ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە 2014دا گەلی کوردستان دووچاری شاڵاوێکی جینۆسایدی نوێ بۆوە کە ئەمجارەیان ئێزیدییەکانی گرتەوە، کە بە پلەی یەکەم لە لیستی دووچاربووانی جینۆساید دێن، و ژمارە حەفتاو چوارەمین شاڵاوی جینۆساید کە لە مێژوودا دەرهەقیان کراوە، تۆمار کرد. جینۆسایدێک کە تا ئێستا ئازار و ئاکامەکانی لە ژیانی ئێزیدیان ماوەتەوە، و نەک تەنیا قوربانییەکان پێوەی دەناڵێنن، بەڵکو سەرجەم ئێزدییەکان، ئەوانەی نەبوونە قوربانی شاڵاوی داعش، و هەر تاکێکی کوردی خاوەن ویژدان تا ئێستا ئازارێکی دەروونی دەچێژن، و زامەکان نەک قەتماغە نابێت، بەڵکو هەردەم نوێ دەبێتەوە.

بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئێزیدییەکان پێش شاڵاوی داعش 550 هەزار کەس بوون. بەهۆی شاڵاوی داعش 360 هەزار کەس شوێنی بابوباپیرانیان جێهێشت. لە ڕۆژانی یەکەمی شاڵاوی جینۆساید ژمارەی شەهیدەکان گەیشتە 1293 کەس، و 2745 منداڵ بە هەتیوی مانەوە. تا ئێستا 80 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، و ئەمە جگە لە گۆڕی تاکەکەس. شوێنی مەزار و ئاینی ئێزیدی کە بەدەست داعش تێکدرا گەیشتە 68 شوێن.

ئەو ئێزیدییانەی لە ئاکامی شاڵاوی جینۆساید کوردستانیان جێهێشت زیاترە لە 100 هەزار کەس.

لەم شاڵاوەی جینۆساید 6417 کەس کە 3548 یان ژن بوون، و 2869 پیاو بوون، ڕفێنران، و لەم ژمارەیەدا تەنیا 3476 لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە کە 1184 یان ژنە و 337 یان پیاوە، 1020یان منداڵی مێینە و 935یان منداڵی نێرینەن، و تا ئێستا 2941 کەس کە 1344 یان ژنە، و 1597یان پیاوە، نادیارن.

ڕەوشی ئێزیدییەکان بە تایبەتی لە نیشتمانی خۆیاندا تراجیدیایەکی گەورەیە. سەرەڕای نەمانی داعش لە ناوچە ئێزیدینشینەکان بەشێکی زۆری ئاوارەکان بە هۆی خراپی باری ئەمنی، بەتایبەتی لە شەنگال و دەوروبەری، و یەکلانەبوونی چارەنووسی ئەم ناوچانە، لە کەمپی ئاوارەیی و لە ڕەوشێکی ئێجگار خراپ و لە سایەی سەرما و سۆڵە و بارانی زستان، و تەوژمی گەرمی هاوین، و نەبوونی خزمەتگوزاری مرۆڤایەتی، دەژین.

