ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کاتى خۆى واتە سەدەى ڕابردوو سەدەى شەڕ و قۆرخکارى و داگیرکارى جوگرافى و فەرهەنگى و ئابوورى بوو، لەبەرانبەریشدا بەرگرى کردن بوو لەنیشتمان، ئەوەى کە دژى ئەم نەزمە بوو، سۆسیالیستەکان و بزووتنەوەى سۆسیالیستى چەپەکان بوون، وەکو بەشێک لە شۆڕشگێڕەکان لە دنیادا، ئەوان ڕیفۆڕمیان بە باشتر لەهەر ئاکتێکى دیکەى سیاسى دەزانى، ئەمە میتۆدێک بوو بەرلەوەى مێژوو وەکو خاوەنى چیرۆک بناسرێ و پێناسەیەکى تر وەربگرێ کە بەئەنقەست ناوى لێنرا (کۆتایى مێژوو)، بەڵام کە سیاسەتى هاوچەرخ هات و دابڕانێکى دیکەى هێنایە ئاراوە و سنوورەکانى گۆڕى لەلایەک، هەروەها ورد و درشتى دامەزراوەکانى دەوڵەتى خستە ژێر کۆنتڕۆڵى ئەو ناوەڕۆکەى کە سرووشتى فۆڕمى گۆڕى بۆ سیناریۆى نووسراو کە تەنیا ئابوورى دەتوانێ چارەنووس دیارى بکات، ئەویش ئەو ئابوورییەى کە کۆمپانیا خاوەنییەتى نەک گشت و دەوڵەت، ئیدى ڕیفۆڕمخوازەکان بەناچار وەکو کارەکتەرى درامایى هاتنە پێشەوە، ئێستا بەشێکى زۆریان بەناوى پلاندانانەوە بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵگە دەستەجەمعێکیان دروستکردووە بەناوى ڕیفۆرخوازى کە هەم بەرژوەندخوازییە و هەم وەهمى ڕیفۆڕمیستییە. 

دەکرێت جۆرێکى دیکەى بزووتنەوەى ڕیفۆڕمخوازى وەکو پێشبینیکەرى داهاتوو تەماشا بکەین، مەبەست لەوەیە زەمەن بە بارمتە بگرین و گرەوى لەسەر بکەین کە ئایا ئەو عەدالەتەى کە وەهمە سەردەکەوێ، یان بەپێچەوانەوە دۆخى بەشەر خراپتر دەبێت، بۆ نموونە وەختێک باس دێتە سەر مەسەلەى کۆمەڵایەتى، دادوەرێک دژ بە ستەمى پیاوان بەرانبەر ژنان بەرهەڵستى بکات و بەبێ گەڕانەوە بۆ شەرع سەردەستى پیاو بۆ ژن قبوڵ نەکات، یان مەسەلەى چینایەتى و گەندەڵى لەموڵکى گشتیدا قەبوڵ نەکات، تا ئەو جێگەیەى کە خۆى دەنوێنێت و دەبێتە نوێنەرى عەدالەتخوازى کۆمەڵایەتى و کارگێڕى، بەڵام کە هەڕەشەیەکى کۆمەڵایەتى گەورەتر لە یاسا و حوکمى دەستوورى و مافى تاک دێتە پێشەوە و نوێنەرەکانى بەنادیارى پەنجەیان ڕاوەشاند و گیرفانى حاکمیان پڕکرد، یان لانیکەم ویژدانیان کڕى ئەگەر بەزۆریش بێت، ئەوکات تێدەگەین کە وەهمى ڕیفۆڕمخوازى چییە و کێن ئەوانەى وەکو پارێزەرى هەژار و ستەملێکراوان دەمێننەوە، مەگەر ئەوانەى غافڵگیرن، یان شارەزاى سیاسەت نین، یان ئەوانەى دووچارى وەهمى ڕیفۆڕمخوازین و بڕوایان بە پاڵەوانێتى سەر شاشەى میدیا هەیە، یان بڕوایان بە وەهمى دیموکراسى هەیە.

جەبرییەتى کار و وێناکردنى کارى سیناریۆیى لەبرى چالاکى ڕاستەقینەى سیاسى یان جەماوەرى لەپێناو فەزاى گشتى، هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ کارى زۆرەملێ کە بەرهەمى جدى نابێت، ئەمە وەکو ئەوە وایە بە زمانى ئێستا وەسفى کۆن بکرێت، یان بە بیرۆکەى کۆن حوکمى ئێستا بکرێ، ئەمە خەیاڵپڵاوترین بەشێکە لەو بەناو ئۆپۆزسیۆن و چەپە توندڕەوانە کە من ناهەقیان ناگرم، چونکى ناعەدالەتییەکە بە تێگەیشتنى کۆن مەگەر بە شۆڕش بنەبڕ بکرێت یان ئەنارشیزم، دەنا مەحاڵە لەڕێگەى ڕیفۆڕمەوە خەڵک هۆشیار بێتەوە و خۆى ببێتە پارێزەرى خۆى، لەحاڵێکدا ئەم قەیرانە هەمەلایەنەى کە ئێستا هەم سیستەمى سیاسى و هەم عەقڵى تاکى کوردى تێکەوتووە و لەهەر کونجێکى دنیاش هەر وایە، لەسەرووى وەبەرهێنانى عەقڵییەوەیە کە هەندێکجار وەکو گاڵتەجاڕى، دیمەنە تراژیدیاکان پێناسە دەکات، هەروەک چۆن ئومێدەوارى ڕیفۆڕمخوازەکان بۆ خەڵک بەگشتى، دواجار دەبێتە وەڕسکردن و سوکایەتیکردن و کوشتنى تواناى خەڵک کە وەهمى ڕیفۆڕمى دەسەڵاتیان هەیە، من بۆیە ناوى دەنێم وەهمى ڕیفۆرمخوازى، چونکە لەزەمەنى بەتاڵدا قسە لەگۆڕینى سیستەم دەکرێت، هەروەک ئەوەى چەپەکان لەزەمەنێکى زۆر تاخیردا قسەى لێدەکەن و تازە گەرەکیانە سەردەمى پاڵەوانێتى بگەڕێننەوە کە ئەمە کارى ڕۆماننووسە نەک سیاسى.    

  • 1