمایەداراندا . ڕادیکالیزە بوونی ووردەبۆرژوازی ، تەنها یەک واتا دەگەیەنێت ، کە بە دوای ڕیفۆرم و چاکسازی بەرگی سیاسی سەرمایەدارییە . واتە ڕادیکالیزمی ووردەبۆرژوازی ڕەخنەی توندو قایم نییە ، لە سیستەم و پەیوەندییەکانی سەرمایەداری . نابێتە ڕێگا ڕۆشن کەرەوەی شۆڕشی کرێکاران ، ئاڕاستەی سیاسیشیان بە ئاڕاستەی تاودانی مێژوودا ناڕوات . ئامانجی زۆرترین جاریان ، ڕێگروو هەڵخەڵەتێنەرانە بووە لە ڕێگای خەباتی چینایەتی کرێکاراندا . لە ئێستادا ڕادیکالیزبوونی ووردەبۆرژوازی ، بەمانای واتاو ناوەڕۆکی چەپی ووردەبۆرژوازی دێت ، کە توێژێکی دووڕوو ، خەیاڵی بووە لە ئاست شۆڕشی کرێکاراندا.. لەگەڵ ئەمانەشدا هەوادارانی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی ، دڵی بەوە خۆش دەکات کە چەند جەمسەری کرێکاری – سۆسیالیستی ، ڕەخنەی توندو قایم دەگرێ لە سەرمایەداران و ئیمپریالیزم . لە درۆیەکی ڕووت بەولاوە هیچی تری لێ سەوزنابێت ، کاتێک ڕێخراوێک یان چەند ڕێخراوێکی چەند جەمسەری ، ئیئتلافێک دەکەن ، واتای ئەو ئیئتلافانە لەوە زیاتر ناگەیەنێت کە سیاسەتی کۆمۆنیستی زانستی زاڵ و قودرەت مەند نییەو نابێتە ڕێچکەی ئۆرجیناڵی بزووتنەوەی ئەو چەند ڕێکخراوییە . کۆمۆنیستەکان بەرەی هاوکاری و یان بەرەی ئیئتلافیان نییە لەگەڵ هیچ توێژو چینێکی تردا . وە هیچ هاوبەشی و هاونەزەرییەکیان لەگەڵ بەرژەوەندی توێژو چینەکانی تردا نییە . بەڵکو سیاسەتی سەربەخۆیی خۆیان و بزووتنەوەی سەربەخۆیی خۆیان هەیە ، کە بە جیاواز لە هەموو تویژو چینەکانی تر لە دەووری ئامانج و داخوازییەکانیان کۆبوونەتەوەو دەبنەوە . نەوەکو هەر ڕێکخراویکی کرێکاری ، سیاسەتی زاڵی بۆرژوازی ببێت بە سیاسەت و ئامانجی ووردەبۆرژوازی ، وا لە قەلەمیان بدەین کە سیاسەتی دژی ئیمپریالیزمیان گرتووتە بەرو لەگەڵیدا دەجەنگن . تەنها جەنگێک ڕەوایە کە بۆ گۆڕان و هاتنە کایەی سەردەمێکی نوێی مێژوو دەگێڕێت لە لایەن کرێکارانەوە ، کە بە هاوخەباتی کرێکارانی کۆمۆنیست ، لە جموجۆڵیدایە . واتە ووردە بۆرژوازی ناتوانێت لە ئاستی جیهان و چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەستی چەوسێنەرانەی سەرمایەداران لەسەر کرێکاران کەم و سوک بکەن و کۆتایی پێ بهێنن . واتە تەنها نۆکەرایەتی کردنی ووردەبۆرژوازییە بۆ ئیمپریالیزم و سەرمایەداری ، وا لە کەسێک دەکات کە بڕوای وا بێت ، کە ووردە بۆرژوازی لە سیاسەت و ئامانجیدا دەتوانێت دژی سیاسەتی ئیمپریالیزم بە بارێکی باشتردا وەرچەرخێنێ . واتە ووردەبۆرژوازی ناتوانێت داوای دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بکات ، بەشێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکات ، نە دژایەتیشی لەگەڵ دیموکراسی سەرمایەداراندا هەیە . بەڵکو دیموکراسی بۆرژوازی لە قاڵبێکی فەلسەفیدا ، بۆ سەرمایەداران دەڕازێنێتەوە . ووردە بۆرژوازی دەبێتە ڕێگرو فریووکارانە لەناو کرێکاراندا کارو فرمانی زهنی و سیاسی خۆی دەباتە پێشەوە . واتە ئەرکێک لەسەر شانی کۆمۆنیستە زانستییەکان ، بێ ئەرزش کردنی بەهای تیئۆری ووردە بۆرژوازییە لەناو کرێکاراندا و خرانە ژێر فشاری شۆڕشگێڕانەیانەوە بۆ ئەوەی دەست لە سیاسەتی فریوکارانەیان هەڵبگرن . هەروەها دیموکراسی پرۆلیتاری کە کرێکارانی کۆمۆنیست داوای دەکەن ، تاقە وەڵامی دروست و مێژووییە بە هەموو ئەو توێژو چینانەی کە ناکۆکن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاردا .

مانگی ئازاری ٢٠١٩

 

 

  • 1