یەکێک لە مەسەلە هەرە ئاڵۆزەکان کە لە میانەی شەڕی جینۆساید دژ بە ژنان و کچانی ئێزیدی گەلی کوردمان ئەنجام دراوە، ئەوەیە کە لە لایەن تیرۆریستانەوە بە کەنیزە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و چەندین جار کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە، و دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردن دژ بەو قوربانییانە ئەنجام دراوە. لە ئاکامی ئەم حاڵەتەشدا جگە لە ئاسەوارە دەروونییەکەی و سەڕەڕای وەرگرتنی ئەو ژن و کچانە لە لایەن مەرجەعی دینی ئێزیدی و سەماحەتی باباشیخ کە زۆر مرۆیانە مامەڵەی لەگەڵ گەڕانەوەی ئەو ژن و کچانە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێزیدی کرد، بەڵام گرفتی ئەو دایک و منداڵانەی کە لە ئاکامی دەستدرێژی لە دایکبوون هەر ماوە، و چەندین گرفتی ئاینی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و قانوونی عێراقی، ڕێگرن لە بەردەم گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا بە پێی چارەسەرکردنێکی مرۆییانە کە هەستی دایکێتی و مافی منداڵ مسۆگەر بکات، و کۆمەڵگای ئێزیدی ئەو دایکانە و منداڵەکانیان لە خۆبگرن، لە کاتێکدا کە هەردوو لایەن دوور لە بڕیار و ئارەزووی خۆیان، ڕەوشێکیان بەسەردا هاتووە، و ئەوانە بە تەواوی قوربانی جینۆسایدن.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێندەی مامەڵەی سەربازی لەگەڵ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و تیرۆریستانی داعش کرد، بە شێوەیەکی نەخشە بۆکێشراو مامەڵەی لەگەڵ قوربانییانی شەڕی جینۆساید نەکرد، و ئەو دەستپێشخەرییەی کە هەندێ دەوڵەتی ئەوروپا لەوانە ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی هەندێ لە قوربانییان کردی، دەکرا لە خودی کوردستان بە شێوەیەکی گونجاوتر بە هاوکاری ئەو دەوڵەتانە بکرێت، و تەنانەت بە توانای خودی حکوومەتی هەرێم، دەکرا خزمەتی دەروونی و مرۆڤایەتی بۆ ئەو قوربانییانە پێشکەش بکرایە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت هەندێ دەوڵەت و ناوەندی نێودەوڵەتی کە ڕەچاوی وەزعی حوکمڕانی و دەوڵەتی عێراق دەکەن، لە جیاتی جەختکردن لە سەر عەدالەتی ڕاگوزاری (ئینتقالی)، کە سەرجەم ئەزموونەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاکام و کارتێکردنەکانی شەڕی جینۆساید، پێداویستی بوونی دەخاتە ڕوو، داوا لە قوربانییەکان دەکەن لەگەڵ ئەو کەسانەی هاوکاری داعشیان کردووە و تەنانەت لە تاوانەکان بەشداربوونە و موڵک و ماڵی ئێزیدییەکانیان تاڵان کردووە، و تەنانەت کە هەندێکیان دەستدرێژی سێکسیان کردووە، و کچانی گەلەکەمانیان بە کەنیزە فرۆشتووە، لاپەرەی نوێ بکەنەوە و بە ناوی "بەیەکەوەژیان" بە بوونی ئەو جۆرە کەسانە لەو ناوچانەدا قایل بن!

 هەڵوێستی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییانە بیانووهێنانەوە و ڕازیکردنی دەسەڵاتدارانی عێراقە، لە کاتێکدا چاک دەزانن کە قوربانییەکانی جینۆساید لە ژێر پەردەی بەیت و بالۆرەی "بەیەکەوەژیان" ئازار و زامەکانیان قوڵتر دەبێتەوە.

دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستا قایل نین کە دادگایەکی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی تاوانبارانی جینۆساید دژ بە ئێزیدییەکان دابمەزرێت، و دەیانەوێ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی دادگاکانی عێراقدا بێت کە زەحمەتە تیایدا دادپەروەری دابین بکرێت، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوور لە ڕەزامەندی حکوومەتی عێراق مافی دروستکردنی ئەم دادگایەی هەیە، چونکە ئەو تاوانەی دژ بە ئێزیدییەکان کراوە تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانەوەی داعش هەوڵی زۆری ڕزگارکردنی ڕفێنراوە ئێزیدییەکانی دا و تەنانەت ژمارەیەکی بە پارەدان ئازاد کردن، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە نەبۆتە مەسەلەیەکی نیشتمانی کوردستانی، چونکە ئەوەی کە ئێزیدی، و هەر کوردستانییەکی خاوەن ویژدان چاوەڕوانی دەکات، دادگایی کردنی تاوانبارانە و ناساندنی ئەم شاڵاوەیە بە جینۆساید لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، و دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی، و چارەسەرکردنی ئاکامەکانی شەڕی جینۆسایدە لەوانە ڕەوشی دایک و منداڵانی ئەنجامی ئەم شەڕە، و بایەخدان بە ڕەوشی دەروونی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان.

گەورەترین پرسیار کە دەبێ لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە ئەگەر کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ بووایە، ئەگەری جینۆساید دژ بە ئێزیدییەکان دەبوو، و لەوەش گرنگتر ئایا مەترسی جینۆسایدی دیکە دژ بە گەلی کوردستان لە ئارادا نییە؟!  

  • 1