ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەدەستپێشخەری و ئامادەکردنی هەردوو هاوڕێی ڕۆشنبیر هیوا عومەر و عەبدوڵا خالید، بە پیتچنینی هەردوو هاوڕێی دڵسۆز ڕزگار حەساری و فەرمان حوسێن، بە پێداچوونەوەی هەردوو هاوڕێی خەمخۆر و ماندوونەناس ڕابەر ڕەشید و هۆشەنگ کەریم، بەدیزاینی بەرگ و ناوەڕۆک لەلایەن هاوڕێی هونەرمەند هێرش مەغدید باشە، بە تیراژی (٥٠٠) دانە و لە دووتوێی بەرگێکی شایستەدا، کتێبی (وشەی سوور)ی هاوڕێ کەریم ئەحمەد، بەرهەم هێنرا و ئێوارەی ٦/٧/٢٠١٩ لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بەهاداردا، بە ئیمزای هاوڕێی تێکۆشەر و خۆشەویستی هەموو لایەک، باوکی شەهید بۆتان، دابەشکرا.

ئەزموونی تێکۆشانی قۆناغێکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری، قۆناغی (١٩٩٢-٢٠٠٥) لە کتێبی وشەی سووردا خراوەتە ڕوو، ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بریتییە لە دەقی وتار و دیمانە ڕۆژنامەنووسییەکانی هاوڕێ کەریم ئەحمەد کە لە ماوەی دیاریکراودا لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان)دا بڵاوکراونەتەوە. شایانی باسە هاوڕێ کەریم ئەحمەد، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، توانای نووسین و لێدوان و وتاردانی زۆر نایابە، بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا بڵاوکراونەتەوە تەنیا بەشە کوردییەکەیەتی، یان تەنیا مشتێکە لە خەرمانی نووسین و جگەلە وتار و چاوپێکەوتنەکانی هاوڕێ کەریم کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکراونەتەوە، وتارەکانی لە کۆنفرانس و کۆنگرەکانی هەردوو حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی کوردستان، هەروەها وتاردانی لە کۆنگرەی حزبەکانی دیکە شایانی کۆکردنەوە و چاپکردنن، چونکە هاوڕێ کەریم ئەحمەد هەمیشە بە ڕاشکاوانە و بە جورئەتەوە بیروڕای حزبەکەی دەربڕیوە و (دیپلۆماسی)یانە لێدوانی نەداوەە، نە هەڵسوکەوتی کردووە، بەڵکو بێ سڵەمینەوە، بێ گوێدانە کاردانەوەی نەیارەکانی حزب، ڕەئی حزبی ڕاگەیاندووە. لێرەدا تەنیا یەک نموونە لە وتارەکانی هاوڕێ کەریم ئەحمەد دەهێنمەوە. لە تەمووزی ١٩٧٠ لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوپردان وتاری حزبی شیوعی عێراقی پێشکەش کرد. شاندێکی باڵای حزبی بەعسیش بە سەرۆکایەتی (محەمەد سلێمان) ئەندامی قیادەی قەومی و ئەمینداری هەرێمی سودان، لە کۆنگرەکە ئامادەبوو، هاوڕێ کەریم لە وتارەکەیدا خۆشحاڵی حزبی بە چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کورد ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لە حزبی بەعس گرت کە جدی نییە لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و سیاسەتی ئیرهابیش بەرانبەر حزبی شیوعی و دیموکراتیخوازەکان پەیڕەو دەکات، هەروەها هاوڕێ بەرنامەیەکی پوختەی بۆ چارەسەری بارودۆخی سیاسی عێراق خستە ڕوو، شاندەکەی حزبی بەعس بە وتارەکەی هاوڕێ کەریم ئەحمەد زۆر سەخڵەت بوو، هەڵسا کۆنگرەکە جێبێڵێت، بەڵام جەنابی مەلا مستەفا بارزانی کە سەرۆکی کۆنگرە بوو، لێنەگەڕا بڕۆن و پێی ڕاگەیاندن کە حزبی شیوعی عێراقیش مافی خۆیەتی بۆچوونەکانی خۆی بخاتە ڕوو.

هاوڕێ کەریم ئەحمەد بەوە ناسراوە کە هەمیشە دەرگای واڵا بووە بە ڕووی ڕۆژنامەنووسان، تەنیا لێدوانی بۆ ڕاگەیاندنەکانی حزبەکەی نەداوە، بەڵکو بۆ ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەی حزبەکانی تریش لێدوانی داوە و نووسینی بڵاو کردووەتەوە. ئەو باوەڕی بەوە هەیە کە بیروباوەڕی مارکسیزم و شیوعیەت، سیاسەت و بۆچوونەکانی حزب، لە هەموو مینبەرێک بڵاو بکرێتەوە، زۆرترینی خەڵک بیبینێت و بیخوێنێتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٥ فواد سدیقی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دیمانەیەکی دوو بەشی، لە چوار حەلقەدا، لەگەڵ سازداوە و لە گۆڤاری (گوڵان) بڵاویکردەوە و دوایی قەوارەی (٦٥) لاپەڕەی بۆ تەرخانکرد، لە بەرگی یەکەمی کتێبی (گەردەلوولی سیاسەت) کە لە ساڵی ٢٠٠٦ چاپکرا و بڵاوکرایەوە.

هەروەها گۆڤاری (هەرێمی کوردستان) ماوەیەک هەفتانە وتارەکانی هاوڕێ (کەریم ئەحمەد)ی بڵاو دەکردەوە، هاوڕێ کەریم ئەحمەد جگەلە وتارنووسین و دیمانەکانی، هەمیشە بەوەش ناسراوە کە نامە و یاداشتنامەی لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی حزب و هێزە سیاسییەکان نووسیوە، بە بۆچوونی من پێویستە گشت نامە و یاداشتنامەکانی هاوڕێ کۆبکرێنەوە و لە ئەرشیڤی کۆمیتەی ناوەندیدا بپارێزرێن و بۆ نووسینەوەی مێژووی حزب سوودی تایبەتی خۆیان دەبێت.

هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە سەرەتای ئەیلوولی ١٩٩٨دا لە گەرمەی شەڕی نیوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دا، نامەیەکی بۆ بەڕێز و تێکۆشەر عەبدوڵا ئۆجەلان نووسیوە و تیایدا هاتووە؛ "دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان، بێ ئەوەی ناویان بهێنم، دەیانەوێت ئاراستەی جەنگی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی تورکیای شۆڤینی بگۆڕن بەرەو خەنگ لە نێوان ئێوە و پارتی دیموکراتی کوردستان، واتە جەنگی کورد و  کورد. دەرئەنجامیش دەیانەوێت کۆشش و تواناکانی کورد لە جیاتی ئەوەی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی کاروانی بزووتنەوەکەی بەکاربهێنرێت، لە دژی یەکتر و لە پێناو خۆماندا بەفیڕۆ بدرێت و مەترسی گەلی کورد و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکەی لە خۆیان دووربخەنەوە.

هەر لەم ڕووەوە دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم کە هەر ئێستا دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان بە گشتی و بەتایبەتی تورکیا بەو شەڕەی نێوان ئێوە و پارتی زۆر شادومان و خۆشحاڵن، هەیانە تەماشای دەکات و هەشیانە ئاگرەکە خۆشتر دەکات و تینوتاوی زیاتری دەداتێ". ئەوەندە بەشێکی کورتە لە نامەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە خەمخۆری ڕابەرێکی کۆمۆنیستی کوردستان بۆ ڕابەرێکی نەتەوەیی دڵسۆز، لە کەریم ئەحمەدەوە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان.

بەر لە کۆتایی، بەپێویستی دەزانم پێشنیازێکی هاوڕێ جەلال دەباغ دووپات بکەمەوە، کە دوانزە ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە پێشەکی چاپی کوردی کتێبی بیرەوەرییەکانی هاوڕێ کەریم ئەحمەد نووسیویەتی و دەڵێ؛ "من لێرەدا بە چاکی دەزانم پێشنیازی خۆم بخەمە بەردەست هاوڕێی نووسەر و خوێنەران، کە وای بەباش دەزانم، هاوڕێ کەریم هەموو وتار و نووسن و دیدارەکانی لە چەند بەرگێکدا بە کوردی و بە عەرەبی بە چاپ بگەیەنێت و لەکاتێکدا ئەگەر خۆیشی ئەو کارە نەکات، دڵنیام لەدواڕۆژدا شیوعییەکانی کوردستان و عێراق هەر ئەنجامی دەدەن، بەڵام بەلامەوە باشترە لە ژیانی خپیدا ڕۆشنایی ببینێت".

چاپکردنی (وشەی سوور) بە هیمەتی شیوعییەکانی کوردستان، تەنیا جێبەجێکردنی بەشێکە لە پێشنیازەکەی هاوڕێ جەلال دەباغ. هیوادارم ڕاگەیاندنی ناوەندی (حشک) لیژنەیەک پێکبێنێت بۆ کۆکردنەوە و چاپکردنی ئەوەندەی بەدەست دەکەوێت لە نووسین و وتار و چاوپێکەوتنەکانی هاوڕێ کەریم ئەحمەد، بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی کە دڵنیام دە بەرگی وەکو (وشەی سوور) دەردەچێت.

 

  • 1